شه‌ش مانگ زیندانی ( ئه‌ڵقه‌ی یه‌که‌م )
بریتییه له ده‌لاقه‌یک به‌سه‌ر دۆزه‌خی زیندانه‌کانی به‌عسه‌وه.
له‌م یاداشته‌دا
نووسه‌ر رووداوه‌کانی ناو زیندانمان وه‌ک خۆی بۆ ده‌گێڕێته‌وه، له‌و رۆژه‌وه گیراوه تا ئه‌وکاته‌ی ئازاد کراوه.
پێشه‌کی:
خوێنه‌ری به‌ڕێز! ئێمه‌ی موسڵمان باوه‌ڕمان وایه: له‌م بوونه‌وه‌ره‌دا هیچ شتێک بێ به‌رنامه و مه‌به‌ست نییه، و هه‌رچیش رووده‌دات به‌پێی ئه‌و به‌رنامه‌یه دێته دی. ( كلّ شَيْء عنْدَه بمقْدَار )(سورة الرعد/8 )وه هه‌روه‌ها پێمان وایه هه‌ر رووداوێ ده‌رسێ یا چه‌ند ده‌رسێکی تیایه. وه هه‌ربه‌سه‌رهاتێ په‌ندێ یا زیاتری لێ وه‌رده‌گیرێ.
ئه‌وه‌ته خوا له‌باره‌ی باس وبه‌سه‌رهاتی پێغه‌مه‌رانی پێشین و نه‌ته‌وه‌کانیانه‌وه ده‌فه‌رموێ: بێَگومان خاوه‌ن دڵانی ژیر له‌به‌سه‌رهاتیانا په‌ند وه‌رده‌گرن ( لَقَدْ كَانَ في قَصَصهمْ عبْرَةٌ لأوْلي الأَلْبَاب )(سورة يوسف/115) وه هه‌روه‌ها رووده‌کاته پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێ بێ و ده‌فه‌رموێ: به‌سه‌رهاتیان بۆ باس بکه به‌ڵکو بیر بکه‌نه‌وه ( فاقْصصْ الْقَصَصَ لَعَلَّهمْ يَتَفَكَّرونَ )(سورة الأعراف/176) جێێ خۆیه‌تی ئێمه‌ش هه‌ر باس و به‌سه‌رهاتێکمان بیست ده‌رسی لێ فێرببین و په‌ندی لێ وه‌ربگرین.
ئه‌م بڕگه‌یه‌ی ژیانی منیش که { شه‌ش مانگی زیندانییه}پڕیه‌تی له‌رووداوی چڕ‌و پڕ و سه‌یرو سه‌مه‌ره‌و دڵته‌زێن و خه‌مهێنه‌ر، و هه‌ندێکاتیش دڵخۆشکه‌ر و پێکه‌نین هێنه‌ر، له‌ناو دوو توێیانا په‌ندێکی زۆر خۆیان مه‌ڵاس داوه، و ده‌رسێکی زۆریش خۆیان حه‌شار داوه..
بۆ نموونه: له‌کاتی گێژه‌ڵوکه‌دا ده‌بینیت داری قه‌به و گه‌وره و زل به زه‌ویدا ده‌که‌وێت، و به‌ڕه‌گ و ریشه‌وه دێته ده‌ر و تلێر ده‌بێته‌وه، که‌چی نه‌مامی ساوای خه‌ڵف ناسک جێگیر‌و پایه‌دار ده‌بێت، و له‌جێی خۆ‌یا نا بزوێت، و وه‌ک خۆی ده‌مێنێته‌وه.. یا که‌سانێک ده‌بینی له رواڵه‌تا دوژمنن، که‌چی له زه‌مینه‌ی واقیعدا چه‌نده‌ها کاری جوامێرانه‌یان لی ده‌وه‌شێته‌وه و پیاوه‌تی گه‌وره‌ت له‌ته‌کا ئه‌که‌ن!!
یا له‌لایه‌ن دوژمنه‌وه چیها که‌ره‌سه‌ی نزم و په‌ست بۆ رووخاندنی وره‌ی تۆی مرۆڤ به‌کار ده‌هێنرێ!!چۆن هاوه‌ڵه‌که‌ت به‌زۆر دێنێ و ده‌بێ له‌به‌رچاوتا بڵێت: من هه‌مو شتێکم گوتووه و تۆیش چی ده‌زانی بیڵێ!! تا داخ به‌دڵتا بچێت و باوه‌ڕ و متمانه له‌نێوانتانا نه‌مێنێ، و تۆیش چی ده‌زانی بیڵێیت!!
چۆن هه‌ندێ که‌س به‌بێ ئاگایی قسه ده‌که‌ن و ئه‌نجامی ئه‌و قسانه‌یان لێک ناده‌نه‌وه!! ئه‌وقسه‌یه‌ی به‌حسابی خۆی له خۆشه‌ویستیدا کردوویه‌تی، چۆن ده‌بێته دوژمنایه‌تییه‌کی گه‌وره!!
هه‌ندێ که‌س له‌کاتی ئاسایش و خۆشی‌دا چۆن خۆیان گیڤ ده‌که‌نه‌وه و به‌منه‌ته‌وه پێ به‌سه‌ر زه‌وییدا ده‌نێن، که‌چی له‌کاتی ته‌نگانه‌دا ده‌بنه قه‌زم وگرگن و له به‌رده‌ست دوژمن‌دا خۆیان زه‌لیل و رسوا ده‌که‌ن!!
چۆن که‌سانێک به‌هۆی ده‌ورو به‌ری درماویی (مَوْبوء)ه‌وه خۆیان لێ ده‌گۆڕێ و به‌حساب له‌خوا یاخی ده‌بن، و واپیشان ده‌ده‌ن که‌باوه‌ڕیان هه‌رنییه‌و خوایش ناناسن،وهه‌وڵی کافرکردنی خه‌ڵکی تریش ده‌ده‌ن!! به‌ڵام هه‌رله‌گه‌ڵ که‌وتنه ته‌نگانه‌وه و مووچیان گیری خوارد، چۆن هانا بۆ خوا ده‌به‌ن، و لێی ده‌پاڕێنه‌وه و یادی ده‌که‌ن و ده‌یپه‌رستن!! پێشتر ئاماده نه‌بوون گوێ بۆ باسی ئیسلام بگرن!! که‌چی ئێستا زۆر به تامه‌زرۆییه‌وه هه‌موو گیانیان ده‌که‌نه گوێ بۆ بیستنی ئه‌و باسه.!!
هه‌روه‌ها بۆمان روون ده‌بێته‌وه که ئارامی و خۆگری چ به‌رهه‌مێکی گه‌وره‌ی هه‌یه؟! و رووخان و ووره به‌ردانیش چ زیانێکی گه‌وره، ئه‌وسا له‌واتای ئه‌و داخوازییه قورئانییه حاڵی ده‌بین که ده‌فه‌رموێ: خۆگربن بێگومان خوا له‌ته‌ک خۆگراندایه.. ( وَاصْبروا إنَّ اللَّهَ مَعَ الصَّابرينَ )( سورة الأنفال/46 ).و چه‌نداها شتی تریش.
ئه‌وی شایانی باسه نووسینه‌که‌م ئه‌و شتانه‌یه که به‌چاوی خۆم دیومه، یا به‌گوێی خۆم له‌وانه‌م بیستوه که‌له زیندانا پێکه‌وه بووین و بۆی گێڕاومه‌ته‌وه. له‌م نووسینه‌دا وه‌ک رووداوێکی مێژوویی رووت باسه‌که‌م پێشکه‌ش کردووه، تا ئه‌ندازه‌یه‌کی زۆر خۆم له ئه‌ندێشه‌و خه‌یاڵ دوور خستۆته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م رووداوه مێژوویی و به‌سه‌رهاته واقیعیانه له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ و ئه‌ندێشه‌دا تێکه‌ڵ نه‌بن..
هیوادارم سوودی بۆ خوشک وبرایانی هاو زمانم هه‌بێ، و ووره‌ی بێ ووره‌کانی پێ به‌رزببێته‌وه، و تین و هێزێکیش بێ بۆ ووره‌داره‌کان، داواکارم خوا سه‌برو خۆگری زۆرمان پێ ببه‌خشێت تا له‌به‌رامبه‌ر ئازار‌و سزای دوژمنانی خوا‌و خه‌ڵکی خواوه نه‌ڕووخێین، وپێکه‌وه ئه‌م ئایه‌ته قورئانییه بخوێنینه‌وه که‌ده‌فه‌رموێ: ( وَمَا لَنَا أَلاَّ نَتَوَكَّلَ عَلَي اللَّه وَقَدْ هَدَانَا سبلَنَا وَلَنَصْبرَنَّ عَلَي مَا آذَيْتمونَا، وَعَلَي اللَّه فَلْيَتَوَكَّلْ الْمتَوَكّلونَ )( سورة إبراهيم/ 12 ) واته: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که په‌روه‌ردگارمان بۆ هه‌موو رێیه‌کی چاک وبه‌سوود رێنوێنی کردوین، ئیتر چۆن پشتی پێ نه‌به‌ستین؟! و به‌دڵنیاییه‌وه له‌به‌رامبه‌ر سزا‌و ئازاری ئێوه‌شدا خۆ ده‌گرین و ناڕوخێین، ده‌با ئه‌وانه‌ش که پشتیوانیان پێویسته هه‌ر پشت به‌خوا ببه‌ستن..
پاش ئه‌وه‌ی که بۆ جاری دووه‌م فه‌رمانی گرتنم له‌لایه‌ن رژێمه‌وه ده‌رچوو، و هه‌ڵهاتین ودێهاتی کوردستانیش هیچی نه‌مابوو، ناچار به‌ره‌و کوردستانی ئێران رۆیشتین، و له شاری پاوه یه‌ک دوو مانگێک ماینه‌وه، له‌و کاته‌دا مامۆستا سه‌لاح ته‌شری�?یان هێناو پاش باس و خواسێک داوای لێ کردم که‌به‌سه‌رهاتی زیندانه‌که‌م بنووسمه‌وه، و وه‌ک وه‌سیقه(داکۆمه‌نت)ێک بمێنێته‌وه، منیش له‌سه‌ر داوای به‌ڕێزیان نووسیمه‌وه، و له‌و کاته‌دا مه‌لا محمدی که‌لاری دوکانی فتوکۆپی هه‌بوو، نوسخه‌یه‌کم لێ کۆپی کرد، مه‌لامحمدیش گوتی: ئه‌گه‌ر ئیجازه بده‌یت ده‌مه‌وێ نوسخه‌یه‌کیش بۆخۆم کۆپی بکه‌م، گوتم: باشه به‌مه‌رجێ هه‌رلای خۆت بێ و بۆخوت بێ و به‌س، نووسخه ئه‌سڵییه‌که‌م پێشکه‌ش به‌مامۆستا سه‌لاحوددین کرد، ونوسخه‌یه‌کیشم بۆخۆم دانا، له‌دواییدا بییرم کرده‌وه ئه‌م وڵاتانه جێێ متمانه نین، و له‌وانه‌یه زروفێکی تایبه‌ت به‌سه‌را بێت و تیا بچێ، له‌به‌ر ئه‌وه نوسخه‌که‌ی خۆمم به‌پۆستا بۆ مامۆستا موحسین جوامێر نارد له سوید، و گوتم: با به‌ئه‌مانه‌ت لای به‌ڕێزتان بێت تا کاتێ داوای ده‌که‌م. خوا پاداشتی بداته‌وه ئه‌ویش بۆی هه‌ڵگرتم.
له‌به‌هاری 2002دا رۆیشتمه‌وه بۆ کوردستان و هه‌واڵی ئه‌و نوسخه‌یه‌م له‌مامۆستا پرسی که کاتی خۆی له پاوه پێشکه‌شم کردبوو، گوتیان: نه‌ماوه. ئیتر له‌کاتی گه‌ڕانه‌وه‌مدا له ئه‌ڵمانیاوه ته‌له‌فونم بۆ مامۆستا موحسین کرد بۆی ناردم بۆلای براده‌ریکم و ئه‌ویش بۆی ناردمه‌وه.
ئه‌مه به‌سه‌رهاتی ئه‌م ده‌سخه‌ته‌بوو، ئێستاش کاتی ئه‌وه هاتووه بخرێته به‌رده‌ست خوێنه‌رانه‌وه، تا وه‌ک وه‌سیقه‌یه‌ک بمێنێته‌وه و شایه‌تێکی زیندووبێ له‌سه‌ر بار‌و دۆخی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی عیراق و به‌تایبه‌تیش کوردستان له سایه‌ی رژێمی به‌عسی سۆشیالیستا..
حه‌سه‌نی پێنجوێنی
پێرس- ئوسترالیا