پێشه‌كى:
خوێنه‌رىئازیز! هه‌روه‌ك ده‌زانیت باوه‌رِ به رازیق بوونى خوا به‌شێكه له بیر وباوه‌رِى ئیسلامیمان، وه چه‌نده‌ها ناو له‌ناوه پیرۆزه‌كانى خوا په‌یوه‌ندییان به رزق و ژێوارییه‌وه هه‌یه، وه له‌به‌شى زۆرى سوره‌ته‌كانى قورئاندا باسى ژێوارى و رزقدانى له‌لایه‌ن خواوه بۆ مه‌خلووقاتى كردووه، نزیكه‌ى 123 جار له‌قورئانا باسى مادده‌ى رزقى كردوه به‌خۆى و چاوگ و لق و پرژه‌كانیه‌وه..با ئه‌و ناوانه‌ش له‌ولاوه بوه‌ستن كه راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌رزقه‌وه هه‌یه وه‌ك ناوى {المغني، القابض، الباسط، الوهاب، الواسع الخ)
له‌عه‌قیده‌ى ئیسلامیماندا هه‌ركه‌س باوه‌رِى ته‌واوى به‌وه نه‌بىَ كه خوا رازیقه، یا له‌وه دڵنیا نه‌بىَ كه رزقى به‌ده‌ست خوایه، یا لێى یه‌قین نه‌بىَ كه هه‌رچى وا له‌سه‌ر زه‌ویدا ناتوانىَ رزقى ئه‌م زیاد و كه‌م بكات، باچاوێك به خۆ‌یا بخشێنێته‌وه، چونكه عه‌قیده‌كه‌ى دانه‌مه‌زراوه، له‌گه‌ڵ عه‌قیده‌ى به‌تاڵیشدا هیچ چاكه‌یه‌ك سوودى نییه، و هه‌ر زه‌حمه‌تێك بكێشىَ جگه له‌ماندووبوون هیچى بۆ نامێنێته‌وه..
جا له‌به‌ر ئه‌وه كه‌له‌ژیانى خۆمدا كه‌سانێكم بینیوه نویژخوێن و رۆژوو گر، به‌لاَم له‌م باره‌وه زۆر وێران و لىَقه‌وماوبوون، به‌پێویستم زانى ئه‌م مه‌سه‌له‌یه باشتر روون بكه‌ینه‌وه، تا مرۆڤى موسڵمان هیچ گومان ودوو دڵییه‌كى له‌وباره‌وه نه‌مێنىَ، ولێى یه‌قین بىَ كه چۆن ئه‌جه‌لى به‌ده‌ست خوایه و دیارى كراوه رزقیشى ئاوه‌ها دیارى كراوه، تا به‌ته‌واوى ته‌سلیمى فه‌رمانى خوا ببێت، و بۆ به‌ده‌ستهێنانى ژێوارى كه‌سێكى تر جگه له ئه‌ڵلا به خوا و رازیقى خۆى نه‌زانىَ، و له‌و باره‌وه رێى نا دروست نه‌گرێته به‌ر، و ده‌ستى خه‌ڵكى نه‌برِىَ وماڵى خه‌ڵكى قووت نه‌دات، و به‌خوێنى هاو نه‌وعى خۆى ورگى زل نه‌كات، قه‌ناعه‌تى ته‌واوى هه‌بىَ، و به‌شوێن پاك وحه‌لاَلدا بگه‌رِىَ.!
له‌م قسه‌یه‌ى من وا حاڵى نه‌بیت برِۆیت له‌كونجێكا دابنیشى و ته‌مبه‌ڵ و ته‌وه‌زه‌ل پاڵى لىَ بده‌یته‌وه، به‌ته‌ماى ئه‌وه‌بى خوا له عاسمانه‌وه بۆت ببارێنىَ، نه.. مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه، به‌ڵكو مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه له‌به‌رخاترى پووڵ وپاره خۆت نه‌فرۆشیت، سه‌رى به‌نده‌گى بۆ زاڵم وخوا نه‌ناس دانه‌نه‌وێنى، له‌ترسى نان برِین دینه‌كه‌ت و غیره‌تت نه‌فرۆشى..
مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه تا له‌تواناتا هه‌یه هه‌وڵ بده، به‌حه‌لاَلى نانى خۆت و منداڵت په‌یدا بكه، هه‌وڵ بده و تێبكۆشه، كاسبى بكه، ماڵى دنیا به‌ده‌ست بێنه، به‌لاَم مه‌به‌ره عه‌بد و خزمه‌تكارى ماڵه‌كه‌ت، ئه‌گه‌ر له هه‌وڵه‌كه‌تا سه‌ر نه‌كه‌وتى خه‌فه‌ت تووشى نه‌خۆشیت نه‌كات!! شه‌یتان زه‌فه‌رت پىَنه‌بات، له‌دین لات نه‌دات، رێیه‌كى تر‌ى حه‌لاَل بگره‌به‌ر، شێوازه‌كه‌ى بۆ بگۆرِه، دیسان مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه‌له‌م باس و به‌سه‌رهاتانه سوود وه‌ربگرى، و به نموونه‌وه له واتاى رازق بوونى خوا حاڵى ببى، چونكه نموونه‌باشتر شت روون ده‌كاته‌وه، ،نموونه‌كانیش له‌شێوه‌ى چیرۆك و به‌سه‌رهاتدان، به‌لاَم چیرۆكى واقیعى و رووداو نه‌ك خه‌یاڵى و دروستكراو، له‌واقیعدا چیرۆك تابلۆیه‌كى زیندووه و ده‌ستى ئاده‌میزاد ده‌گرىَ و به‌هه‌ست وئیحساسیكى تایبه‌ته‌وه دیمه‌نه‌كانى پیشان ئه‌دات..
قورئانیش كه به‌رنامه‌ى خوایه له‌به‌سه‌رهاتى په‌روه‌رده‌ییدا ده‌ستێكى بالاَى هه‌بووه، بگره به‌شێكى گرنگى بۆ ئه‌و مه‌به‌سته ته‌رخان كردووه، و رێنموونى ئیماندارانیش ده‌كات تا چیرۆكى ئارِاسته و په‌روه‌رده‌یى بگێرِنه‌وه، ئه‌وه‌ته ده‌فه‌رموىَ: " فَاقْصُصْ الْقَصَصَ لَعَلَّهُمْ يَتَفَكَّرُونَ " الأعراف/176. هیوادارم توانیبێتمان ئه‌ركى سه‌رشانمان به‌جىَهێنابىَ و خوایش بۆمان بكاته توێشووى پاشه رۆژمان انه نعم المولى ونعم النصیر.
حه‌سه‌نى پێنجوێنى
پێرس-ئوسترالیا.
براده‌رى ته‌نگانه:
له‌و كاته‌دا كه له‌سه‌ه‌ر جێگه‌دا كه‌وتبووم و لاقم شكا بوو، شتى زۆر سه‌یرو سه‌مه‌ره‌م ده‌بیست، هه‌ریه‌كه‌یان په‌ندو عیبره‌تىَ بوون بۆخۆیان، بۆیه منیش له یاداشتى رۆژانه‌ى خۆما تۆمارم كردن، به‌و هیوایه‌ى رۆژىَ بتوانم پاكنووسیان بكه‌م و بیخه‌مه به‌رده‌ست خوێنه‌ران تا سوودى بۆ هه‌موان هه‌بىَ..
قه‌ده‌ر وابوو من هه‌ندىَ چاك بوومه‌وه و كه‌وتمه داره‌داره!! به‌لاَم به‌ره‌و زیندانه‌كانى رژێم قۆڵبه‌ست و چاوپێچ كرام، و له ئه‌منى سڵێمانى و ئاسایشى گشتى به‌غدا شه‌ش مانگێك بێ سه‌رو شوێن كراین، و پاشان دراین به دادگاى شۆرِش!! و بىَ تاوان ناسراین!!
له ماوه‌ى ئه‌م زیندانییه‌ما هه‌ندێك له‌ده‌ستخه‌ته‌كانم تیا چوون، و هه‌ندێكى تریشیان بىَسه‌روشوێن.. یاداشته‌كه‌م له‌م به‌شه‌ى دوه‌میان بوو..به‌و هیوایه‌ى پێى شاد ببمه‌وه چونكه شتى زۆر به‌سوودى تێابوو..
پاش ماوه‌ى زیندانى ماوه‌یه‌ك به ئیسراحه‌ت دانیشتم، به‌لاَم زۆرى نه‌خایاند دیسان فه‌رمانى گرتنم ده‌رچووه‌وه، و هاتن بم گرن، به‌لاَم قه‌ده‌ر وابوو كه له‌ماڵ نه‌بم و به‌رده‌ستیان نه‌كه‌وم.. منیش خۆم شارده‌وه، هه‌روه‌ك ئاشكرایه له چاوه،چاو و دڵه راوكه‌دا ژیان نابرێته سه‌ر، دێهاته‌كانى كوردستانیش هه‌مووى ساراكڵ ببوون و له‌گه‌ڵ خاكدا یه‌كسان كرابوون، به‌ناچارى كۆچمان به‌ره‌و كوردستانى ئه‌ودیو كرد، له‌وىَ دووساڵ ماینه‌وه، له‌و ماوه‌دا چاوم به‌خه‌زێنه‌ى بیره‌وه‌رییه‌كانمدا خشانده‌وه و هه‌ندىَ له‌و باسانه‌م تۆماركرد و به‌شێوه‌ى فتوكۆپى بلاَوم كردنه‌وه.. وا ئێستاش نۆره‌ى ئه‌وه هاتووه بخرێنه ناو كه‌مپیوته‌ره‌وه‌و به‌چاپ بگه‌یه‌نرێن، به‌و هیوایه‌ى سوودى بۆ خوێنه‌ران هه‌بىَ.
پێش ئه‌وه‌ى برِۆینه ناو رووداوه‌كانه‌وه ده‌مه‌وىَ شتێكتان بۆ بگێرِمه‌وه كه له‌راستێدا شوێنه‌وارێكى زۆر گه‌وره‌ى له دڵ و ده‌روونمدا هه‌بوو!!
له‌وكاتى لاق شكانه‌دا به‌هۆى ئیلتیهاباته‌وه كه‌وتنه‌كه‌م درێژه‌ى كێشا و زیاتر له دووساڵ و نیو له‌سه‌ر جێگه‌دا بووم.. ئاله‌و كاته‌دا كه تازه خانووم كردبوه‌وه و زۆر قه‌رزار بووم ، ته‌نیا سه‌رچاوه‌ى ده‌ستكه‌وتم معاشه‌كه‌م بوو، فه‌رمانێك ده‌رچوو معاشه‌كه‌یشم برِا! ئه‌مه شتێكى چاوه‌رِوان نه‌كراو بوو، چونكه خه‌ڵكى وازیان له ده‌ستكه‌وتى باش ده‌هێنا بۆ معاشى ره‌سمى و ده‌یان گوت: هه‌رچه‌ند معاشه‌كه به‌قه‌د ده‌ستكه‌وته‌كانى تریش نابىَ به‌لاَم واز له‌وان دێنین بۆ معاشه‌كه له‌به‌ر ئاینده و داهاتوو!! ئینسان ئه‌گه‌ر نه‌خوَش بكه‌وىَ و لێى بقه‌ومىَ معاشه‌كه‌ى هه‌ر هه‌یه!!
جا كه‌من ئاله‌وكاتى لىَ قه‌ومانه‌دا معاشه‌كه‌م برِابوو، خه‌ڵكى زۆر به‌زه‌ییان پیاما ده‌هاته‌وه، و باسى رازیقبوونى خوایان بۆ ده‌گێرِامه‌وه، و دڵخۆشییان ئه‌دامه‌وه..
له‌و هه‌ڵوێسته چاكانه‌ى كه شوێنه‌وارێكى گه‌وره‌یان له‌دڵ و ده‌روونمدا هه‌بوو، و هه‌رگیز له‌بیرم ناچێته‌وه، هه‌ڵوێستى مامۆستا یه‌كى براده‌رم بوو، كه بیستبووى مانگانه‌كه‌م برِاوه هات بۆلام و گوتى:
كاك حه‌سه‌ن! هه‌روه‌ك ده‌زانى من و خێزانم مامۆستاین، و دوو معاشمان هه‌یه، و یه‌ك منداڵیشمان هه‌یه، تۆیش حه‌وت سه‌ر خێزانى و معاشه‌كه‌ت برِاوه، ئێمه له‌ماڵه‌وه برِیارمان داوه مانگانه‌كه‌ى خێزانم بۆخۆمان خه‌رج بكه‌ین و مانگانه‌كه‌ى خۆیشم بێنین بۆ تۆ، تا كاتىَ معاشه‌كه‌ت وه‌رده‌گریته‌وه!! هیوادارم دڵئاسووده‌مان بكه‌یت، چونكه هه‌واڵى ئه‌م نان برِینه‌ى تۆ، واى لىَ كردووین به‌ئاسانى پارومان بۆ قووت نه‌چىَ، باوه‌رِ و ویژدانمان ئازارمان ده‌دات، ئێمه دوو معاشمان هه‌بىَ و تۆیش به‌حه‌وت سه‌ر خێزانه‌وه و له‌م كاتى نه‌خۆشى و قه‌رزارییه‌دا بىَ معاش بیت!!
منیش له‌تاو سۆز‌و هه‌ستى پاكى برایانه‌ى ئه‌و برایه چاوم پرِ له فرمێسكى شادى بوو، شادى وخۆشییه‌كى كه‌م وێنه هه‌موو گیانمى داگیر كردبوو، به‌خۆمم ده‌گوت: ئه‌گه‌ر ئینسان براده‌رى ئاوه‌هاى ببىَ هه‌ست به‌لێقه‌ومان ده‌كا؟ ناهه‌قم نه‌بوو، كىَ به‌و هه‌ڵوێسته مه‌ردانه‌یه دڵخۆش نابێت و هه‌موو گیانى له‌خۆشیا پىَ ناكه‌نىَ؟ چ موسڵمانێك شتى وا ببیستىَ سوجده‌ى شوكور بۆخوا نابات كه براده‌رى واى پىَ به‌خشیوه؟!
منیش پرِ به‌دڵ سوپاسى ئه‌وهه‌سته خاوێنه‌یم كرد و گوتم: خوا به‌ره‌كه‌ت بخاته ناو ماڵ و منداڵته‌وه و پاداشتى خێرت بداته‌وه، به‌لاَم من پێویستم پێى نییه‌و سوپاس بۆ خوا موحتاج نیم، هه‌رچه‌ند قبوڵم نه‌كرد و هیچم لىَ وه‌رنه‌گرت، به‌لاَم چونكه قسه‌كه له‌كانگاى دڵیه‌وه ده‌هاته ده‌ر و عه‌زمى بۆ هێنان جه‌زم بوو، وام ئه‌زانى هه‌موو مانگێك ئه‌و معاشه‌م بۆ دێنێت..
هه‌ڵوێستى ئه‌و براده‌ره‌م لێره‌دا گێرِایه‌وه، تا ببێته نموونه‌یه‌ك بۆ هه‌موو دوو براده‌رێك، وخوێنه‌ریش به‌دڵ دوعایه‌كى خێرى بۆ بكات.. وه‌ك ئه‌مه‌ك ناسى بۆ هه‌ڵوێستى مه‌ردانه‌ى و رێزنانێك لێى.
سوپاس بۆ ئه‌وخوایه‌ى به هۆى ئه‌م ئیسلامه‌وه براده‌رى واى بۆ سازاندین له‌كاتى ته‌نگانه‌دا خه‌م وته‌مى ده‌روونمانى ره‌وانده‌وه!!