باسی پێغه‌ممه‌ر له‌كتێبی پیرۆزا:
هه‌روه‌ك ئاشكرایه جووه‌كان و دیانه‌كان دان به‌وه‌دا نانێن كه موحه‌ممه‌د- صلى الله عليه وسلم - پێغه‌ممه‌ری خوا یا دواین پێغه‌ممه‌ر بێت.. به‌لاَم پاش ماوه‌یه‌ك له‌خوێندنه‌وه‌ی كتێبی زانایاندا و گه‌ڕان به‌شوێن راسته‌قینه‌دا له‌كتێبه‌كانی مامۆستا ئه‌حمه‌د دیداتدا په‌یم به‌و راستییه‌برد و ئه‌و حه‌قیقه‌ته ونكراوه‌م دۆزییه‌وه، و بۆم ده‌ركه‌وت كه پێغه‌ممه‌ری ئیسلام سلاَوی خوای لێ بێ به‌ڕوونی له‌كتێبی پیرۆزا باسكراوه، وا لێره‌شدا هه‌ندێ نموونه له‌وباره‌وه ده‌خه‌مه به‌رده‌ست خوێنه‌رانی هێژا:
1- له{سیفری ته‌كوین}دا نووسراوه: "ئایا ئه‌وه‌نه‌بوو په‌روه‌ردگار به‌ڵێنی به‌هاجه‌ر دا كه له ئیسماعیلی كوڕیا نه‌ته‌وه‌یه‌كی گه‌وره به‌دی بێنێ؟ [ التكوين 21:18 ] " له‌باره‌ی ئه‌م نه‌ته‌وه گه‌وره‌یه‌وه له‌كتێبی پیرۆزا چی گوتراوه؟ هیچ شتێ..!! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه موحه‌ممه‌د - صلى الله عليه وسلم – له‌نه‌وه‌ی ئیسماعیله و ئه‌و نه‌ته‌وه گه‌وره‌یه‌ش نه‌ته‌وی ئیسلامییه..
2- له سه‌رده‌می دێرینا نووسراوه: "په‌روه‌ردگار به‌ڵێنی به‌مووسا دا كه‌پێغه‌ممه‌رێكی هاو شێوه‌ی به‌دی بێنێ " [ العهد القديم:18نص18 ] . ته‌نیا كه‌سێ له‌مووسا بچێت موحه‌ممه‌ده سلاوی خوایان لێ بێ.
به‌لاَم دیانه‌كان ده‌ڵێن: ئه‌و پێغه‌ممه‌ره یه‌سووعه، واته: عیسایه سلاوی لێ بێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه هه‌رگیز عیسا و مووسا له‌یه‌ك ناچن.. ئێمه ته‌نیا نموونه‌یه‌ك دێنینه‌وه بۆ سه‌لماندنی ئه‌و قسه‌یه‌مان، مووسا {سلاَوی لێ بێ} پێغه‌ممه‌ره، به‌لاَم عیسا {سلاَوی لێ بێ} دیانه‌كان به‌خوای داده‌نێن، خۆ شتێكی ئاشكرایه جیاوازی له‌نێوان پله‌و پایه‌ی خوایه‌تی و پێغه‌ممه‌رایه‌تیدا زۆر زۆره.. له ئینجیلی یۆحه‌ننادا نووسراوه: "له‌سه‌رده‌می یه‌سووعدا خه‌ڵك جیاوازییه‌كی گه‌وره‌ی راو بۆچوونیان له‌مه‌سه‌له‌ی ناردنی مه‌سیحدا هه‌بوو، هه‌ندێ ده‌یان گوت: ئه‌مه ئه‌و پێغه‌ممه‌ره‌یه كه له‌لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه به‌ڵێن به‌مووسا دراوه، ئه‌وانی تریش ده‌یان گوت: نه‌ء، ئه‌وه مه‌سیحه " [ إنجيل يوحنا:7 نصّ 40-41 ] ئه‌وه‌ی كه له‌و نووسراوه‌وه وه‌رده‌گیرێ ئه‌وه‌یه كه ئه‌وان جگه له‌یه‌سوع چاوه‌ڕوانی پێغه‌ممه‌رێكی تر ده‌كه‌ن.
له‌ئینجیلی یۆحه‌ننادا نووسراوه كه: " له‌باره‌ی كه‌سایه‌تی عیسا{سلاَوی لێ بێ} پرسیاریان له یۆحه‌ننای مه‌عمه‌دان{یه‌حیا سلاوی خوای لێ بێ} كرد، ئه‌ویش له‌وه‌لاَمدا گوتی: ئه‌وه مه‌سیحه پێغه‌ممه‌ر نییه. و ئیلاهیش نییه " كه‌وابوو ئه‌و پێغه‌ممه‌ره‌ی یۆحه‌ننا باسی ده‌كات ئه‌گه‌ر موحه‌ممه‌د {سلاَوی لێ بێ}نه‌بێ كێیه؟
3- یه‌سووع مژده‌ی به‌هاتنی {باره‌قلیتیكی تر} داوه‌ئه‌موشه‌یه له‌وشه‌ی یۆنانی {بارقلیتۆس}ه‌وه هاتووه، وه‌رگێڕانی كتێبی پیرۆز ته‌رجومه‌یان به دڵدانه‌وه‌كه‌ری رۆحول قودس كردووه، [ يوحنا 14نصّ :15-26 ] ، به‌لاَم له‌راستیدا{ باره‌قلیتیكی تر }واته: تكا كارێكی تر، یانی مرۆڤێكی تر..
سه‌رنج بده‌نه ئه‌وه‌ی له [ يوحنا16نصّ13-14 ] له‌باره‌ی یه‌سوع {سلاَوی لێ بێ}وه هاتووه : " له‌به‌ر ئه‌وه له‌لایه‌ن خۆیه‌وه قسه ناكات، به‌ڵكو قسه‌یه‌ك ده‌كات كه ده‌یبیستێ، و ئه‌وه‌شی رووبدات هه‌واڵتان پێ ده‌دات " ئه‌م سیفه‌ته بۆ رۆحول قودس ده‌ست نادات، كه له عه‌قیده‌ی دیانه‌كاندا به كه‌سی سێیه‌می خوایه‌تی دێت، موسته‌حیله رۆحول قودس كه ئه‌ڵلابێ ئه‌و قسانه بكات.. به‌لاَم سه‌رنج بده‌ن چه‌ند له‌گه‌ل وه‌سفی موحه‌ممه‌دا { سلاَوی خوای لێ بێ } ده‌گونجێ، چونكه له‌قورئانا به‌م جۆره وه‌سفی كراوه كه به‌واتای ئه‌و وشانه هاتووه: " وَمَا يَنْطِقُ عَنِ الْهَوَى ، إِنْ هُوَ إِلاَّ وَحْيٌ يُوحَى." النجم ] /3-4. واته: له‌هه‌واوئاره‌زوكارییه‌وه قسه‌ناكات، ئه‌وه‌ی باسی ده‌كات به‌وه‌حی بۆی دێت.. ئه‌و قسانه له‌لایه‌ن خودی موحه‌ممه‌ده‌وه {سلاوی خوای لێ بێ}نیین، به‌ڵكو له‌لایه‌ن خواوه‌یه و به‌هۆی جوبریلی فریشته‌وه پێی ده‌گات، تا پاش ئه‌وه له‌لایه‌ن پێغه‌ممه‌ره‌وه بیسراو بێت..
ده‌بینین موحه‌ممه‌د پێغه‌ممه‌ر سلاوی خوای لێ بێ له‌باره‌ی زۆر شتی ئاینده‌وه قسه‌ی كردووه و هه‌واڵی روودانی نیشانه پچووك و گه‌وره‌كانی قیامه‌تی داوه، هه‌روه‌ها وێنه‌یه‌كی ته‌واوی به‌رجه‌سته‌ی قیامه‌تی كێشاوه..
به‌شی زۆری ئه‌و نیشانه وخه‌به‌ره بچووكانه‌ی له‌باره‌یانه‌وه دوواوه هاتوونه‌ته دی، كه ئه‌وه‌ش په‌یامه‌كه‌ی ده‌سه‌لمێنێ..
خۆ یه‌كێ له‌نیشانه‌ی ئه‌وانه‌ی ئیددیعای پێغه‌ممه‌ریه‌تی ده‌كه‌ن ئه‌وه‌یه كه هه‌واڵی ئاینده‌یان به‌درۆ ده‌ر بچێت، هه‌روه‌ك له سیفری ته‌سنیه‌دا هاتووه: [ التثنية :18النص21-22 ] .
پاشان سه‌رنج بده چۆن په‌روه‌ردگار وه‌حی بۆ مووسا ناردووه‌و مزگێنی هه‌رسێ په‌یامه ئاسمانیه گه‌وره‌كانی پێداوه؟ ئه‌و په‌یامه‌ی به مووسا‌و عیسا و موحه‌ممه‌دا{ سلاَوی خوایان لێ بێ} ناردوویه‌تی: " هه‌میشه‌یی له‌سیناوه هاتووه، له سه‌یرا تیشكی داوه‌ته‌وه، و له‌كێوی باراندا راخراوه " [ التثنية: 33 نص 2] .
باران هه‌ر ئه‌و شوێنه‌یه كه ئه‌مرۆ پێی ده‌گوترێ مه‌ككه، ئه‌وشوێنه‌ی كه له‌سه‌رده‌می دێرینا ئیسماعیلی لێ په‌یدا بوه، ئه‌وشوێنه‌ی كه تیایا موحه‌ممه‌د - صلى الله عليه وسلم- په‌یامی ئیسلامی پیانێرراوه..
ئێستا به‌راوردێ بكه له‌نێوان ئه‌و ده‌قه‌ی پێشوو له كتێبی پیرۆزدا و ئه‌م ئایه‌تانه‌ی قورئاندا: "وَالتّينِ وَالزّيْتُونِ، وَطُورِ سِينِينَ، وَهَـَذَا الْبَلَدِ الأمِينِ. " سورة التين /1-3.
ئه‌م ئایه‌تانه هێما بۆ شوێنی هه‌رسێ په‌یامه یه‌كتا په‌رستییه‌كه ده‌كه‌ن.. هه‌نجیر و زه‌یتوون هێمان بۆ خاكی شام و شوێنی له‌دایكبوونی عیسا، و تووری سینایش هێمایه بۆشوێنی په‌یامی مووسا، و شاری ئۆقره‌و ئاسایشیش بریتییه له شاری مه‌ككه و شۆێنی په‌یابوونی ئیسلام..
كه‌وابوو به‌م به‌ڵگانه‌دا به‌و ئه‌نجامه گه‌یشتین كه ئیسلام بریتییه له په‌یوه‌ندی په‌یامه پێشووه‌كانی تر، و موحه‌ممه‌دیش سلاَوی خوای لێ بێ به‌راستی خه‌لیفه‌و جێ نشینی عیسایه سلاَوی خوای لێ بێ..
له‌باره‌ی ئه‌ده‌بییه‌وه قورئان توحفه‌یه‌كی بێ وێنه‌یه، زانایانی زمان تائیستاش سه‌رسامن به‌جوانی و ره‌وانبێژی قورئان و دان به گه‌وره‌یی و هێژایی ئه‌م كتێبه پیرۆزه‌دا ده‌نێن، و ده‌ڵێن: موسته‌حیله پیاوێكی نه خوێنده‌واری وه‌ك موحه‌ممه‌د - صلى الله عليه وسلم - بتوانێ ئه‌وقورئانه بنووسێت و دای بنێت، به‌لام هه‌ندێ له دیانه‌كان ده‌ڵێن: كه موحه‌ممه‌د قورئانی له كتێبی موقه‌ده‌سه‌وه وه‌رگرتووه و بردوویه‌تی له‌وێ نووسیویه‌تییه‌وه‌و ناوی لێناوه قورئان.. منیش رۆیشتمه بنج وبناوانیه‌وه و لیكۆلینه‌وه‌م له‌وباره‌وه ده‌ست پێكرد، كه‌چی ده‌بینم به‌پێچه‌وانه‌وه قورئان درێژبوونه‌وه‌ی په‌یامه ئاسمانییه‌كانه، و په‌یوه‌نده به په‌یامه‌كانی پێش خۆیه‌وه، و بگره له‌زۆر شوێنا نه‌سازییه‌كانی راست ده‌كاته‌وه، و ئه‌و هه‌لاَنه‌ی كه خراپه‌كاران خستوویانه‌ته ناو كتێبی موقه‌دده‌سه‌وه ئه‌م راستی ده‌كاته‌وه و ئه‌و شوێنانه‌ی گێره‌شێوێنان شێواندوویانه ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی ده‌خاته روو..
من لێره‌دا ئه‌وه بۆ دیانه‌كان روون ده‌كه‌مه‌وه تا به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چن و باش بزانن ئه‌گه‌ر له باره‌ی هه‌ندێ شته‌وه هه‌ندێ لێكچوون له‌نێوان قورئان و كتێبی پیرۆزا هه‌بێت ئه‌وه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه كه سه‌رچاوه‌كه‌یان یه‌كێكه، و ئه‌و خوایه‌ی كه‌قورئانی به‌وه‌حی ناردووه هه‌رئه‌وخوایه ئینجیلیشی به‌وه‌حی ناردووه..
قورئان به‌ڵگه‌یه‌كی واقیعییه كه خوای دانا‌و كاربه‌جێ په‌یمانی خۆی به‌جێهێناوه، و ئه‌وپه‌یامه‌ی كه بۆ خه‌ڵكی ناردووه به‌ئه‌مانه‌ته‌وه پاراستوویه‌تی.. چونكه ئێمه له‌قورئانا ئه‌ویاسا ره‌وشتیانه ده‌بینین كه‌خوا بۆ مووسا وعیسای ناردووه{سلاَویان لێ بێ}، هه‌روه‌ها ئه‌ویاسا ره‌وشتییه نوێیانه {شه‌ریعه‌ت}ش كه‌خوا به‌وه‌حی بۆ موحه‌ممه‌د - صلى الله عليه وسلم - ی ناردووه.. كه‌وابوو په‌یامی خوا بۆ خه‌ڵكی ته‌واو و هه‌مه‌لایه‌ن و كامڵه و له‌لایه‌ن خودی خواوه پارێزراوه، هه‌روه‌ك خوا له‌قورئانا ده‌فه‌رموێ: ئێمه خۆمان قورئانمان ناردووه و خۆیشمان پارێزگاری لێ ده‌كه‌ین: " إِنّا نَحْنُ نَزّلْنَا الذّكْرَ وَإِنّا لَهُ لَحَافِظُونَ " سورة الحجر /9.
له‌وكاته‌دا كه‌هێشتا من دیان بووم رۆژێكیان له‌باره‌ی قورئانه‌وه له‌ته‌ك دیانێكا قسه‌مان ده‌كرد و من سه‌رسامی خۆمم له‌باره‌ی گه‌وره‌یی و نه‌زم وته‌رتیبی ئه‌و كتێبه‌وه ده‌ربڕی و زۆر به‌ساده‌ییانه لێم پرسی: ئه‌م قورئانه له‌كوێوه هاتووه؟ ئه‌ویش له‌ولاَما گوتی: له‌لایه‌ن شه‌یتانه‌وه!!
سوبحانه‌ڵلا له‌مه‌ولا كه قورئانم ده‌خوێنده‌وه ئه‌و ئایه‌ته‌م تووش بوو كه باسی ئاوه‌ها ئینسانێك ده‌كات كه ئه‌و تۆمه‌ته ده‌ده‌نه پاڵ قورئان، بۆیه قورئانیش په‌رچیان ده‌داته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ: " وَمَا هُوَ بِقَوْلِ شَيْطَانٍ رّجِيمٍ، فَأيْنَ تَذْهَبُونَ، إِنْ هُوَ إِلاّ ذِكْرٌ لّلْعَالَمِينَ، لِمَن شَآءَ مِنكُمْ أَن يَسْتَقِيمَ " سورة التكوير/25- 28.
واته: ئه‌وه قسه‌ی شه‌یتانی نه‌فرین لێكراو نییه، بۆ كوێ ده‌چن؟ ئه‌وه یادێكه بۆ هه‌موو عاله‌م، بۆئه‌وكه‌سه‌ی بییه‌وێ رێی راست بدۆزێته‌وه..
له‌راستیدا به‌خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م ئایه‌تانه له‌شم هاته له‌رزین هه‌ر له‌ته‌وقی سه‌رمه‌وه تا نووكی پێم..
به‌وردی سه‌رنجی قورئانم ده‌دا، و له‌م لێكۆڵینه‌وه‌یه‌مدا حه‌قیقه‌تی ئیسلامم بۆ ده‌ركه‌وت، و باش حاڵی بووم كه چ جیاوازییه‌كی گه‌وره‌هه‌یه له‌نێوان ئه‌وه‌ی قورئان داوای ده‌كات و ئه‌وه‌ی واقیعی موسوڵمانانه. له‌راستیدا مافی خۆی بووه كه چوارده سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر پێغه‌ممه‌ر- صلى الله عليه وسلم - بفه‌رموێ: ئه‌ی په‌روه‌ردگار! قه‌ومه‌كه‌م پشتیان كردۆته ئه‌م قورئانه.. " يَارَبّ! إِنّ قَوْمِي اتّخَذُواْ هَـَذَا الْقُرْآنَ مَهْجُورا " سورة الفرقان/ 30. ئه‌مه حه‌قیقه‌تێكه موسوڵمانان پشتیان كردۆته ئه‌وقورئانه‌ی كه هۆی رێنوێنی و رووناكی و سه‌رچاوه‌ی راسته‌قینه‌ی یه‌كیه‌تی و ژیانیانه ..
ده‌مه‌وێ راشكاوانه بڵێم: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه دلَ وهۆشم به‌په‌یامی ئیسلام ژیابوه‌وه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه قه‌ناعه‌تی ته‌واوم به‌دروستی و راستیه‌تی قورئان هه‌بوو، هه‌روا ئاین گۆڕینم به‌لاوه ئاسان نه‌بوو، زۆر ده‌ترسام، ته‌جره‌به‌ی پێشووم له‌گه‌ل دیانه‌تیدا وای لێ كردبووم په‌له له‌بڕیارمدا نه‌كه‌م، چونكه خۆم به‌خۆمم ده‌گوت: له‌وانه‌یه ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ئاینی دیانا به‌سه‌رما هات له‌گه‌ڵ ئاینی ئیسلامیشا به‌سه‌رما بێته‌وه، با چه‌ند ساڵێك له‌تاقیكردنه‌وه‌دا به‌رده‌وام بم، مه‌بادا جارێكی تریش نادروستی ئیسلامم بۆ ده‌ر بكه‌وێت!!
له‌وماوه‌یه‌دا خه‌موۆكی و شپرزه‌ییه‌كی زۆر رووی تێكردبووم، هه‌رچه‌ند له‌باره‌ی ئیسلامه‌وه لێكۆڵینه‌وه‌ی زیاترم ده‌كرد زیاتر هه‌ڵه‌ی بوون به‌دیانی خۆمم بۆ ده‌رده‌كه‌وت، و هه‌ستم ده‌كرد گه‌وره‌ترین هه‌ڵه‌یه‌ك بووه له‌ژیانما، خۆم به‌خۆمم ده‌گوت: من سێ ساڵ ژیانی خۆمم له‌بوختانێكی ئاشكرادا به‌زایه‌دا.. با ئه‌و مه‌سئولییه‌ته گه‌وره‌یه‌ش بوه‌ستێ كه‌له‌قورسی كێوه‌كان به‌سه‌رشانمه‌وه قورس‌تر بوو، ئه‌وه‌ی كه‌هه‌میشه هه‌ست به‌تاوان ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر به‌وكه‌سانه‌ی من بوومه هۆی ئه‌وه ببنه دیان.. من چیبكه‌م تا قه‌ناعه‌تیان پێ بكه‌م به‌هه‌ڵه‌بوونی خۆم و ئه‌وانیش؟ ئایا له‌به‌رامبه‌ر خوادا من به‌رپرسیاریم چۆن ده‌بێ، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان له‌سه‌ر ئه‌و عه‌قیده‌یه بمرێت پێش ئه‌وه‌ی من ئاگاداری بكه‌مه‌وه؟!
به‌چ روویه‌كه‌وه من سه‌یری خوا بكه‌م، كه ئه‌وتاوانه گه‌وره‌یه‌م كردووه و هاوه‌ڵ و شه‌ریكم بۆخوا داناوه، و كه‌سێكم كردووه به‌كوڕی خوا!!
رۆژێكیان كه رووم كردبووه ئاسمان و بییرم له‌هه‌موو ئه‌مانه ده‌كرده‌وه‌و ده‌گریام وله ناخی دڵمه‌وه دوعاكه‌ی حه‌زره‌تی یۆنسم ده‌خۆێنده‌وه و ده‌مگوت: " لاّ إِلَـَهَ إِلاّ أَنتَ سُبْحَانَكَ إِنّي كُنتُ مِنَ الظّالِمِينَ " سورة الأنبياء/87. جگه له‌خوت خوایه‌كی ترنیه، له‌هه‌موو كه‌مووكووڕییه‌ك به‌دووریت، و به‌ڕاستی من له‌سته‌مكاران بووم.. تۆیش بگه به‌فریام..
خه‌وه‌كه‌م:
رۆژگار ده‌رۆیشت و منیش دڵم پڕ له‌ئازار بوو، هه‌ستم به‌نه‌وعێ له خۆره {تآكل}ی گیانی ده‌كرد، ئه‌وه‌ش له‌سه‌ختترین چركه‌كانی ژیانم بوو..
شه‌وێكیان كات دره‌نگبوو پاش ئه‌وه‌ی گه‌ڕامه‌وه بۆماڵ زۆر ماندووبووم خۆم كوتا به‌سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌مدا، و هه‌ردوو ده‌ستم به‌ره‌و عاسمان به‌رزكرده‌وه، ودستم به‌نزا كرد، وله‌خوا ده‌پاڕامه‌وه له‌وحاڵه رزگارم بكات، له‌سه‌ره‌تاوه به‌سوپاس و ستایشی خوا ده‌ستم پێكرد، چونكه خوا شیاوی سوپاسه، پاش سوپاسكردنی له‌سه‌ر به‌دیهێنانی ئاسمانان و زه‌وی، وله‌سه‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵی بژاردووم و هێناومیه‌ته بوونه‌وه، وپاش هه‌موو ئه‌مانه له‌خوا پاڕامه‌وه كه له هه‌موو گوناهه‌كانم خۆش ببێت، و تۆبه‌م لێ قبووڵبكات.. دڵنیاتان ده‌كه‌م له‌ژیانما هه‌ستم به گه‌وره‌یی و هێژایی خوا نه‌كردووه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه ئه‌وشه‌وه هه‌ستم پێكرد.. به‌ئه‌ندازێكی وا گریانم نه‌ده‌وه‌ستایه‌وه، وا م هه‌ست ده‌كرد كه ده‌رگاكانی ئاسمانم بۆكراوه‌ته‌وه، و هه‌رقسه‌یه‌ك ده‌كه‌م لای خوا بیستراوه، له‌داواكانما زۆر ئیلحاحم ده‌كرد و ته‌نیا داوایشم ئه‌وه بوو: كه رێنوێنیم بۆ رێی راستی خۆی بكات.
ئینسان حه‌ق بڵێ، له‌وكاتی پاڕانه‌وه‌یه‌داو له دوعاكانما بێ لایه‌ن بووم، من كه‌داوام ده‌كرد نه‌ك وه‌ك ئه‌وه كه دیانێك یا موسوڵمانێك یاشتێكی تر غه‌یری ئه‌وانه بم، به‌ڵكو وه‌ك ئینسانێكی سه‌رلێشێواو كه‌ده‌یه‌وێ خالقی خۆی بپه‌رستێت.. كاتێكی زۆرم له وپاڕانه‌وه به كوڵه‌مدا به‌سه‌ر برد، و پاش ئه‌وه خه‌وتم..
نازانم زۆرم پێچوو یان كه‌م، له‌خه‌وما بینیم له‌دووره‌وه وه‌ستاوم و سه‌یری مزگه‌وتێكی نزیك خۆمم ده‌كرد، كه پانزه مه‌ترێك ده‌بوو، له‌ویادا كه‌سم نه‌ده‌بینی، خۆم به‌ته‌نیا بووم، چاوه‌كانم له مزگه‌وته‌كه نه‌ده‌ترووكاند، له‌ناكاوێكا هێزێكی نادیار هه‌ڵی گرتم و به‌خێرایی تیشك گه‌یاندمیه ناو مزگه‌وته‌كه و له‌وێدا خۆم بینییه‌وه..
له سه‌دمه‌ی خه‌وه‌كه‌دا خه‌به‌رم بووه‌وه، ترس وله‌رزێكم لێ نیشتبوو، له خه‌وه‌كه‌مه‌وه ئه‌وه حاڵی بووم كه بێگومان خوا دوعاكانی گیرا كردووم، به‌لاَم قسه‌م بۆ نه‌ده‌كرا، له‌ناو هه‌ناومدا هه‌ستێكی وا دروست ببوو، كه‌ناتوانم بۆتان ده‌ر ببڕم، گه‌ڕامه‌وه بۆ سه‌ر جێگه‌كه‌م و راكشامه‌وه، و چاوه‌كانم پر له‌فرمێسك بوون..
سوبحانه‌ڵلا! ئه‌م خه‌وه‌م به‌وه ده‌زانی كه‌جه‌خت وپشگیرییه‌كی رۆحییه، بۆ لێكۆڵینه‌وه زانیارییه‌كانم له‌باره‌ی راستیه‌تی قورئانی پیرۆزه‌وه.. بۆیه شایه‌تمان هێنا و وه‌ك نوێ موسوڵمانێك و گوتم: " أشهد أن لا اله إلا الله، وأنّ محمدا رسول الله " بڕیارم دا پێبه‌ند بم به‌ته‌عالیمی ئیسلامه‌وه چونكه ئاینی حه‌ققه، و ئاینی خوایه، و ئاینی هه‌موو پێغه‌ممه‌رانه..
سوپاس بۆخوا ئه‌وه چوار ساڵه به‌سه‌ر موسوڵمان بوونم دا تێده‌په‌ڕێ، و له‌سه‌ر ئاینه‌كه‌م به‌رده‌وامم، شایه‌نی باسه كه بڵێم: هه‌تا له‌ناسينی ئیسلاما زیاتر رۆده‌چم، زیاتر یه‌قینم بۆ دروست ده‌بێت، و له‌راستیه‌تی ئه‌م ئاینه دڵنیاتر ده‌بم، به‌پێچه‌وانه‌ی دیانیه‌تی هه‌تا له‌شاره‌زابوو‌نیا رۆده‌چووم شك و گومانم بۆ زۆرتر ده‌بوو..
پاش ئه‌وه‌ی كه خوا هیدایه‌تی دام رووم كرده ئه‌وانه‌ی كه به‌هۆی منه‌وه بووبوون به‌دیان، و هه‌موو شتێكم بۆ شرۆڤه‌كردن، به‌كۆمه‌كی خوا به‌شی هه‌ره زۆریان وازیان له دیانه‌تی هێنا، و هه‌ندێكیشیان بوونه موسوڵمان..
هه‌موو ئه‌و دیانانه‌ی ده‌مناسین، ئه‌ركی سه‌رشانم به‌رامبه‌ریان به‌جێهێنا، و له‌و مه‌ترسییه گه‌وره‌یه‌ی چاوه‌ڕوانیان ده‌كات ئاگادارم كردنه‌وه، و پێم گوتن كه به‌ته‌مای یه‌سووع نه‌خڵه‌تێن، هه‌ر وه‌ك له‌دیانه‌كان ده‌ڵێن، و له‌خودا ده‌پاڕێمه‌وه هه‌ر وه‌ك رێنوێنی منی كرد رێنوێنی ئه‌وانیش بكات بۆ حه‌قیقه‌تی ئیسلام.. ئامین..
(5)
یه‌سووع{عیسا} كێ یه؟ :