حاجی ره‌شید ی سه‌رخه‌تمه:
دوا نیوه‌ڕۆی سێشه‌ممه 3/2/1987 پیاوێکی کورته‌باڵای، سه‌رسپی، کڵاو سپی، ریش سپی، به‌ڵام ریش تاشراوی، چاکه‌ت و پانتۆڵ له‌به‌ریان هێنا، به‌لاره‌ملی و کز و لاوازییه‌که‌وه زۆر له‌سه‌رخۆ سه‌لامێکی کرد، خه‌ڵکه‌که وه‌ک عاده‌تی خۆیان، رۆیشتن به‌ره‌و پیریه‌وه و هه‌ریه‌که پرسیارێکی لێ ده‌کرد..به‌ڵام من نه‌ڕۆیشتم..
هاتنه‌وه بۆلام و گوتیان: ناوی (حاجی ره‌شیده)، و مامۆستای سه‌ره‌تاییه، و سۆفی شێخ عوسمانی نه‌قشیه، و ده‌ڵێ: هاتوون پێیان گوتووم: ژن برایه‌کت هه‌واڵی کوشتنی هاتووه، وه‌ره بۆ دایه‌ره‌ی ئه‌من، تا ئه‌دره‌سه‌که‌ت لێ وه‌ربگرن، و بت نێرن بۆ هێنانه‌وه‌ی!! منیش که‌وتوومه ته‌کیان، که‌چی لێره پێم ده‌ڵێن: عه‌سکه‌ری چی و کوژراوی چی؟ تۆ حه‌مه‌ره‌شیدی ماوه‌تی نیت؟
گوتومه: بابه! من حه‌مه ره‌شید عه‌بدورڕه‌حمانم، و هه‌ر له ناو شار له‌دایک بووم، و خه‌ڵکی سلێمانیم..
گوتوویانه: نوێژ ده‌که‌یت؟
گوتوومه: به‌ڵێ.
گوتوویانه: رۆژوو ده‌گریت؟
گوتوومه: ئه‌رێ وه‌ڵلا..
گوتوویانه: ده‌بڕۆ ژووره‌وه!!
وا ئێستا گیراوم!! ئاخر بابه! له‌بیاتی خه‌ڵکی تر بۆ من ئه‌گرن؟ که خۆتان لێتان روونه من ئه‌و نیم، و هیچ تاوانێکیشم نه‌بێ، ئیتر بۆ له‌بیاتی که‌سێکی تر بگیرێم؟ خوا چۆن هه‌ڵده‌گري!
پاش دوو رۆژ که‌وتینه چۆن وچاکی، و قسه‌مان له‌ته‌ک یه‌کترا کرد، زۆر ناڕه‌حه‌ت بوو، هه‌ندێ دڵخۆشیم دایه‌وه، و گوتم: له خۆته‌وه بوختان بۆ خۆت وخه‌ڵکی نه‌که‌یت، ئه‌گه‌ر لێیشیان دایت ناوی که‌س نه‌ڵێیت، ده‌نا گیرۆده ده‌بیت و به‌ندت توند تر ده‌بێت، و تووشی ناڕه‌حه‌تی زیاتر ده‌بیت.
به‌تووڕه‌ییه‌که‌وه گوتی: بابه! من هیچ نیم!! ئیتر باسی چیبکه‌م و ناوی کێ بێنم؟!
مام حسێنیش گوتی: راست ئه‌کات، قسه‌کانی خراپ نین، و بۆ تۆیه‌تی، تا زیاتر ئاگات له‌خۆت بێ..
ره‌زا و ئه‌میر:
له ئێواره‌دا کوڕێکیان هێنایه ژوورێ، حه‌ره‌سه‌که زلله‌یه‌کی لێدا و گوتی: ده بڕۆ، ئه‌ویش گڤه‌ی کرد و بۆی ده‌رچوو، به‌سته زمانه وه‌ک تیر به‌ناو هۆڵه‌که‌دا ڕای کرد!!
گوتیان: ئه‌مه ناوی ره‌زا یه، له‌رێکخستنی کۆمه‌ڵه‌دایه، و ماڵیان له‌گه‌ڕه‌کی چوار باخه، و تا ئێستا ناوی سی و شه‌ش که‌سی داوه و تووشی کردوون!!
ئه‌م سی وشه‌ش که‌سه‌ش هه‌ریه‌که رۆژێک یا دوو رۆژ له‌ژێر سزا‌و ئه‌شکه‌نجه‌دا خۆیان گرتووه و پاشان رووخاون وئیعتیرافیان کردووه..
هه‌ر ئه‌و شه‌وه کوڕێکیان فڕێدایه ئه‌م دیو ده‌رگاکه‌وه، شه‌رواڵه‌که‌ی که‌وتبوه قاچی، ئه‌وه‌نده‌ش کێبڵ و سۆنده‌یان لێدابوو نه‌یده‌توانی به‌پێی خۆی بڕوات!! ئیتر شه‌رواڵه‌که‌یان بۆ به‌سته‌وه، و دووکه‌س رۆیشتنه ژێر باڵی و هه‌ڵیان ساند، و هێنایان بۆ ئه‌م لاوه، به‌سته زمانه که پێی داده‌نا ده‌تگوت پێ به‌سه‌ر پشکۆدا ده‌نێ، ئه‌وه‌ند ئازاری پێ ده‌گه‌یشت!!
خه‌ڵکه‌که له‌ناو خۆیاندا زۆر باش بون، ته‌مرینی زۆریان پێده‌کرد، چ به‌ده‌ستی وچ به‌قاچی، ئه‌گه‌ر هه‌ڵواسینه‌که‌ی زۆر نه‌بوایه ، یا زۆر قورس نه‌بوایه، پاش دوو سێ سه‌عات چاک ده‌بووه وه. دووشه‌و له‌سه‌ر یه‌ک ئه‌م کووڕه‌یان برد بۆ ژووری لێ کۆڵینه‌وه، و سزادان، ئه‌و هه‌موو ئازاره‌ی چه‌شت هیچی نه‌گوت، به‌ڵام له‌سه‌ری سێ هه‌مین شه‌وا به‌رگه‌ی ئه‌و ته‌عزیبه جه‌هه‌ننه‌مییه‌ی نه‌گرت و ناچار ئیعتیرافی کرد، ئه‌میش یه‌کێک بوو له‌وانه‌ی که هاوڕێ ره‌زا ناوی هێنابوون!!
کۆێرانه بوونه‌ته دوژمنی:
شه‌و دڕه‌نگ بوو، ئه‌وانه‌ی له‌ده‌ورم کۆببوونه‌وه که‌م نه‌بوون، منیش له روانگه‌ی ئیسلامه‌وه باسی نرخی ئاده‌میزادم بۆ کردن، وا دیار بوو باسه‌که زۆر له دڵ و ده‌روونیاندا کاریگه‌ر بوو، یه‌کێک له‌ماوه‌تییه‌کان گوتی: مامۆستا! ئه‌مه‌ی تۆ باسی ده‌که‌یت له‌م سه‌رزه‌وییه‌دا و له‌هیچ وڵاتێک‌دا کاری پێناکرێو ئه‌نجام نادرێت!!
گوتم: راست ده‌که‌یت، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه ئێمه بزانین دینه‌که‌مان چییه؟! ئه‌و کاته ده‌توانین هه‌وڵی بۆ بده‌ین و له‌ژیانی رۆژانه‌ماندا کاری پێبکه‌ین..
ئه‌و کاک عه‌زیزه‌ی که‌باسم کرد و گوتم: هه‌ردوو لاڕانیان سووتاندبوو ئه‌ویش یه‌کێ بوو له‌وانه‌ی له باسه‌که‌دا ئاماده‌بوو، کاتێ هه‌ستا گوتی: وه‌ڵلاهی هیچ یاسایه‌ک نییه له ئاینی ئیسلام جوانتر و چاکتر بێت!!
ئاله‌ویادا به‌ته‌واوی بۆم روون بووه‌وه ئه‌وانه‌ی که دوژمنایه‌تی ئیسلام ده‌که‌ن هۆی نه‌شاره‌زایی و بێ ئاگابوونیانه له‌ئیسلام، چونکه ئه‌گه‌ر ئیسلامیان به‌و جۆره بناسیایه که هه‌یه، هه‌رگیز نه‌ده‌بوونه دوژمنی، به‌ڵکو یه‌کێک ده‌بوون له هه‌ڵگرانی.
ئیتر ئه‌و شه‌وه بڵاوه‌مان لێکرد و هه‌رکه‌سه رۆیشته‌وه بۆ جێی خۆی. من ومام حسێنیش به راڕه‌وی نێوان جێگه‌کاندا ماوه‌یه‌ک هاتوچۆمان کرد، و ئه‌ندازێک له‌به‌سه‌رهاتی خۆی بۆ گێڕامه‌وه..
منداڵیش ده‌کرا به جاسووس:
رۆژی چوارشه‌ممه 4/2/ 87 له‌کاتی چێشته‌نگاودا کوڕێکی باریکه‌له‌ی، رووخۆشی، ده‌م به‌بزه، هات بۆلای مام حسێن وخه‌وێکی بۆ گێڕایه‌وه، ئه‌ویش بۆی لێک دایه‌وه، و پاشان پێی گوت: کاکه ئیبراهیم! نازانم ئه‌م هه‌موو خه‌وه چییه تۆ ده‌یان بینیت؟!
مام حسێن رووی کرده من و گوتی: مامۆستا تۆ ڕات چییه؟ ئایا هه‌موو خه‌وێک شیاوی گێڕانه‌وه‌یه؟ ئینسان هه‌رچی بینی بیگێڕێته‌وه؟
گوتم: هه‌موو خه‌وێک شیاوی گێڕانه‌وه و باسکردن نییه، ئه‌مه له‌لایه‌که‌وه، له‌لایه‌کی تره‌وه هه‌موو که‌س مانای خه‌و نازانێ، له‌وانه‌یه تۆ بۆ که‌سێکی بگێڕیته‌وه ئه‌ویش به‌هه‌ڵه بۆت مانا بکات، به‌پێی فه‌رمووده‌ی پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێ بێ وا ده‌رده‌چێت که ئه‌و یه‌که‌م که‌سه بۆت مانا ده‌کات ( الرؤيا لأول عابر. )( أخرجه ابن ماجة في كتاب تعبير الرؤيا، برقم:3905. ) واته: یه‌که‌م که‌س چۆن مانای کرد وا ده‌رده‌چێ... له‌به‌ر ئه‌وه ده‌بێ ئینسان یابۆ زانای بگێرێته‌وه یا خۆشه‌ویست!! ( خه‌وی ئیماندار به‌شێکه له چل به‌شی پێغه‌ممه‌رایه‌تی، خه‌وه‌که‌یش تا نه‌گێڕرێته‌وه جێگیر نابێت، که گێڕایه‌وه به‌وجۆره ده‌بێ که مه‌عنای لێدراوه‌ته‌وه. وه پێم وایه فه‌رمووی جگه له زانا، یا خۆشه‌ویست خه‌و به‌لای که‌سه‌وه مه‌گێرنه‌وه ) (عن أبي رزين العقيلي قال: قال رسول الله صل الله علیه وسلم : رؤيا المؤمن جزء من أربعين جزءا من النبوة وهي على رجل طائر ما لم يتحدث بها، فإذا تحدث بها سقطت، قال: وأحسبه قال: ولا يحدث بها إلا لبيبا أو حبيبا.) أخرجه الترمذي في كتاب الرؤيا برقم: 2204، والإمام أحمد في مسند المدنيين برقم: 15606. )
ئه‌م کوڕه له‌تاڵی به‌تانییه‌کان تاڵێکی ده‌رهێنا بوو، وه‌ک ته‌زبیحی لێ کردبوو، سه‌د ویه‌ک گرێی لێدابوو، له‌وکاته‌دا که قسه‌ی بۆ ئه‌کردین و قسه‌مان بۆ ده‌کرد، ناو به‌ناو ده‌یگوت: لا اله الا الله، لا اله الا الله.
منیش گوتم: ئه‌وه چییه کاک ئیبراهیم؟
گوتی: مامۆستا! خێری زۆره.. منیش لێره‌دا هیچ ئیش وکارێکم نییه، بۆ ئه‌م خێره گه‌وره‌یه له‌کیس بده‌م؟!
گوتم: خه‌ڵکی کوێیت؟
گوتی: خه‌ڵکی پێنجوێنم، ئه‌ی نام ناسیت؟
گوتم: نه‌وه‌ڵلا، له‌پێنجوێندا کوڕی کێیت؟
گوتی: کوڕی وه‌ستا عه‌بدوڵلای ته‌نه‌که چیم..
گوتم: باوکت ده‌ناسم، به‌ڵام خۆت نا، وادیاره ئه‌و کاته‌ی من له‌پێنجوێن هاتومه‌ته ده‌ر تۆَ منداڵ بوویت.. پێم بڵێ، بزانم له‌سه‌ر چی گیراوی؟
گوتی: له ته‌نزیمی یه‌کیه‌تیدا بووم.. له‌سڵیمانی دوو قوتابی هاوڕێم هه‌بوو، من په‌روه‌رده‌م ئه‌کردن، و له‌یه‌ک شانه‌دا بووین، کاتێ گیرام هه‌ڵیان واسیم و کاره‌بایان لێدام، و ئه‌وه‌نده کێبڵیان له‌ژێرپێمدا ئه‌ها ژێر پێم چۆن توێکڵی هه‌ڵداوه؟!- له‌وکاته‌دا ژێر پێی خۆی پیشان دام- له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر ئیعتیرافم نه‌کرد..
پاش دوو رۆژ ئه‌شکه‌نجه ئه‌و دوو مناڵه‌یان هێنا، و من هه‌رچی به‌یان و نووسراوم دابوونێ، یه‌ک به‌یه‌ک باسیان کرد و هه‌ڵیان رشت، تومه‌ز ئه‌مانه هه‌ردووکیان ئه‌من بوون، و فێڵیان له من کردووه، ئیتر ده‌مم بووبه ته‌ڵه‌ی ته‌قیو، و ئیعتیرافم کرد، به‌ڵام ناوی که‌سی وام نه‌بردووه که له‌ناو شارا بێت، ناوی که‌سانێکی وام وتووه که‌له به‌رده‌ستا نین و له‌ده‌ره‌وه‌ن، جا ئیتر نازانم ده‌مکوژن، یان نه؟!
گوتم خوا که‌ریمه، ئینشا ئه‌ڵلا ناتکوژن، و رزگارت ده‌بێ، هه‌ر ئه‌وه‌ت عاقڵانه بووه که‌ناوی خه‌ڵکی ناو شارت نه‌داوه.. ئه‌م کاک ئیبراهیمه‌ش هه‌ندێ پرسیاری هه‌بوو، وه‌ڵامی پرسیاره‌کانمان دایه‌وه، و سوپاس بۆ خوا ده‌ستی به‌نوێژ کرد..