هه‌رِه‌شه‌ی ئه‌فه‌نی
خوا هه‌ڵ ناگری خه‌ڵكه‌كه زۆر گه‌رم وگورِ بوون، لاوه‌كانیان كه‌زیاتر خوێن گه‌رمییان پێوه دیاربوو، گوتیان: مامۆستا ئه‌گه‌ر تۆ رێمان بده‌یت، ئێستا ده‌رِۆین و بۆ حه‌وت پشتی ته‌مبێی ده‌كه‌ین، منیش هێورم كردنه‌وه‌و گوتم: من بۆ ئه‌وه‌م باس نه‌كرد كه ئێوه ئاوا هه‌ڵچن و خۆتان ناره‌حه‌ت بكه‌ن، ئێمه تا مقاش هه‌بی ده‌ستی خۆمان ناسووتێنین، بۆیه ئێمه رێ به‌هیچ كارێكی هه‌ڵه‌شه‌یی ناده‌ین..
بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ش رێگای یاسایی ده‌گرینه به‌ر،و سبه‌ینی ده‌ڕۆینه لای به‌رِێوه به‌ری په‌روه‌رده‌و مه‌سه‌له‌كه‌ی بۆ باس ده‌كه‌ین، تا له‌و مامۆستایه بپرسێته‌وه: بۆچ كاری وای كردووه؟! ئه‌گه‌ر له‌نیه‌ت خراپیه‌وه ئه‌وكاره‌ی كردووه باجارێكی تر كاری وانه‌كات و بزانی كه له‌ناو میلله‌تێكی زیندوودایه نه‌ك بی ئاگا‌و مردوو.. ئه‌گه‌ر به هه‌ڵه‌یش كردوویه‌تی با كاری وا دووباره نه‌كاته‌وه چونكه ئه‌مه ده‌ست درێژییه بۆ سه‌ر مافی به‌شی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی، و به نامه‌یه‌كیش ئه‌و رێنوییانه بۆ هه‌موو قوتابخانه‌كان بنێرری تا ئه‌گه‌ر تاك تاكه‌یه‌ك له‌ناو مامۆستایانا هه‌بی و له‌و حه‌قیقه‌ته بی ئاگابی با ئاگادار ببێته‌وه‌و جارێكی تر زۆر به‌كار نه‌هێنی، و ده‌ست درێژی نه‌كاته سه‌ر مافی خه‌ڵكی..
تمه‌ز مامۆستا كه ئه‌وه ده‌بیستی ئه‌وشه‌وه ناوێری له‌ماڵ خۆیانا بخه‌وی، ئه‌وكاته به‌گه‌رِه‌كی مامۆستایانیان ده‌گوت: دۆڵی موعه‌لیمه‌كان، ئه‌وگه‌رِه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ سلێمانی نوێ‌دا دراوسێ بوو، هه‌ر به‌و شه‌وه په‌نا ده‌باته به‌ر یه‌كێك له‌براكانی مامۆستا خه‌تیب و درۆ و ده‌له‌سه‌یه‌كی زۆریشی پێوه ده‌نی، كه به‌ڵكو سبه‌ینێ لای كاكه‌ی شفاعه‌تی بۆبكات و به‌ر سزای یاسایی نه‌كه‌وێت!!
هه‌ڵوێستی مامۆستا خه‌تیب:
بۆ سبه‌ینی من كه رۆیشتم بۆ مه‌عهه‌د مه‌سه‌له‌كه‌م به‌مامۆستا خه‌تیب راگه‌یاند و له‌و باره‌وه قسه‌م كرد و گوتم: قوربان شتێكی وا رووی داوه، و منیش ده‌مه‌وێ به‌رێزتان ته‌شریف بێنن له ته‌كما تا پێكه‌وه بڕۆین بۆ لای به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده و مه‌سه‌له‌كه‌ی بۆ باس بكه‌ین، و ئاگاداری بكه‌ینه‌وه كه كاری ئه‌و مامۆستایه چ مه‌ترسییه‌كی بۆ ئاینده‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مان هه‌یه..
ئه‌ویش گوتی: من ئاماده‌م و پاش سه‌عات ده پێكه‌وه ده‌ڕۆین بۆ لای به‌رِێوه‌به‌ر و داوای لێ ده‌كه‌ین یاسا جێبه‌جێ بكات و نه‌یه‌ڵێت جارێكی تر شتی وا دووباره ببیته‌وه. له‌وكاته‌دا كه‌ئێمه خه‌ریكی ئه‌وقسانه بووین، زه‌نگی ته‌له‌فونه‌كه لێیدا.. تمه‌ز براكه‌ی خه‌تیب بوو قسه‌كانی ئه‌فه‌نیی بۆ ده‌گێرِایه‌وه. قسه‌كانی ئه‌و كاری تێكرد و مامۆستا خه‌تیب گۆرِا و بگره توورِه‌ش بوو!! گوتی: تۆكاره‌كه‌ت تێكداوه‌و ونه‌ده‌بوا قسه‌ت بكردایه، و من ده‌زانم حه‌تمه‌ن قسه‌ت كردووه..
گوتم: مامۆستا! دڵنیابه قسه‌ی خراپم نه‌كردووه، ته‌نیا ئه‌وه‌م وتووه كه بۆم باسكردی.. به‌لاَم وادیاره جه‌نابت ده‌ترسی، به‌لاَم من وازی لێ نایه‌نم، ده‌ڕۆمه لای به‌ڕێوه‌به‌ری په‌روه‌رده، ئه‌گه‌ر ئه‌ویش وه‌لاَمی نه‌دایه‌وه ده‌رۆم بۆ لای پارێزگار.. ئه‌گه‌ر هه‌ر نه‌بوو ده‌ڕۆم بۆ په‌غدا بۆ لای وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری په‌روه‌رده لای ئه‌وان شكات ده‌كه‌م..
ئیتر ئه‌ویش زۆر قسه‌ی بۆ كردم و قه‌ناعه‌تی پێ‌كردم.. كه وازی لێ بێنم.. منیش به‌گوێم كرد و وازم لێ هێنا..
پاشان بیستمه‌وه كه ئه‌م ئه‌فه‌نییه هه‌رِه‌شه‌ی له من كردووه‌و گوایا ئه‌یه‌وی ترۆرم بكات.. خه‌ڵكه كه‌ش زۆر نارِه‌حه‌ت بوون، به‌لاَم من زۆر گوێم نه‌دایی و شه‌وانه بێخه‌م لێی ده‌خه‌وتم.. چونكه هه‌رِه‌شه‌كه‌م زۆر به جیددی نه‌گرتبوو.
هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك :
پاش ئه‌وه‌ی كه من وازم له‌و مامۆستایه هێنا، ئه‌و هه‌ره‌شه‌ی كردبوو ده‌بێ ئه‌و مه‌لایه بكوژم!!
خه‌ڵكی گه‌ڕه‌كیش ئه‌م قسه‌یان بیسته‌وه‌و كۆمه‌ڵ به‌كۆمه‌ڵ ده‌هاتن بۆ لام و دڵخۆشیان ده‌دامه‌و ده‌یان گوت: نه‌ترسیت ئێمه هه‌موو له پشت تین.. خوا پاداشتی خێری هه‌موویان بداته‌وه، له‌راستیدا به‌ته‌واوی هه‌ستم پێده‌كرد كه تا چ ئه‌ندازێك منیان خۆش ده‌وێت.. خوا پاداشتی خێریان بداته‌وه.. به‌لاَم له‌ناو ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌دا دوو هه‌ڵوێستیان زۆر جێی رێز و پێ‌زانین و حورمه‌ته.. پێم خۆشه له‌م شوێنه‌دا باسیان بكه‌م:
یه‌كه‌میان هه‌ڵوێستی مام فه‌ره‌ج:
مام فه‌ره‌ج پیاوێكی سه‌روریش سپی به‌غیره‌تی شارباژێڕی بوو، پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول بوو، كۆنه پۆلیسی خانه نشین بوو، پیاوێك بوو غیره‌تی ئیمانی لێ ده‌باری، هات بۆلام له‌حوجره‌كه و نه‌جمه‌ددینی كوڕیشی له‌تكیابوو، گوتی: مامۆستا بیستوومه ئه‌و موعه‌للیمه هه‌ڕه‌شه‌ی لێكردوویت؟ گوتم: به‌ڵێ، مام فه‌ره‌ج..
گوتی: به‌قوربان نه‌ترسی، ئامان سه‌د ئامان نه‌ترسی، به‌خوا قه‌سه‌م چوار كوڕم هه‌یه هه‌ر چواریان ده‌كه‌م به گا‌و گه‌ردوونت..!!
ئه‌ڵلاهو ئه‌كبه‌ر له‌و هه‌ڵوێسته مه‌ردانه‌یه!! گوتم: مام فه‌رج خوا فه‌ڕو به‌ره‌كه‌ت بخاته ته‌مه‌نی خۆت و مناڵه‌كانته‌وه.. به پشتیوانی خوا به ئه‌ندازه‌ی گیزه‌ی مێشێك كێشم بۆ هه‌ڕه‌شه‌كه‌ی دانه‌ناوه.. تۆ خۆش بیت هیچ خه‌مت نه‌بێ.. من باش لێم روونه ئه‌و گیانه‌ی خوا داویه‌تی ته‌نیا خوا ده‌توانێ بیسه‌نێته‌وه.. و تا ئه‌ویش ته‌قدیری نه‌كردبێ بمرم هه‌رچی وا له‌م بوونه‌وه‌ره‌دا ناتوانێ من بكوژێ.. كه ئه‌ویش ته‌قدیری كرد كه‌س ناتوانێ به‌رگیری لێ بكات..
گوتی: چاوه‌كه‌می زۆرم پێ خۆشه كه‌ده‌بینم وره‌ت به‌رزه.. !!گوتم به‌راستی منیش زۆرم پێ خۆشه كه هه‌ڵوێستێكی ئاوه‌ها مه‌ردانه له برایه‌كی ئاینیمه‌وه ده‌بینم، و ئه‌وه‌ند خه‌می من ده‌خوات كه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی خوێن و خزمایه‌تی و ژنخوازی، و كاسبی و به‌رژه‌وه‌ندی له‌نێوانماندا نییه‌و ته‌نیا له‌به‌ر ره‌زای خوا كارێكی وا ده‌كات، هیوادارم خوا بیخاته تای كرده‌وه چاكه كانته‌وه له‌رۆژی قیامه‌تا.
ئایا ده‌زانن ئه‌و مام فه‌ره‌جه كێ بوو؟ ئه‌وه باوكی یه‌كێك بوو له‌قوتابییه دڵسۆزه‌كان كه ناوی نه‌جموددین بوو، له‌ساڵی داهاتوودا له‌سه‌ر پێش نیازی من ناومان نا كرێكار، تا له‌ناو شیعره پته‌و و به‌هێزه‌كانیا ئه‌و له‌قه‌به به‌كار بێنێ..
ناونانی كرێكار:
هۆی ناو نانه‌كه‌یشی ئه‌وه‌بوو، ئه‌م لاوه بلیمه‌تی و لێهاتوویه‌كی گه‌وره‌ی پێوه دیار بوو، ده‌ستی شیعری هه‌بوو، شیعری زۆر جوان و پته‌وی ده‌نووسی، منیش گوتم: ئێمه شاعیرێكی ئیسلامیمان هه‌یه كه له‌قه‌بی شیعرییه‌كه‌ی {جووتیار}ه، مامۆستا جووتیار، با ئه‌م شاعیره لاوه‌یشمان ناو بنێن كرێكار، {مامۆستا كرێكار} تا هه‌ردوو باڵی كۆمۆنیستی بقرتێنین، و بیسه‌لمێنین كه جوتیار و كرێكاری ئیسلامی شیعر بۆ جوتیار و كرێكار و تۆیژه‌كانی تری كورد ده‌ڵێن.. پێكه‌وه رۆیشتین بۆ مزگه‌وتی ئیسكان و له‌وێ له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عه‌لی ره‌حمه‌تی ئیمام و خه‌تیبی ئه‌و مزگه‌وته بانگمان به‌گوێیا دا، و ناومان نا كرێكار.. تا له‌سلێمانی بووم هه‌ر پێكه‌وه بووین.. پاش ئه‌وه لێكتر دابڕاين، تا له ساڵی 1978دا جارێكی تر یه‌كترمان بینییه‌وه، كه‌من له سه‌نگه‌سه‌ر ببووم به مامۆستای ناوه‌ندییه‌كه‌ی ئه‌وێ..
ئه‌م برایه له‌پاش ساڵه‌كانی هه‌شتاوه رێبازێكی تری بۆ خۆی هه‌ڵبژارد، و له‌رێزی ئێمه‌دا نه‌ما..
پاسه‌وانی ماڵ:
ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌م له‌بیر چوه‌وه و پاش ئه‌وه‌ی من مزگه‌وتی ئه‌بو به‌كرم به‌جێ هێشت و بۆ خوێندن رۆیشتم بۆ به‌غدا و ساڵی سێ هه‌مم بوو له زانكۆدا یه‌كی له خه‌ڵكی گه‌رِه‌ك به‌سه‌ردان هات بۆ به‌غداو میوانی دراوسێكه‌مان بوو، شه‌و كه دانیشتین و باس هات به‌باسی قسه‌دا، گوتی: مامۆستا له‌بیرته ئه‌وساڵه موعه‌لیمه‌كه هه‌رِه‌شه‌ی لیكردبوویت؟!
گوتم: به‌ڵی.. بۆچ؟
گوتی: مامۆستا! پاش هه‌رِه‌شه‌ی موعه‌لیمه‌كه ئێمه له‌ناو خۆماندا برِیارمان دا كه ماڵتان بخه‌ینه ژێر چاودێرییه‌وه، نه‌وه‌ك ئه‌و زه‌لامه ئه‌زێتتان بدات، یا نه‌فامێك كه‌تنێك بكات، بۆیه حه‌وت شه‌وی ته‌واو پاسه‌وانی ماڵی تۆمان كرد!!
ئه‌ڵلاَهو ئه‌كبه‌ر له‌و هه‌ڵوێسته مه‌ردانه‌یه!! به‌ڕاستی جێی رێز و پێزانینه!! منیش زۆر سوپاسی ئه‌و و خه‌ڵكی گه‌رِه‌كم كرد و له‌خوا پاڕامه‌وه كه ته‌مه‌نیان درێژ و پڕ فه‌ڕ و به‌ره‌كه‌ت كات..
سوجده‌ی شوكریشم بۆ خودا برد، كه خوا ئه‌و لوتفه‌گه‌وره‌یه‌ی له‌ته‌كا كردوین، بێ ئه‌وه‌ی له‌و سه‌رده‌مه‌دا من كه‌س وكارێكم له‌وگه‌رِه‌كه‌دا هه‌بێت خوا ئه‌و خه‌ڵكه‌ی بۆ كردمه براو كه‌س وكار.. هیوادارم خوا وه‌ری گرتبی و له نامه‌ی كرده‌وه‌ی چاكه‌دا بۆ ئێمه‌و ئه‌وانیشی نووسی بێت..
پیاوێك هیچ كه‌س و كاری خۆی به‌ده‌وریا نه‌بێ، خاوه‌نی هۆزێك بێ و یه‌كێ له‌و هۆزه‌ی به‌ده‌وریا نه‌بێ، خوا ئاوها كارێكی بۆ بكات و دڵی نوێژخوێنه‌كانی ئاوه‌ها بۆ پڕ بكات له‌خۆشه‌ویستی به‌راستی شیاوی ئه‌وه‌یه سه‌ری به‌نده‌گیم بۆ ئه‌و خودایه هه‌میشه له سوژده‌دا بێت.. " یارب لك الحمد كما ینبغی لجلال وجهك وعظيم سلطانك. " ئایا ده‌زانی ئه‌و پیاوه موباره‌كه كی بوو؟ ئه‌وه حاجی حه‌مه سووری گه‌لاَڵه‌یی بوو؟! خوا له گوناهی خۆش ببێت و گیانی پاكی به به‌هه‌شتی به‌رین شاد بكات..
خه‌وه‌كه‌ی شێخ ره‌زا:
شێخ ره‌زا یه‌كێك بوو له‌وچوار قوتابیانه‌ی كه‌له‌سه‌ره‌تای مزگه‌وته‌كه‌وه هاتو چۆیان ده‌كرد و به‌گه‌رمی ئاماده‌ی مزگه‌وت ده‌بوون.. سوپاس بۆ خوا ئه‌م گه‌نجه به ئیسلامه‌وه پێ به‌ندبوو، پاش ئه‌و لێك دابڕانه‌ی كه من رۆیشتم بۆ به‌غدا و نسكۆی شۆرشی كورد و پاش گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ دواناوه‌ندی شۆڕش و رووداوی ترومبێل و لاق شكانه‌كه‌م، ماوه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر جێگه‌دا كه‌وتم، نووسینه‌كانم بلاَو بوونه‌وه‌و خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانیان ده‌كردم، ویه‌كێك له‌وانه كاك شێخ ره‌زابوو، شێخ ره‌زا شتێكی سه‌یری بۆ گێڕامه‌وه‌و گوتی: مامۆستا ! شه‌وێك له‌خه‌وما وام زانی تۆ پێش نوێژی ده‌كه‌یت و ئێمه‌ش له پشتته‌وه نوێژمان دابه‌ستووه، و له‌ناكاوا گوێم له‌ده‌نگێكه‌وه بوو گوتی: ئه‌رێ وه‌ڵلاَ ئه‌وه پێغه‌ممه‌ر { صلى الله علیه وسلم} و حه‌زره‌تی ئه‌بوبه‌كرو عومه‌ر هاتنه ناو جه‌ماعه‌ته‌كه‌وه..
ئای چه‌ند به‌و خه‌وه دڵخۆش بووم!! چونكه حه‌قیقه‌تێكی بۆ روون كردمه‌وه كه له‌وه پێش نه‌مده‌زانی.. ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو، ئه‌م مزگه‌وتی ئه‌بوبه‌كری سدیقه‌م به‌لاوه زۆر خۆشه‌ویست بوو، تا له‌سلێمانیدا بووم زۆر دڵم پێی ده‌كرایه‌وه، كاتێكیش له‌وێ دوور كه‌وتمه‌وه بۆ به‌غدا و پاشان بۆ پشده‌ر، هه‌ركاتێك سه‌رم له‌سلێمانی بدایه ده‌بوا بڕۆم سه‌ر له‌و مزگه‌وته بده‌م.. نه‌م ده‌زانی بۆ ئه‌وه‌ند خۆشه‌ویسته!! به‌ره‌كه‌تێكی تایبه‌تی له‌سه‌ر دڵ و ده‌روونمدا هه‌بوو.. پاش ئه‌و خه‌وه حاڵی بووم كه هۆی هاتنه‌كه‌ی پێغه‌ممه‌ر { صلى الله علیه وسلم} و هاوه‌ڵه‌كانی بووه بۆ ئه‌و مزگه‌وته..
نێوان من و دكتۆر دارا:
خه‌سته‌خانه‌ی قوتابیان له‌سه‌ره‌تاكانی حه‌فتادا له‌به‌رامبه‌ر مزگه‌وتی گه‌وره‌دابوو، له‌نێوان من و دكتۆر دارادا ناسراوی له‌وه‌پێش نه‌بوو، دكتۆر له به‌شی پزیشكی قوتابخانه‌دا دكتۆر بوو، چه‌ند جارێك به‌هۆی ئه‌لاَمه‌ت و سه‌رماوه سه‌ردانم كرد، و ئه‌ویش ده‌رمانی بۆ ده‌نووسیم، هه‌روه‌ك عاده‌تی خۆم لێم پرسی دكتۆر تۆ تاقه‌تی موتاڵه‌عه‌و خوێندنه‌وه‌ت هه‌یه؟ گوتی: به‌ڵی، گوتم: ئینشائه‌ڵلا كتێبێكت بۆ دێنم، بیخوێنه‌ره‌وه، سوپاسی كردم و منیش هاتمه ده‌ره‌وه. بۆ سبه‌ینێ كتێبی {شبهات حول الإسلام}م بۆ برد، ئه‌ویش به‌سوپاسه‌وه لێمی وه‌رگرت..و به‌جێم هێشت..
ئیتر من نه‌رۆیشتمه‌وه به‌لای دكتۆره‌وه.. رۆژێكیان شێخ فاتیحی قه‌ره‌داغی هاوه‌ڵم سه‌رمای تووش بووبو گوتی: حه‌سه‌ن گیان وه‌ره با پێكه‌وه برِۆین بۆ عه‌یاده‌كه‌ی په‌روه‌رده.. گوتم: باشه،و له‌ته‌كیا رۆیشتم و له‌ده‌م ده‌رگای خه‌سته‌خانه‌كه‌دا دكتۆر دارامان پێگه‌یشت، هه‌ر له‌دووره‌وه باوه‌شی بۆ كردمه‌وه‌و توند باوه‌شی پیاكردم وبه‌رِوویه‌كی خۆشه‌وه سوپاسی كردم و گوتی: كتێبه‌كه‌م خوێنده‌وه به‌راستی كتیبێكه سه‌ر به‌سه‌ری خۆی زێرِ دێنی زۆر له‌مێژه به شوێن كتێبێكی له‌و جۆره‌دا ده‌گه‌رِام دڵ وده‌روونم ئاسووده بكات. منیش سوپاسی خوام كرد وخۆشحاڵ بووم به خۆشحاڵ بوونه‌كه‌ی.. بۆ دڵنیایی زیاتریش گوتی: هه‌ندێكیشم لی وه‌رگێرِاوه بۆ ئینگلیزی.. ئه‌ڵبه‌ته فاتیحی هاوه‌ڵم په‌شۆكابوو، هه‌رگیز چاوه‌رِوانی ئه‌وه نه‌بوو دكتۆر دارا ئه‌وه‌ند به‌لوتف بی له‌ته‌كما.. ئیتر دكتۆر كاری له‌خه‌سته‌خانه ته‌واو ببوو دكتۆرێكی تر هاتبوه جێگه‌كه‌ی، ئه‌و رِۆیشته‌وه..
سه‌ردانی مامۆستا هیندیه كانی زانكۆ:
كۆمه‌ڵێ دكتۆری هیندی موسوڵمان له زانكۆی سلێمانی ده‌رسیان ده‌گوته‌وه ئه‌و له‌ته‌كیانا ئاشنا ببو، رۆژێكیان پێی گوتم: مه‌وعیدێكم له‌و مامۆستایانه‌ی زانكۆ وه‌رگرتووه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ریان بده‌ین، پێم خۆشه به‌یه‌كه‌وه بڕۆین بۆلایان.. منیش گوتم: پێم خۆشه.. هه‌ندێ پرسیارم هه‌یه له‌باره‌ی نیوه قاره‌ی هیندستانه‌وه هه‌لێكی هه‌ڵكه‌وتووه تا منیش ئه‌و پرسیارانه‌یان لێ بكه‌م..
به‌ترومبێله‌كه‌ی دكتۆر رۆیشتین و ئه‌وانیش سێ پرۆفیسۆر بوون، هه‌رسێكیان خه‌ڵكی هیند و موسوڵمان بوون.. پاش خۆ به یه‌كتر ناساندن.. و قسه‌و باس هاته پێشه‌وه هه‌ندێ پرسیارم كرد له‌باره‌ی زانكۆی {عه‌لیكه‌ره}ی دلهییه‌وه، ئه‌وانیش گوتیان: ئێمه ده‌رچووی ئه‌و زانكۆیه‌ین، من له‌باره‌یه‌وه خوێندبوومه‌وه كه موسوڵمانانی ئه‌و ولاَته پێش هیندۆسه‌كان هه‌وڵیان داوه كه زانكۆیان هه‌بێ، و ئه‌و زانكۆیه‌ش هه‌موو به‌شه زانیارییه‌كانی تیا گوتراوه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌تیش نه‌بووه، له‌به‌ر ئه‌وه رێژه‌ی خوێنه‌وار له‌نێو هیندییه موسوڵمانه‌كاندا زۆر زیاتره تا هیندۆسییه‌كان.. ئایا وایه؟ ئه‌وانیش گوتیان: به‌ڵێ، وایه..
له‌باره‌ی ئیقباڵ فه‌یله‌سووف و شاعیری لاهووریی و شێخ ئه‌بولحه‌سه‌نی نه‌ده‌وی و ئیمام ئه‌بو ئه‌علای مه‌ودوودیی و ، كۆمه‌ڵی ئیسلامییه‌وه كه له شیبهه قارڕه‌ی هیندیدا هه‌یه پرسیارم لێ‌كردن.. ئه‌وانیش هه‌ندێكیان وه‌لاَم ده‌دایه‌وه هه‌ندێ ئیحتیاتیان ده‌كرد له‌وه‌لاَمدانه‌وه‌ی ئه‌وانی تریانا، و پاشان له دكتۆریان پرسی: پێی بڵێ: ئه‌مه زانیاری خۆیه‌تی؟
منیش له‌وه‌لاَما گوتم: پێیان بڵێ: به‌ڵێ.. چونكه خوێندنه‌وه‌ی زۆره.. ئه‌ویش پێی گوتن.. سه‌رسامی خۆیان ده‌ر بڕی و گوتیان: له‌گه‌ڵ ته‌مه‌نه‌كه‌یا ناگونجێ..!!
كتێبخانه‌ی گه‌لاوێژ:
هه‌روه‌ك پێشتر باسم كرد حه‌زم زۆر له‌خوێندنه‌وه بوو، خوێندنی هه‌مه‌جۆر، نه‌ك ته‌نیا كتێبی ئاینی رووت، هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌رِه‌ته‌وه ده‌رۆیشتم كتێبی ئه‌سلَول ئه‌نواعی داروێنم ده‌خوێنده‌وه، سه‌رمایه(راس المال)ی ماركسم ده‌خوێنده‌وه، رۆژێكیان له كتێبخانه‌ی گه‌لاوێژ كتیبێكی ئیقتیسادی ئیشتیراكیم كرِی تا بیخوێنمه‌وه، و زۆری پی نه‌چوو پیاوێكی كۆمۆنیستیان نارد بۆلام كه یارمه‌تی ده‌ری دكتۆربوو،به‌لاَم ئه‌م (موظف صحي)ه له موسته‌وسه‌فێكدا بوو له‌نزیك مزگه‌وتی عه‌لی كه‌ماله‌وه هه‌تا بڵێیت ره‌وشتی جوان بوو، زۆر خزمه‌تگوزاري ئه‌و خه‌ڵكه‌بوو كه سه‌ردانیان ئه‌كرد، شه‌وێكیان هات بۆلام و خۆی پی ناساندم و هه‌ندی له‌باره‌ی بیری ماركسیه‌ته‌وه قسه‌ی كرد، هه‌موو جارێكیش ته‌ئكیدی ئه‌كرده سه‌ر ئه‌وه كه ماركسیه‌ت لێنینییه‌ت وا ئه‌ڵی...، تا من وا نه‌زانم ئه‌مه پیاوێكی موسڵمانه‌و ئه‌م قسانه‌ی له‌روانگه‌ی ئیسلامه‌وه ده‌كات.. منیش گوێم بۆ گرت تا قسه‌كانی ته‌واو كرد، پاشان منیش له‌باره‌ی ئیسلامه‌وه ده‌ستم به‌قسان كرد، یه‌ك دوو نامیلكه‌ی بۆهێنابووم، منیش نامیلكه‌یه‌كی مامۆستا مه‌ودوودیم لابوو، به‌ناوی شۆرِشی ئیسلامی.. پێشكه‌شم كرد.. ئیتر جارێكی تر نه‌هاته‌وه بۆلام..
تمه‌ز وایان زانیبوو كه من كه‌وتوومه‌ته به‌ر كاریگه‌ری بیری ماركسی..كه زانیان بیری ئیسلامیم هه‌یه ئیتر نزیكم نه‌كه‌وتنه‌وه..
كۆچی دایه‌گه‌وره‌م:
له مزگه‌وتی ئه‌بوبه‌كر بووم كه شه‌وێكیان له‌پێنجوێنه‌وه ته‌له‌فونیان بۆ كردین كه دایه‌گه‌وره‌ت گیانی پاكی به‌خوا سپاردووه‌و تا زووه بگه‌نه‌وه پێنجوێن، ئیتر نازانم له‌راستیدا چی بووه هۆی ئه‌وه كه ئێمه به‌و شه‌وه ترومبێل نه‌گرین و نه‌رِۆینه‌وه، ئێستاش هه‌رچی بیری ده‌كه‌مه‌وه پێی نارِه‌حه‌ت ده‌بم، و ئازارم پی ده‌گات.
به‌ڵی به‌یانی رۆیشتینه‌وه، خوا هه‌ڵناگری دوو براده‌ری خۆم له قوتابیه‌كانی مه‌عهه‌د هاتنه‌وه له‌ته‌كما بۆ ئه‌وێ، یه‌كێكیان: سه‌یید ئه‌حمه‌د عه‌لی ئه‌بو به‌كری شاره‌زووری بوو، ئه‌وی تریشيان مامۆستا سالَحی سيرسانی بوو. كاتی ئێمه گه‌یشتینه‌وه ئه‌وێ به‌خاكیان سپاردبوو، له‌ماڵ حاجی فه‌قی عه‌زیزی برایا پرسه‌یان بۆ دانابوو، ئێستا بیر ده‌كه‌مه‌وه‌و ئه‌ڵێم باشه بۆ له‌ماڵ خۆمانا پرسه‌كه‌ی بۆ دانه‌نرابوو؟
ئه‌و ماوه‌یه كه‌ئێمه له‌وێ بووین مه‌جلیسه‌كه به‌باسی ئیسلام و گه‌وره‌یی ئیسلامه‌وه گه‌رم كرابوو، هه‌ندی جار سه‌ید ئه‌حمه‌د و هه‌ندی جار من ، وبراده‌ره‌كه‌ی تریشمان هه‌ندی جار قسه‌كه‌ر بووین.. ئه‌و ماوه‌یه پرسه‌كه گه‌رم وگورِییه‌كی پێوه بوو.. ئیتر پاش پرسه‌كه له‌به‌ر ئه‌وه كه ئێمه ده‌رسمان هه‌بوو، منیش ئیمامه‌تی مزگه‌وته‌كه‌م له‌ئه‌ستۆدا بوو هاتینه‌وه بۆ سلێمانی..
مه‌ولووده‌كه‌ی مزگه‌وتی شێخ ره‌زای دێلێژه:
له‌مزگه‌وتی شێخ ره‌زای دێلێژه‌وه بانگكرابووین بۆ ئه‌وه‌ی وتارمان هه‌بێ له‌و یادی له دایكبوونه‌دا.. منیش رۆیشتم و قه‌ده‌ری خوا وابوو مامۆستا سه‌لاح محمد به‌هادینیش هاتبوو، له‌كونجێكی مزگه‌وته‌كه‌وه دانیشتبوو، كاتێ من وتارم خوێنده‌وه وتارێكی ئاگرین و حه‌ماسی بوو، باسی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی و ده‌ستووری قورئانم هێنایه پێشه‌وه، و گوتم: ئایا به‌كام ده‌وڵه‌ته ده‌گوترێ ده‌وڵه‌تی ئیسلامی، و ده‌وڵه‌تی كوفریش كامه‌یه؟! له‌پێناسه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی‌دا نموونه‌یه‌كمان له واقیعی ئه‌و ڕۆژه‌ی موسوڵمانانا به‌ده‌سته‌وه نه‌بوو، نموونه‌مان به ده‌وڵه‌تی پێغه‌مه‌ر { صلى الله علیه وسلم } هێنایه‌وه، و بۆ نموونه‌ی ده‌وڵه‌تی كوفریش وه‌ك ئه‌م ده‌وڵه‌تی به‌عسه..!!
به‌ڵێ، من وتارم ته‌واو كرد و هاتمه خواره‌وه، من ومامۆستا مه‌وعیدێكمان هه‌بوو، ئیزنم له‌مه‌لا له‌تیفی هاوه‌ڵم وه‌رگرت كه ئیمامی مزگه‌وته‌كه بوو{به‌ره‌حمه‌ت بێت}، ئێمه رۆیشتین، ئای مامۆستا سه‌لاح له رێگه‌دا چه‌ند له‌و قسانه‌ی من بێتاقه‌ت بوو!! گوتی: برام! كاری ئێمه توند ره‌وی نییه، ئه‌م قسانه‌ی تۆ زیانی زۆرتره تا سوودی، ده‌بێ ئێمه كالاَی خۆمان پێشكه‌ش بكه‌ین و ته‌عریفی شتومه‌كی خۆمان بكه‌ین، ئه‌وه‌ی كه چاوی هه‌بێ سه‌یرده‌كات به‌لای خۆیه‌وه چی جوان بوو هه‌ڵی ده‌بژێرێ.. ئیتر پێویست ناكات تۆ كالای خه‌ڵكی بشكێنیت و بڵێیت: ئه‌وه پیسه و قیزه‌ونه، و خراپه..!! چونكه ئه‌مانه ده‌سه‌لاتیان له‌ده‌ستایه، و هه‌ر كه‌سێكیان بوێت سه‌ر نگونی ده‌كه‌ن، ئێمه‌ش ئێستا پیویستمان به‌كه‌سانێك هه‌یه كۆڵ هه‌ڵگربن، بتوانن نیرگه‌ی گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شان دابنرێ و بینای له‌سه‌ر دروست بكه‌ین، هه‌موو ئه‌ندامانی ئێمه به‌په‌نجه‌ی ده‌ست ده‌ژمێررێن، باشه ئه‌گه‌ر تۆ گیرایت كێ ده‌ڵێت له ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دا ناوی هه‌موو براده‌ره‌كانت ناڵێیت و چه‌ندان خێزان سه‌ر لێشێواو ناكه‌یت؟!
منیش قسه‌كانیم به مه‌سڵه‌حه‌ت زانی و سوپاسم كرد له‌سه‌ر ئه‌و تێبینییانه‌ی.. له‌راستيدا مامۆستا له هێوركردنه‌وه‌ی مندا ده‌وری بالاي هه‌بوو..
ماویه‌تی:
به‌شی 15 سه‌ردانمان بۆ قوتابخانه‌كان: