به‌زۆرئه‌و ره‌سمه‌تان گرت؟!:
پاش ماوه‌یه‌ك بێده‌نگی ده‌ستی كرد به چه‌كمه‌جه‌یه‌كدا و كۆمه‌ڵێ وێنه‌ی ده‌رهێنا، ماوه‌یه‌ك ته‌ماشای كردن و دانی به‌یه‌كدا، دوایی بانگی كردمه پێشه‌وه، و وێنه‌یه‌كی به‌ده‌سته‌وه بوو پیشانی دام و، گوتی: خاوه‌نی ئه‌م وێنه‌یه ده‌ناسیت؟
كه وردی بوومه‌وه وێنه‌ی مامۆستا مه‌حمود غه‌ریب بوو، زانا‌و خه‌تیبێكی به‌ناو بانگ بوو، گوتم: ئه‌وه شێخ مه‌حمود غه‌ریبه..
گوتی: بزانه كار‌و پیشه‌ی پێشه‌واكانتان چۆنه؟!
گوتم: ئه‌ی به‌سته زمان! به‌زۆر ئاواتان لێ‌كرد؟! (باوه‌ڕتان هه‌بێ ئێستاش كه باسی ده‌كه‌م ده‌ترسم! نازانم چۆن زاتم بوو، نازانم چۆن وێرام وا بڵێم؟ كه من ئه‌و قسه‌یه‌م كرد له‌ژێره‌وه بزه‌یه‌ك گرتی و گورج ناوچاوی گرژ و تاڵكرده‌وه.. له‌وانه‌یه بپرسیت: ئه‌و وێنه‌یه چی بوو؟!
ئه‌و وێنه‌یه وێنه‌ی زانای پاك وخواویستی ناودار مه‌حموود غه‌ریب بوو، به زۆر رووتیان كردبوه‌وه و ته‌نیا په‌شته‌ماڵێكیان به به‌ره‌وه هێشتبوو، یه‌كێك له به‌عسییه‌كانی خۆیان -كه هیچیان له‌به‌را نه هێشتبوو - له‌په‌و روو خستبوو، ئه‌و زانا پایه به‌رزه‌شیان له‌سه‌ر خوار سمتی ئه‌و دا نابوو، گوایا مامۆستا ده‌یه‌وێ كاری لووتیانه‌ی له گه‌ڵا بكات!! به‌ڵام له‌ناو وێنه‌كه‌دا نیشانه‌ی شه‌رم و ته‌ریقی له رواڵه‌تی مامۆستادا به‌دی ده‌كرا..
ئه‌م زانایه خه‌ڵكی عیراق نه‌بوو، له‌ناو هه‌موو عیراقدا شۆره‌ت و ناوبانگی ده‌ر كردبوو، پیاوێكی راست و حه‌قوێژ وخواویست بوو، له‌شه‌ڕی ئێران وعێراقا داوایان لێ‌كرد لایه‌نگیری به‌عس بێ دژی ئێران، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی نه‌كرد، و له‌به‌ر دنیای خه‌ڵك دینی خۆی نه‌دۆڕاند.. حیزبی به‌عسیش بۆ تۆڵه سه‌ندنه‌وه له‌و پیاوه پێش ئه‌وه‌ی له عیراق وه ده‌ری‌نێ گرتیان، و له‌دایه‌ره‌ی ئه‌من ئابه‌و جۆره وێنه‌یان گرت.. تا ئه‌گه‌ر چووه ده‌ره‌وه‌ی عیراق نه‌وێرێ باسی به‌عس و زوڵم وتاوانه‌كانی به‌عس بكات، و نه‌توانێ په‌رده له‌سه‌ر رووی قیزه‌ونیان لاببات.. خۆ ئه‌گه‌ر له دژی به‌عس قسه‌ی كرد، بۆ په‌رچدانه‌وه‌ی قسه‌كانی بڵێن: ئه‌وه بۆیه له‌دژمان ده‌دوێ چونكه كاری ئاوه‌ها ناشیرینی كردووه، ئه‌گه‌ر بڕوایش ناكه‌ن ئه‌وه وێنه‌كه‌ی!! هه‌روه‌ها تا به‌خه‌ڵكی را بگه‌یه‌نن: بابه! ئه‌وانه‌ی دژی ئێمه ئه‌دوێن و دوژمنایه‌تیمان ده‌كه‌ن ئا له‌م جۆره كه‌سانه‌ن!!(له‌سه‌ره‌تای نووسینی ئه‌م یاداشته‌دا نووسیبوم:{ده‌ی سا خودایه! به‌عس و به‌ڕێوه به‌رانی و پێشه‌وایانی سه‌رشۆڕ بكه‌یت، و له‌دنیادا پێش قیامه‌ت خه‌جاڵه‌تیان بكه‌یت، نه‌ك هه‌ر خۆیان، به‌ڵكو ئه‌وانه‌ش كه ئاوه‌ها ده‌یان ناسن، به‌ڵام لایه‌نگیریان ده‌كه‌ن و خۆشیان ده‌ون و حه‌ز به‌مانه‌وه‌یان ده‌كه‌ن!! به‌ڵام ئیستا ده‌ڵیم: خوایه هیدایه‌تیان بۆ چاكه بده، و بیان خه‌ره سه‌ر رێی راستی ئیسلام..)
ئه‌سحابول ئوخدوود:
پاشان ئه‌فسه‌ره‌كه به تووڕه‌یی و رقێكه‌وه گوتی: په‌یوه‌ندی خۆت و صه‌لاح موحه‌ممه‌د م بۆ باس بكه..
گوتم: په‌یوه‌ندی من له گه‌ڵیا به‌و جۆره بوو كه باسم كرد، ئه‌وه‌نده هه‌یه ئه‌و پیاوه نووسه‌ره و كتێبی هه‌یه كتێبه‌كانیشی ره‌قابه رێی بڵاوبوونه‌وه‌یانی داوه، منیش كتێبه‌كانیم خوێندۆته‌وه..
گوتی: كتیبه‌كانی باسی چی ده‌كه‌ن؟
گوتم: یه‌كێكیان باسی ژیانی ئاده‌م پێغه‌ممه‌ره دروودی خوای لێ بێ ، و یه‌كێكی تریشیان باسی ئه‌صحابول ئوخدود ده‌كات..
گوتی: ئوخدوود چییه؟
گوتم: یه‌عنی چاڵ و خه‌نه‌كی گه‌وره.
گوتی: به‌سه‌ر هاته‌كه‌یان چۆن بووه؟
منیش به دوور‌و درێژی بۆم باسكرد، پاسه‌وانه‌كه‌یش هه‌ر به‌پێوه وه‌ستاوه و چاو پێچكه‌كه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌یه و چاوه‌ڕوانه فه‌رمانی ئه‌فسه‌ره‌كه به‌جێ‌بێنێ.. له‌م كاته‌دا كه‌من باسی (أصحاب الاخدود)م بۆ ده‌كرد، زارم وشك بووبوو، ته‌ڕایی له‌ده‌مما نه‌مابوو، زمانم وه‌ر نه‌ده‌چه‌رخا، داوای ئاوم كرد، په‌رداخێ ئاویان بۆ هێنام، له‌م ماوه‌یه‌دا ئه‌فسه‌ره‌كه ده‌ستی خستبوه ژێر چه‌ناكه‌یه‌وه و زۆر به‌باشی گوێی بۆ به‌سه‌رهاته‌كه گرتبوو، تا لێ بوومه‌وه نقه‌ی لێوه نه‌هات، و مات ببوو!!، وه‌ك ئه‌وه له دڵی خۆ‌یا بڵێ: خۆ به‌سه‌رهاتی ئه‌و پاشا زاڵمه له‌به‌سه‌رهاتی ئێمه ده‌چێ!!
كه به‌سه‌رهاته‌كه‌م ته‌واوكرد، به‌تووڕه‌ییه‌كه‌وه گوتی:
یه‌ڵلا بیبه‌نه ده‌ره‌وه، ئیتر پاسه‌وانه‌كه په‌لی گرتم و هینامیه ده‌ره‌وه..له‌سه‌ر كاشییه‌كان په‌توویه‌ك راخرابوو، له‌سه‌ر په‌تووه‌كه داینام، به‌ئه‌منه‌كه‌م گوت: ئیتر با‌نگم ناكاته‌وه؟
ئه‌منه‌كه وه‌ك هه‌ندێ به‌زه‌یی تیا دروست بووبێ به‌رامبه‌رم ئاوه‌هابوو، گوتی: نه، مه‌ترسه، بۆ خۆت بخه‌وه!!
به‌ڵام من له ترسا خه‌وم لێ نه‌كه‌وت، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وبه‌شه (موقه‌دده‌مێك) بوو، له‌وێوه تێپه‌ڕی و چاوی به‌دار ده‌سته‌كه‌م كه‌وت، گوتی: ئه‌مه چییه؟
گوتیان: ئه‌وه سه‌قه‌ته و لاقی شكاوه..
گوتی: ئه‌مه سه‌قه‌تیشه، وا خوا به ده‌ستیه‌وه گیره‌ۆده‌ی كردووین؟!!
زۆر خه‌مم بوو لاقم بشكێننه‌وه، پاش ماوه‌یه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ر رۆیشته ژووری لێكۆڵینه‌وه، و له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌ره لێكۆڵه‌ره‌كه‌دا دانیشت، و ئینجا حاجی ره‌شیدیان بانگ كرد، و پاش ماوه‌یه‌كیش دكتۆر عیصامیان بانگ كرد..
مه‌سه‌له‌كه‌ی زۆر گران نییه:
گۆێم لێ بوو به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه له‌گه‌ڵ سلێمانیدا به‌ته‌له‌فوون قسه‌ی ده‌كرد، و به عه‌ره‌بی ده‌یگوت: یكێكیان هیچی له‌سه‌ر نییه و ئه‌وی تریشیان مه‌سه‌له‌كه‌ی زۆر گران نییه!!
پاشان به‌حاجی ره‌شیدیان گوت: سبه‌ینێ نووسراوێكت بۆ ده‌نووسین و له‌بازار به‌ره‌ڵات ده‌كه‌ین، ئیتر هێنایانه ده‌ره‌وه‌و له‌و به‌ر منه‌وه دایان نا، جارێكی تر ده‌ستی به‌گریان كرده‌وه.. به‌ڵام گریانێكی به‌جۆش..
كه‌ئێمه له‌ناو راڕه‌وه‌كه‌دا كه‌وتبووین له‌ده‌وروبه‌ری سه‌عات یانزه‌ی شه‌وا ده‌بوو، به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه گوتی: ئه‌مانه بۆچ لێره‌ن؟ یه‌ڵلا بیان به‌نه‌وه بۆ زیندانه‌كه‌ی خۆیان، ئیتر بردینیانه‌وه بۆ ژووره ته‌نیاییه‌كه‌ی خۆمان..
شه‌وێ به حاجی ره‌شیدم گوت: چی‌یان لێ‌پرسیت؟
گوتی: كه‌بردمیانه ژووری لێ كۆڵینه‌وه‌وه لێیان پرسیم: تۆ مامۆستا حه‌مه ره‌شیدی ماوه‌تیت؟
منیش پێم گوتن: نه‌خێر.. دووسێ تفیان لێ‌كردم وسێ چوار جنێوی سووكیان پێ گوتم..
لێیان پرسیم: په‌یوه‌ندیت به‌دكتۆره‌وه چییه؟
گوتم: نایناسم..
به‌ربوونه جنێودان پێم، ئینجا رۆیشتن دكتۆریان هێنا و لێیان پرسی: ئه‌رێ ئه‌مه حه‌مه ره‌شید ماوه‌تییه؟
دكتۆریش ماوه‌یه‌ك لێم ورد بووه‌وه، و سه‌رنجی دام، له ئه‌نجامدا گوتی: نه‌وه‌ڵلا ئه‌مه ئه‌و نییه.. ئه‌و گه‌نجه و ئه‌م موویه‌كی ره‌ش له‌سه‌ریدا نه‌ماوه، ئه‌وه‌ند پیره!! كاری راستبێ ئه‌گه‌ر بیگوتایه ئه‌وه چیم بكردایه؟!!
راسپارده:
حاجی گوتی: مامۆستا گیان! به‌یانی نووسراوێكم بۆ ده‌نووسن و من ده‌ر ده‌چم، چ راسپێرییه‌كت هه‌یه، تا به‌ماڵه‌وه‌تانی بگه‌یه‌نم..
گوتم: كاك حاجی گیان! ده‌ستم به‌دامێنت، هه‌ركه گه‌یشتیته ماڵه‌وه، نه‌وه‌ستیت و له‌هیچ شوێنێك لانه‌ده‌یت تا ده‌ڕۆیته ماڵ ئێمه‌و پێیان ده‌ڵێیت: ده‌خیل صه‌د ده‌خیل! ماڵه‌كه چۆڵ بكه‌ن، و له‌ماڵه‌وه نه‌مێنن، چونكه ئه‌فسه‌ره‌كه هه‌ڕه‌شه‌ی لێ‌كردووم، نه‌وه‌ك بڕۆن خێزانه‌كه‌م بێنن!!
هه‌روه‌ها به نووره‌دین و به‌هادینیش بڵێ: باوكتان چاوی ماچ ئه‌كردن و هه‌واڵی ئه‌پرسین و ده‌یگوت: ده‌ستی من ودامێنیان، پشت نه‌كه‌نه دینه‌كه‌یان، ئاموشۆی مزگه‌وت بكه‌ن، دڵی دایكیان نه‌یه‌شێنن، له‌گه‌ڵ یه‌كترا شه‌ڕو هه‌را نه‌كه‌ن، به‌هادین وه‌ك لێ پرسراوێكی ماڵه، ده‌بێ له‌ته‌كیانا به‌ره‌حم بێت، و ئامۆژگارییان بكات، و به‌ناهه‌ق قسه‌یان پێ نه‌ڵێت و لێیان نه‌دات، ده‌بێ ئه‌وانیش رێزی لێ بگرن و قسه‌ی نه‌شكێنن، به‌قوربانیان بم خوێندنه‌كه‌یان پشت گوێ نه‌خه‌ن، چونكه دوژمن ئاواته خوازه ئه‌وان نه‌خوێنده‌وار بن!!
حاجی ره‌شید گوتی: به‌سه‌ر چاو، هه‌ر كه رۆیشتمه‌وه پێش هه‌موو شتێ ده‌چمه ماڵ ئێوه و پێیان را ده‌گه‌یه‌نم.( به‌داخه‌وه حاجی كه گه‌یشتبوه سلێمانی نه‌رۆیشتبوه ماڵه‌وه‌و راسپارده‌كه‌ی پێ نه‌گه‌یاندبوون.)
ئیتر ئه‌و شه‌وه خه‌وتین، به‌ڵام چ خه‌وتنێك؟! هه‌ریه‌كه‌مان به‌تانییه‌كی شڕی رزیومان له‌سه‌ر چیمه‌نتۆ سارده‌كه راخست، په‌توویه‌كی ره‌شی شڕمان به‌خۆمانا دا، به‌ڵام پێڵاوه‌كانمان دانه‌كه‌ند، شه‌ش حه‌وت سه‌موونی كۆنی تیا‌بوو، ئه‌وانه‌مان خسته ژێر سه‌رمان، و خه‌وتین.. ئالێره‌دا ئه‌و قسه‌ی پێشینانه‌مان له‌واقیعدا بینی كه‌ده‌ڵێت: سه‌رما به‌پێی حاڵه!! باوه‌ڕتان هه‌بێ ئاره‌ق كه‌وتبوه ناو چه‌وانمه‌وه!!