هه‌رچه‌ند من له وتاره‌كانی هه‌فتانه‌دا زیاتر گوێم نه‌داوه‌ته رووداوه‌كانی هه‌فته به‌هۆی هه‌ندێ شتی تایبه‌ته‌وه كه ئێستا جێی باسكردنیان نییه، به‌ڵام كاتێ ویستم وتاری ئه‌م هه‌فته‌یه بنووسم به‌ونیازه بووم له‌و رێڕه‌وه‌ی پێشوو لابده‌م و رێڕه‌وه گشتییه‌كه بگرمه‌به‌ر، كه‌چی ئه‌وه‌ند رووداوی گه‌وره و كاریگه‌ر زۆر بوون سه‌رم لێشێواو نه‌مزانی له باره‌ی كاميانه‌وه بنووسم؟
نازانم له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆكی كۆردستانه‌وه بۆ ويلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان بنووسم؟ كه په‌یوه‌ندی به‌شێوه‌ی حوكمی داهاتووی عیراق و ئاینده‌ی كۆردستانه‌وه ده‌بێت؟ هه‌روه‌ك ئاشكرايه تا ئێستاش ئه‌مریكییه‌كان بۆزامنكردنی مافی كورد به‌هیچ پرۆتۆكۆلێك خۆیان نه‌به‌ستۆته‌وه، واته: تا ئیستاش هه‌ر به‌ڵێنی زاره‌كییه، و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ل ره‌شه‌بای به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانا قابیلی ئه‌وه‌یه بابیبات و ته‌نانه‌ت له‌دواییدا سۆرییه‌كیشمان بۆ نه‌كه‌ن، جا نازانم ئه‌مجاره‌یان سه‌رۆكی هه‌رێم له‌م سه‌ردانه‌یا ده‌یه‌وێ په‌یوه‌ندی نێوان ئه‌مریكاو كورد به‌شێوه‌یه‌كی كۆنكرێتی مه‌حكه‌م بكات، یا هه‌روه‌ك جاره‌كانی تر چاو راوی لێ ده‌كه‌ن، و داهاتووی كورد به‌نادیاری دێڵنه‌وه؟ هیوادارم ئه‌م سه‌ردانه جیاوازبێ له‌سه‌ردانه‌كانی پێشتر..
یا له‌باره‌ی ئه‌و یووتیوبانه‌وه بنووسم كه به‌ئێمێل بۆم هاتبوون، و ئه‌وه‌ند سامناك و به‌سوێ بوون كه ئينسان تا ئه‌وانه نه‌بینێت، نازانێت له‌ناو مرۆڤه‌كاندا كه‌سانێك هه‌ن واقیعه‌ن له دڕونده دڕونده‌ترن ، یه‌كێكیان وێنه‌ی كۆمه‌ڵێ مێلیشیای چه‌كدار به‌هاوكاری پۆلیس پیاوێكی پیری به‌ساڵاچووی ته‌مه‌ن حه‌فتا ساڵ به شه‌ق و به‌له‌قه و به‌كوته‌ك ده‌كوژن، له ڤیدیۆكه‌دا ده‌ڵێن ئه‌مه ئیمامی مزگه‌وتێك بووه له‌خالیس و له‌به‌ر ئه‌وه كوشتوویانه كه داوایان لێكردووه شوێنی كوڕه‌كانیان پێ پیشان بدات ئه‌ویش وتویه‌تی نازانم!!
یوتیووبێكی تریان دڕونده‌یی برای حاكمی ئه‌بو زه‌بی و كوڕی شێخ زاید بن سولتانی ره‌حمه‌تی بوو، ئه‌و شێخ زایده‌ی ئێمه له‌باره‌یه‌وه بیستبوومان كه كاتێ بیستوویه‌تی كه‌سانێك هه‌ن له ئه‌بووزه‌بیدا خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ن وخانوویان نييه، هه‌ر خێرا فه‌رمانی ده‌ركردووه كه له‌زووترین ماوه‌دا خانوویان بۆ دروسست بكه‌ن، چۆن ده‌بێ كه‌سێك خه‌ڵكی ئه‌بو زه‌بی بێ و خانووی نه‌بێ!! ئه‌و پیاوه‌ی كه ئه‌وه جوامێری بوو، كوڕه‌كه‌ی له ڤیدیۆكه‌دا كابرایه‌كی پاكستانی به‌جۆرێ سزا‌و ئازارده‌دات باوه‌ڕتان هه‌بێ دڕونده‌ترین دڕونده ئه‌و كاره ناكات، خۆڵ به‌ده‌میا ده‌كات، به‌كوته‌ك لێی ده‌داترووتی ده‌كه‌نه‌وه‌و هه‌رچی خوا پێی ناخۆش بێ به‌رامبه‌ری ده‌یكه‌ن، زیاد له‌وه رای ده‌كێشن و به‌ترومبێله‌كه‌یه‌وه چه‌ند جارێك دێت به‌سه‌ر لاشه‌یا ده‌یشێلێت و ده‌یهاڕێت..!!
له‌وه‌ش خراپتر ئه‌وه بوو پۆلیس كه‌ره‌مزی پاراستنی ئاسایشی خه‌ڵكییه بۆی ده‌گرت تا ئه‌و سته‌مه‌ی لێ بكات!! خراپتر له هه‌مووی ئه‌و به‌ناو دادگایه‌بوو به‌ناوی ئه‌وه‌وه كه ئه‌میر ده‌رمان خوارد كراوه ئه‌میر بێگوناهـ ده‌ر ده‌كات !! وڵاتێك قازی و دادگه‌ری سه‌ربه‌خۆ نه‌بێ و كوته‌كی ده‌ستی سته‌مكار بێت ئه‌وه گه‌وره‌ترین كاره‌ساتی میلله‌تانه!!
یا له‌باره‌ی ئه‌وجه‌نگه تایفییه جه‌رگبڕه‌ی نه‌یجیریاوه بنووسم؟ كه بووه هۆی كوشتنی 460 كه‌س ئه‌وه بوو له‌وناوچانه‌ی مه‌سیحی و موسولمان تێكه‌ڵن شه‌رێكی تایفی له‌نێوانیانا رووی دا و مووسلمانه‌كان له‌ماوه‌ی چوار رۆژدا 400 كه‌سیان لێكوژراوه، ومه‌سیحییه‌كانیش شه‌ست كه‌س.. كۆی كوژراوه‌كان 460 كه‌س بووه.. مه‌سیحیه‌كان رۆیشتونه‌ته دێی{كور‌و كراما} نۆزده كه‌سیان به‌ئاگر سووتاندووه، به‌داس سه‌ری هه‌ندێكيان بڕیوه، به ته‌ور دایكی مناله‌به‌ریان بریندار كردووه.. له‌و شاره‌دا كه شه‌ڕه‌كه‌ی تیابووه و پێی ده‌گوترێ{جوس} حه‌ڤده هه‌زار كه‌س ئاواره بوون و له چادرا ده‌ژین. ئه‌و وڵاته‌ی وڵاتێكی نه‌وتییه و به‌ده‌ست رابه‌ری نه‌زانه‌وه سه‌ری لێشێواوه و له‌هه‌ژاریدا ده‌ژی؟ به‌مه‌رجێ ئه‌م وڵاته وڵاتێكه به‌شی هه‌ره‌زۆری دانیشتوانی موسوڵمانه، و ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كه كوشتاری موسوڵمانه‌كان زۆر به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراوه‌یی ئه‌نجامدراوه، و له‌مێژه به‌نیاز بوون ئه‌و كه‌تنه بكه‌ن، ده‌نا ماقووڵ نییه ئه‌وان 400 یان لێ بكوژرێ و ئه‌وان شه‌ست؟!
یا له‌باره‌ی رووداوی دڵته‌زێنی هایتییه‌وه بنووسم؟ كه بووه هۆی تیاچوونی نزیكه‌ی 250 هه‌زار كه‌س به‌پێی دواین سه‌ر ژمێری ئه‌و وڵاته و ئاواره‌و بێ شوێن و جێ بوونی زیاتر له یه‌ك ملێون خه‌ڵكی؟! قه‌واره‌ی كاره‌ساتی هایتی زۆر گه‌وره‌بوو، جگه‌له‌وه مه‌ترسییه‌كی زۆرگه‌وره‌ش له دووباره بوونه‌وه‌ی هه‌مان رووداو‌و وبگره گه‌وره‌تریش له‌چه‌ند شوێنێكی تری جیهاندا هه‌یه به‌پێی ئه‌و هه‌واڵانه‌ی له‌ملاو لاوه دزه ده‌كه‌ن و به‌رگوێ ده‌كه‌ون.. هایتی ئه‌و وڵاته هه‌ژاره‌یه كه له‌ده‌ریای كاریبی دا هه‌ڵكه‌وتووه‌و هاوسێی دۆمه‌نیكان و كووبایه.. ئه‌و وڵاته هه‌ژاره‌ی خه‌ڵكه ره‌ش و رووته‌كه‌ی له‌خوار هێڵی هه‌ژارییه‌وه‌ن؟ سه‌رباری ئه‌وه ئه‌و كاره‌ساته دڵته‌زێنه رووی تێكردن ..
له‌راستیدا هیممه‌تی وڵاتانی دنیاش زۆر له‌ئاستێكی به‌رزا بوو به‌رامبه‌ر به‌و كاره‌ساته، دڵته‌زێنه‌و به تایبه‌تیش پێم خۆش بوو كه له‌وڵاتانی ئیسلامییه‌وه یارمه‌تی باشیان بۆ نێررا، و له‌وانه ده‌وله‌تی سعودیه 50 ملیۆن دۆلاری پێشكه‌شكردن، وله‌كوردستانی خۆیشمانه‌وه خه‌ڵكی سه‌رباری لێقه‌وماوی خۆیان پاره‌یان بۆ كۆكردنه‌وه‌و ئه‌گه‌ر ره‌مزیش بووبێ یارمه‌تییان بۆ ناردن، كه جێی شانازی و پێزانینی ئاستی به‌رپرسیاریه‌تی نه‌ته‌وه‌كه‌مانه..
له‌م نێوانه‌دا هه‌واڵێكی زۆر ناخۆش بڵاوبوویه‌وه، كه له‌سه‌ر زاری سه‌ركۆماری فنزوێلاوه بڵاو كرایه‌وه كه گوایه: ئه‌و زه‌وین له‌رزه‌یه‌ی هایتی به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌كێكی نوێی ئه‌مریكییه‌وه بووه‌و ئه‌و هه‌موو زیانه‌ی به‌و خه‌ڵكه ره‌ش و رووته گه‌یاندووه، و گوایا هه‌واڵگری رووسی كه له باكووری ئه‌تله‌سییه‌وه چاودێری چه‌كی ئه‌مریكی ده‌كات ئه‌ویش هه‌مان قسه‌ی پشت راست كردۆته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌واڵه راستبێت له‌راستیدا پێویسته خه‌ڵكی له‌جیاتی شه‌یتان نه‌فرین له ئه‌مریكا بكات..
یه‌كێ له موعجیزه‌كانی ئه‌م رووداوه ئه‌وه‌بوو كه خه‌ڵكی له‌ناو كه‌لاوه رووخاوه‌كانا تا دوو هه‌فته‌ش پاش رووداوه‌كه دۆزراونه‌ته‌وه و گیانیان تیاماوه!! كه ئه‌مه‌ش سه‌لمێنه‌رێكی واقیعی ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌يه كه‌ئه‌وه‌ی ئه‌جه‌لی نه‌هات به‌هیچ شتێ نامرێ!! كاتێكیش ئه‌جه‌ل هات هیچ شتێ ناتوانێ به‌رگری لێ بكات!!" وَلِكُلِّ أُمَّةٍ أَجَلٌ فَإِذَا جَاءَ أَجَلُهُمْ لا يَسْتَأْخِرُونَ سَاعَةً وَلا يَسْتَقْدِمُونَ" الأعراف /34 هه‌رنه‌ته‌وه‌یه‌ك ئه‌جه‌لێكی دیاری كراوی خۆی هه‌یه، كاتێ ئه‌جه‌لیان هات نه‌سه‌عاتێ دواده‌كه‌ون و نه‌سه‌عاتێكیش پێش..
هه‌روه‌ها ئه‌م كاره‌ساته‌ی هایتی ئه‌وه‌مان یاد ده‌خاته‌وه كاتێ ئه‌جه‌ل هات قه‌ڵای قایم و خانووی كۆنكرێتی و پارێزگار و سكوێرێتی ناتوانن ئه‌جه‌ل دوابخه‌ن و له‌مردن بتپارێزن.. " أَيْنَمَا تَكُونُوا يُدْرِكُكُمُ الْمَوْتُ وَلَوْ كُنْتُمْ فِي بُرُوجٍ مُشَيَّدَةٍ " سورة النساء/78. له‌هه‌ركوێ بن - كه ئه‌جه‌لتان هات - مردن پێتان ده‌گات باله‌ناو قه‌ڵای قایمیشدا بن.. هه‌روه‌ها كاتێ عیزرائیل هات پرسمان پێ ناكات!!