به‌ناوی خوا
سه‌لام ماموستاى به‌رێز
ئه‌م كاته‌و هه‌موو كاتیكت باش
1- ئايا تاوان و گوناهبارى ته‌ئسیرى له‌سه‌ر رزق هه‌یه ؟
2- چى بكات كه‌سێ ئه‌گه‌ر وابزانێ گوناهباره‌و ر زقى نه‌ماوه ؟
3- ئه‌و رزقانه كامانه‌یه كه به هوی گوناهه‌وه نامێنێ؟
خوای گه‌وره پاداشتت بداته‌وه و سه‌ركه‌وتووت بكات .
سوپاس و خوات له‌گه‌ڵ .. باخان
خوشكی باش
سڵاوی خوات لێ بێت،
پاش سوپاس و ستایش بۆ خوا‌و سلاو بۆگیانی پاكی پێغه‌ممه‌ر و یار و یاوه‌ر و ئال و به‌یتی، ئه‌مه وه‌ڵامی پرسیاره‌كه‌ته:
بۆ وه‌ڵامی بڕگه‌ی یه‌كه‌مى پرسیاره‌كه‌ت: " ئایا گوناهـ ته‌ئسیری له‌سه‌ر رزق هه‌یه؟"
ده‌ڵێم به‌ڵێ: چونكه خوای باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێ: "وَمَا أَصَابَكُمْ مِنْ مُصِيبَةٍ فَبِمَا كَسَبَتْ أَيْدِيكُمْ وَيَعْفُو عَنْ كَثِيرٍ" (1). واته: ئه‌و به‌ڵاو موسیبه‌تانه‌ی تووشتان ده‌بێت به‌هۆی ئه‌و تاوانانه‌وه‌یه كه ئه‌نجامتان داوه، و خوا له‌به‌شێكی زۆری خؤش ده‌بێت و چاوپۆشی ده‌كات. پێغه‌ممه‌ریش صلى الله عليه وسلم فه‌رموویه‌تی: هه‌ر نه‌خۆشی و سزا‌و به‌ڵایه‌كتان له دنیادا تووش دێت به‌هۆی ئه‌وكارانه‌وه‌یه كه كردووتانه. خوای باڵاده‌ست به‌ڕێزتره له‌وه ئه‌و سزایه‌ی له‌دنیا داویه‌تی له قیامه‌تا دووباره‌ی بكاته‌وه، ئه‌وه‌ی كه له‌دنیادا خوا عه‌فووی كرد زۆر له‌وه به‌خشنده تره كه جارێكی تر هه‌مان سزای بداته‌وه... عن علي بن أبي طالب رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: " ما أصابكم من مرض أو عقوبة أو بلاء في الدنيا فبما كسبت أيديكم والله تعالى أكرم من أن يثني عليهم العقوبة في الآخرة وما عفا الله تعالى عنه في الدنيا فالله تعالى أحلم من أن يعود بعد عفوه." (2). هه‌روه‌ها له حه‌دیسێكی ترا فه‌رموویه‌تی: ئینسان به‌هۆی گوناهه‌وه له‌رزق بێ به‌ش ده‌كرێت، واته:رزق كووڕ و ته‌نگه‌لان ده‌بێت. قال النبي صلى الله عليه وسلم: " إن العبد ليحرم الرزق بالذنب يصيبه " (3).
كه‌وابوو یه‌كێك له هۆیه‌كانی رزق كووڕی و ته‌نگه‌لانی له ژێواریدا گوناهكردنه..
هه‌ندێ جار ئه‌و كاره‌ی ئینسان ده‌یكات واده‌بێت گوناح نه‌بێت، به‌ڵام به‌پێی ده‌قی فه‌رمووده ده‌بێته هۆی رزق كووڕی، بۆ نموونه: خه‌وی به‌یانیان یه‌كێكه له‌هۆكاره‌كانی رزق كووڕی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا گوناحیش نییه، ئه‌وه‌ته پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم ده‌فه‌رموێ: " الصبحة تمنع الرزق " (4). واته: خه‌وی به‌یانی مه‌نعی رزق ده‌كات.. به‌پێی بۆچوونی من ئه‌وه‌ی به‌یانیان ده‌خه‌وێت له‌یاسای سروشت لاده‌دات، و دژایه‌تی له‌ته‌ك یاسای بوونه‌وه‌ردا ده‌كات، ئه‌ویاسایه‌ی خوا بۆ بوونه‌وه‌ری داناوه.. چونكه هه‌وڵ و چالاكی مرۆڤ له به‌یانیاندایه، و ئه‌ویش له‌بیاتی هه‌وڵدان ده‌خه‌وێت..
هه‌روه‌ها ئه‌و گوناهانه‌ی له‌عنه‌ت له بكه‌ریان كرابێ زۆر نزیكن له‌وه‌ی خوا به‌هوێیانه‌وه رزقی خاوه‌نه‌كه‌ی كووڕ بكات و لێی بگرێته‌وه، چونكه له‌عنه‌تی خوا واته: دووربوون له ره‌حمه‌تی خوا، ئه‌وه‌ش له ره‌حمه‌تی خوا دووربێ، به‌ره‌كه‌ت له‌رزقیا نامێنێ، ئه‌وگوناهانه‌ی له‌عنه‌ت له بكه‌ریان كرا‌وه، وه‌ك:
1- ئه‌وه‌ی ئازاری دڵی باوك ودایكی بدات و خراپ بێت بۆیان.
2- ئه‌وه‌ی له‌گه‌ل دراوسێكه‌یا ده‌ست تێكه‌ڵ بكات و زینا بكات..
3- ئه‌وه‌ی بۆ غه‌یری خوا شت سه‌رببرێت.. نه‌زر بۆ غه‌یری خوا بكات..
4- ئه‌وه‌ی سنووری زه‌وی نێوان خۆی و خه‌ڵكی بگۆڕێ و داگیری بكات.
5- ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌كوێرێك ده‌شێوێنێ و رێی لێ وون ده‌كات.
6- ئه‌وه‌ی جنێو به‌دایك و باوكی ده‌دات..
7- ئه‌وه‌ی حه‌یوان ده‌كاته ژنی خۆی..
8- ئه‌وه‌ی كاری وه‌ك كاری قه‌ومی لووت ده‌كات. (5).
9- ئه‌وه‌ی خۆی بداته پاڵ قه‌ومێك و له‌وان نه‌بێت.. هه‌روه‌ك له فه‌رمووده‌یه‌كی دروستا بوخاری له‌ئه‌بوزه‌ڕی غه‌فارییه‌وه خوای لێ رازی بێت بۆمان باس ده‌كات. (6).
# # #
بۆ وه‌ڵامی بڕگه‌ی دووه‌مى پرسیاره‌كه‌ت: " چى بكات كه‌سی ئه‌گه‌ر وابزانى گوناهباره‌و رزقى نه‌ماوه؟ "
ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی كه گوناهی كرد با ته‌وبه بكات و داوای لێ خۆشبوون له‌گوناهه‌كانی بكات چونكه خوا له‌سه‌ر زمانی حه‌زره‌تی هووده‌وه ده‌فه‌رموی: " وَيَا قَوْمِ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ ثُمَّ تُوبُوا إِلَيْهِ يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا وَيَزِدْكُمْ قُوَّةً إِلَى قُوَّتِكُمْ... " (7). واته: خزمینه! داوای لێخۆشبوو‌ن له‌په‌روه‌ردگارتان بكه‌ن، و بگه‌ڕێنه‌وه بۆ په‌رستنی ئه‌و و گوێرایه‌ڵیكردنی، ئه‌ویش ژێواریتان زیاد ده‌كات ، بارانتان به خورزم بۆ ده‌بارێنێ - و به‌رو بومی كشت وكاڵتان زۆر ده‌بێت – و هێزو تواناتان زۆرتر ده‌كات..
هه‌روه‌ها له‌سه‌ر زمانی حه‌زره‌تی نووحه‌وه ده‌فه‌رموێ كاتێ به قه‌ومه‌كه‌ی ده‌فه‌رموێ: " فَقلْتُ اسْتَغْفِرُوا رَبَّكُمْ إِنَّهُ كَانَ غَفَّارًا، يُرْسِلِ السَّمَاءَ عَلَيْكُمْ مِدْرَارًا، وَيُمْدِدْكُمْ بِأَمْوَالٍ وَبَنِينَ وَيَجْعَلْ لَكُمْ جَنَّاتٍ وَيَجْعَلْ لَكُمْ أَنْهَارًا " (8). واته: پێم گوتن: داوای لێخۆشبوو‌ن له‌په‌روه‌ردگارتان بكه‌ن چونكه بێگومان زۆر لێبورده‌یه و لێتان خۆش ده‌بێت، و بارانتان بۆ ده‌بارێنێ و ماڵ و منداڵتان پێ ده‌به‌خشێ، باخ و باخات و رووبارتان بۆده‌سازێنێ..
1- كه‌وابوو یه‌كێ له‌هۆكاره سه‌ره‌كیه‌كانی رزق گوشادی واز هێنان له گوناهـ و په‌شیمان بوونه‌وه لێی و ئه‌سته‌غفیروڵڵاكردنه .. هه‌روه‌ك ئایه‌ته‌كه بۆی باسكردین.
2- هه‌روه‌ها سه‌ردانی خزم و كه‌س وكار، چونكه له فه‌رمووده‌ی دروستا پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم ده‌فه‌رموێ:" من أحب أن يُنْسَأ لهُ في أجله ويُوسّعَ له في رزقه فليصل رحمه "(9). واته: ئه‌وه‌ی پێی خۆشه خوا ته‌مه‌ندرێژی بكات، و ژێواری فراوان بكات با سیله‌ی ره‌حم به‌جێ بێنێ.
3- هه‌روه‌ها یه‌كێكی تر له‌وانه‌ی ده‌بێته هۆی رزق گوشادی ره‌وشت جوانی و خۆش ئه‌خلاقییه.. هه‌روه‌ك له فه‌رمووده‌ی دروستا باسكراوه..
4- هه‌روه‌ها باش بوون له‌گه‌ڵ دراوسێداو سه‌ردانی خزم و كه‌س وكار.. " (10).
5- هه‌روه‌ها به‌ده‌قی ئایه‌ت ئه‌وه‌ی به‌خشنده بێت، و پارێزكار بێت وباوڕداربێت له‌كاریا كارئاسانی بۆ ده‌كرێت: " فَأَمَّا مَنْ أَعْطَى وَاتَّقَى، وَصَدَّقَ بِالْحُسْنَى، فَسَنُيَسِّرُهُ لِلْيُسْرَى " (11).
# # #
بۆ وه‌ڵامی بڕگه‌ی سێ هه‌می پرسیاره‌كه‌ت:" ئه‌و ڕزقانه كامانه‌یه كه به هوی گوناهه‌وه نامێنێ؟ "
ده‌ڵێم: له فه‌رمووده‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی گشتی باسی رزق و ژیواری كرا‌وه و تایبه‌ت نه‌كراوه به جۆریكی دياريكراوی رزقه‌وه..
له‌وانه‌یه:
له‌وانه‌یه‌هه‌ندێ كه‌س بڵێن: ئه‌وه مامۆستا تۆ باسی چی ده‌كه‌یت؟ چه‌ندان زانا‌و خواناس و پارێزكارمان بینیوه هه‌ژار و نه‌دار و بۆ كڕووزه‌ی لێ هاتووه له نه‌بوونیدا، هی واشمان بینیوه هه‌رچی جۆری گوناح هه‌یه كردوویه‌تی، و هه‌رچی خوا پێی ناخۆش بێت ئه‌نجامی داوه و له‌گه‌ل ئه‌وه شدا له ژیانێكی ره‌فاهـ و له‌ناو زنازو نیعمه‌تا ژیاوه!!
ده‌ڵێم: ناهه‌قتان نییه برایان، ئێوه دیوی ده‌ره‌وه‌ی وێنه‌كه ده‌بینین، و ناوه‌ی نابینن، زانایان ده‌ڵێن: رزق ئه‌وه‌یه به‌ره‌كه‌تی هه‌بێت نه‌ك زۆر بێت، به‌خته‌وه‌ری له‌ته‌ك به‌ره‌كه‌تدایه، نه‌ك له زۆریه‌تیدا.
له‌كۆتاییدا:
هه‌ندێ جار رزق كووڕی به‌هۆی نه‌هامه‌تییه‌كه‌وه ده‌بێت، له خانوو وبه‌ره‌دا، یاله‌وڵاخی سواری و ترومبێلدا هه‌روه‌ك له‌فه‌رمووده‌ی ساغ و دروستا هاتووه.(12). خانوویه‌كت پێوه دێت، خانوویه‌كت پێوه نایه‌ت، هه‌روه‌ها ترومبێل و وڵاخی سواریش..
خوشكه باشه‌كه‌م! مه‌رج نییه هه‌میشه مرۆڤ گوناهباربێت بۆیه رزقی كووڕ بێت، نه‌ء. جاری واهه‌یه له‌شێوه‌ی ئیبتیلاو ئیمتیحانی خواییدا ده‌بێت بۆ به‌نده‌كانی، چونكه هه‌ر یه‌كێك له ئێمه هه‌ڵده‌گرێ خوا تاقیمان بكاته‌وه، هه‌ندێ به‌نه‌خۆشی، هه‌ندێ به‌ده‌وڵه‌مه‌ندی، هه‌ندێ به‌هه‌ژاری ورزق كووڕی، هه‌ندێ به جوانی، هه‌ندێ به‌ناشیرینی، هه‌ندێ به ده‌سه‌لاَت،...هتد. چونكه قورئان ده‌فه‌رموێ: أَحَسِبَ النَّاسُ أَنْ يُتْرَكُوا أَنْ يَقُولُوا آَمَنَّا وَهُمْ لَا يُفْتَنُونَ؟ وَلَقَدْ فَتَنَّا الَّذِينَ مِنْ قَبْلِهِمْ فَلَيَعْلَمَنَّ اللَّهُ الَّذِينَ صَدَقُوا وَلَيَعْلَمَنَّ الْكَاذِبِينَ"(13) ئایا خه‌ڵكی پێیان وایه هه‌رئه‌وه‌نده بڵێن: ئیمانمان هێناوه ئیتر تاقی نه‌كرێنه‌وه؟ بێگومان ئه‌وانه‌ی پێش ئه‌مانمان تاقی كردۆته‌وه، تا له‌جیهانی واقیعدا خوا بیان ناسێنێ كی راستگۆیه‌و كیێ درۆزن.
خوایش ئاگادارتره..
په‌راوێزه‌كان:
1- الشورى/30.
2- مسند أحمد، بتحقيق أحمد شاكر: 2/61. وقال إسناده حسن.
3- أخرجه ابن ماجة في ( المقدمة /90 ) وصححه السيوطي. ، وفي ( الفتن /4022) ، وأحمد ( 5/277 )، (280/282 )، وابن حبان ( 3/872/إحسان )، والحاكم ( 1/493 )
4- مختصر المقاصد للزرقاني 574، حسن لغيره. ورد في مجمع الزوائد، و شعب الإيمان أيضا. وشرح مشكل الآثار للطحاوي. والصبحة هي النوم أول النهار. وفي إسناده ضعف، كما قال المحدثان: الألباني رحمه الله، والشيخ شعيب الأرناؤوط.
5- عن ابن عباس رضي الله عنهما، عن النبي صلى الله عليه و سلم قال: " لعن الله من ذبح لغير الله، ولعن الله من غير تخوم الأرض، ولعن الله من كمَّه أعمى عن السبيل، ولعن الله من سب والديه، ولعن الله من تولى غير مواليه، ولعن الله من وقع على بهيمة، ولعن الله من عمل عمل قوم لوط. - قالها ثلاثا في عمل قوم لوط - " رواه ابن حبان في صحيحه والبيهقي وعند النسائي آخره مكررا. صحيح الترغيب والترهيب (2421) .
6- أخرجه البخاري في صحيحه - برقم: 3508. عن أبي ذر رضي الله عنه قال: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم: " من ادعى قوما ليس له فيهم نسب فليتبوأ مقعده من النار "
7- هود /52.
8- نوح/12.
9- أخرجه البخاري.
10- عن عائشة رضي الله عنها قالت: قال رسول الله صلى الله عليه وسلم "..... و صلة الرحم, وحسن الخلق, وحسن الجوار, يعمران الديار ويزيدان في الأعمار. فتح الباري لابن حجر: 10/429. و صحيح الترغيب للألباني: برقم: 2524.
11- الليل/5- 7.
12- عن ابن عمر رضي الله عنهما قال: قال النبي صلى الله عليه وسلم:" الشؤم في ثلاث: في المرأة ، والدار ، والدابة " أخرجه البخاري برقم (5753). و مسلم برقم (2225).
13- العنكبوت/2- 3.