هێلكه پیسه‌كه‌ی روانگه:
له‌و ماوه‌یه‌دا كۆمه‌لَێكی دوور له‌هه‌موو قیه‌م وئه‌خلاقێك به‌ناوی روانگه هێلكۆكه‌یان تروكاند و سه‌ریان قیت كرده‌وه، ئه‌مانه زۆربێشه‌رمانه هێرشیان كرده سه‌ر خو و ره‌وشت و شه‌ره‌فی میلله‌تی كورد، و ده‌یانویست هه‌موو ره‌وشتێكی به‌رز له میلله‌ته‌كه‌مان داڕنن، رۆژنامه‌ی هاوكارییان كردبووه شانۆی خۆیان و له‌وێوه هه‌رچی نه‌شێ ئه‌هات به‌ده‌میانا به‌رامبه‌ر به‌دین و ره‌وشتی میلله‌ت، ئێمه‌ش كۆمه‌لَێ قوتابی خوێنگه‌رم له مه‌عهه‌دا بۆووین داوامان له‌مامۆستاكانمان كرد كه په‌رچیان بده‌نه‌وه، قسه‌یان نه‌ده‌كرد، وه‌لاَمیشیان نه‌ده‌داینه‌وه، ئێمه‌ش قوتابیه‌كانمان هاندا كه مان بگرین و
نه‌ڕۆینه ژووری خوێندن، نیوه‌ی قوتابیان هاوكارییان كردین، ئێمه‌ش مانمان گرت و له‌حه‌وشه‌ی مزگه‌وتی گه‌وره‌دا گردبووینه‌وه و هه‌رچی زه‌نگی لێدا كه‌س نه‌ڕۆیشته ژووره‌وه، مامۆستا خه‌تیب مدیری مه‌عهه‌ده‌كه بوو، له‌یه‌كی له ژووره‌كانه‌وه سه‌ری ده‌رهێناو هاواری كرد: یه‌لَلا بڕۆنه ژووره‌وه بۆ شوێنی خۆتان ده‌نا ئاسایشتان بۆ بانگ ده‌كه‌م..
نیوه‌ی قوتابیه‌كان هه‌ر مانیان نه‌گرت، و ژماره‌یه‌ك به‌هه‌ڕه‌شه‌كه رۆیشتنه ژووره‌وه، ئێمه هه‌ر نه‌رۆیشتین، هاته خواره‌وه‌و جارێكی تر خۆی تووڕه كرد و گوتی: ئه‌لَێم بۆ ژووره‌وه كه‌س لێره نه‌مێنێ.. هه‌ندێكی تریش رۆیشتنه ژووره‌وه، نزیكه‌ی سيی تاچل قوتابییه‌ك ماینه‌وه، منیش رۆیشتم به‌ره‌و پیری مامۆستا‌و ئه‌ویش به‌ره‌و رووی ئێمه ئه‌هات، تا له‌سه‌ر به‌رده نوێژه‌كانی به‌رده‌م مه‌رقه‌دی كاك ئه‌حه‌مه‌دا یه‌كمان گرته‌وه، من له‌سه‌ر جێگه‌كه‌ی ئیمامه‌وه وه‌ستا بووم ئه‌ویش له‌خواره‌وه، گوتی: ئه‌وه بۆ ناڕۆنه ناو پۆله‌وه؟(ئه‌لَبه‌ت پۆله‌كان له‌نهۆمی دووه‌می بالَه‌خانه‌كه‌دا بوون)
گوتم: مامۆستا گیان! بۆچ بڕۆینه سه‌ره‌وه؟ سوود له‌خوێندنه‌كه‌مانا چییه؟ بۆ ئه‌وه‌نییه به‌رگری له دین و عه‌قیده‌كه‌مان بكه‌ین؟ كه‌ئێمه نه‌توانین به‌رگری لێ بكه‌ین ئیتر بۆچ بخوێنین؟
گوتی: دوژمن ئه‌یه‌وێ ئێوه نه‌خوێنن.
گوتم: ئه‌وه‌ش راسته، به‌لاَم ئه‌وه‌ته به‌ڕێزتان خوێندوتانه‌و هێرش ده‌كرێته سه‌ر بوونی خوا قسه‌ناكه‌ن، هه‌زاره‌ها بێ ئه‌ده‌بی به‌رامبه‌ر به پێغه‌ممه‌رو هاوه‌لَه‌كانی ده‌كرێ زار نابزوێنن، وه‌ك سه‌گ به‌رامبه‌ر ئاین و دینه‌كه‌مان ده‌ڕشێنه‌وه ئێوه وشه‌یه‌ك نالَێن.. وا ئێمه‌ش خوێندمان و خۆ له‌زانیاریدا نایشگه‌ین به ئێوه!! ئیتر چ سوودێكی هه‌یه؟ ئه‌گه‌ر به‌لَێنمان ئه‌ده‌یتێ كه به‌ڕێزتان رۆژی جومعه له باره‌ی ئه‌و میكرۆب و جانه‌وه‌رانه‌وه جه‌ماوه‌ر به‌رچاو روون بكه‌یته‌وه، ئه‌وا ده‌ڕۆینه ژووره‌وه..
كه زانی ئێمه قسه‌كان له‌دلَمان دێته ده‌ره‌وه، دلَی نه‌رم بوو فه‌رمووی: وه‌رن بڕۆنه‌وه پۆله‌كانتان مه‌رج بێ له‌خوتبه‌ی جومعه‌دا باسی بكه‌م.. ئێمه‌ش هه‌موو ناوچاومان گه‌ش بووه‌وه‌و روومان رۆشن، و به سوپاسێكی زۆره‌وه بۆ مامۆستا رۆیشتینه‌وه پۆله‌كانمان..
رۆژی هه‌ینی:
رۆژی جومعه هات و مامۆستا خه‌تیب رۆیشته سه‌ر مینبه‌رو به شێوازه ناوازه‌كه‌ی خۆی وتاری دا، وشه‌كانی گه‌وهه‌ریان لێ ده‌باری، به‌راستی هه‌زار حه‌یف وموخابین كه خه‌تیبی ئاوا له‌حه‌نای رێڕوونكردنه‌وه‌ی خه‌لَكێدا كه‌مته‌ر خه‌می بكات، دابه‌زییه سه‌ریان وه‌ك په‌ڕۆی بێ نوێژی لێ كردن، ئه‌گه‌ر كه‌سانێك بوونایه خاوه‌ن شه‌ره‌ف و كه‌رامه‌ت هه‌رگیز روویان نه‌ده‌بوو سه‌ر به‌رز بكه‌نه‌وه.. بۆ پشتیوانی له‌قسه‌كانی مامۆستا له‌ناو مزگه‌وته‌وه ده‌نگی ته‌كبیر به‌رزبووه‌وه،و كرا به ئه‌لَلاهو ئه‌كبه‌ر گوتن..
مامۆستا چی ده‌زانی باسی كرد، شۆر وشه‌وق له‌ناو خه‌لَكه‌كه‌دا به‌رامبه‌ر خۆشه‌ویستی ئاین و زانایانی ئاینی په‌یدا بوو، كاتێ له‌نوێژه‌كه‌ی بووه‌وه و به‌ره‌و ژووره‌كه‌ی خۆی ئه‌یویست بڕوات خه‌لَكی پۆل پۆل ئه‌رۆیشتن به‌ره‌و پیری و ده‌ستیان ماچ ده‌كرد و سوپاسیان ده‌كرد، و چه‌ندجار هه‌ولَیان دا بیخه‌نه سه‌ر شانیان و به‌سه‌ر سه‌ر هه‌لَی بگرن تا شوێنه‌كه‌ی خۆی..
سه‌ره‌نجامی هه‌فته‌نامه‌ی هاوكاری:
ئێمه‌ی قوتابیانیش له‌هه‌ر لایه‌كه‌وه هه‌ولَمان ده‌دا ئیمزای خه‌لَكی كۆبكه‌ینه‌وه‌و به‌سكالاَوه بینیرین بۆ سه‌ره‌ك كۆمار و وێنه‌یه‌كیشی بۆ وه‌زیری ناوخۆ و وه‌زیری راگه‌یاندن. له‌به‌شێكی زۆری گه‌ڕه‌كه‌كانی ناوشاره‌وه ئیمزای جه‌ماوه‌ر له‌مزگه‌وته‌كانه‌وه كۆكرایه‌وه، له دیهاته‌كانه‌وه ئیمزا كۆ كرایه‌وه، منیش كه له‌وكاته‌دا له‌قلیاسان بووم ئیمزای خه‌لَكی دێی قلیاسانم كۆكرده‌وه‌و به‌و كلَیشه سكالاَیه‌وه كه باسمان كرد ناردمان بۆ به‌غداو ناڕه‌زایی خۆمان ده‌ر بڕی به‌رامبه‌ر بێ ئه‌ده‌بی ئه‌و جڕو جانه‌وه‌رانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ها بالاَكانی میلله‌ته‌كه‌مان ده‌م درێژییان كردبوو..
پالَه په‌ستۆی جه‌ماوه‌ر زۆربوو، رژێم به‌ناچاری ئیجرائاتی خۆی نواند و بۆماوه‌یه‌ك هه‌فته‌نامه‌كه‌ی راوه‌ستان، و بۆ چه‌ند ژماره‌یه‌ك داخرا.. له‌راستیدا ئێمه نه‌مان ده‌ویست هه‌فته‌نامه‌كه دابخرێت و بوه‌ستێنرێت، چونكه ئه‌وه مالَی میلله‌ت بوو، ئێمه ئه‌مان ویست ئه‌وانه له‌زیانه خرۆیی بكه‌ون و به‌س..
ئه‌گه‌ر به‌هۆی بوونی هه‌ندێكیان له‌ناو حیزبا نه‌بوایه ئه‌وانه وه‌ك بزنی گه‌ڕیان لێ هاتبوو، قێزه‌ون ببوون، یه‌كێكیان له‌به‌رده‌م سه‌رای سلێمانی به‌سه‌رخۆشی قسه‌ی كردبوو، حاجی ئه‌وره‌حمانی نه‌وره‌سی له‌وكاته‌دا لاوێكی خوێن گه‌رم بوو، دابوویه به‌ر شه‌ق و هه‌رچی بشێ پێی كردبوو.
سیسته‌می خوێندن گۆڕا:
له‌ساڵی خوێندنی 69 - 70 دا ئیمتیحانی خاریجیم دا و له‌پۆلی هه‌شت وه‌رگیرام و ده‌وامم كرد، ده‌بوا به‌و ساڵی هه‌شته‌مه‌وه پێنچ ساڵ له‌وی بم خوێندایه، من ده‌رچووم بۆ پۆلی نۆ، ده‌بوا چوار ساڵی تر بم خوێندایه، سیسته‌می خۆێندنی مه‌عهه‌د گۆڕا و له‌بیاتی 12 ساڵ بوو به 9 ساڵ، من له‌بیاتی بڕۆمه پۆلی نۆ بردمیان بۆ پۆلی حه‌وت، پۆلی حه‌وتمان ته‌واو كرد، جارێكی تر گۆڕان به‌سه‌ر سیسته‌مه‌كه‌دا هاته‌وه و له نۆ وه كرا به شه‌ش ساڵی، من كه له‌حه‌وته‌وه ده‌رچووم ده‌بوا بڕۆیشتمایه‌ته پۆلی هه‌شت، هێنامیانه‌وه بۆ پۆلی شه‌ش و دواین ساڵی خوێندن له مه‌عهه‌دا، به‌م جۆره له‌بیاتی ئه‌وه‌ی پێنچ ساڵ بخوێنم سی ساڵ خوێندم، و له‌ساڵی 72- 73 دا مه‌عهه‌دم به‌پله‌ی زۆر باشه(جید جدا) ته‌واو كرد، و له‌و گۆڕانه‌ی به‌سه‌ر سیسته‌می خوێندنی مه‌عهه‌دا هات سوودێكی باشم وه‌رگرت.
مزگه‌وتی ئه‌بو به‌كری سدیق:
له‌مانگی یانزه‌ی 1971دا مزگه‌وتی ئه‌بو به‌كری سدیق له سلێمانی كرایه‌وه‌و من به فه‌رمی بووم به ئیمامی ئه‌و مزگه‌وته..
چۆن بووم به‌ئیمام؟
ئه‌و ساڵه كه له‌قلیاسان بووم له پۆلی حه‌وتا بووم، كاتێ خوێندنه‌كه‌م ته‌واو كرد، و خه‌لاَت و به‌راتی دێیه‌كه‌م وه‌رگرت، مزگه‌وتی ئه‌بوبه‌كری سدیق له(سلێمانی نوێ) تازه خه‌ریك بوو ته‌واو ئه‌بوو، رۆژێك شێخ فاتیحی قه‌ره‌داغی كه پێكه‌وه زۆر دۆست وهاوه‌ڵ بووین، گوتی: حه‌سه‌ن وه‌ره بابڕۆین سه‌رێك له‌و مزگه‌وته تازه‌یه بده‌ین كه له‌سلێمانی نوێ دروست كراوه!
گوتم: فاتیح گیان بۆ بڕۆین؟ خوا ئه‌یزانێ ئێستا به‌كێ دراوه، و خاوه‌نی بۆ دیاری كراوه!.
گوتی: تۆ وه‌ره بابڕۆین، خوا كه‌ریمه.. منیش له‌به‌ر دڵی ئه‌و گوتم: باشه با بڕۆین..به‌ڵێ، رۆیشتین و له دیوی ده‌ره‌وه سه‌یرمان كرد مزگه‌وتێكی جوان وقه‌شه‌نگ و ژووری ئیمام وژووری خادم وژووری كه‌ره‌سه‌ی مزگه‌وت و ته‌عزیه خانه و ته‌رتیباتێكی جوانی تیا كرابوو.
فاتیح گوتی: حه‌سه‌ن! حه‌زت ده‌كرد ببویتایه به ئیمامی ئه‌م مزگه‌وته؟! به‌خوا خۆش ئه‌بوو ئه‌م مزگه‌وته ببوایه به‌نسیبی تۆ!!
گوتم: به‌قوربان ! ئه‌وتۆ ده‌ڵێیت چی؟!ّ ئه‌وه چۆن بۆ من ده‌بی؟
گوتی: حه‌سه‌ن گیان! كه‌رۆیشتینه‌وه باپێكه‌وه بڕۆین بۆلای مامۆستا خه‌تیب و پێی بڵێین، به‌ڵكو بیدات به‌تۆ!!
گوتم: فاتیح گیان ! كێ بێ حه‌ز له‌وه نه‌كات!! به‌لاَم ئایا شتی وا ده‌بێت؟ فاتیح گیان! تۆ خۆت وه‌زعه‌كه ده‌زانی ئه‌وه بۆ من نابێ، شتی وا مه‌حاڵه، ئیتر بۆ سه‌ری خۆمان بیه‌شێنین؟!
گوتی: كاكه ئه‌رێ تۆ پێم ناڵێیت بۆچ نابێ؟ شتی مه‌حاڵ و موستحیل زۆر كه‌مه!! - ئه‌گه‌ر ئێمه بڕۆین وداوای لێ بكه‌ین - چ زه‌ره‌رێ ده‌كه‌ین؟ ئه‌و په‌ڕه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه بڵێت بۆ كه‌سێكی ترم داناوه!!
منیش گوتم: راسته به‌لام ئه‌مه له‌وانه‌یه له‌و شته‌كه‌مانه بێت.. خۆت ده‌زانی ئێستا دامه‌زراندن له‌مزگه‌وته‌كانا به واسیته و واسیته كاری ده‌بێت، خوا ده‌یزانێ ئه‌مه ئێستا بۆ كێ دانراوه؟! جا بۆ من مێشكی خۆمی پێوه خه‌ریك بكه‌م؟!
گوتی: ئه‌وه‌ند ره‌شبین مه‌به!! وه‌ره هه‌ر ئێستا ده‌رۆینه‌وه بۆ مزگه‌وت بۆ لای مامۆستا خه‌تیب و پێی ده‌ڵێین.. به‌ڵكو بت داتێ!! گوتم: چاوه‌كه‌م زۆر سوپاست ده‌كه‌م و هه‌رگیز من شتی وا ناكه‌م چونكه ده‌زانم بۆ من نابێ، ئیتر بۆ سه‌ری خۆم بییه‌شێنم؟!! ئه‌ویش گوتی: برام! ئێمه ته‌نیا قسه‌یه‌كمان له‌كیس ده‌چێ ئه‌گه‌ر پێی دایت، ئه‌وا به‌ختی خۆت.. خۆ ئه‌گه‌ر نه‌ش بوو ئێمه هیچ مه‌سره‌فێكمان له‌كیس ناچێت!!
گوتم: قسه‌كه‌ت مه‌نتیقییه.. به‌گوێت ده‌كه‌م .. به‌ڵێ رۆیشتین بۆ لای مامۆستا خه‌تیبی ره‌حمه‌تی.. له‌و كاته‌دا مامۆستا خه‌تیب منی زۆر خۆش ده‌ویست، پاش سه‌لام و كه‌لام شێخ فاتیح گوتی: قوربان! هاتووین بۆلات به‌ڵكو ئه‌و مزگه‌وته‌ی سلێمانی نوێ بده‌یت به‌كاك حه‌سه‌ن، خۆتۆ هه‌ر ئیمامێكی بۆ دائه‌نێیت، كێت له حه‌سه‌ن باشتر دۆزیوه‌ته‌وه؟!
مامۆستا خه‌تیبیش به‌ره‌حمه‌ت بێ فه‌رمووی: موباره‌كی بێت، من هه‌ر بۆ ئه‌وم داناوه؟!
ئای چه‌ندم پێ خۆش بوو!! زۆر سوپاسم كرد و سوپاسێكی زۆری فاتیحیشم كرد، تمه‌ز له‌وه پێشتر مامۆستا به‌لای فاتیحه‌وه قسه‌ی كردبوو، به‌لاَم ئه‌و به‌منی نه‌گوتبوو، بۆ ئه‌وه‌ی بیكات به‌و موفاجه‌ئه‌یه.. دوعای خێری زۆرم بۆ كردن..
پاش ئه‌وه كه بووم به ئیمام له‌م مزگه‌وته‌دا یه‌كێ له سه‌رپه‌رشتی كه‌ره‌كانی مزگه‌وت پێیان ده‌گوت: ئه‌حمه‌د كونجرینی، خوا عه‌فووی بكات، زۆر لوتفی به‌رامبه‌رمان هه‌بوو، بۆی گێڕامه‌وه‌و گوتی: كاتێ مزگه‌وته‌كه ته‌واو بوو، رۆیشتینه لای مامۆستا خه‌تیب و داوامان لێ‌كرد مه‌لایه‌كی باشمان بۆ دیاری بكات، و پێمان گوت: قوربان! مزگه‌وته‌كه پێویستی به‌مه‌لایه‌كی باش هه‌یه چونكه مزگه‌وته‌كه له‌ته‌نیشت زانكۆی سلێمانییه‌وه‌یه، و قوتابی و مامۆستای زانكۆكه‌یش له‌وانه‌یه هاموشۆی مزگه‌وت بكه‌ن، با مه‌لایه‌كی وابێت رومان هه‌بێت بڵێین مه‌لامان هه‌یه..
گوتی: ئه‌ویش پێی گوتین: من مه‌لایه‌كی باشم بۆ دۆزیونه‌ته‌وه ئه‌گه‌ر خوا بكات بێت و ببێت به‌مه‌لاتان زۆر به‌شیاوی ده‌زانم بۆ ئه‌و جێگه‌یه.. گوتی ئێمه كه له ژووره‌كه‌ی مامۆستا خه‌تیبا دانیشتبووین، تۆیش له په‌نای مزگه‌وتی گه‌وره‌ی خواره‌وه‌دا تێده‌په‌ڕیت، تۆی پیشان داین و فه‌رمووی: ئه‌و مه‌لایه‌م بۆ دیاری كردوون!! و نیازم وایه ئه‌و مه‌لایه‌تان بۆ دابنێم ئه‌گه‌ر رازی ببێ.. ئه‌وسا تێگه‌یشتم بۆ كاك فاتیح ئه‌و هه‌موو هه‌ته‌رییه‌ی كرد.. خوا پاداشتیان بداته‌وه..
من بووم به‌لێپرسراوی لێپرسراوه‌كانم:
له‌وه پێش هه‌ر فه‌رمانێكی سه‌ركردایه‌تی بهاتایه له‌رێی براده‌ره‌كانی پێشینه‌وه به‌من ده‌كه‌یشت كه‌ئه‌وانیش بریتی بوون له م عومه‌ر حسه‌ین، و م كه‌ریم شارباژێڕی، و م موحه‌ممه‌د ملا عه‌بدوڵلا... و هتد.. به‌لاَم كه كاتێ من له مزگه‌وتی ئه‌بو به‌كر دامه‌زرام له‌منه‌وه فه‌رمانه‌كه به‌وان ده‌گه‌یشت، ئه‌مه‌ش بووبه هۆی ئه‌وه كه هه‌ندێك له‌و براده‌رانه دڵگران ببن و له ره‌وتی خۆیان سارد ببنه‌وه، و هه‌ندێكیان وازیشیان له ریزه‌كانیان هێنا..
من ئه‌مه‌شم به ماموستا گوت: شتی وا زۆر زه‌حمه‌ته، من له‌رێی ئه‌وانه‌وه هاتوومه‌ته ریزه‌وه، ئیتستا ئه‌وان پشت گوێ بخرێن، و منێك كه‌له‌رێی ئه‌وانه‌وه هاتووم له رێی منه‌وه شتیان پێ بگات زۆرقورسه.. ئه‌ویش قایل نه‌بوو به قسه‌كه‌م و گوتی: به‌رژه‌وه‌ندی كاری كۆمه‌ڵ وا ده‌خوازێ..
به‌رپرسیه‌تی قوتابیانی مه‌عهه‌د:
له پاش راگه‌یاندنی خۆ به‌ڕێوه‌بردن [ الحكم الذاتي ] له ساڵی 1970دا مه‌لا مسته‌فای به‌رزانی به‌ره‌حمه‌ت بێ په‌یوه‌ندی زانایانی ئیسلامی كوردستانی دروست كرد، و ئه‌م په‌یوه‌ندییه، قوتابیانیشی گرته‌وه، و په‌یوه‌ندی قوتابیانی ئیسلامی كوردستان دروست بوو، ئه‌و كاته‌ش له‌ناو مه‌عهه‌ده‌كه‌دا تاقم تاقم دروست ببو، تاقمی شارباژێری، و تاقمی قه‌ره‌داغی، و ئێرانی و عیراقی... تاد.
بۆ ئه‌ندامانی سه‌ر كردایه‌تی و به‌رێوه به‌رایه‌تی سیسته‌می هه‌ڵبژاردن به‌كار هێنرا، و منیش به به‌رپرسی لقی قوتابیانی ئیسلامی سلێمانی هه‌ڵبژێررام.. چالاكییه‌كی باشمان هه‌بوو..
یه‌كێ له خۆشترین كاته‌كانی ژیانم:
ماویه‌تی:
به‌شی 13 له‌مزگه‌وتی ئه‌بو به‌كری سدیقدا:
| سه‌ردێڕ | بۆچوون | ڕێکه‌وت | بینراوه |
| ژیانی خۆم به‌شی 11 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٥/٢٥ | ٤٣١ |
| ژیانی خۆم به‌شی 10 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٥/١٠ | ٤٦٩ |
| ژیانی خۆم به‌شی 9 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٤/٢٣ | ٤٩٠ |
| ژیانی خۆم به‌شی 8 | ٠ | ٢٠٠٩/٠٤/١٣ | ٤٢٠ |