به‌ڕێزان! خوێنه‌رانی ئازیز! میوانه خۆشه‌ویسته‌كانی ماڵپه‌ڕی پێنجوێنی!
سلآوي خواتان لێ بێت! ئه‌وا ساڵی 2009 زایینی كۆتایی هات و به‌ڕێمان كرد، دوو هه‌فته له‌مه‌و پێشیش ساڵی 1430 كۆچیمان به‌ڕێكردو ماڵ ئاوایی لێكردین.. به‌هه‌موو كار‌و كاسبی و عیباده‌ت و چاكه‌و خراپه‌یه‌كه‌وه، به هه‌موو رووداوه دڵته‌زێن و نه‌هامه‌تییه‌كانیه‌وه، و به هه‌موو رووداوه باش و دڵخۆشكه‌ره‌كانیه‌وه، و پێمان نایه ساڵێكی نوێوه، ساڵێك نازانین چی له دوو توێدایه، ئێمه‌ی موسوڵمانیش له‌هه‌موو هه‌ناسه‌یه‌كی ژیانمان به‌رپرسیارین، ئایا له چیدا به‌كارمان هێناوه؟ له خێر یاشه‌ڕ؟ له چاكه یاخراپه؟
ئه‌وا ساڵی رابوردوو به‌هه‌موو چاك و خراپه‌كانیه‌وه رابورد ورۆیشت، ساڵێكی تر به‌پاكی وخاوێنی رووی تێكردین، هه‌رچه‌ند هه‌وڵ بده‌ین رابوردوومان بۆ ناگه‌ڕێته‌وه، وهه‌ڵه‌كانیشمان بۆراست ناكرێته‌وه، ونایشتوانین ببینه كه‌فیلی لێبوردن وچاوپۆشی خوایی هه‌رچه‌ند لێبورده‌یی بێ سنووره!!
ئێمه ده‌بێ سه‌يري رابوردومان بكه‌ين بزانین چیمان پێشكه‌شكردووه، ئه‌گه‌رچاكمان كردبوو سوپاسی خوای له‌سه‌ر بكه‌ین، و له خوا بپاڕێینه‌وه لێی قبووڵ كردبین، و ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته خراپه‌شمان كردبوو داوای لێخۆشبوو‌ن له‌خوا بكه‌ین و بڕیار بده‌ین نه‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ریان..
ئازیزان ئێمه مردن به‌ده‌ست خۆمان نییه، هه‌رچه‌ند ئێمه له ژیانی دنیاماندا به ته‌مای ژیانی هه‌میشه‌یین به‌ڵام ئه‌وه ته‌نیا ئاواته و ئه‌و ئاواته‌ش ته‌نیا له‌پاشه رۆژدا دێته دی. بابزانین كه مردن میوانێكی ئێسك قورسه و له‌ناكاوا سه‌ردانمان ده‌كات، با خۆمانی بۆ ئاماده بكه‌ین و له‌م نوێ بوونه‌وه‌ی ساڵه‌دا بڕیاری نوێ بده‌ین..
له ساڵی رابوردوودا كه گه‌ڕامه‌وه بۆ سلێمانی رۆیشتم سه‌ردانی دۆستێكی دێرینم كرد، و ئێستاش قسه‌كه‌ی له‌گوێما ده‌زرنگێته‌وه كه گوتی: به‌خوا زۆرم پێ خۆش بوو كه سه‌ردانت كردم و ئه‌مجاره‌ش چاوم پێت كه‌وت - هه‌رچه‌ند كه‌س ناتوانێ داهاتوو دیاری بكات و مردن و ژیان به‌ده‌ست خوایه - به‌ڵام له‌وباوه‌ڕه‌دا نیم ئه‌مجاره بێیته‌وه بم بینیت!! هه‌روابوو به چه‌ند مانگێ پێش ته‌واو بوونی ساڵ كۆچی مائاوایی له‌م ژیانه كرد و گیانی پاكی به‌ره‌و باره‌گای په‌روه‌ردگاری په‌روازی كرد.. هیوادارم خوا له‌گوناهه‌كانی خۆش بووبێت و له‌گه‌ڵ پێغه‌ممه‌ران و شه‌هیدان و پیاوچاكانا كۆی بكاته‌وه وئه‌وانیش باشترین هاوه‌ڵن..
له‌م ماوه پێشووه‌دا چیرۆكێكی به‌چێژم خوێنده‌وه كه واقیعی حاڵی زۆرمان پیشانده‌دات پێم خۆش بوو له‌م بۆنه‌یه‌دا بۆ ئێوه‌ی باس بكه‌م..
راوچییه‌كه و كیسه‌ی پڕله ئه‌ڵماس
ده‌ڵێن: راوچییه‌ك وه‌ك عاده‌تی خۆی شه‌وانه تۆڕه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرت و به‌ره‌وكه‌ناری رووباره‌كه ده‌ڕۆیشت، به‌و نیازه‌ی ژێواری خۆی دابین بكات.. رۆژێكیان پێش گزنگی به‌یان ده‌گاته سه‌ر رووباره‌كه، و له‌سه‌ر لێواره‌ی ئاوه‌كه قاچی له شتێ هه‌ڵده‌كه‌وێت كه‌سه‌یر ده‌كات كیسه‌یه‌كه پڕیه‌تی له‌به‌رده ورده!! كیسه‌كه هه‌ڵده‌گرێت و تۆڕه‌كه‌ی له په‌نایه‌كه‌وه داده‌نێت، و داده‌نیشت چاوه‌ڕوان ده‌كات به‌ره‌به‌یان گزنگ بدات، ودنیا رووناك ببێته‌وه، تاكاره‌كه‌ی ده‌ست پێبكات.. له‌م چاوه‌ڕوانییه‌دا كیسه‌كه‌ی هه‌ڵده‌گرێت و ده‌يكاته‌وه، و ناوبه‌ناو ده‌نكێك له به‌رده‌كان فڕێ ده‌داته ناو رووباره‌كه‌وه، وادیاره ده‌نگی شڵپه‌ی ئاوه‌كه‌ی پێخۆشبووه كه به‌هۆی ئه‌و به‌ردانه‌وه درووست بوون!! بۆیه به‌رده‌وام بووه له فڕێدان و هاوێشتنی ئه‌و به‌ردانه‌دا بۆ ناو ئاوه‌كه!!
گزنگ ده‌كه‌وێت و دنیا رووناك ده‌بێته‌وه و راوچی كه هه‌موو به‌رده ورده‌كانی ناو كیسه‌كه‌ی هاوێشتبوه ئاوه‌كه، ته‌نیا دانه‌یه‌كی تیا مابووه‌وه، ئه‌مجاره‌یان كه ده‌ری دێنێت و لێی ورد ده‌بێته‌وه خه‌ریك ده‌بێت بڕوا به‌چاوی خۆی نه‌كات!! ئه‌وه چی ده‌بینێت؟! خۆ ئه‌مه ئه‌ڵماسه له‌ناو ئه‌و تووره‌كه‌یه‌دا!!
ئه‌ی خوایه !! یه‌ك تووره‌كه‌ی ته‌واو ئه‌ڵماسم به‌ده‌ستی خۆم هاوێشته ناو ئه‌و رووباره‌وه!! ته‌نیا ئه‌و پارچه‌یه‌م به‌ده‌سته‌وه ماوه؟!
ده‌ست ده‌كاته گریان و بۆبه‌ختی ره‌شی خۆی ده‌گری، و خاك و خۆڵی ئه‌و ناوه به‌سه‌ر خۆ‌یا ده‌كات كه بۆچ ئه‌م په‌نه‌ی به‌خۆی داوه؟! خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌وه بمایه ژیانی یه‌كسه‌ر سه‌د وهه‌شتا پله ده‌گۆڕا!! به‌ڵام له‌ناو ئه‌و تاریكییه‌دا بێ ئه‌وه‌ی كه‌مێ بییر بكاته‌وه هه‌مووی فڕێ دایه ناو رووباره‌كه‌وه!!
# # #
خوێنه‌ری به‌ڕێز! تۆ پێت وانییه ئه‌و راوچییه به‌ختیار بووه؟! چونكه هێشتا پارچه ئه‌ڵماسێكی به‌ده‌سته‌وه ماوه؟! رووناكی هه‌ڵهات پێش ئه‌وه‌ی ئه‌ویش فڕێ بدات.. ئه‌مه‌ش به‌شی ئه‌و به‌خته‌وه‌رانه‌یه كه رۆژی رووناك له‌ژیانیاندا هه‌ڵدێت، ئه‌گه‌ر پاش ماوه‌یه‌كی زۆریش بێت.. و به‌شێكی زۆر له‌ئه‌ڵماسی گران به‌های ته‌مه‌نیان له‌ناو تاریكی گوناهدا به خۆڕایی له‌ناو بردبێت.. ئه‌وانه كڵۆڵ و به‌د به‌ختن كه تاریكی هه‌موو ژیانی داگرتوون و رووناكی به‌ره‌به‌یانی كرده‌وه‌ی چاكه له ژیانیانا هه‌ڵنایه‌ت.. هه‌موو ته‌مه‌نیان به‌گوناهه‌وه خه‌رج ده‌كه‌ن، و هه‌موو ئه‌ڵماسه‌كانی ژیانیان له‌و تاریكاییه‌دا به‌فیڕۆ ده‌ده‌ن و پێیان وایه، كه ئه‌ڵماسه‌كان به‌ردن!!
ئه‌وزانایه چه‌ند قسه‌یه‌كی جوانی كردووه كه گوتوویه‌تی: ژیان خه‌زێنه‌یه‌كی گه‌وره‌و شاراوه‌یه.. به‌ڵام ئێمه‌ش جگه له ناوبردن و به‌زایه‌دانی شتێكی ترمان نه‌كردووه.. ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ی بزانین ژیان چییه؟! گاڵته‌مان پێكردووه، و به‌شێكی زۆرمان به فشه‌مان داناوه..و ئه‌گه‌ر شاراوه‌كانی تاقی نه‌كه‌ینه‌وه‌و جوانی و سامان و نهێنییه‌كانی ده‌رك نه‌كه‌ین ئه‌وا ژیانمان به‌خۆڕایی به‌زایه داوه.!
ئه‌وه گرنگ نییه خه‌زێنه‌كه چه‌ندی لێ به‌زایه چووه!! ئه‌گه‌ر ته‌نیا چركه‌یه‌كیش له ژیاندا مابێت ده‌گونجێ شتێكی وا به‌دی بێنێت كه قه‌ره‌بووی هه‌مووی بكاته‌وه!! هیچ كاتێك بۆگه‌ڕان به‌دوای ژیاندا به‌دره‌نگ دانانرێت، چونكه له‌وێدا هه‌ست به هیوابڕاوی ناكرێت.. به‌ڵام به‌هۆی نه‌زانین و ئه‌و تاریكییه‌ی تیایا ده‌ژین وامان داناوه كه ژیان هیچی ترنییه جگه له‌و كۆمه‌ڵه به‌رده ، ئه‌وانه‌ی كه به وه‌ها گریمانێك رازی ده‌بن پێش ئه‌وه‌ی هیچ هه‌وڵێك بده‌ن وه‌ك بییركردنه‌وه و گه‌ڕان و وردبوونه‌وه قبووڵی رووخان ده‌كه‌ن!!
باله‌ساڵی نوێماندا ئه‌و وته جوانه‌ی حه‌سه‌نی به‌سری له‌گوێماندا بزرنگێته‌وه كه ده‌فه‌رموێ: ئه‌ی ئاده‌میزاد! هیچ كارێكی چاكه به‌سووك سه‌یر مه‌كه هه‌رچه‌ند بچو‌وكیش بێت، چونكه تۆ سبه‌ینێ كرده‌وه‌كانی خۆتت پیشان ده‌درێت، چاك و خراپی له‌ترازوودا ده‌كێشرێ، كه پاداشته‌كه‌یت بینی دڵخۆشت ده‌كات، هه‌رگیز كاری خراپه‌شت به‌لاوه بچووك نه‌بێت چونكه سبه‌ینێ به‌بینی پێی دڵته‌نگ ده‌بیت..
خواله‌گوناهمان خۆش ببێت و ساڵی نوێشمان بۆ بكاته مایه‌ی خێر و خۆشی و به‌خته‌وه‌ری موسوڵمانان و هه‌موو خه‌ڵكی جیهان..