به‌شی دووه‌م
پرسیارى چواره‌م
له نێوان كۆمه‌ڵى ئیسلامى و یه‌كگرتوى ئیسلامى كوردستاندا شتێكى ئه‌و تۆ نه‌ماوه‌ته‌وه مایه‌ى جیاوازى بێت، پێت وایه ئه‌و له‌مپه‌ڕانه چین له‌به‌رده‌میاندا كه ناتوانن پڕۆژه‌یه‌ك بۆ تێكه‌ڵكردنى كاره‌كانیان دابڕێژن له كاتێكدا هه‌ردولایان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه وه‌حده‌ت و برایه‌تى و ده‌ستگرتن به حه‌بلى خوداوه ئه‌ركى شه‌رعییه؟
وه‌ڵام:
ئه‌وه‌مان له‌بییر نه‌چێت كه یه‌كگرتن و یه‌كبوونی گرۆپ و پارته ئیسلامییه‌كان ئاواتی هه‌موو موسوڵمانێكه، نه‌ك هه‌ر له‌م هه‌رێمه‌دا به‌ڵكو ئاواتی هه‌ر موسوڵمانێكی په‌یامداره له‌هه‌موو جیهاندا، به‌ڵام
ده‌بێ ئه‌و یه‌كگرتنه رێی بۆ خۆش بكرێت، راگه‌یاندنێكی خه‌ست و خۆڵی بۆ بكرێ، و له‌هه‌موو كه‌ره‌سه‌ی راگه‌یاندنه‌كانا جه‌ختی له‌سه‌ر بكرێ، كۆڕی بۆ بگیرێ، له ئه‌ده‌بيياتی ناو خۆی پارته ئیسلامییه‌كاندا بایه‌خێكی باشی پێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌یه‌كی گونجاو بۆ ئه‌و یه‌كگرتنه دروست ببێت.. و قه‌ناعه‌تی ته‌واو به رێ و شوێنێكی تایبه‌ت دروست ببێ كه ئه‌و دوو گرۆپه یازیاتر ده‌یانه‌وێ له‌سه‌ری یه‌ك بگرن، ده‌نا ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵێكیان باوه‌ڕ و قه‌ناعه‌تی وابێ كه ئاین به‌زۆر ناسه‌پێنرێ و خوا مرۆڤه‌كانی به‌ئازاد دروست كردووه و ده‌بێ ئازادی ته‌واوی پێ بدرێت له بۆچوون و ده‌ربڕینیا، ئه‌وی تریشیان باوه‌ڕی به‌پێچه‌وانه‌كه‌ی هه‌بێ.. ئه‌م دوو گرووپه به‌م دوو بۆچوونه جیاوازه‌وه، به‌م دوو حاڵی بوونه دژ به‌یه‌كه‌وه هه‌رگیز یه‌كبوونیان په‌ترۆ نابه‌ستێ، وزۆر زوو په‌تی یه‌كیه‌تییان ده‌پچڕێت.. و ئێمه به‌چاوی خۆمان دیمان سێ گرۆپی ئیسلامی یه‌كیان گرت، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ی ئه‌وه‌بوو بینیمان..
هه‌روه‌ها حه‌قیقه‌تێكی تریش هه‌یه نابێ له‌بیرمان بچێ كه‌مرۆڤه‌كان پێكهاتوون له‌كۆمه‌ڵێ حه‌ز و ئاره‌زوو، ئه‌م حه‌زو ئاره‌زووانه وایان لێ ده‌كات له‌پێناو به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆیدا به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی گشتیی له‌بییر بچێته‌وه، بۆ نموونه: ئه‌و تێكۆشه‌ره‌ی كاتێ رۆیشتۆته شاخ و له‌به‌ر خاتری میلله‌ته‌كه‌ی وه‌زیفه و ماڵ و كه‌س و كار و بگره گیانی خۆی كردۆته قوربانی ئه‌و مه‌بده‌ئه‌ی باوه‌ڕی پێی هه‌بووه، به‌ڵام رۆژێكی تر دێته پێشه‌وه ئه‌و تێكۆشه‌ره فیداكاره دڵسۆزه خۆنه‌ویسته ده‌بێته ده‌سه‌ڵاتدار و خوێنی هاووڵاتیانی ده‌مژێ،و كاڵای به‌سه‌رچوویان بۆدێنێ، و ده‌رمانی ئێكسپایه‌ریان پێ ده‌فرۆشێ، و كاتێ به‌نداوێكی به‌قۆنته‌رات پێ ده‌درێ - بۆ ئه‌وه‌ی زوو پێی ده‌وڵه‌مه‌ند ببێت،و كۆشكی گه‌وره گه‌وره‌ی پێ دروست بكات- وای دروست ده‌كات ئاو بیبات... تاد. ئه‌مه هه‌ر ئه‌و هاوڕێ خه‌باتگێڕه‌بوو كه قبووڵی نان بڕین و زیندان و ئاواره‌یی و برسیه‌تی ماڵ ومنداڵی ده‌كرد و بگره سنگی خۆيشی به گوللـه‌وه ده‌نا و سڵی له ده‌بابه وسوپای بێ ژمار و تۆپ و فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی دوژمن نه‌ده‌كرده‌وه..
ئه‌م دوو وێنه دژبه‌یه‌كه ئاوێنه‌ی باڵانمای پێكهاته شاراوه‌و ده‌روونییه‌كانی مرۆڤن، من هه‌رگیز ناڵێم ئه‌م پیاوه‌ی كه‌ئێستا وایه، له‌رابووردوويشدا هه‌روه‌ها خیانه‌تكار و ناپاك و هه‌ل په‌رست بووه!! نه‌ء .. به‌ڵكو ده‌ڵێم: ئه‌م كه‌سه مرۆڤه و مرۆڤێش پێكهاتووه له‌كۆمه‌ڵێ شتی نه‌ساز و دژبه‌یه‌ك، بۆ به‌هێزكردنی لایه‌نه باشه‌كان و لاوازكردنی لایه‌نه خراپه‌كانی پێویستی به په‌روه‌رش و په‌روه‌رده هه‌یه، وئه‌وانه‌ش كه‌ده‌گه‌نه ئاستی سه‌ركردایه‌تی زۆركه‌م رێده‌كه‌وێ یادخه‌ره‌وه‌یه‌ك بۆخۆیان دیاری بكه‌ن، و ته‌كلیفی لێ بكه‌ن هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌كیان كرد ئاگاداریان بكه‌نه‌وه، عه‌یبه‌كانیان به‌دیاری بۆ ببه‌نه‌وه..
كه‌وابوو حه‌ز وئاره‌زووه دروونییه‌كان بۆ بوون به سه‌رۆك و پێشه‌وا و...تاد، ده‌ردێكی تری مرۆڤه‌كانه كه زۆر جار به‌هۆیه‌وه به‌رژه‌وه‌ندی به‌رزی گشتی، ده‌كاته قوربانی ئه‌و حه‌زو ئاره‌زووه ده‌روونییه‌ی و ده‌بێته فاكته‌رێكی تێكده‌ر له جیاتی بنیاتنه‌ر..
ئه‌م حاڵه‌ته‌ی ئێستا هه‌یه له‌نێوان پارته ئیسلامییه‌كاندا، به‌تایبه‌ت كۆمه‌ڵی ئیسلامی و یه‌كگرتووی ئیسلامی ئه‌گه‌ر فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان وازیان لێ بێنن، - به‌ڕای به‌نده - رێخۆشكه‌رێكی كاریگه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا یه‌كیه‌تیه‌ك له نێوانیانا به‌دی بێنێت.. چونكه ئێستا هه‌ست به‌وه ده‌كرێ ته‌نسیقێك و جۆره هاریكارییه‌كی - به‌لای كه‌مه‌وه - سیاسی له‌نێوانیاندا هه‌یه.. ئه‌مه‌ش له‌ئاستێكی باڵادا دانی پیانراوه، وه‌ك له دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنی ئه‌لجه‌زیره‌دا به‌ڕێز ئه‌مینداری یه‌كگرتوو باسی كرد.. هه‌روه‌ها هاریكاری نێوانیان له‌په‌رله‌مانی هه‌رێم و په‌رله‌مانی فیدراڵیدا شايه‌تی ئه‌و بۆ چوونه‌يه.. یه‌كگرتنيشيان بۆ ئه‌وه‌يه كاری وای لێ بوه‌شێته‌وه.. خۆ ئه‌گه‌ر هه‌وڵی زیاتری بۆ بده‌ن و حه‌زه ده‌روونییه‌كانيان بكه‌نه قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ئاینه‌كه‌یان ئه‌وه ئاواتی موسوڵمانان دێننه دی..
پرسيارى پێنجه‌م:
5- به‌رێزتان چه‌ند ساڵه له ده‌ره‌وه‌ى كوردستان ده‌ژین، ئه‌زمونى تازه‌ى ده‌روه‌ى كوردستان چى بۆ زیاد كردوون له روانگه‌ى تێگه‌یشتنتان له ئیسلام وچى شتێكى ئێره به باش نازانیت، به تایبه‌تى له‌روانگه‌ى حیزبایه‌تى كردن وئه‌و جۆره شتانه‌وه؟ ئایا خودى ئه‌و حیزب گه‌راییه رۆحیه‌تى دینه‌كه‌ى نه‌كوشتووه؟
وه‌ڵام:
بانگخوازانی ئیسلامی له‌كوردستان و ناوچه‌كانی ده‌ورو به‌ریا كه ئیسلام بۆ خه‌لكی باس ده‌كه‌ن پێیان وایه كه له‌رێی حیزب و به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی باشتر ده‌توانرێ خزمه‌ت بكرێت و خه‌ڵكی هۆشیار بكرێته‌وه.. چونكه ئه‌گه‌ر خه‌ڵكی په‌رته‌وازه‌بوو توانای گۆڕانی نابێت.. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش دروشمگه‌لێك هه‌ڵده‌گرێ بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی شوێنی بكه‌وێت.. بۆنموونه دروشمی: داگه‌ری ، یه‌كسانی ، ئازادی به‌رز ده‌كاته‌وه.. به‌ڵام له‌م وڵاته‌ی مندا به‌عه‌مه‌لی هه‌موو ئه‌وانه‌ی تێدایه.. دادگه‌رییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كه لێره‌دا هه‌یه مه‌گه‌رله‌سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تتابا بووبێت.. له‌یه‌كسانیشدا له‌به‌رامبه‌ر یاساوه سه‌ره‌ك وه‌زیران له‌گه‌ڵ كرێكارێكدا یه‌كسانه.. ئازادیش تا ئه‌ندازێكی زۆر ده‌سته‌به‌ر كراوه..
به‌ڵام له‌م وڵاته‌دا لایه‌نی ده‌روونی و رۆحی لاوازه له‌به‌ر ئه‌وه خه‌ڵكی پێویستیان به‌سیاسه‌ت نییه به‌ڵكو پێویستیان به‌تێركردن و به‌هێزكردنی ئه‌ولایه‌نه برسی ولاوازه‌یانه.. ئێستا ئه‌گه‌ر سه‌رێكی نووسینه‌كانی ئه‌م وڵاته‌ی من بده‌یت له‌سه‌دا نه‌وه‌د و پێنجی رۆحییه، ولایه‌نی سیاسی زۆر كه‌م و ده‌گمه‌نه.. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ هه‌ركۆمه‌ڵگایه‌ك تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه..
يه‌كێ له‌وانه‌ی زۆر سه‌رنجی راكێشاوم سیاسی بوون له‌م وڵاتانه‌دا شێوه‌ی خێڵه‌كی وعه‌شایه‌ری له‌خۆ نه‌گرتووه. به‌شی زۆری سیاسه‌توانانیان میلله‌ته‌كه‌یان ناخڵه‌تێنن چ جای ئه‌وه خۆیان بخڵه‌تێنن.. له‌گه‌ڵ هه‌ڵگرتنی ئه‌و دروشمه‌ی هه‌ڵیان گرتووه راستگۆن، ئه‌گه‌ر حیزبێكی لیبراڵ دێموكرات بێت، ناڕوات نه‌یاره‌كه‌ی به‌دزیه‌وه ترۆر بكات و له‌پرسه‌كه‌شیا دابنیشێ و هاو خه‌می بۆ كه‌س و كاری ده‌ر ببڕێت!!
شتێكی تری سه‌رنج راكێش له‌م وڵاتانه‌دا به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆنه، كه ئه‌م ئۆپزسیۆنه چاودێرێكی سه‌رسه‌خته به‌سه‌ر ئیش و كاری ده‌وڵه‌ته‌وه.. من پێم وایه به‌ره‌ی ئۆپۆزسیۆن له‌م وڵاته‌دا هه‌مان ده‌وری دامه‌زراوه‌ی فه‌رمان به‌چاكه‌و رێگری له خراپه له‌ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا ده‌بینن.. ئه‌لبه‌ت به‌پێی باو و نه‌رێتی خۆیان..
به‌بێ دوژمنایه‌تی، به‌بێ جنێودان، هه‌ر وه‌زیرێك پێی لار دانا بانگ ده‌كرێته په‌رله‌مان و ده‌بێ روونكردنه‌وه‌ی ته‌واو له‌باره‌ی ئه‌و كارانه‌یه‌وه بدات كه ئۆپزسیۆن لێی نارازییه.. ئه‌ویش بۆی نییه سه‌ر پێچی بكات و بڵێت: كاكه ! من له‌كاتێكا خه‌باتم كردووه تۆ بووونت نه‌بووه، ئێستا تۆ بۆت نییه لێم بپرسیته‌وه!!
شتێكی تری زۆر سه‌رنج راكێش له‌م وڵاتانه‌دا یاسا سه‌روه‌ریيه و زۆر ئاواته خوازم له‌وڵاتی خۆيشماندا پياده ببوايه.
پرسیاری شه‌شه‌م :
6- هێرش كردنه سه‌ر مه‌سیحیه‌كانى عێراق به‌ناوى دینه‌وه چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنیت، ئایا پێت وایه ئه‌و جۆره كارانه چه‌نده كاریگه‌رى له‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌كانى شوێنكه‌وتوه‌كانى ئه‌و دوو ئاینه ده‌بێت؟
وه‌ڵام:
هێرش كردنه سه‌ر مه‌سیحییه سڤیله‌كان وئه‌وانه‌ی ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیحین بكوژرێن پێچه‌وانه‌و دژی رێنوێنییه‌كانی ئاینی ئیسلامه، و كارێكی دڕندانه‌یه‌و دووره له‌هه‌موو ئه‌خلاقیاتێكی ئیسلامییه‌وه. سه‌ره‌تا پێويسته ئاگامان له‌وه هه‌بێ كه‌ئه‌م توندره‌وییه تايبه‌ت نييه به‌كه‌سانی دینداره‌وه و به‌س، به‌لكو له‌هه‌موو تۆێژه‌كانا رووده‌دات، بۆ نموونه: مۆسۆلێنی و هێتله‌ر ئایندار نه‌بوون، قه‌ومییه‌كی ته‌واو عه‌یار بوون، كه‌مال ئه‌تاتۆرك و سه‌دام حوسه‌ین دیندار نه‌بوون، به‌ڵكو قه‌ومییه‌كی ته‌واو عه‌یار بوون، ستالین و خه‌میره سووره‌كان نه‌قه‌ومی بوون و نه‌دیندار، به‌ڵكو مولحید‌و بێ باوه‌ڕێكی ته‌واو عه‌یار بوون.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا به هه‌زاره‌ها و بگره به‌سه‌دان هه‌زار خه‌ڵكی سڤیلیان له‌ناوبرد!!
بۆ وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ت ده‌ڵێم: ئه‌م كاره‌ی ئه‌وان واته: هێرش كردنه سه‌ر مه‌سیحییه سڤیله‌كان و كوشتنيان ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مه‌سیحین پێچه‌وانه‌ی رێنوێنییه‌كانی ئیسلامه، له‌به‌ر چه‌ند هۆیه‌ك:
یه‌كه‌م ، كاری كوشتنی مه‌سیحییه‌كان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌مه‌سیحین، وه‌ك ئه‌وه وایه بڵێن: خوایه! ئه‌وه‌ی به‌تۆ نه‌كراوه ئێمه ئه‌یكه‌ین!! – خوا په‌نامان بدات!!- چونكه خوا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به‌هه‌موو ره‌نگ و زمان و بۆچوونه جیاوازانه‌وه دروست كردووه و ئه‌گه‌ر خۆی بیویستبا ئه‌و خه‌ڵكه یه‌ك ره‌نگ و یه‌ك زمان ویه‌ك بۆچوونیان بوایه وای لێده‌كردن، كه وای نه‌كردووه له‌به‌ر حیكمه‌تێكه كه خۆی ده‌زانێ و ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌ستی پێده‌كه‌ین بۆ تاقیكردنه‌وه‌ی مرۆڤه‌كانه تاده‌ركه‌وێت كێ زیاتر پێبه‌نده به فه‌رمانه‌كانی خواوه‌و چاكه‌ی زیاتر پێشكه‌ش ده‌كات و خزمه‌ت به‌خه‌ڵَكی زیاتر ده‌كات؟!
ئه‌وه‌ته خوا ده‌فه‌رموێ:" وَلَوْ شَاءَ اللَّهُ لَجَعَلَكُمْ أُمَّةً وَاحِدَةً وَلَكِنْ لِيَبْلُوَكُمْ فِي مَا آَتَاكُمْ فَاسْتَبِقُوا الْخَيْرَاتِ إِلَى اللَّهِ مَرْجِعُكُمْ جَمِيعًا فَيُنَبِّئُكُمْ بِمَا كُنْتُمْ فِيهِ تَخْتَلِفُونَ " المائدة /48. واته: ئه‌گه‌ر خوا بیویستبا ده‌یكردنه یه‌ك نه‌ته‌وه، و هه‌ڵگری یه‌ك دین و مه‌زهه‌ب، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی تاقیتان بكاته‌وه له‌وه‌ی كه پێی به‌خشیون، كێتان به‌و پێیه كارده‌كه‌ن كه خوا داوای لێكردون؟! كه‌وابوو له‌كاره چاكه‌كاندا پێشبڕكێ بكه‌ن، چونكه گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌مووتان بۆلای خوایه، و له‌وێش له‌باره‌ی جیاوازی راوبۆچوونتانه‌وه ئاگادار ده‌كرێنه‌وه، كێتان له‌سه‌ر حه‌ق بووه‌و كێتان ناهه‌ق..
دووه‌م، ئێمه به‌ده‌قی قورئانی داوامان لێكراوه چاكه له‌گه‌ڵ ناموسوڵماناندا بكه‌ین به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی كه خه‌ڵكێكی سڤیلن و شه‌رخواز و فیتنه ئه‌نگێز نین و ده‌فه‌رموێ: " لا يَنْهَاكُمُ اللَّهُ عَنِ الَّذِينَ لَمْ يُقَاتِلُوكُمْ فِي الدِّينِ وَلَمْ يُخْرِجُوكُمْ مِنْ دِيَارِكُمْ أَنْ تَبَرُّوهُمْ وَتُقْسِطُوا إِلَيْهِمْ إِنَّ اللَّهَ يُحِبُّ الْمُقْسِطِينَ " الممتحنة/ 8. واته: خوا داواتان لێ ناكات دادگه‌ر و چاك نه‌بن له‌ته‌ك ئه‌وانه‌ی شه‌ڕیان له‌ته‌كا نه‌كردوون وله‌ناو جێگه‌و شوێنی خوۆتاندا ده‌ریان نه‌كردوون، واته: داگه‌ر و چاكه‌كاربن له‌ته‌كیانا چونكه خوا دادگه‌رانی خۆش ده‌وێت..
دادگه‌ری ئه‌وه‌یه وه‌ك ترازووبكه‌یت، ئه‌و چه‌ند له‌ته‌ك تۆدا چاك بووه تۆیش ئه‌وه‌نده له‌تك ئه‌وا چاك بیت، ترازووی به‌رامبه‌ر پێی ده‌گوترێ: دادگه‌ری، چاكه {البر}ئه‌وه‌یه: سڵاوی بده‌یته‌وه و چاكه‌ی تۆ له‌چاكه‌ی ئه‌و زیاتر بێت، واته: به‌قه‌د چاكه‌كه‌ی خۆی و زیاتریش چاكه‌ی له‌ته‌كابكه‌یت، ئه‌وه بیڕه و خوا داوای ئه‌وه‌مان لێ ده‌كات نه‌ك هه‌ر به‌قه‌د چاكه‌ی خۆیان چاك بین له‌ته‌كیانا، به‌ڵكو سڵاوی بده‌ینه‌وه و چاكه‌ی ئێمه له‌چاكه‌ی ئه‌وان زیاتر بێت،. ئه‌مه داواكاری خوایه له موسوڵمانان كه‌ره‌فتاریان له‌ته‌ك ناموسوڵمانانی سڤیلدا به‌و پێیه بێت..
سێ هه‌م، ئه‌وه‌ی موعاهه‌دێك به‌ناهه‌ق بكوژێ بۆنی به‌هه‌شت ناكات، كه له‌دووری چل ساڵ رێگه‌وه بۆنی به‌هه‌شت ده‌كرێت، موعاهه‌د كێیه؟ ئه‌و ناموسوڵمانه‌ی له‌وڵاتێكه‌وه به ئه‌مان{ ڤیزه} ه‌وه بێته وڵاتی موسوڵمانانه‌وه، و وڵاته‌كه‌شی له‌حاڵه‌تی شه‌ڕدا بێت له‌گه‌ڵ موسوڵماناندا، مادام ئه‌مانی وه‌رگرتووه‌و ئینجا هاتۆته ناو خاكی ئیسلامه‌وه ئه‌وه پێی ده‌گوترێ: موعاهه‌د.. به‌بێ هیچ خیلافێك له‌نێوزانایانی شه‌رعزاندا كوشتنی ئه‌و جۆره كه‌سانه حه‌رامه.. تا به‌سه‌لامه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه خاكی خۆی.. جا پێغه‌ممه‌ر صلی الله علیه وسلم ده‌فه‌رموێ: هه‌ركه‌س موعاهه‌دێك بكوژێ - ئه‌و موعاهه‌ده‌ی كه ئه‌مانی له‌زیممه‌ی خوا‌و پێغه‌ممه‌ره‌كه‌یدایه - بۆنی به‌هه‌شت ناكات، كه له‌دووری چل ساڵ رێگه‌وه بۆنی ده‌كرێت. واته: به‌هه‌شتی لێ حه‌رام ده‌كرێت. چونكه ئه‌وه خیانه‌تی له زیممه‌ی خوا‌و پێغه‌ممه‌ره‌كه‌ی كردووه. ئه‌مه‌ش ده‌قی فه‌رمووده‌كه‌یه، كه ئیمامه‌كان: ئه‌حمه‌د و بوخاری و نه‌سسائی و ئیبنو ماجه ریوایه‌تیان كردووه: "عَنْ عَبْدِ اللَّهِ بْنِ عَمْرٍو عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ: {مَنْ قَتَلَ مُعَاهَدًا لَمْ يَرِحْ رَائِحَةَ الْجَنَّةِ وَإِنَّ رِيحَهَا يُوجَدُ مِنْ مَسِيرَةِ أَرْبَعِينَ عَامًا." له فه‌رمووده‌یه‌كی ترا كه‌ئیمامی ترمزی و ئیبنو ماجه ریوایه‌تی ده‌كه‌ن و ترمزی به سه‌حیحی داناوه ده‌فه‌رموێ: " { أَلا مَنْ قَتَلَ نَفْسًا مُعَاهَدَةً لَهَا ذِمَّةُ اللَّهِ وَذِمَّةُ رَسُولِهِ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ فَقَدْ أَخْفَرَ ذِمَّةَ اللَّهِ وَلا يَرِحْ رَائِحَةَ الْجَنَّةِ وَإِنَّ رِيحَهَا لَيُوجَدُ مِنْ مَسِيرَة أَرْبَعِينَ خَرِيفًا " عَنْ أَبِي هُرَيْرَةَ عَنْ النَّبِيِّ صَلَّى اللَّهُ عَلَيْهِ وَسَلَّمَ قَالَ:...
چواره‌م، به‌ریوایه‌تێكی مورسه‌ل ئیبراهیمی نه‌خه‌عی ده‌فه‌رموێ: موسوڵمانێك پیاوێكی ئه‌هلی زیممه‌ی كوشتبوو كه‌خه‌ڵكی {حيرة }بوو، عومه‌ر فه‌رمانیكرد بیكوژنه‌وه له بیاتی ئه‌و كوژراوه‌دا..
هه‌روه‌ها له ریوایه‌تێكی مورسه‌لی ترا كه ئیبنو حه‌زم به‌سه‌نه‌دی خۆی ریوایه‌تی ده‌كات ئیمامی عه‌لی و ئیبنو مه‌سعوود فه‌رموویانه: ئه‌وه‌ی جووله‌كه، یا فه‌ڵه‌یه‌كی ئه‌هلی زیممه بكوژێ له‌خوێنیانا ده‌كوژرێته‌وه..
ئیمامی نه‌خه‌عی و عومه‌ری كوڕی عه‌بدولعه‌زیز رایان وابووه موسوڵمانی ئازاد ئه‌گه‌ر یه‌هودی یا مه‌سیحییه‌ك بكوژێ ده‌بێ له جیاتیاندا بكوژرێته‌وه.. ژماره‌یه‌كی تریش له گه‌وره زانایانی شه‌رعزان وه‌ك {ئیبنو ئه‌بی له‌یلا} و{عوسمانی بونني} و {ئه‌بو یوسف} له‌رایه‌كیدا وه‌ك {نه‌خه‌عی} فتوایان داوه..
نازانم ئه‌وانه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه سڤیله بێ تاوانانه ده‌كوژن له رۆژی قیامه‌تا چ وه‌ڵامێكی خوا ده‌ده‌نه‌وه؟!