رۆژانه زیاتر له‌ده ئێمێلم بۆ دێت كه دۆستان و ئازیزانێك بۆم ده‌نێرن كه زۆربه‌یان ناناسم، و بابه‌تی خۆش و جوان و هه‌ڵبژارده‌م بۆ ده‌نێرن- خوا پاداشتی خێریان بداته‌وه - ئه‌وانیش وادیاره دۆستانی خۆیان بۆیان ناردوون، و به‌شی زۆریان سه‌رچاوه‌ی باسه‌كه‌ی له‌ته‌كا نییه، یا ناوی نووسه‌ره‌كه‌ی پێوه نییه. منیش ئه‌وانه‌ی زیاتر به‌دڵم بێت وه‌ری ده‌گێڕم بۆكوردی وهه‌ندێ له‌سه‌ری ده‌دوێم، ئه‌وه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌رنجی راكێشام ئه‌م چیرۆكه‌بوو، كه چیرۆكێكی په‌روه‌رده‌ییه، فه‌رموون ئه‌وه ئێوه‌و ئه‌وه‌ش چیرۆكه‌كه:
ده‌گێڕنه‌وه منداڵێك كیسه‌ڵێكی هه‌بوو، خواردنی ده‌دایێ و یاری له‌ته‌كا ده‌كرد،له‌شه‌وێكی زستانی ساردا منداڵه‌كه رۆیشت بۆلای كیسه‌ڵه خۆشه‌ویسته‌كه‌ی تا كه‌مێ له‌ته‌كیا یاری بكات، به‌ڵام ئه‌و خۆی خستبووه ناو قاپڵۆخه ره‌قه‌كه‌یه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌رمای ژووره‌كه بیپارێزێت، هه‌رچه‌ند هه‌وڵیدا كه سه‌ر بێنێته ده‌روه به‌گوێی نه‌كرد، به‌كوته‌كه‌كه‌ی ده‌ستێ داركاری كرد، به‌ڵام ئه‌و باشتر خۆی قایم ده‌كرد و نه‌ده‌هاته ده‌ره‌وه، هاواری ده‌كرد و ده‌یقیڕان به‌سه‌ریا به‌ڵام ئه‌و زیاتر سه‌ری خۆی به‌ژوورا ده‌برد..
باوكی كه گوێی له‌و قیژه‌و هاواره‌ی كوڕه‌كه‌یه‌وه بوو هات به‌ده‌میه‌وه‌و لێی پرسی: كوڕم ئه‌وه چیه بۆ وا تووڕه‌بوویت؟ ئه‌ویش گۆڵه‌زه‌كه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ كیسه‌ڵه‌كه‌یدا بۆ گێڕایه‌وه.. باوكی بزه‌یه‌ك گرتی وگوتی: وازی لێ بێنه، وه‌ره بۆلای من. باوكی زۆپای ژووره‌كه‌ی داگیرساند، وهه‌ردوویان له‌په‌نای زۆپاكه دانیشتن، وپێكه‌وه ده‌ستیان به قسه‌كرد، سه‌یریان كرد كه‌مكه‌م كیسه‌ڵه‌كه سه‌ری هێنایه ده‌ره‌وه‌و به‌ره‌ولایان هات، تا هه‌ندێ به‌گه‌رمای زۆپاكه گه‌رم ببێته‌وه..
ئینجا باوكه‌كه بزه‌یه‌ك گرتی و به‌كوڕه‌كه‌ی گوت: كوری خۆم! ده‌بێ له‌م كیسه‌ڵه‌وه ده‌رس وه‌ربگری بۆ مامه‌ڵه‌كردنت له‌ته‌ك خه‌ڵكیدا.. ئه‌گه‌ر ویستت خه‌ڵكی وابییر بكه‌نه‌وه كه تۆ بییر ده‌كه‌یته‌وه، یا رای تۆیان پێ په‌سه‌ند بێت، به‌زۆر و كوته‌ك كاری ناتوانی وایان لێ بكه‌یت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به سۆز وخۆشه‌ویستیت گه‌رمت كردنه‌وه هاوڕات ده‌بن.. ئه‌مه یه‌كێكه له‌نهێنی ئه‌و كه‌سایه‌تیانه‌ی له‌ژیاندا كاریگه‌ری جادوو ئاسایان له‌سه‌ر كه‌سانی به‌رامبه‌ریان هه‌یه.. وا له‌خه‌لكی ده‌كه‌ن به به‌خششی ماددی و مه‌عنه‌وی تاهه‌ست و دڵ و ده‌روونیان گه‌رم بكه‌نه‌وه ئه‌وانیش خۆشیان ده‌وون و رێزیان لێ ده‌گرن، و گوێ رایه‌ڵیشیان ده‌بن..
په‌نده ئینگلیزییه‌كه‌ش ده‌ڵێت: تۆ ده‌توانی ئه‌سپ به‌زۆر به‌ره‌و رووبار ببه‌یت، به‌ڵام ناتوانی به‌زۆر ئاوی ده‌رخوارد بده‌یت.. هه‌روه‌ها مرۆڤیش وایه ده‌توانیت به‌زۆر كۆڵیان پێ بكێشیت، به‌ڵام ناتوانی خۆشه‌ویستی خۆت به‌زۆر له‌دڵیانا جێگیر بكه‌یت.. ئه‌وه‌ی خۆشه‌ویستیت له دڵی خه‌ڵكیدا بۆ دروست ده‌كات ئه‌وه‌یه به‌سووك سه‌یریان نه‌كه‌یت، و رێزیان لێبگریت، به‌ده‌میانه‌وه بیت، و چاكه‌یان له‌ته‌كا بكه‌یت، رووخۆش و ره‌وشت به‌رزبیت به‌رامبه‌ریان.. پێغه‌ممه‌ریش صلى الله عليه وسلم ده‌فه‌رموێت: ته‌نیا به‌ماڵ به‌خشینی رووت ناتوانن كه‌سبی دڵه‌كان بكه‌ن، به‌ڵام به رووی خۆش و ره‌وشتی جوان ده‌توانن..
خوێنه‌ری به‌ڕێز دڵه‌كه‌ت ئه‌و موگناتیزه‌یه دڵان به‌ره‌و خۆی راده‌كێشێت.. له‌به‌ر ئه‌وه به‌ربه‌ست له‌نێوان دڵی خۆت و خۆشه‌ویسته‌كاندا لاببه. كیسه‌ڵه‌كه‌ت له‌بییر نه‌چێته‌وه خه‌ڵكی له‌زستانی ژیانا به‌شوێن شتێكا ده‌گه‌ڕێن گه‌رمیان بكاته‌وه..