باوكم و مه‌لاكانی پێنجوێن:
باوكم له‌گه‌ڵ چه‌ند مه‌لایه‌ك له مه‌لاكانی پێنجوێندا نێوانی خۆش بوو، له‌ناوشارا له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عارفی بانه‌یی كه مه‌لای مزگه‌وتی پاشابوو، وه مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی قازی كه مه‌لای مزگه‌وتی قازی بوو، وه مه‌لا عه‌زیزی سه‌عه‌ی حه‌مه‌خان كه مه‌لای مزگه‌وتی حاجی عه‌بدوڵلاَبو ئه‌مانه هه‌رچواریان سۆفی و موریدی شێخانی بیاره بوون، و له‌مزگه‌وتی جامیعه‌دا مامۆستایه‌كی لێ‌بوو به‌ناوی مامۆستا مه‌لا ئیسماعیلی بانه‌یی، له پله‌ی زانیاری‌دا هه‌ندێك مامۆستا عارفی به‌یه‌كه‌م و هه‌ندێكی تر مامۆستا ئیسماعیلیان به‌یه‌كه‌م داده‌نا، مامۆستا ئیسماعیل له زانیارییه نه‌زه‌ریه‌كاندا زۆر زانا بوو، به‌لاَم له‌دنیا و چی له‌دنیادا روو ده‌دات زۆر بی ئاگا بوو، له‌نێوان ئه‌و و مامۆستا مه‌لا عارفدا ناكۆكییه‌كی به‌هێز هه‌بوو، ته‌لاَقی سی به‌سێ كه‌وتووی به پاره‌یه‌كی كه‌م چاك ده‌كرده‌وه، له‌داخی مامۆستا مه‌لا عارف لایه‌نگری له ده‌روێشه‌كان ده‌كرد، له پێنجوێنیشدا ناكۆكییه‌كی گه‌وره له‌نێوان ده‌روێش و سۆفییه‌كاندا هه‌بوو، مامۆستا مه‌لا عارف ویستی جومعه‌یه‌كی تر له‌مزگه‌وتی پاشادا دروست بكات، سۆفییه‌كان لایه‌نگری مامۆستا مه‌لاعارف بوون و پشتیوانی‌یان لێده‌كرد، مامۆستا مه‌لا ئیسماعیلیش زۆری پێ ناخۆش بوو، ده‌روێشه‌كان ئه‌مه‌یان به‌فرسه‌ت زانی دوژمنایه‌تییان له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عارفدا ئاشكرا كرد، هه‌رله‌و ساڵه‌دا رژێمی پاشایه‌تی لابراو رژێمی كۆماری دروست بوو.
رژێمی پاشایه‌تی رووخا:
پاش ئه‌وه كه رژێمی پاشایه‌تی رووخا ورژێمی كۆماری هاته‌كایه‌وه، دنیا ببوه خۆپیشاندان و رێپێوان، هه‌رِه‌مه‌ی خه‌ڵكی كه‌وتبوونه شوێن خۆپیشانده‌ره‌كان و ئه‌وان چ قسه‌یه‌كیان بكردایه ئه‌مانیش دووباره‌یان ده‌كرده‌وه، حیزبی شیوعی عیراقی سوار شه‌پۆله‌كه بووبوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه بكوژ‌و ببرِ له‌عیراقا هه‌رخۆیان بوون، له درۆشمه‌كانیانا ده‌یانگوت:عاش الزعیم عبدالكریم حزب الشیوعی للحكم مطلب عظیم، درۆشمه‌كانیان به زۆری عه‌ره‌بی بوو، ده‌روێشه‌كان بوونه لایه‌نگری شیوعییه‌كان، یه‌كێك له‌وانه خه‌لیفه میرزا حه‌سه‌ن بوو، له رێپێوانێكدا كه شیوعییه‌كان قسه‌یان تیاده‌كرد ده‌یگوت: ئه‌گه‌ر مانگاكه‌یشم شیوعی نه‌بێت گوێچكه‌ی ده‌برِم، ئه‌مانه زۆریان بۆ ئه‌و سێ چوار مه‌لایه هێنا ، باوكم و مه‌لا ئه‌حمه‌دی قازی و مه‌لا عه‌زیز له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خه‌ڵكی ناوشاربوون و خاوه‌ن عه‌شره‌ت بوون نه‌یان وێرا ده‌ستیان بۆ ببه‌ن، به‌لاَم پاڵه په‌ستۆی كه‌س و كاریان زۆر بوو له سه‌ریان، وه‌ك ئه‌وه: به ئێمه‌یان گوتوه، له‌به‌ر ئێمه حه‌قیان به‌سه‌ر ئێوه‌وه نییه، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ش دیفاع له‌مه‌لا عارف بكه‌ن ئێمه‌ش هه‌قمان نابێ به‌سه‌رتانه‌وه، ئه‌مانیش به‌شی زۆری كه‌سو كاریان نه‌خوێنه‌وار وده‌رویش بوون، ئه‌مان خۆیان په‌نادا و خۆیان شارده‌وه، زۆر ئازاری مامۆستا مه‌لا عارفیان دا، ئه‌وه‌ی ئالاَی دۆژمنایه‌تی مامۆستا مه‌لا عارفی هه‌ڵگرتبوو خه‌لیفه میرزا حه‌سه‌ن و حه‌مه‌ی عه‌بدوڵلاَی فه‌قی موحه‌ممه‌د بوو، رۆژێك له خۆپیشاندانێكا ماموستا مه‌لا عارفیان ده‌ستگیر كردبوو، هێنایان بۆ سه‌ربانی دووكانه‌كانی حاجی حه‌مه بچكۆل، خه‌ڵكه‌كه هه‌مووی له‌مه‌یدانی شارا كۆ ببونه‌وه، خه‌لیفه میرزا حه‌سه‌ن و حه‌مه‌ی عه‌بدوڵلاَ تۆبه‌و ئیستیغفاریان به مه‌لا عارف كرد، زۆر هه‌ڵس و كه‌وتی ناشیرینیان به‌رامبه‌ری نواند، و عه‌زێتی زۆریان دا. ئه‌ویش وه‌ك دیلێك له‌به‌رده‌ست دوژمنێكی دڵرِه‌قدا وه‌ستا بوو، چی‌یان داوا لێده‌كرد بیڵێت ده‌یگوته‌وه..
هه‌رئه‌و مامۆستایه‌شیان به حه‌پسی برد بۆ هه‌ڵه‌بجه له رێگه‌دا شویعییه‌كانی شاره‌زوور له سه‌ید سادقا وه‌ك به‌ردباران به‌ردبارانیان كردبوو، زۆر بی ئه‌ده‌بییان به‌رامبه‌ری نواندبوو..
من و دوكانداری:
له‌سه‌ره‌تای ساڵی شه‌ستا باوكم ده‌یویست فێری دوكانداریم بكات بۆیه عه‌مارێكمان له‌ناو بازارِ هه‌بوو، بۆی ته‌رتیب كردم و گوتی تۆ له‌سه‌ری دابنیشه، ئه‌ڵبه‌ت له‌و كاته‌وه باوكم دوكانی دانابوو من له‌دووكانا هه‌ر له‌گه‌ڵیا بووم، هه‌ندێ جار له‌به‌هارا كه‌رۆژگار درێژ ئه‌بوو ئه‌یناردم بۆ سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی شت بكرِم، منیش به‌یانی ئه‌رِۆیشتم بۆئه‌وێ سندوقێ قامیشی جگه‌ره، و چه‌ند فه‌رده شه‌كرێكی كه‌لله،و چه‌ند سندووقه سابوونێك و چه‌ند شتێكی ترم ده‌كرِی و نان وكه‌بابێكم ده‌خوارد و ده‌گه‌رِامه‌وه، بۆ ئێواره ده‌گه‌یشتمه‌وه ماڵ خۆمان، ماڵ مامه قادریشم له‌وێ بوو ئه‌گه‌ر بمایه‌ته‌وه نه‌ده‌چوومه ئوتێل و ده‌رِویشتمه ماڵ ئه‌وان..
كه‌ده‌چوومه دوكانه‌كان معامه‌له‌م ده‌كرد زۆریان پێ سه‌یر بوو كه مناڵێكی ئاوه‌ها وه‌ك بازرگانێك معامه‌له ده‌كات!! ئه‌م راهێنانه‌ی مناڵی زۆر به سوود بوو بۆمن كاتێ باوكم شه‌هید كرا‌و من چوومه سه‌ردوكان كاسبێكی ته‌واو بووم و خۆم دوكانه‌كه‌م به‌رِێوه ده‌برد..
خوێندنی هه‌ڵه‌بجه‌م:
له‌ساڵی خوێندنی 60-1961دا رۆیشتم بۆ هه‌ڵه‌بجه بۆ خویندن له قوتابخانه‌ی ئه‌وقافی سه‌ره‌تایی دا، من یه‌كێك بووم له‌و قوتابیانه‌ی كه له‌یه‌كه‌م ساڵی دامه‌زراندنیدا قوتابی بووين، ژماره‌مان له‌ده‌وری بیست كه‌سێكدا ده‌بوو، ئه‌وانه‌ی ناوه‌كانیان بێته‌وه یادم ئه‌مانه بوون: خۆم، موحه‌ممه‌دی مه‌لا ساڵحی شاره‌زووری، موحه‌ممه‌دی مه‌لا عه‌بدوڵلاَی خه‌لیفه، عابیدی مه‌لا سه‌ید عه‌بدول واحید، یاسین و ئیسماعیلی مه‌لا ساڵحی هه‌ڵه‌بجه، ئیبراهیمی مه‌لا عوسمان، نه‌جمه‌دینی مه‌لاعومه‌ر، ئیبراهیم قادر ئه‌حمه‌د، ئه‌حمه‌د قادر{ئه‌حه قاله}، موحه‌ممه‌دی مه‌لا حه‌مه‌كه‌ریم، قادری كۆكۆیی، شێخ له‌تیفی تاوگۆزی، حوسه‌ین حه‌سه‌ن، موحه‌ممه‌دی ئه‌حمه‌د تریفه‌یی، ئه‌وانی ترم بیر نایه‌ته‌وه..
من و موحه‌ممه‌دی مه‌لا عه‌بدوڵلاَی خه‌لیفه ماوه‌یه‌ك له‌ماڵی مامۆستا مه‌لا عومه‌ر دا بووین، مانگی سێ دینارمان معاش هه‌بوو، دوودینارمان مانگانه بۆ مه‌سره‌ف داده‌نا، پاش ماوه‌یه‌ك من و نه‌جمه‌دینی كورِی مامۆستا مه‌لا عومه‌ر كردمان به‌شه‌رِ، ئیتر دوای ئه‌وه لێك جیابووینه‌وه، شاره‌زووری و عابیدیش له ماڵ ماموستا مه‌لا ساڵح بوون، عابیدیش له‌گه‌ڵ مه‌لا سدیقدا كردی به‌شه‌رِ، ئه‌وانیش له‌وی نه‌مان، بۆ هه‌رچوارمان كه ماڵمان له‌وی نه‌بوو، ژورێكیان داینێ له‌مزگه‌وتی كانی عاشقان كه چێشت و نان بۆخۆمان دروست بكه‌ین و تیایا بژین، ماوه‌یه‌ك نان و چێشتمان بۆخۆمان دروستكرد، له‌دواییدا خه‌ڵكی ده‌هاتن سه‌رزه‌نشتیان ده‌كردین كه‌بۆچ وه‌ك فه‌قی راتبه ناكه‌ن و له‌مالاَن چێشت ونان كۆ ناكه‌نه‌وه، منیش زۆرم پێ‌ناخۆش بوو چونكه من تا ئه‌وكاته راتبه‌م نه‌كردبوو، زۆرم پێ شه‌رم بوو، ئیشه‌كانمان دابه‌شكرد چایی لێنانیان دابه من، قاپ شورین عائیدی ئالی خه‌لیفه بوو، و راتبه‌ی نان به‌شی عابید بوو، و چێشتیش عایدی شاره‌زووری بوو.
نێوانی من وهاوه‌ڵه‌كانم:
ئه‌وی شایه‌نی باسه ئه‌م چوار قوتابییه تا ئه‌ندازه‌یه‌كی زۆر نێوانمان خۆش بوو، هه‌رهه‌فته‌ی جارێك بۆ شه‌وی پێنچ شه‌ممه‌و جومعه ده‌چووین بۆ ماڵی یه‌كێكمان، جومعه‌یه‌ك بۆ سه‌یید سادق بۆ ماڵی موحه‌ممه‌دی شاره‌زوری، جومعه‌یه‌ك بۆ سلێمانی بۆ ماڵی موحه‌ممه‌دی خه‌لیفه، جومعه‌یه‌ك بۆ ماڵی ئێمه له‌پێنجوێن، جومعه‌یه‌ك بۆ مالی عابید له دێی {كورِه‌مێو}ی پێنجوین.
هه‌ندی جار له‌هه‌ڵه‌بجه‌وه به‌پێ ده‌هاتینه‌وه بۆ سه‌یید سادق، له‌وێ سه‌ری مه‌زاره‌كه‌ی سه‌ید سادقمان ده‌دا، كه به‌سه‌ر لوتكه‌ی شاخه‌كه‌وه بوو، وه به‌ناوی ئه‌ویشه‌وه شاره‌كه ناونراوه سه‌یید سادق، له‌وێوه ده‌هاتینه خوارێ بۆ سه‌ر گۆرِه‌كه‌ی وه‌لی دێوانه، و هه‌ندی له شیعره‌كانیمان ده‌خوێنده‌وه كه به‌سه‌ر گۆرِكه‌یه‌وه نووسرابوو، كێلی گۆرِه‌كه‌ی زۆر به‌رز بوو، تمه‌ز ئه‌مه له‌سه‌ر وه‌سیتی خۆی بۆیان دروست كردووه، چونكه له‌شیعرێكیا ئه‌ڵێ گۆرِه‌كه‌م باله‌سه‌ر رێی گه‌رمیان وكوێستانی شه‌م بێ، و كێلی قه‌بره‌كه‌یشم به قه‌د بالاَی ئه‌و بێ.
هه‌ندێ جار له {كورِه‌مێو}ه‌وه به‌پێ به‌سه‌ر شاخی{پانی شه‌وه‌قه‌ت}دا شۆرِ ده‌بووینه‌وه به‌سه‌ر{میره زه‌ین}دا و له{چوار باخ}ه‌وه ده‌هاتینه‌وه ناو شاری پێنجوێن، كاتێ ده‌چووین بۆ كورِه‌مێو له‌وێ ده‌گه‌رِاین به‌و باخ و بێستانانه‌دا، هه‌ندێ جاریش له‌گه‌ڵ برا بچووكه‌كانی عابیدا (سدیقی جوانه مه‌رگ و عه‌لی) ده‌رۆیشتن بۆ چه‌می بووزان و له‌وی مه‌له‌مان ده‌كرد، و من له‌وێ فێری مه‌له‌كردن بووم.
مامۆستا مه‌لا ساڵح - به‌ره‌حمه‌ت بێ- به‌رِێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كه‌و مامۆستاش بوو، مامۆستا مه‌لا عومه‌ری –ره‌حمه‌تی-یش یارمه‌تیده‌ر و مامۆستا بوو، ئه‌وی راستی بی به‌ڕێوه‌به‌ری فیعلی مامۆستا مه‌لا عومه‌ر بوو، ئه‌م كاری نووسین و رێكخستنی جه‌دۆل و نوسینی نمره‌كان و رێكخستنی ئیمتیحانات و كار‌و باری ئیداری به‌رێوه ده‌برد. و ئه‌م موحاسه‌به‌ی قوتابیانی ده‌كرد، قوتابی به‌زۆری له‌م ده‌ترسان، و كاتێ له قوتابی ده‌دا زۆر بێ ره‌حمانه لێی ده‌دا، هه‌ندێكیان لێدانیان زۆر ده‌خوارد، به‌تایبه‌ت (ئه‌حه قاله)ی قورِبه‌سه‌ر.
أحسنت ياحسن:
ده‌رسی قورئان و ئینشاو ئیملامان له‌لای مامۆستا مه‌لا عومه‌ر بوو، وه‌ك ده‌رسێك ئه‌حكامی ته‌جویدمان نه‌بوو، به شێوه‌ی خوێندنه‌وه‌كه‌ی ته‌جویدی پێده‌گوتین، له‌راستیدا له‌مه‌وه ته‌جویدی عه‌مه‌لی فێربووین، له‌ده‌ره‌جه دانا زۆر سه‌خی نه‌بوو، زۆر جار كه ئیملای پێده‌كردین ده‌سته‌واژه‌ی وای بۆ ده‌نووسیم زۆرم پێ خۆش بوو، بۆ نموونه زۆر جار ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ی بۆ ده‌نووسیم: { أحسنت ياحسن! بورك بك،}، یا ده‌ینووسی: {ممتاز}، یا {جید جدا}، به‌لاَم كه‌م جار بیگه‌یاندایه‌ته 90%، ئه‌و نوسینانه‌م تا ساڵه‌كانی هه‌شتایش هه‌ر هه‌ڵگرتبوو، ئه‌وه‌نده به‌لامه‌وه خۆشه‌ویست بوو..!!
چاو لێكه‌ری:
هه‌ر به‌و موناسه‌به‌ته‌وه كاتی خۆی كه له‌هه‌ڵه‌بجه بووین مامۆستا شێخ جه‌میلی موفتی ئیمام و خه‌تیبی مزگه‌وتی جامیعه بوو، مامۆستا شێخ خالیدی برایشی موده‌رِیس بوو، به خه‌تێكی جوانی فارسی له سه‌ر ژووره‌كه‌ی نووسرابوو: {المدرس}، منیش خه‌ته‌كه‌م زۆر پێ جوان بوو وه‌ك لاسایی كردنه‌وه‌یه‌ك نووسیمه‌وه،و له لاساییه‌كه‌دا و له‌گه‌ڵ ئاستی ته‌مه‌نمدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بووم، ئه‌و نووسراوه‌م له‌ناو یه‌كێك له ده‌فته‌ره‌كانی ئیملادا نووسیبوه‌وه، كاتی ماڵمان سووتاو رۆیشتینه {بایه‌وه}و پاشان {قه‌لاَی مه‌ریوان}، له‌وێ دوكانم هه‌بوو، له‌دوكان لای خۆما دامنا بوو، شیعری گرِوگالی نزیكبوون له بلووغيم تیا ده‌نووسی، رۆژێكیان فه‌قێیه‌كی {تاڵش}ی كه ناوی {شه‌مسه‌ددین} بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وان سوننی بوون وناوچه‌ی كوردستانیش سوننین.. له‌ناوچه‌ی خۆیانه‌وه هاتبوو بۆ مه‌ریوان و له‌وێ ده‌یخوێند، ئه‌و تابلۆ بچكۆله‌یه‌ی دی كه‌من وشه‌ی ( المدرس ) م تیا نووسیبوو، پێی جوان بوو، لێی پرسیم، منیش حیكایه‌ته‌كه‌یم بۆ گێرِایه‌وه، ئه‌ویش شیعرێكی فارسی له‌په‌نایا نووسی، كه‌ئه‌مه مه‌عناكه‌ی بوو خۆم كردم به‌شیعر:
نوسراو ئه‌مێنێ تا چــه‌ند زه‌مانێ
خاوه‌نی نووسین خــواده‌یـــــزانێ
شه‌ربه‌تی ئه‌جه‌ل چلۆن ئــه‌نۆشێ
و له‌چ جێگایه‌ك گڵ دای ئه‌پۆشێ.
وێنه‌یه‌كی گه‌وره‌كراوی خۆمم پێشكه‌ش به ماڵ رابیعه‌ی خوشكم كرد‌و پاشان ئه‌م شیعره‌م له‌ژێر وێنه‌كه‌دا به‌م جۆره نووسی:
وێنه ئه‌مێنێ تاچـــــه‌ن زه‌مـــانێ خــــاوه‌نی وێنــــه خودا ئه‌یزانێ
شه‌ربه‌تی ئه‌جه‌ل چلۆن ئه‌نۆشێ و له چ جێگایه‌ك گڵ دای ئه‌پۆشێ
# # #
ماویه‌تی....
ژیانی خۆم 4