ئه‌م به‌شه تایبه‌ته به برِگه‌یه‌كی سه‌ره‌تای ژیانم له كوه‌یته‌ی پایته‌ختی بلوچستاندا و هه‌ندێ شتم له‌به‌ر هه‌ندێ ئیعتیبارات نه‌نووسیوه‌ته‌وه، و ئینشائه‌ڵلا ئه‌گه‌ر مام و ئه‌جه‌ل مۆڵه‌تی دام هه‌ڵی ده‌گرم بۆ كاتێكی گونجاو..
رۆژى یه‌كشه‌ممه 20- 10 – 1990 له ماڵى مه‌لا ره‌شیده‌وه رۆیشتین تا خۆمان به ده‌فته‌رى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان (یوئێن) له كوه‌یته‌دا بناسێنین. پیاوێكى عه‌ره‌بى مه‌غریبى به‌ڕێوه‌به‌رى ده‌فته‌ره‌كه بوو به‌ناوى (حافظ علوى)، پێش ئه‌وه‌ى چاو پێكه‌وتنمان له‌گه‌ڵ بكات ناردینى بۆلاى ره‌حیم تا ئه‌و قسه‌مان له‌ته‌كا بكات و راپۆرتمان له باره‌وه بنووسێ. ره‌حیم گه‌نجێكى عه‌ره‌بى به‌سراوى (سوببى) بوو، سوببیه‌كان وامه‌شهووره كه ئه‌ستێره په‌رستن، به‌لاَم ئه‌م هیچ دین و مه‌زه‌بێكى نه‌بوو، یه‌كێك بوو له‌و كۆنه كۆمۆنیستانه‌ى كه‌هاتبوونه كوردستان و له‌وێ فێرى كوردى ببون، ئه‌م لاوه كوردییه‌كى باش فێر ببو، تا بڵێیت رووخۆش و به‌ماریفه‌ت بوو، به‌و په‌رى رووخۆشى و سنگفراوانییه‌وه خزمه‌تى په‌نابه‌رانى ده‌كرد.
له‌كاتى گوزارشه‌كه‌ما گوتى: بۆ ئه‌وه‌ى یوئێن وه‌رت بگرێ گوزارشێكت بۆ ده‌نوسم و له‌به‌رى بكه، گوزارشه‌كه‌ى پێدام و هه‌ر ئه‌و رۆژه وه‌ره‌قه‌ى یوئێنیان پێداین كه پۆلیس نه‌مانگرێت و گوتیان: 22- 10 بێنه‌وه تا موقابه‌له‌ى به‌ڕێوه‌به‌ر بكه‌ن، ئێمه‌ش گوتمان: باشه‌و هاتینه ده‌ره‌وه و رۆیشتینه‌وه بۆماڵ مه‌لا ره‌شید. تا نزیكى عه‌سر له‌ماڵ ئه‌وان بووین، دووكه‌س هاتن بۆلامان من نه‌م ده‌ناسین زۆر ماریفه‌تیان نواند له گه‌ڵمانا، كه‌له‌مه‌ولا بووینه ئاشنا ئه‌مانه یه‌كێكیان مه‌لاعه‌زیزى خۆشناوى بوو، ئه‌وى تریشیان مه‌لا موحه‌ممه‌دى ئامۆزاى بوو.
ئه‌بو عه‌بدۆ (ئه‌یمه‌نى عانى):
ئێواره هاوه‌ڵه ئێرانییه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌بو ته‌لحه ناوێك‌دا به‌ترومبێلێكه‌وه هات به‌شوێنمانا كه‌بچین بۆ ماڵ ئه‌بو عه‌بدۆ، به‌لاَم ئه‌بو عه‌بدۆ خۆى نه‌هاتبوو. شته‌كانمان پێچایه‌وه و ئه‌وئێواره‌یه رۆیشتین بۆ ماڵ ئه‌بوو عه‌بدۆ، ئێمه ناوى ئه‌بو عه‌بدۆمان بیستبوو به‌لاَم نه‌مانده‌زانى كێیه؟
كاتێ گه‌یشتینه به‌رده‌رگاى ماڵیان خوا هه‌ڵناگرێ هات به‌ده‌ممانه‌وه و به‌خێرهاتنێكى زۆرى كردین و هه‌ندێ له شته‌كانى له‌گه‌ڵ داگرتین.
كاتێ سه‌رنجم دا ئه‌م پیاوه لام نامۆ نییه، پیاوێك تێكسمڕاو، بالاَ ناوه‌ندىو ریشێكى درێژى پڕى ماش وبرنجى هه‌بوو. ماوه‌یه‌ك تێى رامام و لێى ورد بوومه‌وه، هه‌ستم كرد ئه‌م پیاوه ده‌ناسم و كاتى خۆى ماوه‌ى چوارساڵى ته‌واو له به‌غدا هاوسێ بووین، و هاوڕێى خه‌بات و تێكۆشان بووین، جیاوازى ره‌نگى ئێستاى و ره‌نگى ئه‌وكاته‌ى جیاوازى گه‌نجىو پیرییه.
ساڵێك پێش ئه‌وه‌ى من به‌غدا به‌جێ بێڵم ئه‌و له ئه‌ندازیارى كشتوكاڵ له پاكستان وه‌رگیرابوو، نمره‌كانى زۆركه‌م بوون وهیچ زانكۆیه‌كى عیراقیش وه‌رى نه‌ده‌گرت، كه پێشكه‌شىكرد به زه‌ماله له پاكستان وه‌رگیرا، ئه‌وكاته لاوێك بوو موو ره‌ش، تازه پێگه‌یشتوو، لاواز و كه‌م گۆشت، ژن ومنداڵى نه‌بوو، پێى ده‌گوترا: (أیمن الحاج خضیر) ئێستا ژن ومنداڵى هه‌یه و سه‌رى سپى بووه و قه‌ڵه‌و بووه پێى ده‌گوترێ: (ئه‌بوعه‌بدۆ).
گوتم: ئه‌رێ كاكه تۆ ئه‌یمه‌نى؟؟ تمه‌ز ئه‌ویش هه‌ستى به‌من كردبوو بۆیه پێى گوتم: ئه‌ى تۆ شێخ حه‌سه‌نى؟ گوتم به‌لێ، و باوه‌شمانكرد به‌یه‌كدا و ئه‌ملاو لاى یه‌كترمان ماچكرد، ماوه‌ى حه‌ڤده‌ساڵ بوو یه‌كترمان نه‌بینیبوو.
ماوه‌ى دومانگ له‌ماڵ ئه‌واندا بووین، هه‌رچه‌ند هه‌وڵمان ده‌دا بڕۆین نه‌یان ده‌هێشت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا من به‌فه‌رده برنج، شه‌كر، به‌ته‌نه‌كه رۆن، به كیلۆ چایى و به سندووق میوه‌م ده‌كڕى، به‌لاَم بریا سه‌د بریا له‌وێ نه‌ماینایه‌ته‌وه چونكه هه‌ر ئه‌ركبووین، خوا پاداشتى خێریان بداته‌وه.
له یوئێن وه‌رگیرام:
رۆژى سێ شه‌ممه 22- 10 رۆیشتین بۆ یوئێن و حافز عه‌له‌وى موقابه‌له‌ى له‌ته‌كا كردین و هه‌ر له‌وێ پێى گوتین: ئێوه له مڕۆوه له یوئێن وه‌رگیراون، و سه‌رى مانگیش یارمه‌تیتان پێ ده‌درێ، به‌لاَم ئێوه سه‌فه‌رتان بۆ نییه، و نانێررێن بۆ ده‌وله‌تێكىتر بۆ نیشته‌جێكردن. گوتمان: باشه، ئێمه‌ش خاریجمان ناوێ. كوڕێكى تر‌ى كۆنه كۆمۆنیستى لێ بوو له‌گه‌ڵ منا هیچ خراپه‌یه‌كى نه‌بوو، به‌لاَم خه‌ڵكه‌كه له‌ده‌ستى زۆر ناڕازى بوون، ئه‌یانگوت: كابرایه‌كى عه‌بووسه، ئێسك قورسه، ئازارى په‌نا به‌ران ده‌دات، ئه‌م زه لامه له‌دواى هه‌ره‌سهێنانى ئۆردوگاى سۆشیالیست وازى له دینه‌كه‌ى خۆى هێناو پاش حه‌وت ساڵ له راوه‌ڵ پێندیدا بووه گاور و خاچێكى مه‌سیحى كرده گه‌ردنى..
رۆژى 30-10-90 كارتى شینیان بۆكردین و به‌ره‌سمى بوینه په‌نابه‌ر له‌لاى یوئێن، و بۆ سبه‌ینێ پێنچ هه‌زار روپیه‌یان پێداین و گوتیان: ئه‌مه یارماتى مانگانه‌تان ده‌بێت. پێنچ هه‌زار روپیه‌ى ئه‌وكاته دوو سه‌د دۆلارى ئه‌مریكى ده‌كرد.
له‌وهه‌فته‌یه‌دا مامۆستا عه‌زیز، مامۆستا موحه‌ممه‌د، مامۆستا حه‌سه‌نى ده‌ربه‌ندى و نه‌جمه‌دینى زاواى مامۆستا مه‌لا عوسمان ده‌عوه‌تیان بۆ كردین، خوا پاداشتیان بداته‌وه.
ته‌حسین و مناڵه‌كانى:
تامن له‌وێ بووم كاك ته‌حسینى هه‌ولێرى تازه ژنى گواستبوه‌وه، مناڵه‌كانى هێنا بۆ پاكستان، و هات بۆ ماڵى ئه‌بو عه‌بدۆ، كاك ته‌حسین برایه‌كى لێهاتوو بوو كاتى خۆى له‌سنه ناسیم {مامۆستا} نامه‌یه‌كى بۆ نوسیبوو كه‌ئه‌م براده‌ره له بلووچستانا ده‌ورێكى بالاَى بینیوه‌و خه‌ڵكێكى زۆرى رێنموونى كردوه و ئیستاش ئه‌یه‌وێ ژن بێنێ به‌ڵكۆ یارمه‌تى بده‌یت، منیش داواى كچى مامۆستا سه‌ید نه‌جمه‌دینم بۆكرد به‌لاَم قه‌ڵه‌مى قه‌ده‌ر بۆى نه‌نووسیبوو له‌به‌رئه‌وه رێك نه‌كه‌وت، كه‌رۆیشتبوو بۆ ئۆردوگاى كرماشان ئافره‌تێكى باشیان دابوویه. ماوه‌یه‌ك پێكه‌وه ژیاین و پاشان ئه‌و رۆیشت بۆ لاهوور.
دكتۆر به‌ختیار:
ده رۆژێك پاش مانه‌وه‌مان له‌ماڵ ئه‌بو عه‌بدۆ ژن و منداڵه‌كانى دكتۆر به‌ختیار له‌گه‌ڵ كه‌مالى زاواى مامۆستا مه‌لا عوسماندا له‌پیشاوه‌ره‌وه هاتن بۆمال ئه‌بو عه‌بدۆ، ونزیكه‌ى مانگێك مانه‌وه. دكتۆر به‌ختیار خۆى زیندان بوو ويستم له‌هه‌لێكدا بڕۆم سه‌رێكى لێبده‌م، به‌لاَم زۆرى نه‌خایاند به‌ربوون، پاش ماوه‌یه‌ك خۆى وخێزانى له‌پیشاوه‌را عه‌یاده‌يان دانا، و مشته‌رییه‌كى باشیان هه‌بوو، پاش چه‌ند مانگێك و چه‌ند هه‌وڵدانێك خۆى و منداڵه‌كانى رۆیشتن بۆ دانیمارك.
قوتابخانه‌ى قورئان:
پاش ئه‌وه كه دوو مانگ له نیۆكوه‌یته بووین له‌گه‌ڕه‌كى (مه‌نوجان روود) له‌ناو په‌نابه‌ره‌كاندا خانویه‌كم به‌كرێ گرت، كه بریتى بوو له‌سێ ژوور‌و حه‌وشه‌یه‌ك، دوو ژووریان به‌په‌ناى یه‌كه‌وه بوون ژووره‌كه‌ی تریشیان به‌جیابوو، ئه‌و ته‌نیا ژووره‌ى كه‌حه‌مام وئاوده‌ستى تیا بوو، بۆ خۆمانم به‌كار ده‌هێنا، ئه‌و دووژووره‌كه‌ى تریش بۆ میوان.
پاش ماوه‌یه‌ك ته‌بلیغاتێكمان كرد و هه‌ولێكمان دا تامندالاَن كۆبكه‌ینه‌وه‌و ده‌رسى قورئانیان پێ بلێین، به‌لێ پیاو و منالان كۆ بوونه‌وه، ئه‌مه ناوى قوتابیه‌كان بوو: مامۆستا عه‌زیز خۆى و یاسین ودومناله‌كه‌ى، مامۆستا عومه‌ر خۆى وكوڕه‌كه‌ى، عه‌بدولخالیق، نه‌جمه‌دین ودوو كوڕى، دكتۆر مه‌قدید، عه‌بدولكه‌ریم و رزگارهه‌ولێرى وسێ كوڕى و كچه‌كه‌ى. پاشان منداڵه‌كان زۆر بوون و ژماره‌یان گه‌یشته نزیكه‌ى بیست مناڵێك، به‌رنامه‌مان بۆ دانان، بۆپیاوان قورئان وته‌جوید، فیقه و ته‌فسیر. بۆ مندالاَنیش عه‌قیده‌و قورئان وفه‌رمووده.
هه‌نگاوێكى باشیان ناو پیشكه‌وتنێكیان پێوه هه‌ست ده‌كرا، به‌لاَم پاش ماوه‌یه‌ك سعوودییه‌كان مه‌كته‌بێكیان كرده‌وه پاره‌یان ده‌دا به‌و قوتابیانه‌ى له‌وێ ده‌خوێنن وبه‌پاس ده‌یانبردن بۆ مه‌كته‌ب، به‌شى زۆرى قوتابیان رۆیشتن بۆ ئه‌وێ چونكه خه‌ڵكه‌كه پێویستى به‌یارمه‌تییه‌كه هه‌بوو، ژماره‌یه‌كى تریشیان به‌خیزانه‌وه گه‌ڕانه‌وه بۆ كوردستان و له‌سه‌فه‌ر مه‌ئیوس ببون، به‌شى مندالان به‌ته‌واوى تیا چوو. به‌لاَم هه‌ندێ له پیاوه‌كان هه‌ر مانه‌وه تا من له‌وێ مامه‌وه.
عه‌یاده‌ى پزیشكى:
له‌و كاته‌دا سێ دكتۆرى موسڵمان له‌وێ بوون داوامان لێ‌كردن كه به‌خۆڕایى هه‌ریه‌كه‌ى رۆژێك بێت و نه‌خۆشى په‌نابه‌ران ببینێت، ئه‌وانیش خوا پاداشتیان بداته‌وه هاتن به‌ده‌ممانه‌وه، بلاَومانكرده‌وه‌و تابلۆیه‌كمان هه‌ڵواسى كه ئه‌م دوكتۆرانه به‌خۆڕایى په‌نابه‌رانى نه‌خۆش ده‌بینن: دكتۆر شه‌وكه‌ت، دكتۆر موحه‌ممه‌د، دكتۆر ئاسۆ، دكتۆر ئیسماعیل، تا ماوه‌یه‌ك ئه‌م چواره هه‌ر رۆژه‌ى یه‌كێكیان ده‌هاتن و خه‌ڵكیان ده‌بینى، له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌ڵكێكى زۆریان ده‌بینى وسودێكى باشیان به‌خه‌ڵكه‌كه گه‌یاند.
پاشان يه‌كێك له‌و دكتۆرانه به فیتى هه‌ندێ كه‌س كه خۆیان به‌موجاهید ده‌زانى وازى هێنا، دكتۆر ئیسماعیل نه‌قڵ بوو، پاشان دكتۆر موحه‌ممه‌د ته‌عین بوو له سه‌ر سنوور، مایه‌وه ته‌نیا دكتۆر شه‌وكه‌ت، كه‌دكتۆره‌كان كه‌مبوون خه‌ڵكه‌كه‌ش كه‌مبوونه‌وه.
من و مه‌لاكانى كوه‌یته:
رۆژێك له‌گه‌ڵ مامۆستا ره‌شید و مامۆستا (موحه‌ممه‌د تاهیرى هه‌ولێرى) هه‌رسێ پێكه‌وه پیاسه‌مان ده‌كرد، تازه له‌ماڵ مامۆستا هاتبوینه ده‌ر، له‌رێگه‌دا پاسكیل سوارێكمان دى، پێش ئه‌وه‌ى بگاته لامان مامۆستا ره‌شید سه‌لامى لێ‌كرد، كابراى ناباریش دابه‌زى و به‌رامبه‌ر مامۆستا ره‌شید هه‌ندێ قسه‌ی كرد من زۆرم پێ ناخۆش بوو، به‌لاَم ئه‌م هیچى نه‌گوت و جێى هێشت..
منیش به مامۆستا‌م گوت: ئه‌وه بۆچ سه‌لامت له‌و كابرایه كرد كه ئه‌وه‌نده ناله‌بار بوو؟ ئه‌و سوار بوو ئێمه پیاده بووین، ئه‌و ته‌نیا كه‌سێك بوو ئێمه سێ كه‌س بووین، به‌هه‌موو حیسابێ ده‌بوا ئه‌و سلاَوى بكردایه..
گوتى: ویستم خۆم له‌ده‌مى بپارێزم!!
گوتم: مشتێ خۆڵت له گه‌روو بكردایه، و هيچ نرخێكت بۆ دانه‌نایه..
چاو پێكه‌وتن:
پاش ئه‌م رووداوه مامۆستا ره‌شید هات بۆلام وگوتى: له‌به‌رئه‌وه‌ى تۆ په‌یوه‌ندیت به‌خه‌ڵكێكى زیاتره‌وه هه‌یه و كه‌سانێكى سه‌رشناس ده‌ناسى حه‌زده‌كه‌م ئێمه‌ش وه‌ك كۆمه‌ڵێك سه‌ردانیان بكه‌ین و چاومان پێیان بكه‌وێت و خۆمانیان پێ بناسێنین. و خۆیشمان په‌یوه‌ندیمان به‌یه‌كتره‌وه هه‌بێ ، وهه‌فته‌و هه‌فته پێكه‌وه دابنیشین.
گوتم: پێشنیازه‌كه‌تم پێ په‌سه‌نده و بۆ چوونێكى باشه.
له‌سه‌ر داوای مامۆستا ره‌شید هه‌فتانه سه‌ردانی یه‌كترمان ده‌كرد وچاومان به‌یه‌كتر ده‌كه‌وت وپه‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ومان له‌نیوان خۆمانا دروست كرد، من ومامۆستا حه‌سه‌نی ده‌ربه‌ندی ومامۆستا ره‌شید و مامۆستا موحه‌ممه‌د ومامۆستا عه‌زیز، وعه‌بدولكه‌ریم..
تاماوه‌یه‌ك ئه‌م گه‌رم وگوڕییه به‌رده‌وام بوو پاشان به‌هۆی ترسی هه‌ندێكه‌وه سیانیان جیابووه‌وه‌و سیانمان هه‌ر ماینه‌وه..
خۆپیشاندانى یه‌كه‌م:
پاش مانگى پێنجى سالێ 1990 ئه‌و په‌نابه‌ره‌ى هاتبوه یوئێن پێش هه‌مووشتێ پێیان گوتبوو كه تۆ سه‌فه‌رت بۆ نییه، به‌لاَم خه‌ڵكه‌كه به‌وه دڵخۆش بوون كه گوایا رێكخراوه‌یه‌كى مرۆڤ دۆستانه‌ى وه‌ك یوئێن پاش ماوه‌یه‌ك به‌زه‌یى پیانا دێته‌وه‌و سه‌فه‌ریان پێ ده‌كات. من كه له‌مانگى ده‌ى 1990 وه‌رگیرام حافز عه‌له‌وى كه‌به‌ڕێوه به‌رى په‌نابه‌رانى ئێرانى و عیراقى بوو، به‌منى گوت: تۆ سه‌فه‌رت بۆ نییه..
جا پێش ئه‌وه‌ى من بگه‌مه كوه‌یته په‌نابه‌ره‌كان خۆ پیشاندانیان دژى یوئێن سازدابوو، وه یوئێنیان به‌رد باران كردبوو، ژماره‌یه‌ك شوشه‌ى په‌نجه‌ره‌كانیان شكاندبوو، بۆ ئه‌وه‌ى ره‌وانه‌ى ئه‌وروپا بكرێن، به‌لاَم ئه‌وانیش نه‌ك هه‌ر ره‌وانه‌یان نه‌كردبوون، بگره زیندانیشیان كردبوون، پاش ماوه‌یه‌ك به‌ڕه‌لاَیان كردبوون.
خۆپیشاندانى دووه‌م:
له‌نیوه‌ى دوه‌مى ساڵى 1991 دا جارێكىتر په‌نا به‌ران كۆ بوونه‌وه و خۆپیشاندانیان سازكرد، ده‌فته‌رى یوئێنیان دایه به‌ر به‌رد و پۆلیسیان بۆ هات، وئه‌مجاره‌ش خه‌ڵكه‌كه‌یان به ژن و پیاوه‌وه راپێچ كرد، ئه‌وى له‌وناوه‌دا بوو به پیرو جوانه‌وه به‌زۆر سوار زیلى سه‌ربازى كرا‌و برا بۆ زیندان، له‌ناو شار نه‌یان هێشتن و بردنیان بۆ زیندانى (مه‌چ)(1) و چل رۆژ له‌وێ گیران.
ناوچه‌ى مه‌چ:
ناوچه‌ى مه‌چ زۆر گه‌رمیانه، دارخورماى زۆرى لێیه، وابزانم هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ش ناونراوه مه‌چ، چونكه له‌زمانى به‌لووچدا به‌خورما ده‌ڵێن: مه‌چ. نیمچه شارێكه، كانگایه‌كى زۆرى خه‌ڵوزى به‌ردینى تیایه، بازاڕ‌و دوكانێكى باشى لێیه، مزگه‌وتێكى زۆرى تێدایه، خه‌ڵكه‌كه‌ى به‌لووچ و كوردبه‌لووچن، تا ئه‌ندازێك به‌ماریفه‌تن، ئه‌ڵبه‌ت زۆریش نا، زیندانى مه‌چ یه‌كێكه له‌گه‌وره‌ترین زیندانه‌كانى كارى گران له پاكستان‌دا، ئه‌و زیندانییانه‌ى كارى گرانیان به‌سه‌را ده‌درێ كۆت ده‌كرێته پێیان و زنجیریش له‌ملیان، به‌و حاڵه‌ته‌وه خۆم هه‌ندێكم بینى كه ده‌یانبردن بۆ به‌رد هه‌ڵكه‌ندن و به‌رد شكاندن له كانه‌به‌رده‌كاندا، ئه‌وه یه‌كه‌م جار بوو له‌ژیانمدا زیندانى كۆت له‌پێ و زنجیر له مل ببینم. ئه‌ڵبه‌ت ئه‌مه بۆ په‌ناه‌ره‌كان نه‌بوو، پێم وایه هه‌ر بۆ ترساندنیان بردبوونیان بۆ ئه‌وێ. له‌و ماوه‌یه‌دا من دوو جار رۆیشتم بۆ سه‌ردانیان كتێب وگوڤارم بۆ بردن. له ئه‌نجامدا به‌هۆى كه‌فاله‌تى ئه‌سكه‌نده‌رخانى كورد به‌لووچه‌وه به‌ره‌لاَكران.
كورد به‌لووچ: له به‌لووچستاندا كوردێكى زۆر هه‌یه و له‌دێر زه‌مانه‌وه له‌وێ ده‌ژین، و تا ئێستاش شانازى به‌كورد بونیانه‌وه ده‌كه‌ن، به‌لاَم به‌داخه‌وه ته‌نیا ناوه‌كه‌یان كورده ده‌نا زمان وهه‌موو عاداتێكى كوردی‌یان له‌ده‌ست داوه، به‌لاَم ناوه‌كه‌یان ماوه‌و پێیان ده‌ڵێن: كورد به‌لووچ، له‌ناو خۆیانا سه‌رۆكێك بۆ خۆیان هه‌ڵده‌بژێرن كه پێى ده‌ڵێن سه‌ردارى كورد، بۆ مه‌سڵه‌حه‌تى نێوان هۆز و عه‌شره‌ته‌كان، بۆ كارى گرنگ روو له‌ده‌مى ئه‌م سه‌رداره ده‌كرێ، هه‌روه‌ها له‌ناو كورد به‌لووچدا هه‌ر فه‌رمانێك بدات گوێى بۆ ده‌گیرێ و قسه‌ى ره‌وایه.
ئه‌وسه‌رداره‌ى له‌سه‌رده‌مى ئێمه‌دا به‌سه‌ردار هه‌ڵبژێررابوو، پیاوێكى زۆر ده‌وڵمه‌ند بوو، خاوه‌نى كارگه‌یه‌كى گه‌وره‌ى چیمه‌نتۆ بوو، كورد به‌لووچه‌كان له‌په‌رله‌ماندا چه‌ند نوێنه‌رێكیان هه‌بوو.
تاك تاكێكى ده‌سته‌چه‌پییان تیا هه‌ڵكه‌وتبوو، یه‌كێك له‌وانه دكتۆر ئه‌وڕه‌حمانى كورد به‌لووچ بوو. كورده‌كان له به‌لووچستاندا گوزه‌رانیان له‌خه‌ڵكه‌كه‌ى تر خۆشتره، پله و پایه‌یه‌كى كۆمه‌لاَیه‌تییان هه‌یه، له‌ناو به‌لووچه‌كاندا رێزیان لێده‌گیرێ.
# # #
به‌لووچستان:
به‌لووچستان یه‌كێكه له هه‌رێمه‌كانى پاكستان، گه‌وره‌ترین هه‌رێمه له‌باره‌ى رووبه‌رى خاكه‌وه، له‌هه‌مانكاتدا بچوكترین هه‌رێمه له‌باره‌ى ژماره‌ى دانیشتوانه‌وه. هۆى ئه‌وه‌شه كه خاكه‌كه‌ى لمى و بیابانی و كه‌م ئاوه.
داوام له‌یه‌كێك له مامۆستاكانى ئه‌وێ كرد پێناسه‌یه‌كى به‌لووچستانم بۆ بكات. ئه‌ویش گوتى: باشترین پێناسه‌ى به‌لووچستان ئه‌وه‌یه كه فه‌رمانده‌ى سوپاى ئیسلام بۆ خه‌لیفه‌ى موسڵمانانى نووسیبوو، زه‌وى موكران بریتییه له وشتر و شاخ و لم، (أرض مكران ماهى الا الجبال والرمال والجمال). خاكێكى كه‌م ئاو، چیاى گه‌ردن كه‌شى ره‌ش ورووت( بێ دار‌و دره‌خت و بێ خاك و خۆڵ)، ئه‌وه‌شى كه ده‌شته له سه‌دا هه‌شتاى بیبانییه.
ئاو و هه‌واى:
ئاو و هه‌واى به‌لووچستان بیبانییه، له‌زستانا زۆر سارده و پله‌ى گه‌رما له‌هه‌ندێ شوێنیا ده‌چێته ژێر سفره‌وه، وه به‌فرى لێ ده‌بارێ وبه‌سه‌ر كێوه كانیشه‌وه ماوه‌یه‌كى زۆر ده‌مێنێته‌وه، له‌هاوینا بیابانه‌كانى زۆر گه‌رمه، به‌لام ناوچه‌ى كوه‌یته و هه‌ندێ ناوچه‌ى تر‌ى زۆر گه‌رم نییه‌و خه‌لكى پێویستیان به ئێركۆندێشن نییه وپانكه‌ى به‌سه، پله‌ى گه‌رما ناگاته چل. و بارانیشى زۆر لى نابارێ.
به‌هۆى ئه‌وه‌وه كه خاكه‌كه‌ى بیابانییه خه‌ڵكى خه‌ریكى وشتر به‌خێو كردنن، گه‌وره‌ترین ژماره‌ى وشترى پاكستان له‌م ناوچه‌یه دایه، مانگا و مه‌ڕو بزنیان هه‌یه به‌لاَم زۆر نییه، له‌ناو شاره‌كانیانا گامێشیان زۆر زۆره. كشتوكاڵیان زۆركه‌مه، باخدارى و میوه‌جاتیان كه‌مه، به‌شى زۆرى باخه‌كانیان هى ئه‌وپشتۆنانه‌یه كه له‌وێ ده‌ژین.