نازك كار
له‌وكاته‌دا كه‌له شاری سنه‌دا بووين، شه‌وێ له دواین مانگى به‌هاردا بۆ دیده‌نى هاوسێ یه‌كمان رۆیشتم، ژن وپیاوێكیش كه‌ته‌مه‌نیان په‌نجا ساڵ به‌ره‌و ژوور ده‌بوو له‌وێ بوون.. پاش ئه‌وه‌ى خاوه‌ن ماڵ به‌یه‌كترى ناساندین و باس به‌باسدا هات، من باسى گه‌وره‌یى و ده‌سه‌لاَتى خوام هێنایه پێشه‌وه، چونكه كوڕى هاوسێكه‌م باوه‌ڕى زۆر لاواز یا هه‌ر نه‌بوو، پاش ئه‌وه كه قسه‌كان هات و چۆیان كرد ومنیش مه‌به‌ستم بوو كه به شێوه‌یه‌كی نا راسته‌و خۆ هه‌ندێ له‌باره‌ی گه‌وره‌یی و ده‌سه‌لاَتی خواوه بۆ ئه‌وكوڕه‌ی هاوسێكه‌مان بدوێم، باسی رازیق بوونی خوام به چه‌ند نمونه‌یه‌كه‌وه بۆ مه‌جليسه‌كه باس كرد..
میوانه‌كه‌ش پیاوێكى رووخۆش و قسه‌خۆش و له‌سه‌رخۆ بوو، سه‌رى به‌ته‌واوى سپى بوبوو، ئارام ئارام هاته قسه‌و گوتى: ئه‌وه‌ى ئینكارى بوونى خوا ده‌كات، سه‌رى خۆى له‌به‌رد ده‌دات و له‌وپه‌ڕى هه‌ڵه‌دا ده‌ژى! ئه‌وه‌ى باوه‌ڕى به‌گه‌وره‌یى و ره‌حمى خوا نییه خۆى زۆر بچووك و دڵڕه‌قه!! ئه‌وه‌ى باوه‌ڕى به‌وه نییه كه خوا رازیقه خۆى چاو چنۆك و به‌خیله..!!
ئێمه له‌ژیانى رۆژانه‌دا به‌ئاشكرا ده‌سه‌لاَت و ره‌حم و رازقیه‌تى خوا ده‌بینین، با من نموومه‌یه‌كتان بۆ بێنمه‌وه كه له‌ژیانى خوما دیومه!
گوتمان: فه‌رموو..
گوتى: باوكم تازه مردبوو، هه‌موو ئه‌ركێكى ماڵ له‌سه‌ر شانى من بوو، چونكه من كوڕى گه‌وره‌بووم، بۆ براو خوشكه بچكۆله‌كانم له‌جێى باوكیش بووم!! منیش تازه له‌م كاره‌ى خۆمدا ببومه وه‌ستا، و هێشتا كارامه‌یى و لێ هاتووییه‌كى ته‌واوم به‌ده‌ست نه‌هێنابوو، به‌یانى له‌ماڵ هاتمه ده‌ر و دایكم هه‌ندێ قسه‌ى بۆ كردم، برا بچوكه‌كه‌یشم باوه‌شى پیا كردم، و داخوازییه‌كانى خۆى باس كرد..خوا حافیزیم لێ‌كردن و رۆیشتم بۆ دوكان..
به‌ڵێ ، به‌ناوى خوا دووكانه‌م كرده‌وه، ده‌ستم كرده ته‌قه‌ته‌ق، كاره‌كه‌ى من وه‌ك دارتاشى وایه، بریتيیه له (نازك كارى)، ده‌سكى نێرگه‌له و گوڵدان، سندووق، ته‌خته ودیمه‌نى جوان دروست ده‌كه‌ین.
پیاوێك هات داواى كرد: هه‌ندێ شتى بۆ دروست بكه‌م، منیش به دڵێكى خۆشه‌وه ده‌ست به‌كار بووم.. ئه‌و رۆژه كارم كرد، تا ئێواره بۆم ئاماده كرد، چاوم بڕیبووه ده‌رگاى دوكان، كه‌ى كڕیاره‌كه بێته‌وه‌و پووڵه‌كه‌م بداتێ.. پاره‌كه كه‌م نه‌بوو، سه‌د تمه‌ن بوو، سه‌د تمه‌نى ئه‌و رۆژه یه‌جگار زۆر بوو!!
چاوه‌ڕوانییه‌كه‌م بێ سوود بوو، كابرا نه‌هات، و هه‌ر دیارنه‌بوو، منیش خه‌م و په‌ژاره داى گرتبووم، ناهه‌قیشم نه‌بوو، ئێواره جه‌ژن بوو، قرانێكیش له‌باخه‌ڵما نه‌بوو!! ده‌نگى دایكم له‌گوێمدا ده‌زرنگایه‌وه كه پێى گوتم: " كوڕم! له‌بیرت نه‌چێ ئه‌م شه‌و دواین شه‌وى ساڵه‌و زستان ماڵ ئاوایى ده‌كات، وه‌رزى به‌فر و سه‌رما و سۆڵه و رێ به‌ندان دوایى دێت، و وه‌رزى هیواو خۆشى هه‌وا دێت، سبه‌ینێ ئه‌بێ به به‌هار ئێمه‌ش بۆ سوپاسگوزارى خوا خۆشى و شادى پیشان ده‌ده‌ین! ئێواره له‌ته‌ك خۆتا هه‌ندێ میوه و شیرینى بێنیته‌وه، له‌تارانیشه‌وه ته‌له‌فونیان كردووه میوانمان دێت!! "
كاتێ بیرى راسپێرییه‌كانى دایكم ده‌كه‌وته‌وه. ئه‌وه‌نده‌ى تر خه‌مبار و په‌شێو ده‌بووم، چاریشم نا چاربوو، كه‌م روبووم، رووم نه‌بوو داواى قه‌رز له‌هیچ كه‌س بكه‌م!!
هه‌رچى دیمه‌نى برا بچكۆله‌كه‌یشم ده‌هاته پێشچاو، وه‌خت بوو ئاگرم تێبه‌ر ببێ بۆى، دیمه‌نه‌كه‌ى له‌پێش چاوما به‌رجه‌سته ده‌بوو، كه پێى ده‌گوتم: " ئابرا گیان! به‌قوربانت بم، له‌بیرت نه‌چێ، ئێواره هاتیته‌وه، له‌ته‌ك خۆتا نارنجه‌كى مندالاَن و یارى و ته‌قه‌مه‌نیم بۆ بكڕیت و بۆم بێنیته‌وه!! "
ده‌ى عاسمان به‌رز و زه‌وى سه‌خت، بۆ كوێ بچم و په‌نا به‌كێ ببه‌م؟! رووم نیه به‌كه‌س بڵێم.. دایك له‌ماڵه‌وه به‌ته‌ماى ئه‌وه‌یه كوڕ شیرینى و میوه‌ى بۆ بباته‌وه!!براى بچوكیش به‌ته‌ماى ئه‌وه‌یه كاكى شتى یارى بۆ بێنێته‌وه‌و له‌ناو هاوه‌ڵه‌كانیا هاوڕێ پێ كه‌م نه‌بێ!!
ئاله‌و كاته‌دا مندالاَن له‌سه‌ر باشگاوه نارجه‌كیان هه‌ڵده‌داو ده‌یان ته‌قانده‌وه، قه‌ده‌رى خوا وا بوو دانه‌یه‌كیان هه‌ڵدا و نه‌ته‌قییه‌وه، و به‌ره‌و دووكانه‌كه‌ى من هات.. منیش هه‌ڵم گرت وگوتم: جارێ ئه‌وا خوا به‌شى براكه‌مى نارد، ئه‌گه‌ر هه‌رئه‌مه‌یشى بۆ ببه‌مه‌وه دڵى پێى خۆش ده‌بێ.
كڕیار دیارنه‌بوو، كاتى دوكان هه‌ڵگرتن هاتبوو، نیازم بوو دوكان دابخه‌م، و به‌كۆڵێ خه‌م و په‌ژاره‌وه به‌ره‌و ماڵ بڕۆمه‌وه! ئاله‌م كاته‌دا كه هیچ هیوایه‌كم نه‌مابوو، و خه‌مى ته‌م ئاسمانى دڵ وده‌روونى داگیر كردبووم، فریشته‌ى ره‌حمه‌ت په‌یدا بوو، دادستانى سنه به‌ناوى میسداقى له‌وبه‌ره‌وه دیارى دا، چه‌ند كه‌سێكى له‌ته‌كا بوو، تمه‌ز میوان بوون، هاتنه دوكان، دادستان منى ده‌ناسى، لوتفێكى زۆرى نواند، ته‌ماشاى شته‌كانیان كرد.. زۆریان پێ جوان و په‌سه‌ند بوو، ئینجا ئه‌و شتانه‌م پێ پیشان دان كه بۆ كابراكه‌م دروست كردبو، به‌لاَم نه‌هاتبوو بۆى!!
كاتێ چاویان پێى كه‌وت زۆریان به‌دڵ بوو، دادستان گوتى: بۆمان بپێچه‌ره‌وه، منیش گوتم: ئاخر بۆ كه‌سێكى ترم دروست كردوون، و بڕیاربوو بێت بۆیان، وا دیار نه‌بوو..
گوتى: ئه‌گه‌ر بیویستنایه ده‌هاته‌وه بۆیان.. ئێمه ده‌یان به‌ین، ئه‌گه‌ر هاتیشه‌وه بۆیان و قسه‌ى كرد من خۆم وه‌لاَمى ئه‌ده‌مه‌وه، منیش بۆم پێچانه‌وه و دامه ده‌ستیان.. ئه‌وانیش دوو سه‌د و په‌نجا تمه‌ن – زیاتر یاكه‌متر – یان پێ دام!! ئه‌سكه‌ناسى ره‌ق و تازه كه‌روێشكى پێ سه‌ر ده‌بڕرا!! ئه‌وان رۆیشتن و منیش دوكانم داخست.
ئاى له‌وخۆشى وشادییه‌ى كه‌وته دڵمه‌وه!! له‌خۆشیدا هه‌موو گیانم پێ ده‌كه‌نى!! ئه‌ى خواى خاوه‌ن ره‌حمى به‌ده‌سه‌لاَت له‌تۆ به‌زیاد بێ، گورج رۆیشتم كه‌ره‌سه‌ى یارىكردنم بۆ برا پچكۆله‌كه‌م كڕى، و میوه‌و شیرینییه‌كى زۆریش بۆ ماڵه‌وه..
كاتێ رۆیشتمه‌وه دیتم دایكم و براكه‌م له‌سه‌ربان وه‌ستاون و چاوه‌روانن، من بڕۆمه‌وه و شتیان بۆ ببه‌مه‌وه، كه‌دایكم له‌دووره‌وه منى بینى ده‌ستى بۆ كێشام و براكه‌مى ئاگادار ئه‌كرده‌وه كه من ئه‌ڕۆمه‌وه بۆماڵ..
منیش هه‌ر له‌دووره‌وه ده‌ستم به‌رزكرده‌وه و پیشانم دان كه‌شتم بۆ هێناونه‌ته‌وه، زۆر كه‌یف خۆش بوون، براكه‌م له‌خۆشیدا هه‌ڵ ئه‌په‌ڕى.
مامۆستا گیان! خوا به‌ره‌حمه، ئاله‌و كاتى ناره‌حه‌تییه‌دا ده‌رووى ره‌حمه‌تى له‌من كرده‌وه، ئاله‌و كاتى بێ پووڵیه‌دا ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ى بۆمن نارد، ئه‌وه‌ى ئیمانى به‌وه نه‌بێ كه خوا رازیقه بێگومان كافره!!
منیش ئه‌م ئایه‌ته‌م بۆخوێنده‌وه: هه‌ركه‌سێك خوا بیه‌وێ به‌بێ حساب رزقى ده‌دات "وَاللَّهُ يَرْزُقُ مَنْ يَشَاءُ بِغَيْڕ حِسَابٍ".( سورة البقرة/212. )، إِنَّ اللَّهَ هُوَ الرَّزَّاقُ ذُو الْقُوَّةِ الْمَتِينُ "( سورة الذاريات/58.) بێگومان خوا خۆی رۆزی به‌خشه‌و خاوه‌ن هێزو ده‌سه‌لاَتی پته‌وه ..