ئیعتیكاف واته: مانه‌وه له‌مزگه‌وتا به‌نیازی عیباده‌ت و په‌رستن.له‌هه‌مووكاتێكا خێره، به‌ڵام له‌ده‌یه‌می دواینی مانگی ره‌مه‌زانا خێری زیاتره. تا خێری شه‌وی قه‌دری تیا ده‌ستگیر ببێ، كه به‌پێی ئایه‌ت خێری هه‌ر په‌رستنێك له‌وشه‌وه‌دا به‌قه‌د خێری هه‌زار مانگه.. ئه‌و شه‌وه‌ش دیاری نه‌كراوه، و پێغه‌ممه‌رصلى الله عليه وسلم فه‌رموویه‌تی: له‌ده‌ی دواینی مانگی ره‌مه‌زانا بۆی بگه‌رِێن، هه‌روه‌ك له‌مه‌ولا باسی ئه‌كه‌ین.
پێغه‌ممه‌ری خواصلى الله عليه وسلم هه‌موو ساڵێ له‌ده‌یه‌می دواینی مانگی ره‌مه‌زانا ئیعتیكافی كردووه، تا ئه‌و كاته‌ی كۆچی دوایی كردووه، له‌پاش خۆیشی خێزانه‌كانی ئیعتیكافیان كردووه..
له مه‌زه‌بی شافیعیدا كه مه‌زه‌بی زۆربه‌ی میلله‌تی كورده له‌هه‌ر مزگه‌وتێكدا پێی بوترێت: مزگه‌وت دروسته، با له‌شه‌و و رۆژێكیشدا ته‌نیا نوێژێكی تیا بكرێت، به‌ڵام مزگه‌وتێ كه جومعه‌ی تیا بكرێ باشتره تا ئه‌وه‌ی جومعه‌ی تیا نه‌كرێ، بۆ ئه‌وه‌ی پێویستی به‌وه نه‌بێ برِواته ده‌ره‌وه بۆ نوێژی جومعه، و له‌و خیلافه‌ش رزگار ببێ كه‌هه‌ندێك رایان وایه ئیعتیكاف ئه‌بێ له‌مزگه‌وتی جومعه‌دا بێت(1). به‌لای جه‌ماوه‌ری زانایانه‌وه مانه‌وه بۆ ئیعتیكاف له ژوورێكی دابرِاوی ناوماڵ یا قوتابخانه یا كارگه یا دایه‌ره دا بۆ پیاوان دروست نییه، و به ئیعتیكاف دانانرێت...(2).
به‌لای حه‌نه‌فیه‌كانه‌وه له مزگه‌وتێكا دروسته كه نوێژی پێنچ فه‌رزه‌ی تیا بكرێت، ئه‌گه‌ر بۆ پێویستی رۆیشته ده‌ره‌وه له‌مزگه‌وت، ئه‌وا ئیعتیكافه‌كه‌ی به‌تاڵ نابێته‌وه، چونكه حه‌زره‌تی عایشه خوا لێی رازی بێ ئه‌فه‌رمووێ: " وَكَانَ لا يَدْخُلُ الْبَيْتَ إِلاَّ لِحَاجَةٍ إِذَا كَانَ مُعْتَكِفًا". پێغه‌ممه‌رصلى الله عليه وسلم ئه‌گه‌ر له ئیعتیكافا بوایه بۆ پێویستی نه‌بوایه نه ئه‌هاته‌وه‌بۆماڵ(3).هه‌روه‌ها حه‌نه‌فیه‌كان پێیان وایه ئه‌وه‌ی ئیعتیكاف ئه‌كات ئه‌بێ رۆژه‌كه‌یشی به‌رۆژووبێت. چونكه یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی دروست بوونی ئیعتیكاف به‌لایانه‌وه رۆژووه،(4) به‌ڵام له مه‌زه‌بی شافیعیدا به‌رۆژووبوون مه‌رج نییه.
له مه‌زه‌بی مالیكییدا دروسته ئیعتیكاف له‌هه‌ر مزگه‌وتێكا بكرێت، ئیتر جومعه‌ی تیابكرێ، یا پێنچ فه‌رزه، یا ته‌نیا فه‌رزێكی تیابكرێت، مادام ناوی مزگه‌وت بێت دروسته، ئه‌گه‌ر بۆ كه‌متر له هه‌فته‌یه‌ك بوو، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ هه‌فته‌یه‌ك یازیاتر بوو، ئه‌وه ده‌بێ له‌مزگه‌وتی جومعه‌دا بكرێت، چونكه جومعه فه‌رزه، و ئه‌گه‌ر ئه‌و مزگه‌وته‌ی ئیعتیكافی تیا ئه‌كات جومعه‌ی تیا نه‌ئه‌كرا، و بۆنوێژی جومعه هاته‌ده‌ره‌وه ئه‌وا ئیعتیكافه‌كه‌ی به‌تاڵ ئه‌بێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئیعتیكافه‌كه‌ی به‌تاڵ نه‌بێته‌وه، ئه‌بێ له‌مزگه‌وتی جومعه‌دا ئیعتیكاف بكات، ئه‌مانیش وه‌ك حه‌نه‌فییه‌كان پێیان وایه: یه‌كێك له‌مه‌رجه‌كانی دروست بوونی ئیعتیكاف رۆژووه (5).
له‌مه‌زه‌بی حه‌مبه‌لییدا ئه‌بێ ئیعتیكاف له‌مزگه‌وتێكا بكرێت پێنچ فه‌رزه نوێژی جه‌ماعه‌تی تیا بكرێت، ده‌نا دروست نییه، بۆیه ئه‌وه‌شیان به‌مه‌رج گرتووه چونكه ئه‌وان پێیان وایه جه‌ماعه‌تكردن فه‌رزه، و نوێژیش له‌شه‌و و رۆژێكا پێنچ جار دووباره ئه‌بێته‌وه، و ئه‌توانرێ ئیعتیكاف له مزگه‌وتێكی وادا بكرێ كه نوێژی پێنچ فه‌رزه‌ی به جه‌ماعه‌ت تیا بكرێت ".
به‌ڵام مه‌رج نییه به‌لایانه‌وه مزگه‌وته‌كه نوێژی جومعه‌ی تیا بكرێت، ئه‌مانیش وه‌ك شافیعییه‌كان پێیان وایه ئه‌وه‌ی ئیعتیكاف ئه‌كات ئه‌توانێ بۆ نوێژی جومعه ئیعتیكاف به‌جێ بێڵێ و بڕوات بۆ نوێژی جومعه، و زوو بگه‌رِێته‌وه، و مه‌رج نییه به‌رۆژوویش بێ(6).
به‌ڵگه له‌سه‌ر ئیعتیكاف:
به‌ڵگه له‌سه‌ر دروست بوونی ئیعتیكاف قورئان و سوننه‌ت و ئیجماعه.. به‌لكو یه‌كێكه له‌وعیباده‌تانه‌ی له‌ناو میلله‌تانی پێش ئیسلامیش دا هه‌بووه، وه‌ك قورئان بۆ مان باس ئه‌كات و ئه‌فه‌رموێ :" وَعَهِدْنَا إِلَى إِبْرَاهِيمَ وَإِسْمَاعِيلَ أَن طَهِّرَا بَيْتِيَ لِلطَّائِفِينَ وَالْعَاكِفِينَ وَالرُّكَّعِ السُّجُودِ "(7). واته: فه‌رمانمان به ئیبراهیم و ئیسماعیل كرد: ماڵی من بۆ ئه‌وانه پاك بكه‌نه‌وه كه ته‌واف ئه‌كه‌ن و ئیعتیكاف ئه‌كه‌ن و ركوع وسوژده ئه‌به‌ن.له‌ئیسلامیشا ئه‌م ئایه‌ته له‌باره‌ی ئیعتیكافه‌وه‌هاتووه:"وَلا تُبَاشِرُوهُنَّ وَأَنْتُمْ عَاكِفُونَ فِي الْمَسَاجِدِ" (8). واته: كاتێ له‌مزگه‌وتا ئیعتیكافتان كرد له‌ته‌ك هاوسه‌ره‌كانتانا كاری جینسی ئه‌نجام مه‌ده‌ن.
له‌سوننه‌تیشا: فه‌رموده‌یه‌كی زۆر له‌وباره‌وه هه‌یه، یه‌كێ له‌وانه ئه‌و فه‌رمووده‌یه كه بوخاری باسی ئه‌كات: " كانَ النبيُّ صلى الله عليه وسلم يَعتكِفُ فِي كلِّ رَمضانَ عَشرَة أيَّامٍ، فلمَّا كانَ العامُ الذي قُبِضَ فيهِ اعْتكفَ عِشرينَ يَومًا "(9). واته: پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم له‌هه‌موو ده رۆژێكی دواینی مانگی ره‌مه‌زانا ئیعتیكافی ئه‌كرد، به‌ڵام له‌و ساڵه‌دا كه وه‌فاتی كرد بیست رۆژ ئیعتیكافی كرد..
هاوه‌ڵه‌كان وخێزانه‌كانی پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم پاش خۆی ئه‌نجامیان داوه، و ئیجماعی زانایانی ئیسلامیش له‌سه‌رئه‌وه‌یه كه: مانه‌وه له‌ناو مزگه‌وتا به‌نیازی په‌رستنه‌وه خێرێكی گه‌وره‌یه.
روكنه‌كانی ئیعتیكاف:
ئیعتیكاف دوو روكنی هه‌یه:
یه‌كه‌م، وه‌ك هه‌ر په‌رستنێكی تر پێویستی به نیاز و نیه‌ت هه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نییه به‌ده‌م بوترێ..
دووه‌م، مانه‌وه له‌مزگه‌وتا..به‌مه‌رجێ له ئه‌ندازه‌ی مانه‌وه له‌ركووع یا سوژده‌دا كه‌مێ زیاتربێ..
كاتێكی تایبه‌ت بۆ ئیعتیكاف دیاری نه‌كراوه، ئینسان ئه‌توانێ له‌هه‌ر كاتێكدا ئیعتیكاف بكات، هه‌روه‌ك شێخی ئیبنو حه‌جه‌ر له فه‌تحا ئه‌فه‌رموێ: زانایان له‌ماوه‌ی مانه‌وه له‌مزگه‌وتا یه‌كرِان له‌وه‌دا كه سنوورێ بۆلای ژوورووی ئیعتیكاف نییه، به‌ڵام له لای خواروویا جیاوازی راو بۆ چوونیان هه‌یه، ئه‌وانه‌ی وتویانه رۆژوو مه‌رجه بۆ ئیعتیكاف، وتوشیانیه: نابێ له‌رۆژێ كه‌متربێ، هه‌ندێك وتویانه نابێ له‌ده‌رۆژ كه‌متربێ، هه‌ندێكی تر پێیان وایه به‌رۆژێك و دوورۆژیش ئه‌نجام ئه‌درێت.. ئه‌وانه‌ی رۆژوویان به مه‌رج نه‌گرتووه، وتویانه:هه‌ر ئه‌ندازه‌یه‌ك پێی بوترێ مانه‌وه دروسته بۆ ئیعتیكاف(10).
له مه‌زه‌بی شافیعیدا ئیعتیكاف كردن بۆ ماوه‌یه‌كی زۆركه‌میش دروسته، بۆ نموونه: ركووعێكی نوێژ چه‌ندی پێ ئه‌چێ، ئه‌توانێ له‌مزگه‌وتا ئه‌وه‌نده بمێنیێته‌وه به‌نیازی ئیعتیكاف، ئه‌م مانه‌وه‌یه‌ش مه‌رجه له‌ناو مزگه‌وتا بێت، ئه‌گه‌رله‌سه‌ر بانی مزگه‌وت، یا به‌رهه‌یوانی، یا ژووری بانگده‌ر و مجێوری مزگه‌وت، یاژووری فه‌قێیشدا بوو هه‌ر دروسته(11). به‌ڵام باشتر وایه له‌ماوه‌ی رۆژێك كه‌متر نه‌بێ، و هه‌ركاتێ رۆیشته ناو مزگه‌وته‌وه ئه‌توانێ نێتی ئیعتیكاف بێنێ بۆ ئه‌و ماوه‌ی تیا ئه‌مێنێته‌وه (12).
ئیعتیكاف دوو جۆره:دوو جۆر ئیعتیكافمان هه‌یه، جۆرێكیان واجب و ئه‌وی تریان سوننه‌ت. واجب ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ به‌ده‌ستی خۆی له‌سه‌رخۆیی نه‌زر بكات، و بۆنموونه بڵَّێت: نه‌زربێ رۆژی دووشه‌ممه هه‌ر له‌به‌یانییه‌وه تا نوێژی مه‌غریب له‌مزگه‌وتا بۆ ئیعتیكاف بمێنمه‌وه. به‌م وشه‌ی نه‌زره وه‌ك فه‌رزی لێ دێت و ئه‌گه‌ر ئه‌نجامی نه‌دات گوناهبار ئه‌بێ..
به‌ڵام سوننه‌ت ئه‌وه‌یه: نیازی وابێ ئیعتیكاف بكات بێ مه‌به‌ستی له‌سه‌ر خۆفه‌رزكردن و ناوهێنانی نه‌زر، وه‌ك كارێكی سوونه‌ت ئه‌نجامی بدات بۆ ئه‌وه‌ی خێری ده‌ستگیر ببێت..
هه‌ندێ پێش نیاز بۆ ئه‌وانه‌ی ئیعتیكاف ئه‌كه‌ن:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه ئیعتیكاف سوننه‌تێكی گه‌وره‌ی پێغه‌ممه‌ره صلى الله عليه وسلم، و به‌تایبه‌ت له ره‌مه‌زانا ماوه‌ی ده‌رۆژ ئه‌خایه‌نێ، و كه‌سانێكی خێرخواز ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، واباشتره كه مامۆستای مزگه‌وت یاكه‌سێكی تری متمانه پێكراو لای خه‌ڵكه‌كه، ئه‌گه‌ر بتوانێ سه‌ر په‌رشتی ئه‌و كه‌سانه بكات كه ئیعتیكافه‌كه ئه‌كه‌ن، و به‌رنامه‌یه‌كی رێكوپێكیان بۆ ئاماده بكات، تا خه‌ڵكه‌كه سوودی زیاتر له‌وكاتی ئیعتیكافه‌یان وه‌ربگرن و ئینشائه‌ڵڵا به‌رهه‌مێكی باشتر وچاتری بۆیان ببێ، خۆ ئه‌گه‌ر ته‌گبیری ئه‌وه بكرێت نوێژ خوێنه‌كان له‌نێو خۆیانا پاره‌یه‌ك كۆ بكه‌نه‌وه‌و بووجه‌یه‌كی لێ پێك بێنن تا یه‌كێ سه‌رپه‌رشتی بكات، بۆ كرِینی خواردن وخواردنه‌وه و پێویستیه‌كانی تری ئیعتیكاف، و پێشتر خه‌ڵكی لێ ئاگادار بكرێته‌وه كه له‌فڵان مزگه‌وتا ده‌شه‌وه‌ی دواینی ره‌مه‌زان ئیعتیكاف ئه‌كرێ، و فڵان مامۆستای زانا‌و پارێزكار سه‌رپه‌رشتی ئه‌كات، و به‌رنامه‌ی ئیعتیكافه‌كه‌یشی تیا بڵاو بكرێته‌وه، و كه‌سانی زانا‌و پارێزكارو گیانبه‌هێزی بۆ ده‌عوه‌ت بكرێ تا له‌و شه‌وانه‌دا ده‌رسیان هه‌بێ، ئینشائه‌ڵلا شوێنه‌وارێكی گه‌وره‌ی له ژیانی ئاماده‌بووانا ئه‌بێت، چونكه تێكه‌ڵی پیاوچاكان وله‌گه‌ڵا ژیانیان شوێنه‌واری خۆی هه‌یه.
له‌مێژه وتوویانه: حاڵی پیاوێك له‌هه‌زار پیاوا، به‌كار تره تا وتاری هه‌زار پیاو له پیاوێكا، هه‌روه‌ها وتویانه: هاونشینیی خواناسی زاهید ده‌ستت له شه‌ش شته‌وه ده‌گرێت بۆ شه‌ش شت:
1- له‌گومانه‌وه بۆ دڵنیایی. 2- له ریاوه بۆ پاڵفته‌یی وئیخڵاس. 3- له‌دڵ غافڵبوونه‌وه بۆ یاد كردنه‌وه. 4- له ئاره‌زومه‌ندبوونی دنیاوه بۆ ئاره‌زومه‌ندبوونی قیامه‌ت. 5- له خۆبه‌زلزانینه‌وه بۆ خاكیه‌تی. 6- له به‌د ره‌فتارییه‌وه بۆ ئامۆژگاری. كه‌وابوو با زانا، یا بانگخوازێكی له‌وبابه‌ته له ئیعتیكافه‌كه‌دا هه‌بێ، تا نموونه‌یه‌كی جوان بێ بۆ ئاماده‌بوانی ئیعتیكافه‌كه.
له‌وانه‌یه له‌ناو ئاماده‌بوانی ئیعتیكافه‌كه‌دا كه‌سانێكی قوتابی، یاكرێكار، یامووچه‌خۆر هه‌بێ، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر پێویسته له‌به‌رنامه‌كه‌دا چاودێری ئه‌و لایه‌نانه بكرێت. هه‌روه‌ها پێویسته هه‌ر زیكر‌و ویرد و نافیله‌یه‌ك له‌به‌رنامه‌كه‌دا دائه‌نرێ، به‌ڵگه‌ی له قورئان و سوننه‌تا هه‌بێت، تا خه‌ڵكه‌كه له‌ئه‌نجامدانی زیاتر دڵنیا بن..
منیش له سایتی ئیسلام ئۆن لایندا هه‌ندێ پێش نیازی جوانم بینی وا لێره‌دا پوخته‌یه‌كی ئه‌خه‌مه به‌رده‌ست خوێنه‌ران به‌هیوای ئه‌وه له ئیعتیكافیانا ئینشائه‌ڵلا سوودی لێ وه‌ربگرن.
كورته‌یه‌كی ئه‌و پێشنیازانه كه ئه‌كرێ له‌كاتی ئیعتیكافه‌كه‌دا جێ به‌جێ بكرێن:
1. سه‌ره‌تا و ده‌ستپێك: وتارێكیان بۆ ئاماده‌بكات كه گه‌وره‌یی ئیعتیكافیان بۆ تیا روون بكاته‌وه، كه چ قازانجێكی مه‌زنی هه‌یه، گرنگی نییه‌ت و پاڵفته‌یی مه‌به‌ست بۆخوایان بییر بخاته‌وه، و بییریان بێنێته‌وه كات چه‌ند گرنگه، و جێی خۆیه‌تی سوود له‌هه‌موو چركه وخوله‌كێكی ژیانیان وه‌ربگرن، به تاعه‌تكردن و زه‌خیره‌خستن بۆ پاشه رۆژ، و به‌رنامه‌ی ئیعتیكافه‌كه‌شیان بۆ باس بكات.
2. پرِۆژه عیباده‌تییه‌كان: زۆر پێویسته ئاماده‌بووانی ئیعتیكاف هان بدرێن بۆ خێركردنی زۆرتر، له نوێژه سووننه‌ته‌كان، و قورئان خوێندن، و یادی خوا، و دووربوون له‌قسه‌ی بێسوود، ...تاد. ئه‌شتوانرێ بۆ هه‌ر رۆژێ پرۆژه‌یه‌كی عیباده‌تی دیاریكراو دابنرێ، بۆ نموونه: پرۆژه‌ی یه‌كه‌م رۆژ: خوێندنی چه‌ند جزمێك بێت له‌قورئان به‌هۆشیاری و ئاگادارییه‌وه.. رۆژی دووه‌م كۆمه‌ڵێ زیكر ویادی هه‌مه‌جۆربێت، رۆژی سێیه‌م به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی ئه‌و برِه قورئانه‌بێ كه پێشتر له‌به‌ریان كردووه. رۆژی چواره‌م ژماره‌یه‌كی زۆر له نوێژه سوننه‌ته كان و ئه‌وانه‌ش كه سوننه‌تی ره‌هان.. هه‌روه‌ها..
3. شه‌ونوێژ: شه‌ونوێژ زه‌قترین نیشانه‌یه‌كی ئیعتیكافه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كاركردێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ده‌روونه‌كان هه‌یه، و ئینسان هه‌ست به‌نزیكبونه‌وه‌یه‌كی راسته‌قینه له خواوه ئه‌كات، هه‌روه‌ك پێغه‌ممه‌ری خۆشه‌ویست صلى الله عليه وسلم، ده‌فه‌رموێ:"أقرَبُ مَا يَكونُ الرَّبُ مِنَ العَبدِ فِي جَوْفِ الليْلِ الآخِر"(13)،واته: نزیكترین كاتێ كه‌په‌روه‌ردگار له‌به‌نده‌ی خۆیه‌وه نزیك بێت ناو كاته‌كانی دوایینی شه‌وه.
له‌شه‌ونوێژا دڵان پاڵفته ئه‌بن، و ده‌روونه‌كان گه‌ردن كه‌چ ئه‌بن، و رۆحه‌كان به‌ره‌و باره‌گای په‌روه‌ردگاریان به‌رز ئه‌بنه‌وه، و به‌هاوسێیه‌تی په‌روه‌ردگاریان به‌هره‌مه‌ند ئه‌بن، وله‌ره‌حمه‌تیا ئه‌حه‌سێنه‌وه.
ئه‌گه‌ر بتوانرێ قورئانخوێنێكی ده‌نگخۆشی پارێزكاریان بۆ په‌یابكرێ، تاكاتێ قورئانه‌كه‌ی خۆێند واتای قورئانه‌كه حاڵی ببن و له‌زه‌ت بچێژن، وه‌ك ئیبنو ماجه له سه‌حیحدا باسی كردووه پێغه‌ممه‌رصلى الله عليه وسلم، فه‌رموویه‌تی:"إنَّ مِنْ أحْسَنِ الناسِ صَوْتاً بِالقُرْآنِ الذي إذا سَمِعتمُوهُ يَقرَأ حَسِبتمُوهُ يَخشَى اللهَ " (14)، ده‌نگ خۆشترین قورئان خوێن ئه‌وه‌یه كاتێ گوێتان لێ‌بوو قورئان ئه‌خوێنێ وا بزانن له‌خوا ئه‌ترسێ..
باشتر وایه ئه‌و شه‌ونوێژه‌ش بخرێته سێ یه‌كی سێ یه‌می شه‌و، واته: كاتێ دوو به‌شی شه‌و ئه‌رِوات و به‌شێكی ئه‌مێنێ، تا به‌ر ئه‌و ره‌حمه‌ت و به‌ره‌كه‌ته بكه‌ون كه له‌وكاته‌دا به‌دی دێ، چه‌نكه پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم، فه‌رموویه‌تی: "إذا مَضَى شَطرُ الليلِ أوْ ثلثاهُ يَنزلُ اللهُ تباركَ وتعالىَ إلىَ السَّماءِ الدنيا، فيَقوُلُ: هَلْ مِنْ سَائلٍ يُعطَىَ! هَلْ مِنْ داع يُستجابُ لهُ! هلْ منْ مُستغفرٍ يُغفرُ لهُ! حَتىَ يَنفجرَ الصبحُ"(15)، واته: كاتێ نیوه‌ی شه‌و یا دووسێ یه‌كی رِۆیشت، خوای ته‌عالا دائه‌به‌زێته ئاسمانی دنیا، و ئه‌فه‌رموێ: كه‌سێك هه‌یه داوا بكات تاپێی بدرێ؟ كه‌سێك هه‌یه نزابكات تا بۆی گیرا بكرێ؟ كه‌سێك هه‌یه داوای لێخۆشبوو‌ن بكات تا لێی ببورێ؟ ئه‌مه‌ش تا به‌ره‌به‌یان ده‌مێنێ..
ئه‌توانرێ له‌نێوان دووركاته‌كانی شه‌و نوێژا هه‌ندێ كورته ئامۆژگاری دڵنه‌رمكه‌ری تیا بهۆنرێته‌وه، وه‌ك باسكردنی ئه‌و هه‌موو به‌هرانه‌ی خوا پێی داوین..و باسی خۆشی به‌هه‌شت و نیعمه‌ته كانی، و دیمه‌نه‌كانی تری رۆژی قیامه‌ت.. ئه‌گونجێ چه‌ند برِگه‌یه‌كی تریشی تیا بسازێنرێ وه‌ك ئه‌وه یه‌كێك له ئاماده‌بوان ئایه‌تێكی دیاریكراو ئاماده بكات، و یاداشتێكی ساده‌ی له‌باره‌وه باس بكات، و بوار بۆ ئه‌وانی تر بكاته‌وه، تا بییر له‌واتاكه‌ی بكه‌نه‌وه، و له‌ته‌كیا بژین..
4. خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ كتێب: واباشه پاش ته‌راویح و پێش كاتی نوستن برِگه‌یه‌كی به‌رنامه‌كه بریتی بێ له باسكردن وخوێندنه‌وه‌ی ئه‌وكتێبانه‌ی په‌یوه‌ندییان به نه‌رم وناسك كردنه‌وه‌ی دڵه‌وه هه‌یه. ئه‌ویش مامۆستا یا یه‌كێك له‌وانه‌ی زانیارییه‌كی باشیان هه‌یه و رۆحانییه‌تیان به‌هێزه به‌كورتی بابه‌تێك له‌و كتیبانه بخوێنێته‌وه، و باشان بوار بدات به ئاماده بوان باس وخواسی له‌سه‌ر بكه‌ن، تا سووده‌كانی ئه‌وبابه‌ته زه‌ق ببێته‌وه، وپێویستیی كرده‌وه‌یی لێ وه‌ربگیرێ.
5. جه‌ند وشه‌یه‌ك پاش نوێژه‌كان: له‌ئیعتیكافا ده‌روونه‌كان ناسك ئه‌بنه‌وه، و گیانه‌كان به‌رز ئه‌بنه‌وه، وحاڵه‌تێك له‌ئاماده‌بوون بۆ وه‌رگرتنی په‌ندو ئامۆژگاری دروست ئه‌بێ، ئه‌مه‌ش هه‌لێكی گونجاوه تاپاش نوێژه‌كان به‌چه‌ند وشه‌یه‌كی كورت وئاراسته‌كراو خوو و ره‌وشتی به‌رزی تیا بنێژرێت. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و وشانه به‌رهه‌می خۆیان باشتر بده‌ن، واباشه پێشتر به‌رنامه‌یه‌كی وای بۆ دانرابێت كه له‌گه‌ڵ حاڵی ئاماده‌بوانا بگونجێ.
6. ئه‌ڵقه‌ی ته‌جویدی قورئان: ماوه‌ی ئیعتیكافه‌كه هه‌لێكی باشه بۆ ئه‌وانه‌ی شاره‌زایی ته‌جویدیان نییه ته‌جوید فێر ببن، و قورئان خوێندنه‌وه مافی خۆی پێ بدرێ..كاتی گونجاویش بۆ ئه‌م ئه‌ڵقه‌یه پاش نوێژی عه‌سر، یا پاش نوێژی به‌یانییه.
7. پێشبرِكێی قورئان له‌به‌ركردن: له‌م پێش برِكێیه‌دا چه‌ند سووره‌تێكی دیاریكراو دابین بكرێ، یا ژماره‌یه‌ك له فه‌رمووده‌كانی پێغه‌ممه‌ر، و هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ئیعتیكافه‌كه‌وه كاتی تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌ویش رابگه‌یه‌نرێ.له‌گه‌ڵ راگه‌یاندنی كاتی پێش برِكێ كه‌دا خه‌ڵاتێكی شیاو بۆ یه‌كه‌م و دووه‌م و سێهه‌م دیاری بكرێ.. باشتر وایه پێش بركێكه له‌ئاستێكی جیاوازابن بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵكێكی زیاتر بتوانن به‌شداری تیا بكه‌ن.
8. پرسیاری ئه‌مرِۆ: ئه‌كرێ پێش برِكێیه‌كی رۆژانه دروست بكرێ، و له‌سه‌ره‌تای رۆژه‌كه‌وه پرسیاره‌كه رابگه‌یه‌نرێ، وداوا له‌ئاماده‌بوانی ئیعتیكافه‌كه بكرێ وه‌ڵامه‌كه‌ی له وه‌ره‌قه‌یه‌كدا بنوسنه‌وه، له‌كۆتایی رۆژه‌كه‌دا سه‌یری وه‌ڵامه‌كان بكرێ و ئه‌وی سه‌ركه‌وتوو بوو خه‌ڵاتی پێ بدرێت. باش وایه ئه‌م پرسیارانه له‌باره‌ی واتایه‌كه‌وه بن كه ناشتنی له‌دڵی ئاماده‌بوانا مه‌به‌ست بێ.
9. دانیشتنی خۆ به‌یه‌ك ناسین: ئه‌م دانیشتنانه‌ی نێوان ئاماده‌بووان له‌روانگه‌ی ئه‌و ئاته‌وه‌بێ كه ئه‌فه‌رموێ:"يَا أَيُّهَا النَّاسُ إِنَّا خَلَقْنَاكُم مِّن ذَكَرٍ وَأُنثَى وَجَعَلْنَاكُمْ شُعُوبًا وَقَبَائِلَ لِتَعَارَفُوا"(16)، واته: خه‌ڵكینه! ئێوه‌مان له‌نێرو مێیه‌ك دروست كردوه، و چه‌ندان میلله‌ت و هۆزمان لێ به‌دیهێناون تا یه‌كتر بناسن.. به‌شێوه‌یه‌ك خه‌ڵكه‌كه هان بدات بۆ خۆبه‌یه‌ك ناسین و هۆگری وخۆشه‌ویستی.تا به‌رئه‌و مژده‌یه بكه‌ون كه پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم، فه‌رموویه‌تی:له‌و رۆژه‌دا كه جگه له‌سایه‌ی خوا هیچ سایه‌یه‌ك نیه، خوا حه‌وت تاقم ئه‌خاته سایه‌ی ره‌حمه‌تی خۆیه‌وه، یه‌كێ له‌و حه‌وته ئه‌وانه‌ن كه‌له‌به‌ر خاتری خوا یه‌كترینیان خۆش ئه‌وێت، و كۆبوونه‌وه‌و جیابوونه‌وه‌یان له‌به‌ر ره‌زای خوایه.(17). ئه‌مه له‌لایه‌كه‌وه، له لایه‌كی تره‌وه ئه‌م خۆ به‌یه‌كناسینه پاش ئیعتیكافه‌كه ئه‌بێته هۆی یارمه‌تیدانی یكتر له به‌رده‌وام بوون بۆ تاعه‌تی خوا ..باشتر وایه هه‌ندێ خوارد ن وخواردنه‌وه‌ی تیا بێت..
10. هه‌واڵی موسڵمانان و جیهان: بۆ ئه‌وه‌ی له‌حاڵی دنیا‌و برایانی هاو ئاینیان بێ ئاگانه‌بن و دانه‌برِێن باشتر وایه رۆژانه هه‌واڵه‌كانی رۆژ له لاپه‌رِه‌یه‌كدا هه‌ڵبواسرێ..
له‌كۆتاییدا هه‌ڵسه‌نگاندن و راستكردنه‌وه:
له‌كۆتایی ئیعتیكافه‌كه‌وه پێویسته لایه‌نه جۆراو جۆره‌كانی ئیعتیكافه‌كه به ئه‌رێ و نه‌رێ هه‌ڵبسه‌نگێنرێ، تا سوودی بۆ ساڵانی داهاتوو لێ وه‌ربگیرێ، وكاتی ئاماده‌بوانی ئیعتیكاف به‌زایه نه‌چێت.
له‌كۆتاییدا داواكارم خوا یارمه‌تیده‌ری هه‌موان بێ بۆ به‌هره‌وه‌رگرتن له‌م هه‌له ره‌خساوه‌ی مانگی ره‌حمه‌ت ولێخۆشبوون.
.....................................
سه‌چاوه‌کان:
1. سه‌یرێكی (مغني المتاج إلى معرفة معاني الفاظ المنهاج) بكه، 1/450.
2. جگه له ئیبنولوبابه‌ی مالیكی، كه‌یه‌كێكه له‌زانا پایه به‌رزه‌كانی مالیكی، ئه‌و پێی وایه له‌هه‌موو شوێنێكا ئیعتیكاف دروسته، و حه‌نه‌فییه‌كانیش پێیان وایه ئافره‌ت بۆی هه‌یه له‌مزگه‌وتی تایبه‌تی ماڵ خۆ‌یا ئیعتیكاف بكات، وهه‌ندێ له زانایانی شافیعی و مالیكی پێیان وایه ئیعتیكاف له‌مزگه‌وتی ماڵه‌وه‌دا بۆئافره‌ت و پیاویش دروسته، چونكه ئه‌مه فه‌رز نییه، و جگه له‌فه‌رزیش له‌ماله‌وه بكرێ باشتره. سه‌یری ( فتح الباري بشرح صحيح البخارين للحافظ ابن حجر العسقلاني) بكه. له كتاب الاعتكاف/ باب الاعتكاف في العشر الأواخر ،دا.
3. سه‌یری كتێبی (الهداية في شرح البداية) بكه له‌باسی رۆژوو/ئیعتیكافدا. فه‌رموده‌كه‌ی عائیشه له (صحيح البخاري )دایه، كتاب الاعتكاف/ باب لايدخل البيت إلا لحاجة ، ل 399.
4. سه‌یری كتێبی (الهداية في شرح البداية) بكه له‌باسی رۆژوو/ئیعتیكافدا.
5. سه‌یری كتێبی ( التلقين) كتاب الصيام/باب ذكر أحكام الاعتكاف . بكه.
6. سه‌یری كتیبی ( المغني لإبن قدامة المقدسي)بكة، كتاب الاعتكاف/ مكان الاعتكاف ..
7. سورة البقرة/125.
8. سورة البقرة/187 .
9. أخرجه البخاري في كتاب الاعتكاف/باب الاعتكاف في العشر الأوسط من رمضان. ص403، برقم: 2044.
10. فتح الباري بشرح صحيح البخاري للحافظ ابن حجر العسقلاني، كتاب الاعتكاف/ باب الاعتكاف في العشر الأواخر ..
11. سه‌یرێكی شه‌ریعه‌تی ئیسلام بكه، 1/252.
12. سه‌یرێكی (مغني المتاج إلى معرفة معاني الفاظ المنهاج) بكه، 1/452.
13. أخرجه الترمذي في كتاب الدعوات/ باب في دعاء الضيف، برقم:3503. وقال الترمذي: حسن صحيح .
14. أخرجه ابن ماجة بسند صحيح، كتاب إقامة الصلاة/باب في حسن الصوت بالقرآن، برقم: 1329.
15. أخرجه مسلم في صحيحه/ كتاب صلاة المسافرين/باب الترغيب في الدعا‌ء والذكر، ص/333، برقم: 1263.
16. سورة الحجرات/13 .
17. أخرجه البخاري كتاب الأذان/باب من جلس في المسجد ينتظر الصلاة، وفضل المساجد، صفحة/132، برقم: 620.