كولـله‌ى لاق شكاو
كاك حه‌سه‌نى ره‌حمانى بۆى گێڕامه‌وه و گوتى:
براده‌رێكمان هه‌بوو باوه‌ڕكز وئیمان لاواز، دوور له خوا و خوا په‌رستى، له‌دایه‌ره‌دا هاوكارمان بوو، پاشان مه‌قامێكى وه‌رگرت و كه‌مێ سه‌ركه‌وت! به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌شى سۆرانى وهه‌ورامى رادیۆ سنه‌ى پێدرا!! پاشان كرا به به‌ڕێوه‌به‌رى ئێزگه، به‌رزى و نزمى، ده‌وڵه‌مه‌ندى و هه‌ژارى، بوون و نه‌بوون، ئه‌مانه هه‌موویان به‌ده‌ست خودان.. تاقیكردنه‌وه و ئازمایشن، خۆش به‌ختى بۆ ئه‌وانه‌ى له‌و تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوانه ده‌رده‌چن!!
كۆنه هاوه‌ڵ و تازه به‌ڕێوه به‌رمان، له‌یه‌كه‌م پله‌ى ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌دا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌خۆى بایى بوو، ئاغا – ى زه‌مانى كۆن- له‌گه‌ڵ ره‌عیه‌تى خۆیدا چۆن قسه‌ى ئه‌كرد ئه‌میش ئاوا قسه‌ى له‌ته‌كا ئه‌كردین!!
ناهه‌قیشى ناگرم، چونكه كاتێ ئینسان له‌به‌رنامه‌كه‌ى خوا دوور بوو، و له‌باره‌ى فه‌رهه‌نگ و رۆشنبیرییه‌وه، ئاستى له‌خوار بوو، حه‌تمه‌ن پله‌و پایه ده‌يگۆڕێ، و له‌خۆ بایى بوون رووى تێده‌كات، ئیتر بیر له‌وه ناكاته‌وه كه هه‌موو سه‌ركه‌وتنێك – ئه‌گه‌ر بمێنێ – هاتنه خواره‌وه‌ى به دوادا دێ، كاتێك به پله‌كانه‌دا سه‌رده‌كه‌وێت،له‌ورێیه‌دا كه‌سانێكى تووش ده‌بێت، له‌وانه‌یه له‌كاتى هاتنه خواره‌وه‌شدا تووشیان ببێته‌وه!!
چه‌ند خۆشه له‌كاتى سه‌ر كه‌وتن و به‌رزبوونه‌وه‌دا ئینسان خۆى لێ بایى نه‌بێ، تا له‌كاتى هاتنه خواره‌وه‌دا عاره‌قى خه‌جاڵه‌تى و شه‌رمه‌سارى ده‌ر نه‌دات!!
به‌ڵێ له‌سه‌ره‌تاى پایزدا بوو رۆژێك هاتین بۆ دایه‌ره، به‌شێوه‌یه‌كى وا هات به‌ده‌ممانه‌وه كه هه‌رگیز چاوه‌ڕوانمان نه‌ده‌كرد!! هه‌ست و ئیحساسێكى تایبه‌تى تیا دروست ببوو، رێزێكى زۆرى لێگرتین!!، ئه‌مجاره وه‌ك هاوكاره‌كه‌ى جاران له‌ته‌كمانا ئه‌دوا و قسه‌ى ده‌كرد!! دڵى گه‌رم بوبوو، فرمێسك له‌چاوه‌كانیا قه‌تیس مابوو! فه‌رمووى لێكردین ودایناین!!
زۆرمان پێ سه‌یربوو، ئه‌م گۆڕانه كتووپڕیه چۆن دروست بوو؟! زۆر جار ناوى خوا‌و پێغه‌ممه‌رصلى الله عليه وسلم ى ده‌برد، له‌دڵى خۆماندا سوپاسى خوامان ده‌كرد كه‌ئه‌م هاوكاره‌مان رێى راستى دۆزیوه‌ته‌وه..
ئیتر خۆى كه‌وته قسه‌كردن و گوتى: به‌راستى برایان! رووداوێكى زۆر سه‌یر و كارى گه‌رم دیوه وه‌رن با بۆتان بگیڕمه‌وه:
گوتمان: فه‌رموو.. یا خوا خێر!
گوتى: له‌كرماشانه‌وه بۆ سنه ده‌هاتم، كوڕه بچكۆله‌كه‌یشم له‌ته‌كا بوو، پێش ئه‌وه‌ى بگه‌ینه تونێلى یه‌كه‌م ترومبێله‌كه‌مان په‌نچه‌ر بوو، ئێمه‌ش ناچار دابه‌زین، منداڵه‌كه ئه‌یویست ده‌ست به‌ئاو بگه‌یه‌نێ، منیش كه‌مێ دوورم خسته‌وه، پاش ئه‌وه‌ى هه‌ندێ گه‌ڕاین و سه‌یرى دیمه‌نى دڵڕفێنى سروشتمان كرد، له‌و كاته‌دا كه‌ئیمه ده‌گه‌ڕاین كوللـه‌یه‌كى لاق شكاوى باڵ قرتاومان بینى!! ئه‌و داماوه نه‌یده‌توانى به‌چاكى له‌جێى خۆى ببزوێ، منیش زۆر به‌زه‌ییم پیاهاته‌وه و سۆز و عاتیفه‌م بۆى جوولاَ و خه‌فه‌تم بۆ ده‌خوارد.. له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت: ئه‌م به‌سته زمانه‌ى هه‌ژاره چۆن خواردن و ژیوارى به‌ده‌ست بێنێ؟! خۆ ناتوانێ به‌باشى له‌جێى خۆ‌یا ببزوێ!! ده‌بێ چۆن بژى؟! با له‌مه زیاتر له‌ره‌نج وزه‌حمه‌تا نه‌بێ، با ئه‌وه‌نده له‌ئێش وئازارا نه‌تلێته‌وه!! ئه‌گه‌ر بیكوژم وا بزانم پیاوه‌تییه‌كى باشى له‌ته‌كا ئه‌كه‌م!! ئه‌مه هات به‌خه‌یاڵمدا و پێم به‌رزكرده‌وه به‌و نیازه‌ى بیكوژم!!
ئاله‌و كاته‌دا شتێكى زۆر سه‌یر رووى دا‌و سستى كردم و نه‌ك هه‌ر به‌خه‌یاڵى مندا به‌ڵكو به‌خه‌یاڵى هیچ كه‌سێكدا نه‌ده‌هات!!
له‌عاسمانه‌وه كرمێك كه‌وته خوارێ و له‌په‌ناى قاچى منا داكه‌وت، كوللـه‌كه به‌هه‌ر زه‌حمه‌تێك بوو، خۆى بۆ كێش كرد، و خۆى گه‌یاندێ، و یه‌كسه‌ر ده‌ستى به‌خواردنى كرد!! ئاله‌و كاته‌دا سه‌رم به‌رزكرده‌وه چۆله‌كه‌یه‌كم بینى تێپه‌ڕى، تمه‌ز چۆله‌كه‌كه بۆى هێنا بوو!!
منیش ئه‌م ئایه‌ته‌م بۆ خوێنده‌وه كه‌خوا ده‌فه‌رموێ: له‌ترسى هه‌ژارى و نه‌دارى مناڵه‌كانتان مه‌كوژن، ئێمه ژێوارى ئێوه و ئه‌وانیش ده‌ده‌ین ، بێگومان كوشتن‌یان تاوانێكى گه‌وره‌یه.." وَلا تَقْتُلُوا أَوْلادَكُمْ خَشْيَةَ إِمْلاقٍ نَحْنُ نَرْزُقُهُمْ وَإِيَّاكُمْ إنَّ قَتْلَهُم كَانَ خِطْئَاً كَبِيرَا "(سورة الإسرا‌ء/31.)
ئینجا كۆنه هاوه‌ڵمان رۆیشته‌وه سه‌ر باسه‌كه‌ى خۆى وگوتى: منى بێ باوه‌ڕ وام ده‌زانى هه‌موو شتێ رێكه‌وته، و به‌رنامه رێژییه‌ك له‌كایه‌دا نیه!! به‌لاَم روودانى ئه‌و رووداوه له یاساى ئامارى بیركارىدا یه‌ك له ترلیۆنیشدا نییه!!
ئه‌م رووداوه ئه‌وه‌ى پێ سه‌لماندم كه ئه‌م بوونه‌وه‌ره بێ خاوه‌ن نییه، بێ به‌رنامه نییه، خوایه‌كى هه‌یه‌و هه‌مووشتێكى دیارى كردووه، به‌ڵكو ژێوارى ئه‌و كولـله لاق شكاوه باڵ قرتاوه‌یشى دیارى كردووه!! وه‌ك ئه‌وه خوا پیشانى منى بدات كه بیر كۆتا نه‌بم، ئه‌و گیانداره بێ زمانه - له‌به‌ر ئه‌وه گوایا برسى نه‌بێ – نه‌كوژم، ئیتر كه‌زانیم له عاسمانیشه‌وه بێت رزقى خۆى بۆ دێت پێم گێڕایه دواوه و نه‌م كوشت.. وا ئێستاش گێژه‌ڵوكێكى گه‌وره‌ى له‌مه‌یدانى بیر‌و باوه‌ڕما به‌دى هێناوه!!
ئه‌م كۆنه هاوه‌ڵه‌مان به‌جۆرێكى وا باسه‌كه‌ى بۆ ده‌گێڕاینه‌وه ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌ومان لێ هاتبوو!! هه‌ستێكى تایبه‌تمان تیا دروست بووبوو، وه‌ك جه‌زبه جه‌زبه‌مان لێ هاتبوو، وه‌ختبوو ده‌ست بكه‌ینه گریان..
به‌وه‌ى كه هاوه‌ڵه‌كه‌مان خۆى دۆزیوه‌ته‌وه زۆر دڵخۆش بووین!! به‌لاَم به‌داخه‌وه زۆرى نه‌خایاند وه‌ك خۆى لێ هاته‌وه..!
| سه‌ردێڕ | بۆچوون | ڕێکه‌وت | بینراوه |
| خوا رازیقه 6 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٧/١٥ | ٣٧٠ |
| خوا رازیقه 4 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٦/١٥ | ٣٣٤ |
| خوا رازیقه 3 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٦/٠٥ | ٤٠٩ |
| خوا رازیقه 2 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٥/٢٥ | ٣٢١ |
| خوا رازیقه 1 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٥/١٠ | ٤٤٨ |