هاونشینی حه‌زره‌تی مووسا له به‌هه‌شتا
له‌كتێبه ئامۆژگارییه‌كانی پێشیندا باسی ئه‌وه ده‌كرێت كه گوایا حه‌زره‌تی مووسا سڵاوی خوای لێ بێ كاتێ له‌گه‌ل خوای باڵاده‌ستا وت‌و وێژ ده‌كات داوای لێده‌كات له‌م ژیانی دنیایه‌دا هاوه‌ڵی خۆی له به‌هه‌شتا پێ نیشان بدات..
گوایا خوای باڵاده‌ستیش گورج جوبریل ده‌نێرێت تا ئاگاداری بكاته‌وه كه هاوه‌ڵی ئه‌و له‌به‌هه‌شتا فڵان قه‌سابه له‌فڵان گه‌ڕه‌كدا..
حه‌زره‌تی مووسایش ته‌شریف ده‌بات بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌ی قه‌سابه‌كه‌ی لێیه.. ده‌چێته به‌ر دووكانی كابرای قه‌ساب، ئه‌ویش حه‌زره‌تی مووسا ناناسێت، ماوه‌یه‌ك له‌وناوه‌دا خۆی ده‌خڵافێنێ و سه‌رنجی كابرای قه‌ساب ده‌دات تابزانێت ئایا كارێكی سه‌رنج راكێش ده‌كات؟! ده‌بینێ جگه له‌وه كه مه‌شغوڵه به قه‌سابییه‌ه‌كه‌ی خۆی و گۆشت فرۆشتنه‌كه‌یه‌وه شتێكی تری نییه!!
تا ده‌ماو ده‌می ئێواره له‌وێ ده‌مێنێته‌وه، كاتێ كابرای قه‌ساب دوكان داده‌خات و ده‌ڕواته‌وه حه‌زره‌تی مووسا شوێنی ده‌كه‌وێت تا نزیك ماڵ خۆیان له‌ویا به قه‌سابه‌كه ده‌لێت: برام من پێم خۆشه ئه‌م شه‌و له‌لای تۆ بمێنمه‌وه میوانداریم ده‌كه‌یت؟
ئه‌ویش ده‌ڵێت: میوان به‌خێربێت سه‌رچاو، فه‌رموو.. به‌سنگێكی گوشاد و دلێكی فراوانه‌وه به‌ده‌میه‌وه ده‌چێت و میواندارییه‌كی باشی لێ ده‌كات..
كاتێ رۆیشتنه ژووره‌وه مووسا دیتی قه‌سابه‌كه زۆر به‌ئه‌ده‌به‌وه رۆیشته ماڵه‌وه، و ده‌ستی كرد به‌ئاماده‌كردنی خواردن، و زه‌مبیلێك كه به سه‌ربانه‌كه‌وه هه‌ڵواسرابوو دایگرت، پیره‌ژنێكی پیری ته‌واو پیری تیا‌بوو ده‌ری هێناو بردی ده‌ست و ده‌موچاوی بۆ شۆرد، وجل و به‌رگه‌كانی بۆ گۆڕی و به‌ده‌ستی خۆی نانی ده‌كرد به‌ده‌میه‌وه، پاش ئه‌وه كه له‌نانه‌كه‌ی بووه‌وه، ئینجا هه‌ڵیگرته‌وه‌و بردییه‌وه بۆ چێگه‌كه‌ی خۆی.. حه‌زره‌تی مووسا دیتی پیره‌ژن ده‌ست بۆ عاسمان به‌رزده‌كاته‌وه‌و به‌زمانی خۆی ده‌پا‌ڕێته‌وه، حه‌زره‌تی مووسا لێی حاڵی نه‌ده‌بوو..
ئینجا كوڕه قه‌سابه‌كه هات به‌لای حه‌زره‌تی مووساوه‌و خزمه‌تێكی باشی كرد و ئوسوڵی میوانداری به‌جێ هێنا، و پاش نان دانان له‌سه‌ر سفره دانیشتن و ده‌ستیان به‌قسان كرد.. حه‌زره‌تی مووسا لێی پرسی: ئه‌وپیره‌ژنه كێیه؟ ئه‌ویش گوتی: ئه‌وه دایكمه، وكه‌سمان نییه من خزمه‌تی ده‌كه‌م. حه‌زره‌تی مووسا فه‌رمووی: ئه‌وه له‌وكاته‌دا ده‌ستی به‌رزكرده‌وه‌و دوعای بۆ ده‌كردی له دوعاكانیا چی ده‌گوت؟
گوتی: هه‌مووكاتێ پاش ئه‌و خزمه‌ت كردنه ئاوه‌ها ده‌ست به‌رز ده‌كاته‌وه‌و دوعام بۆ ده‌كات و ده‌ڵێت: رۆله! خوا له‌گوناهت خۆش ببێت، و بتكاته هاوه‌ڵی حه‌زره‌تی مووسا له‌به‌هه‌شتا!!
ئینجا حه‌زره‌تی مووسا خۆی لێ ئاشكرا ده‌كات وده‌فه‌رموێ: ئه‌ی لاو! مژده‌ت بده‌مێ خوا دوعاكه‌ی دایكتی گیرا كردووه. من مووسا پێغه‌ممه‌رم. له‌خوا پاڕامه‌وه له‌م دنیایه‌دا هاونشینی خۆمم له به‌هه‌شتا پێ پیشان بدات. خوای باڵاده‌ستیش تۆی پیشندام، منیش هاتم له‌كرده‌وه‌كانت وردبوومه‌وه شتێكم نه‌بینی جگه له‌و خزمه‌تكردن و رێزگرتن و جوامێرییه‌ی له‌گه‌ڵ دایكتا كردت و به‌وشێوه جوانه‌ی خزمه‌تی دایكتت كرد.. ئه‌مه‌ش پاداشتی ئه‌و چاكه وجوانكاریه‌ت بوو له‌ته‌ك دایكتا..
# # #
ئايا ده‌كرێ به‌سه‌رها تێكی ئیسرائیلیاتی وا باسبكرێ؟
له‌كتێبه دروسته‌كانی فه‌رمووده‌دا بۆی گه‌ڕام ده‌ستم نه‌كه‌وت، له شوێنێكا بینیم كه ئه‌مه چیرۆكی به‌نی ئیسرائیلییه، و له وانه‌وه وه‌رگیراوه، ئایا ئێمه بۆمان هه‌یه ئه‌م جۆره چیرۆكانه بگێڕینه‌وه یان نه؟
ناوه‌رۆكی چیرۆكه‌كه بریتییه له چاكه‌كردن له‌گه‌ل دایك و بابدا، ئه‌مه‌ش له شه‌رعی ئێمه‌دا داوا كراوه و خوا ده‌فه‌رموێ:" وَقَضَى رَبُّكَ أَلاَّ تَعْبُدُوا إِلاَّ إِيَّاهُ وَبِالْوَالِدَيْنِ إِحْسَانًا، إِمَّا يَبْلُغَنَّ عِنْدَكَ الْكِبَرَ أَحَدُهُمَا أَوْ كِلاهُمَا فَلا تَقُلْ لَهُمَا أُفٍّ، وَلا تَنْهَرْهُمَا، وَقُلْ لَهُمَا قَوْلا كَرِيمًا، وَاخْفِضْ لَهُمَا جَنَاحَ الذُّلِّ مِنَ الرَّحْمَةِ، وَقُلْ رَبِّ ارْحَمْهُمَا كَمَا رَبَّيَانِي صَغِيرًا." الإسرا‌ء/ 24. واته: په‌روه‌ردگارت فه‌رمانی داوه جگه له‌خۆی شتێكی تر نه‌په‌رستن، و له‌گه‌ڵ دایك و باوكا جوانكاربن، ئه‌گه‌ر هه‌ردووكیان یا یه‌كێكیان پیربوو له‌لات له‌وه‌ڵامیاندا هه‌رگیز نه‌ڵێی: ئۆف!، و لێی تووڕه نه‌بيت و به‌رویانا هه‌ڵمه‌شاخێ، قسه‌ی جوانیان له‌ته‌كا بكه، و باڵی میهره‌بانی خۆتیان بۆ رابخه و ملكه‌چ به بۆیان، و له‌خوا بپاڕێره‌وه‌و بڵێ: ئه‌وان چۆن به‌منداڵی په‌روه‌رده‌یان كردووم و به‌زه‌ییان پیاما هاتۆته‌وه، تۆش ئاوه‌ها به‌زه‌ییت پیایانا بێته‌وه..
ئه‌وه‌ته له‌كاتێكا پرسیار له‌پێغه‌ممه‌رصلى الله عليه وسلم ده‌كرێ: چ كرده‌وه‌یه‌ك لای خوا خۆشه‌ویسترین كرده‌وه‌یه؟ ده‌فه‌رموێ: نویژكردن له‌كاتی خۆیدا، عه‌رزی ده‌كه‌ن پاش ئه‌وه؟ ده‌فه‌رموێ: چاكه‌كردن له‌ته‌ك دایك و باوكدا، عه‌رزی ده‌كه‌ن پاش ئه‌وه؟ ده‌فه‌رموێ: تێكۆشان له پێناوی خوادا.." أي العمل أحب إلى الله؟ قال: الصلاة على وقتها، قال ثم أي؟ قال: ثم بر الوالدين، قال ثم أي؟ قال: الجهاد في سبيل الله " رواه البخاري. هه‌وه‌ها فه‌رمووی: پێتان بڵێم: چ گوناهێك گه‌وره‌ترینی گوناهه گه‌وره‌كانه؟ عه‌رزمان كرد: به‌ڵێ، ئه‌ی پێغه‌ممه‌ری خوا! فه‌رمووی: هاوه‌ڵدانان بۆخوا، و ئازاردانی دڵی دایك وباوك..." ألا أنبئكم بأكبر الكبائر؟ قلنا بلى يا رسول الله، قال: الإشراك بالله وعقوق الوالدين.." هه‌روه‌ها خوا له‌سه‌ر زمانی حه‌زره‌تی نوح رێنموونیمان ده‌كات تا داوای لێ خۆشبوون بۆخۆمان و دایك و باوكمان بكه‌ین و بڵێین: " رَبِّ اغْفِرْ لِي وَلِوَالِدَيَّ... "َ
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌مانه ناوه‌رۆكه‌كه‌ی مه‌قبولَه، چونكه داوای شتێك ده‌كات كه له ئیسلاما داواكراوه. ئایا بڕوامان هه‌بێ كه له‌لایه‌ن حه‌زره‌تی مووساوه هاتووه، یان نه؟ ئه‌مه شتێكه له‌وانه‌ی فه‌رمانمان پێكراوه به‌وه كه نه بڕوامان پێی هه‌بێ و نه به‌درۆیشی بزانین، مادام له سه‌رچاوه‌یه‌كی دروسته‌وه هه‌واڵَمان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتبێ كه درۆیه..