به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی دلۆڤان
چه‌ند خاڵێک له ژیانی مامۆستا
هه‌روه‌ک له ژیان نامه‌که‌ی خۆ‌یا نووسیویه‌تی:
ناوی(حه‌سه‌ن موحه‌ممه‌د ئه‌مین موسته‌فا)یه، و له‌ساڵی هه‌زارو نۆ سه‌د وچل و نۆ ( 1949 ) له شارۆچکه‌ی پێنجوێن (له کوردستانی عیراق)دا و له بنه‌ماڵه‌یه‌کی ئیسلام په‌روه‌ردا بۆ یه‌که‌مجار چاوی هه‌ڵێناوه‌و پێی ناوه‌ته‌جیهانی هه‌ستییه‌وه، باوک و دایکی سۆی و له‌سه‌ر رێڕه‌وی نه‌قشی بوون، باوکی یه‌کێ بووه له مه‌لا ناوداره‌کانی پێنجوێن، کاتی گه‌یشتۆته ته‌مه‌نی ئاوزان، باوکی قورئانی پیرۆز و هه‌ندی کتیبی شه‌رع و عه‌قیده‌و ره‌وشتی ئیسلامی فێرکردووه، وێڕای دوو کتێبه ناوداره‌که‌ی سه‌عدی شیرازی (گولستان وبۆستان) له ئه‌ده‌بی فارسی‌دا.
له‌ته‌مه‌نی13 ساڵیدا و پاش خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانی قه‌زای پێنجوین به شۆڕش، به هۆی بۆمبارانی فڕۆکه‌کانی رژێمی قاسمیه‌وه باوکی و دوو ئامۆزای و کۆمه‌ڵی خه‌ڵکی تر شه‌هید بوون(له20/5/1962).
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامۆستا کوڕی گه‌وره‌ی ماڵ بووه و نۆ سه‌رخێزان بوون، بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێک وازی له‌خوێندن هێناوه و دووکانه‌که‌ی باوکی به‌ڕێوه بردووه، پاشان له‌گه‌ڵ کاسبی کردنه‌که‌یا به‌هۆی هه‌وڵی نه‌پساوی دایکییه‌وه ده‌ستی به‌خوێندن کردۆته‌وه، له‌ته‌مه‌نی هه‌ژده‌ساڵیدا ژنی هێناوه و هه‌رله‌ویش سی کوڕ و سی کچی هه‌یه. ئه‌ڵبه‌ت مامۆستا ته‌نیا یه‌ک ژنی هێناوه.
له‌ساڵی 1972- 1973 دا دوا ناوه‌ندی خوێندنه ئیسلامییه‌کانی له‌شاری سلێمانی ته‌واو کردووه.
له‌ساڵی 73- 74 دا له کولییه‌ی(الامام الاعظم) به‌شی ئوصولی دینی به‌غدا وه‌رگیراوه. ئه‌و سه‌رده‌مه کولییه‌که سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف بووه. له‌کۆتایی سالی 76-77 دا به پله‌ی زۆر باشه خوێندنه‌که‌ی ته‌واو کردووه، ساڵێک پێش ته‌واو کردنی خوێندنی زانکۆ، کوللیه‌که‌یان ناوی گۆڕاوه به شه‌ریعه(کلیه الشریعه) و بووه‌ته یه‌کی له کوللیه‌کانی (زانکۆی به‌غدا)، و سه‌ر به وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا.. له‌و ماوه‌یه‌دا که له‌به‌غدا بووه له‌هه‌ندی له‌مزگه‌وته‌کاندا پێشنوێژ و خوتبه‌خوێن بووه.
له‌ساڵی هه‌زارو نۆسه‌د وحه‌فتا و هه‌شتدا له‌قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی سه‌نگه‌سه‌ردا کراوه به مامۆستا، و تا ساڵی 1982 هه‌ر له‌وی ماوه‌ته‌وه، و هه‌ر له‌و ساڵه‌دا گوێزراوه‌ته‌وه بۆ دواناوه‌ندی شۆڕش له سلێمانی که یه‌کێک بووه له قوتابخانه ناوداره‌کانی شار.
له‌ساڵی 1982دا په‌روه‌رده‌ی سلێمانی ده‌ینێری بۆ به‌غدا تا له‌خولێکی زانیاری‌دا به‌شداری بکات، به‌ڵام له‌دواین هه‌فته‌ی خوله‌که‌دا که له سلێمانیه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ به‌غدا به‌هۆی پێکدانی ترومبێله‌که‌یان له‌گه‌ڵ پاسێکدا رانی راستی ورد ده‌بی و بۆماوه‌ی سی ساڵ له‌سه‌ر جێگا ده‌که‌وی. تا ساڵی هه‌زار و نۆ سه‌د و هه‌شتا و شه‌ش له‌سانه‌وی شۆرش ده‌مێنێته‌وه. له‌ساڵی 1986دا به‌هۆی نه‌ڕۆیشتنی بۆ جه‌یشی شه‌عبی له وه‌زیفه ده‌ر ئه‌کری.
له‌سه‌رده‌می رژێمی دیکتاتۆری‌دا کارکردن له رێکخراوه‌یه‌کی ئیسلامی‌دا به‌تاوان له قه‌ڵه‌م ده‌درا، له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1987 دا به‌تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی که له رێکخراوه‌یه‌کی ئیسلامیدایه ده‌گیرێت و بۆ ماوه‌ی حه‌وت مانگ بی سه‌ر و شوێن ده‌کرێت، و پاشان له به‌ناو (دادگای شۆرشدا) دادگایی ده‌کری و له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که ددانی به‌هیچ شتێکا نه‌نابوو به‌بی تاوان ناسرا و رزگاری بوو.
پاش دوو مانگ له‌به‌ربوونه‌که‌ی جارێکی تر دێنه‌وه بۆ گرتنی، به‌ڵام به‌رده‌ست ناکه‌وێت، ئه‌و کاته‌ش به‌عس هه‌موو دێهاته‌کانی کوردستانی عیراقی وێران کردبوو، له‌به‌رئه‌وه له کوردستانی عیراقا ناتوانی بمێنیته‌وه. بۆیه له مانگی دوانزه‌ی ساڵی 1987 دا به‌ناچاری روو ده‌کاته کوردستانی ئێران، و بۆ ماوه‌ی دووساڵ له کوردستانی ئێرانا ده‌مێنێته‌وه، و له‌ناو شاری سنه‌دا ده‌بێته ئیمامی یه‌کێک له مزگه‌وته چۆڵه‌کانی ئه‌وشاره، و پاش دوو ساڵ له‌لوتفی خواوه هه‌ر ئه‌و مزگه‌وته ده‌بێته یه‌کێک له ئاوه‌دانترینی مزگه‌وته‌کانی شار، ئیتر له‌وێش پاڵه‌په‌ستۆیه‌کی زۆری ده‌که‌وێته سه‌ر و ناچار ده‌بی ئه‌وێش به‌جی بێڵی..
ژماره‌یه‌کی کوردی عیراقی وه‌ک په‌نابه‌ر رۆیشتبوونه پاکستان، ئه‌میش له مانگی 10ساڵی 1990دا ده‌ڕواته پاکستان و له‌وی ده‌بێته په‌نابه‌ری (یووئێن- UN) و له‌گه‌ڵ دوو ێه‌د ماڵێکی کوردا بۆماوه‌ی نۆ ساڵی ته‌واو له شاری کوه‌یته و راوه‌ڵپه‌ندی پاکستان‌دا ده‌مێننه‌وه، واته: تا ساڵی 1999.
له ساڵی 1992 دا هه‌وڵده‌دات ئه‌و ماوه‌یه‌ی ته‌مه‌نی له‌و وڵاته‌دا به‌فیڕۆ نه‌دات، بۆیه داکوێمه‌نته‌کانی پێشکه‌ش به زانکۆی ئیسلامی نێو نه‌ته‌وه‌یی ئیسلام ئاباد ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک قوتابییه‌کی خوێندنی باڵا ده‌رس بخوێنی، و به‌یارمه‌تی (یوئێن- ریکخراوه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان) هه‌ر ئه‌وساڵه وه‌ر ده‌گیرێت و ده‌بێته قوتابی ماجستێر.
له‌کۆتایی ساڵی 1994دا ده‌رسه‌کانی قۆناغی ماجستێر ته‌واو ده‌کات، و له‌کۆتایی ساڵی 1995دا ماسته‌ر نامه‌که‌ی ته‌واو ده‌کات، که له‌سه‌ر زانایه‌کی کورد به‌ناوی مامۆستا مه‌لا ره‌شید به‌گی بابان بووه، به‌ناوی( العلامه البابانی ومنهجه فی کتابه اقتران النیرین فی مجمع البحرین)، له نیسانی 1996دا ماسته‌ر نامه‌که‌ی تاوتوی ده‌کرێت و پله‌ی ئیمتیازی پی ده‌درێت..
له 9/6/ 1996دا زانکۆی ئیسلامی ئیسلام ئاباد بڕیار ده‌دات له‌مانگی نۆی 1996دا بیکاته وانه‌بێژ ( محاظر) له کوللیه‌که‌ی خۆیدا. هه‌ر له‌وی وه‌ک مامۆستای زانکۆ ئه‌مێنێته‌وه تا سالی 1999.
له‌سه‌ره‌تای ساڵی 1998دا پلانێک بۆ دکتۆرا پێشکه‌ش به‌زانکۆی پونجاب له شاری لاهوور ده‌کات، و له 14/11/1998 دا زانکۆ پلانه‌که‌ی بۆ دکتۆرا قبووڵ ده‌کات و له‌و رۆژه‌وه به‌ره‌سمی قوتابی دکتۆرایه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که(یووئێن) له مانگی ئابی 1999 دا ده‌یان گوێزێته‌وه بۆ ئوسترالیا، ناتوانی باسه‌که‌ی ته‌واو بکات، هه‌ر چه‌ند زۆریشی نامێنی.
ئه‌ڵبه‌ت مامۆستا پێنجوێنی یه‌کێک بووه له خزمه‌ت گوزاره‌کانی رابوونی ئیسلامی له‌کوردستاندا به وتار و کاسێت و نوسین و وه‌رگێڕانه‌کانی.. مامۆستا جگه له تێزه ئه‌کادیمیه‌کانی زانکۆی کۆمه‌ڵی به‌رهه‌می به‌زمانی عه‌ره‌بی و کوردی هه‌یه، چاپکراوه‌کانی ژماره‌یان له بیست کتێب و نامیلکه تێپه‌ر ده‌کات که له‌باره‌ی عه‌قیده و شه‌رع و قورئان و فه‌رمووده و بابه‌ته ئیسلامییه جۆراو جۆره‌کانه‌وه نووسیویه‌تی یا وه‌ری گێڕاوه. چاپ نه‌کراوه‌کانیشی له‌و ژماره‌یه پترن. ئێستاش له ئوسترالیا ده‌ژی، و له‌ساڵی 1999 تائێستا له رۆژئاوای ئوسترالیا دایه