له‌راستیدا له‌دایكبوونی پێغه‌ممه‌ر صلى الله علیه وسلم مزگێنییه‌كی گه‌وره‌بوو بۆ مرۆڤایه‌تی، چونكه ماوه‌یه‌كی زۆر بوو خه‌لك له ژێر كۆڵی قورسی بتپه‌رستی و تاریكستانی نه‌فامیدا ده‌یناڵاند، خوای باڵاده‌ست به‌و خۆشه‌ویسته‌ی خۆی مرۆڤایه‌تی له‌شه‌وه‌زه‌نگی كوفره‌وه گواسته‌وه بۆ رووناكستان، و له بت په‌رستییه‌وه بۆ یه‌كخوا په‌رستی، و له‌په‌رته‌وازه‌ییه‌وه بۆ یه‌كیه‌تی، و له‌هه‌مه‌جیه‌تی و پاشا گه‌ردانییه‌وه بۆ رێكخستن و یاسا و ده‌ستوور سالاری. له خێڵایه‌تی و خۆكوژییه‌وه بۆ ده‌وڵه‌ت و برایه‌تی..
پێغه‌ممه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم له‌ساڵی فیل دا له دایك بووه، ساڵی فیل چیيه؟ ئه‌وساڵه‌یه‌كه خوای باڵا ده‌ست فیل و خاوه‌ن فیله‌كانی به بالنده‌یه‌كی پچووكی وه‌ك په‌ڕه‌سێلكه و گڵبه‌ردی وه‌ك ده‌نكه‌نیسك له‌ناو برد.. وه‌ك مێژوو نووسان بۆمان ده‌گێڕنه‌وه رووداوه‌كه به‌م جۆره بووه:
ئه‌بڕه‌هه نوێنه‌ری پاشای حه‌به‌شه له سه‌نعادا كه‌نیسه‌یه‌ك دروست ده‌كات و ناوی ده‌نێت: { قه‌لیس}، وده‌یه‌وێت خه‌ڵكی چۆن بۆ حه‌ج ده‌چن بۆ زیاره‌تی كعبه‌ی ماڵی خوا ئاوه‌هایش بێن زیاره‌تی ئه‌م كه‌نیسه‌یه بكه‌ن و هه‌مان رێزی لێ بگرن كه له كه‌عبه‌ی ده‌گرن..
ئه‌بڕه‌هه كه ده‌سه‌ڵاتدار ده‌بێت به‌سه‌ر یه‌مه‌نا ونوێنه‌ری پاشای حه‌به‌شه‌یش ده‌بێت، چونكه سه‌ر به‌خۆ نه‌بووه، بۆیه كاتێ كه‌نیسه‌كه ته‌واو ده‌كات نامه‌یه‌ك بۆ نه‌جاشی پاشای حه‌به‌ش ده‌نوسێ و تیایا ده‌ڵێت: گه‌وره‌و سه‌روه‌رم! ئه‌ی شای شاهان! كه‌نیسه‌یه‌كم بۆ دروست كردوویت كه هیچ پاشایه‌ك كه‌نیسه‌ی وای بۆ دروست نه‌كراوه.. هه‌رله‌گه‌ڵ ته‌واوم كرد ده‌بێ عه‌ره‌به‌كان بێن لێره حه‌جی خۆیان بكه‌ن له‌بیاتی ئه‌وه‌ی بڕۆن بۆ كه‌عبه!!
ناوه‌رۆكی ئه‌م نامه‌یه له‌ناو خه‌ڵكی عه‌ره‌بدا بڵاو ده‌بێته‌وه‌و خه‌ڵكی تووڕه‌ده‌كات و ناره‌زاییه‌كی زۆریان له‌ناوا به‌دی دێنێت. كابرایه‌ك له‌خێڵی{ كه‌نانه} به‌م هه‌واڵه زۆر تووڕه ده‌بێت وكۆڵ به‌كۆڵیا ده‌دات تا ده‌گاته سه‌نعاو له‌وێ ده‌ڕواته ناو كه‌نیسه‌ی قه‌لیسه‌وه، له‌ناوكه‌نیسه‌كه‌دا خۆی خاڵی ده‌كاته‌وه، و هه‌روه‌ك ئیبنو هیشام باسی ده‌كات: پیسایی تێده‌كات!! وپاشان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ شوێنی خۆی!!
هه‌واڵ بۆ ئه‌بڕه‌هه ده‌به‌ن و ئاگاداری ده‌كه‌نه‌وه كه خانووه پیرۆزه‌كه‌ی تۆیان پیس كردووه!!
ئه‌ویش زۆرتووڕه ده‌بێت وزۆر به‌جیددی له‌مه‌سه‌له‌كه ده‌كۆڵێته‌وه كێ ئه‌م كاره‌ی كردووه؟!هه‌واڵی پێ ده‌ده‌ن كابرایه‌كی عه‌ره‌ب كه‌حه‌ج له‌مه‌ككه‌دا ده‌كات هاتووه ئه‌م كاره‌ی كردووه!! چونكه بیستوویه‌تی تۆ ده‌ته‌وێت رۆیشتن بۆ مه‌ككه له خه‌ڵكی قه‌ده‌غه بكه‌یت!! و نه‌یه‌ڵیت له‌وێ حه‌ج بكه‌ن، ئه‌ویش تووڕه بووه و هاتووه ئه‌م كاره‌ی كردووه!!
ئه‌بڕه‌هه له‌تاوا ئاگری غه‌زه‌بی تێ به‌رده‌بێت و سوێند ده‌خوات كه ده‌بێ بڕوا بۆ مه‌ككه و كه‌عبه وێران بكات..
سوپای حه‌به‌شه ئاماده ده‌كات وكۆمه‌ڵێ فیلی تۆكمه‌و به‌هێز ده‌خاته ناو سوپاكه‌یه‌وه تا به‌وه عه‌ره‌به‌كانی مه‌ككه بترسێنێ.. چونكه له‌وه‌پێش فیلیان له‌شه‌ڕا نه‌بینیبوو!!
سوپای ئه‌بڕه‌هه به‌فیله‌كانيه‌وه ده‌كه‌وێته‌رێ تاده‌گه‌نه نزیكی مه‌كه له‌وێ ده‌ست به‌تاڵان وبڕۆ ده‌كه‌ن، ومه‌ڕوماڵات و وشتری خه‌ڵكی به‌تاڵان ده‌به‌ن، له‌ناو ئه‌وانه‌دا دووسه‌د وشتری { عبد المطلب }ی باپیری پێغه‌ممه‌ری تیاده‌بێت، كه له‌وكاته‌دا ئه‌و سه‌رگه‌وره‌و ریش سپی قوره‌یش ده‌بێت، ئه‌بڕه‌هه نوێنه‌رێكی خۆی ده‌نێر‌ێت و پێی ده‌ڵێت كه بڕواته لای گه‌وره‌ی قوره‌یش و پێی بڵێت: ئێمه بۆ ئه‌وه نه‌هاتووین شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا بكه‌ین، ته‌نیا بۆ ئه‌وه هاتووین ئه‌و خانووه وێران بكه‌ين!! ئه‌گه‌ر ئێوه شه‌ڕمان له‌ته‌كا نه‌كه‌ن ئێمه نامانه‌وێ شه‌رتان له‌ته‌كا بكه‌ین!! ئه‌گه‌ر وتی شه‌ڕ ناكه‌ین له‌ته‌ك خۆتا بیهێنه بۆلام..
كاتێ نوێنه‌ری ئه‌بره‌هه رۆیشته مه‌ككه‌وه پرسی كێ سه‌رگه‌وره‌ی خه‌ڵكه‌كه‌یه، گوتیان: عبد المطلب ی كوڕی هاشم.. ئه‌ویش رۆیشت بۆلای و راسپارده‌كه‌ی ئه‌بڕه‌هه‌ی پێ گه‌یاند..
{عبد المطلب}یش پێی گوت: ئێمه نامانه‌وێ شه‌ڕتان له‌ته‌كا بكه‌ین، چونكه توانای شه‌ڕی ئێوه‌مان نییه.. ئه‌و خانووه‌ی ئه‌و ده‌یه‌وێت بی رووخێنێت خانووی ئێمه نییه، خانووی خوایه و په‌رێزی په‌روه‌ردگاره، ئه‌گه‌ر ئه‌و خۆی بییه‌وێت خانووی خۆی ده‌پارێزێت، نه‌يشيیه‌وێت رێی بۆ چۆڵ ده‌كات..
حه‌نناته{حناطة}ی نوێنه‌ر گوتی: شا فه‌رمانی داوه له‌ته‌ك خومدا بت به‌م بۆلای، فه‌رموو بابڕۆین. پێكه‌وه رۆیشتن ئه‌بڕه‌هه رێزێكی زۆری لێگرت و پێی گوت: پێویستییت چییه داوای بكه تابۆت جێبه‌جێ بكه‌ین!
ئه‌ویش گوتی: سه‌ربازه‌كانی شا دووسه‌د وشتریان بردووه داوا ده‌كه‌م فه‌رمان بدات بۆم بێننه‌وه!!
ئه‌بڕه‌هه‌یش پێی گوت: كاتێ چاوم پێت كه‌وت زۆر به‌رێز بوویت له‌لام و له‌په‌نای خۆما دام نایت، كه‌چی تۆ داوای شتێكی زۆر بچووكت كرد!! داوای دووسه‌د وشتر ده‌كه‌یت، و واز له‌و خانووه دێنیت و داوای ناكه‌یت كه ئاینی خۆت و باو باپیرانته و من هاتووم بیڕووخێنم؟!
{عبد المطلب}یش پێی گوت: پاشا! من خاوه‌نی وشتره‌كانم و داوایان ده‌كه‌م، ئه‌و خانووه‌ش خاوه‌نی خۆی هه‌يه‌و ده‌ی پارێزێت..
ئه‌بڕه‌هه گوتی: ناتوانێ له‌ده‌ستی من بیپارێزێت!!
گوتی: ئه‌وه داهاتوو پیشانی ده‌دات ده‌توانێت یان نه‌ء؟
پاش ئه‌وه كه وشتره‌كانی وه‌رگرته‌وه گه‌ڕایه‌وه‌و مه‌به‌سته‌كه‌ی ئه‌بڕه‌هه‌ی به‌خه‌ڵكی راگه‌یاند و پێی گوتن: ناوشار چۆڵ بكه‌ن، و به‌ره‌و شی‌و و دۆڵه‌كانی مه‌ككه بڕۆن، پاشان عه‌بدول موتته‌لیب و رۆیشته په‌نای كه‌عبه‌و قوڵفی كه‌عبه‌ی به‌ده‌سته‌وه گرت و هه‌ندێ پیاوماقووڵاني مه‌ككه يشی له گه‌ڵابوو زۆر به كوڵ له‌خوا پاڕانه‌وه كه‌ئه‌و ماڵه‌ی خۆی بپارێزێت.. و رۆیشتنه ده‌روه له‌شار تا بزانن ئه‌بڕه‌هه چی به كه‌عبه ده‌كات؟!
رۆژی دوای ئه‌وه ئه‌بڕه‌هه سوپای ئاماده‌كرد و فیله‌كانی خسته پێشه‌نگی سوپا‌وه، فیل مه‌حمود كه فیلێكی گه‌وره‌و سه‌ر كاروانی فیله‌كان بوو گه‌یشته شوێنێكی دیاریكراو مانی گرت و به‌ره‌و كه‌عبه نه‌ده‌ڕۆیشت، ئه‌گه‌ر رۆیان ده‌كرده یه‌مه‌ن یارۆژهه‌ڵات یارۆژئاوا غاری ده‌دا، كاتێ روویان ده‌كرده مه‌ككه خۆی به‌عه‌رزا ده‌كوتا و مانی ده‌گرت، هه‌رچی لێیان ده‌دا بێ سوود بوو، ئاله‌م كاته‌دا كۆمه‌ڵێ په‌له‌وه‌ری بچووك كه له‌كورده‌واریدا پێیان ده‌ڵێن: ته‌یره‌ن ئابابیله، و گه‌رمیان و كوێستان ده‌كه‌ن، له‌سه‌ر ده‌ریای سووره‌وه هاتن و هه‌ریه‌كه سێ به‌ردی سواڵه‌تی بچكۆله‌ی وه‌ك نۆك ونیسكیان هه‌ڵگرتووه دانه‌یه‌ك به ده‌نووكیان،و دوودانه‌ش به هه‌ردوو پێیان. به‌هه‌ركه‌سێكياندا بكێشایه له‌ناوی ده‌برد، به‌و شێوه‌یه ئه‌وسوپا گه‌وره‌یه بۆ هه‌رلایه‌ك رایان بكردایه لێیان ده‌دان و له‌ناویان ده‌بردن، تائه‌وسوپا گه‌وره‌یه تاروماربوو هه‌مووی تیاچوو لاشه‌یان وه‌ك شیاكه‌ی لێ هات و له‌وناوه‌دا بۆنی كرد..
قورئان باسی ئه‌م رووداوه به كورتی ده‌كات كاتێ منه‌ت به‌سه‌ر خه‌ڵكی مه‌ككه‌و قوره‌یشییه‌كانا ده‌كات كه چۆن پاراستوونی و ده‌فه‌رموێت:
بِسْمِ اللَّهِ الرَّحْمَنِ الرَّحِيمِ
" أَلَمْ تَرَ كَيْفَ فَعَلَ رَبُّكَ بِأَصْحَابِ الْفِيلِ، أَلَمْ يَجْعَلْ كَيْدَهُمْ فِي تَضْلِيلٍ، وَأَرْسَلَ عَلَيْهِمْ طَيْرًا أَبَابِيلَ، تَرْمِيهِمْ بِحِجَارَةٍ مِنْ سِجِّيلٍ، فَجَعَلَهُمْ كَعَصْفٍ مَأْكُولٍ "الفيل 1– 5.
واته: ئایاده‌زانیت خوا چیكرد به خاوه‌ن فیله‌كان؟ و چۆن سه‌ری لێ شێواندن و نه‌خشه و پلانه‌كه‌یانی پووچ كرده‌وه؟ و پۆل پۆل باڵنده‌ی نارده سه‌ریان، و به گڵبه‌رد {به به‌ردی سواڵه‌تی} به‌ردبارانیان كردن، و سه‌ره‌نجام وه‌ك كای خوراویان لێ‌كردن.
به‌ڵێ، پێغه‌ممه‌ری خوا صلى الله عليه وسلم له‌م ساڵه‌دا له دایك بووه كه پێی ده‌گوترێ ساڵی فیل..
# # #