2
تفتانى پاكستان:
كات له‌ده‌ورى سه‌عات یه‌كى دوا نیوه‌ڕۆدا بوو، كابراى پاكستانى گوتى: هه‌رنه‌فه‌رێك بۆ تفتان به‌سێسه‌د روپیه‌یه، به‌مه‌رجێ سێ كیلومه‌تر له‌وشوێنه‌وه دوور بوو، وه بۆ كوێته‌یش كه نۆ سه‌د كیلۆ مه‌تر دووربوو نه‌فه‌رى به شه‌ش سه‌د روپیه‌بوو بۆ كه‌سى به‌قاچاخ بچێ. ده‌نا بۆ پاكستانى به سه‌د روپیه بوو. ئێمه‌ش ماوه‌یه‌ك خۆمان دواخست دوو ترومبێلى ترهاتن، كه‌یف خۆش بووین وامان زانى رقه‌به‌رایه‌تى له‌نێوانیانا په‌یدا ده‌بێ، كه‌چى له‌نێو خۆیانا هه‌موویان رێكه‌وتبوون كه‌له‌و ئه‌ندازه‌یه كه‌متر سوارمان نه‌كه‌ن. ئێمه‌ش به‌ناچارى هاتین و به‌قسه‌كه‌ى ئه‌وان رازى بووین..
قاچاخچییه‌كان سه‌ریان كرد به‌یه‌كاو قلقل و فلفلیان ده‌ست پێكرد، یه‌كێكیان ده‌یگوت: من نایانبه‌م، ئه‌وىتریان ده‌یگوت: من ئه‌یان به‌م، له‌م ترومبێله‌كه دایان به‌زاندین وسوار ترۆمبێلێكى تریان كردین، نه‌خێر له دووهه‌میش دایان به‌زاندین، و سوار سێهه‌میان كردین، نه‌خێر بیانوویه‌كى تریان پێگرتین وگوتیان: ده‌بێ یه‌كى حه‌وت سه‌د روپیه بده‌ن، له‌وكاته‌دا هه‌ر روپیه‌یه‌ك نزیكه‌ى شه‌ش تمه‌نى ئێرانى بوو.
ئێمه له‌به‌ر ناچارى به‌قسه‌كه‌یان رازى بووین، كه‌چى ئه‌وان فێڵێ تریان له‌ژێر سه‌رابوو ئێمه پێمان نه‌زانین تا دوایى، چونكه له‌وێدا هیچیان نه‌گوت، بۆیه ئێمه‌ش سواربووین وهاتین بۆ تفتانى پاكستان، به‌ناو ئه‌وخاك وخۆڵه‌دا پیكابه‌كه زۆر به‌تیژى ده‌ڕۆَیشت، جاده‌كه‌ى بێ جاده‌بوو، هه‌ڵبه‌زو دابه‌ز بوو، نان و ئاوى له‌سكماندا نه‌هێشتبوو. به چاره‌كێك بوو یا ده ده‌قیقه ئێمه‌ى گه‌یانده ناو تفتانى پاكستان، به‌لاَم بردینیانه ماڵێك له دوور ئاواییه‌وه، كه‌تایبه‌تى قاچاخچییه‌كان بوو، ئێمه‌یان دابه‌زاند و كردینیانه ژووره‌وه‌و گوتیان: نه‌یه‌نه ده‌ره‌وه، ده‌نا مێلیشیاكان ده‌تانگرن و ئازارتان ده‌ده‌ن، به‌ڵێ له‌ناو ژوورێكدا وه‌ك زیندانى زیندانى كراین!! وه‌نه‌بێ هه‌ر ته‌نیا ئێمه بووبین و به‌س، نه ، كۆمه‌ڵێ ژن ومنداڵى ئێرانى له‌ژوورێكدا بوون، كۆمه‌ڵێ ژن ومنداڵى ئه‌فغانى له‌ژوورێكى تردا بوون..
ئێوه عه‌ره‌ب و ده‌وڵمه‌ندن:
پیاوه‌كان هه‌موو به‌رگى ئه‌فغانیمان له‌به‌رابوو، چۆن هه‌ستیان پێكردین كه ئێمه ئه‌فغانى نین؟ رۆشنا ئه‌وكاته زۆر مناڵ بوو، ده‌هاته لاى من و قسه‌ى ده‌كرد، قسه‌كه‌ى نه‌فارسى بوو نه‌پشتۆ، وه هه‌روه‌ها سوور‌و سپى و جل وبه‌رگه‌كانى جیاواز له‌جل وبه‌رگى ئه‌فغانى، وه ئافره‌ته‌كانیش عه‌بای ره‌شیان به‌سه‌ره‌وه بوو، ژنى ئه‌فغان گونیه‌یه‌كى كون‌كون ده‌دات به‌سه‌ریا، ئابه‌وه‌دا هه‌ستیان پێكردبووین كه ئه‌فغانى نین، - بۆیه پێویسته ئه‌گه‌ر ئینسان خۆى گۆڕێ ده‌بێ هه‌موو ئه‌وانه‌ش بگۆڕێ كه له‌گه‌ڵیان، ده‌نا كاره‌كه‌ى بێ سوود ده‌بێ- وایان ده‌زانى عه‌ره‌بین، وا مه‌شهووره عه‌ره‌بیش پاره‌و پووڵى زۆره، بیانوویان پێده‌گرتین بۆ ئه‌وه‌ى پاره‌ى زیاترمان لێ وه‌رگرن. ده‌یانگوت: ئێوه عه‌ره‌ب و ده‌وڵمه‌ندن ده‌بێ هه‌ر یه‌كى سێهه‌زار روپێ بده‌ن ئینجا ده‌تان به‌ینه كوه‌یته، هه‌رچى سوێندمان ده‌خوارد: بابه وه‌ڵلاَ عه‌ره‌ب نین و له‌وه‌ش زیاتر ناده‌ین كه قه‌رارمان بووه، بێ سوود بوو، - بۆ ئه‌وه‌ى بزانى قاچاخچى خه‌ڵكى هه‌ركوێ بێت چه‌ند بێ ویژدانه - كرێى نه‌فه‌رى پاس له‌وێوه بۆ پاكستانیه‌ك سه‌د روپیه بوو، كه‌چى بۆ ئێمه به‌حه‌وت سه‌د روپیه‌ش رازى نه‌ده‌بوون!!
تا ده‌ماو ده‌مى ئێواره خۆمان گرت و له قسه‌ى خۆمان دا نه‌به‌زین، له‌ئێواره‌دا هاتنه‌وه بۆ لامان و شه‌یتان ره‌نگێكیان گوتى: من ئه‌زانم ئێوه ئه‌فغانى نین، ئاده‌ى به زمانى پشتۆ چه‌ند پرسیارێكت لێده‌كه‌م وه‌لاَمم بده‌ره‌وه، چه‌ند قسه‌یه‌كیان كرد هیچ حاڵى نه‌بووین و نه‌مانزانى چ ده‌ڵێن؟!
له‌دواییدا گوتمان: كاكه ئێمه خه‌ڵكى (هه‌رات)ین، زمانمان فارسییه و پشتۆیى نازانین، گوتیان: نه، كه‌وابوو ئێوه ئه‌و ژنانه‌تان دزیوه و ده‌تانه‌وێ بیان رفێنن. هه‌ڕه‌شه‌یان لێكردین و گوتیان: هه‌ر ئێستا ته‌سلیمى ئاسایشتان ده‌كه‌ین..
گوتمان: بڕۆن شكات بكه‌ن، چیتان له‌ده‌ست دێ بیكه‌ن.
یه‌كێكیان گوتى: نا، نا .. شتى وا ناكه‌م.. تۆ مشكیت ومن پشیله‌م، بۆ هه‌ركوێ بچیت لێت نابمه‌وه، قه‌سه‌م به‌خوا من پیاو كوژم، بیست و چوارساڵه كارم پیاو كوشتنه، له‌ده‌ستم ده‌رناچن!!
له‌راستیدا ئێمه‌ش ترسێك كه‌وته دڵمانه‌وه، ئێمه‌یه‌ك غه‌ریب كه‌س ناناسین، هیچ جۆره چه‌كێكمان پێ نییه بۆ به‌رگرى له‌خۆمان، وا هاتو ئه‌مانه شه‌و هاتنه سه‌رمان و به قۆناغه تفه‌نگ روتیان كردینه‌وه‌و هه‌رچیمان پێ بوو لێیان سه‌ندین و یه‌كێكیشمانیان كوشت، كه‌سێك له‌خوانه‌ترسێ هه‌رخراپه‌یه‌كى له ده‌ستبێ ده‌یكا، پووڵ و پاره‌ش كاتێ باشه پارێزگارى خۆتى پێ بكه‌یت، ئه‌گه‌ر ئینسان خۆى تیا چوو ئیتر پاره‌و پووڵ چ قیمه‌تێكى هه‌یه؟ كه وابوو چش له‌و زیانه ماڵییه با فریاى خۆمان بكه‌وین و له‌ته‌كیانا رێبكه‌وین. بۆیه به‌هه‌رجۆرێ بوو به شه‌ست هه‌زارتمه‌ن رێكه‌وتین كه بمان گه‌یه‌ننه كوه‌یته!!
ئه‌وه‌ى جێى داخ و خه‌فه‌ت بوو ئه‌و براده‌ره‌ى كه له‌گه‌ڵمان هاتبوو ، له‌م حه‌یسه‌و به‌یسه‌یه‌دا هیچ ده‌ورێكى نه‌بوو، باشه هاتنى ئه‌و له‌گه‌ڵمانا سوودى چى بوو؟ له‌راستیدا ئێستاش من حاڵى نه‌بووم، به‌لاَم ئه‌مه له پیاوه‌تی ئه‌و كه‌م ناكاته‌وه كه هاتووه له ته‌كمانا.. خوا پاداشتی بداته‌وه، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه هاتنه‌كه‌ی سوودی پێ نه‌گه‌یاندین، مه‌گه‌ر بڵَێین: سوودی ئه‌وه‌بوو ئه‌گه‌ر بیان كوشتینایه و ئه‌و بیزانیایه خه‌به‌رى لێ بدانایه، له‌به‌رترسى ئه‌وه نه‌یان وێرابێ بمانكوژن!! هه‌ڵده‌گرێ.
شه‌وێ تفتانمان جێ هێشت:
له‌سه‌عات نۆى شه‌و به‌كاتى تاران پاسێكیان بۆ هێناین و سوار بووین، كاتێ ئێمه هاتینه ده‌ره‌وه، هه‌ر پیاو و ژن و منداڵ بوو له ژووره‌كانى تره‌وه ده‌هاتنه ده‌رێ، تمه‌ز ئه‌مانه رێى ئیستیخباراتییان گرتۆَته به‌ر بۆ به‌كارهێنانى نهێنى پاراستنى خۆیان، هه‌ربۆیه كه شه‌و داهات نه‌یان هێشت گڵۆپ داگیرسێنین، ده‌یانگوت: ئه‌گه‌ر دایبگرسێنن مێلیشیاكان ده‌تان گرن و سه‌ر نگونتان ده‌كه‌ن!!
هه‌ر له‌ویا پاسه‌كه پڕ بوو له خه‌ڵك، به‌لاَم كه‌س وه‌ك ئێمه پووڵى لێ نه‌سه‌نرابوو. چونكه به‌حیساب ئێمه به‌عه‌ره‌ب حسێب كراوین!! هه‌رله‌ویا نیوه‌ى پاره‌كه‌یان لێ سه‌ندین واته: سیى(30) هه‌زارتمه‌ن، نیوه‌كه‌ى تریش له‌وێ بیانده‌ینێ. حه‌ڤده سه‌عاتى ته‌واو به‌ڕێوه بووین تا گه‌یشتینه شارى كوه‌یته‌ى پایته‌ختى بلووچستان. دووسه‌عاتیش بۆ ئیسراحه‌ت و وێستانى بازگه كان.
له‌چه‌ند شوێنا پۆلیس ته‌فتیشى ده‌كرد و بۆ شتى قاچاخى ده‌گه‌ڕا ئه‌وانیش شتێكیان ده‌خستنه ده‌ستیان و پاسه‌كه ده‌ڕۆیشت، له‌بازگه‌یه‌كدا كه سێ سه‌عات له كوه‌یته‌وه دوور بوو زۆر به سه‌ختى ته‌فتیشیان ده‌كرد، ئه‌مانه بۆ قاچاخى و خه‌ڵكى قاچاخ ده‌گه‌ڕان، حه‌وت كه‌سیان له ئه‌فغانییه‌كانى ناو پاسه‌كه‌مان دابه‌زاند، هه‌رچه‌ند سایه‌قه‌كه به‌قسه‌ى خۆى تا هه‌زار روپیه‌شى دا بۆ رزگار كردنیان به‌لاَم به‌ره‌لاَیان نه‌كردن، دوو رۆژ پێش ئێمه دكتۆر به‌ختیار و سێ هاوه‌ڵه‌كه‌یشى هه‌ر له‌و بازگه‌یه‌دا گیرابوون، هه‌روه‌ك له دواییدا باسیان ده‌كرد. له‌مه‌ودوا زانیمان كه ئه‌مه بازگه‌ى شارى (نۆشكی)یه. ئینجا له‌سه‌عات پێنجى ئێواره‌ى جومعه‌دا گه‌یشتینه كوه‌یته وله گه‌ڕاجى نیۆ ئیدده‌دا هاتینه خوارێ.
خێزانێكى به‌رێز:
ئه‌وى شایه‌نى باسه ماڵێكى هه‌زاره‌ى شیعه‌ى كوه‌یته‌مان له گه‌لاَ بوو زۆر موجامیل و به ماریفه‌ت بوون، ئافره‌تێكیان له‌گه‌لاَ بوو كه ته‌مه‌نى چووبووه ساڵه‌وه و سه‌رۆكى خیزانه‌كه بوو، لێى پرسین: ئێوه له‌كوه‌یته ده‌چنه كوێ؟ گوتمان: ئاشنا و ناسراومان هه‌یه‌و ده‌چینه ماڵ ئه‌وان، خۆڵكێكى گه‌رمیان كردین و، گوتى: ئه‌گه‌ر شوێنتان نییه پێم خۆشه بڕۆین بۆ ماڵ ئێمه. ئێمه‌ش زۆر سوپاسمان كردن و له‌ته‌كیانا نه‌رۆیشتین.
ده‌بوا ئه‌و سیى هه‌زار تمه‌نه‌مان بدایه كه به‌لامانه‌وه مابوو، ئێمه‌ش شه‌ش هه‌زارمان ناته‌واو بوو، هه‌ندێ سكه‌ى زێڕمان پێ بوو، به‌لاَم كاتى ده‌ویست تا ده‌یگۆڕینه‌وه، شوێن و جێگاى كه‌سیشمان نه‌ده‌زانى، سایه‌قى پاسه‌كه‌ى هاوبه‌شى قاچاخچییه‌كان، سوار پاسێكى سۆزۆكى بچووكى كردین و به سایه‌قه‌كه‌ى گوت: من 4760 روپیه‌م له‌تۆ ئه‌وێ.
گه‌ڕان به‌شوێن ماڵى ناسراودا:
ئێمه‌ش سوار سۆزۆكى بووین بێ ئه‌وه‌ى هیچ معامه‌له‌یه‌ك له‌گه‌ڵ سایه‌قه‌كه‌دا بكه‌ین، گوتى: بۆكوێ ده‌چن؟
گوتمان: خه‌سته‌خانه‌ى مه‌ككه.
گوتى: ئێوه كوردن؟
گوتمان: به‌ڵێ.
گوتى: ئیمه‌ش هاوسێیه‌كى كوردمان هه‌یه.
گوتمان: ئه‌گه‌ر بمان به‌یت بۆلاى ئه‌و له‌وه ده‌چێ بتوانێ ناسراوه‌كانى خۆمان بۆ بدۆزێته‌وه. ماوه‌یه‌كى زۆر گه‌ڕاندینى كه‌س نه‌بوو. دابه‌زین ته‌له‌فوون بكه‌ین ئه‌ویش نه‌بوو، ناچار سواربووینه‌وه و دوو پانتۆڵ له پێمان بینى، پانتۆڵ له پێكردن نیشانه‌ى عیراقی بوون بوو. چونكه بێجگه له‌عیراقییه‌كان كه‌سێكى تر پانتۆڵى له پێ نه‌ده‌كرد، مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن. له‌په‌نایاندا وه‌ستاین و هاوه‌ڵه‌كه‌م به‌كوردى لێى پرسین: ئه‌رێ برا ماڵى دكتۆر شه‌وكه‌ت، یا ماڵى مه‌لاره‌شیدى خۆشناوى پێ نازانن؟
ئه‌وانیش یه‌ك بۆ یه‌كترییان ده‌ڕوانى و ده‌یانگوت: به‌خوا ئێمه پێى نازانین. گوتمان: ده‌وه‌رن له‌گه‌ڵمانا ماڵه كوردێكمان پیشان بده‌ن كه ئه‌وان بناسێ، ئه‌وانیش هاتن له‌ته‌كماندا تا چوار رێى عه‌له‌مدار.
هه‌زاره‌یه‌كێ بێ ویژدان:
كاتێ له چوار رێى (ئیمام سادق) له‌گه‌ڕه‌كى (عه‌له‌مدار) دابه‌زین بۆ ئه‌وه‌ى هه‌واڵى یه‌كێ له‌و دووماڵه ناسراوه بزانین كۆمه‌ڵێ كوردمان لێكۆبووه‌وه. یه‌كێك له‌وانه كه نه‌مان ده‌ناسى زۆر به‌گه‌رمى وتووڕكى خوڵكى كردین، خوا پاداشتى خێرى بداته‌وه، گوتى: ئێستا ماڵ مه‌لا ره‌شید نادۆزرێته‌وه، ئه‌مشه‌و لێره پشوو بده‌ن، سبه‌ینێ خوا كه‌ریمه هه‌ر ده‌یدۆزینه‌وه..
به سایه‌قه كه‌مان گوت: كاكه گیان، سبه‌ینێ وه‌ره‌وه بۆ ئێره تا پووڵه‌كه‌ت بده‌ینێ، چونكه ئێستا به‌م ده‌م وده‌سته بۆمان په‌یدا ناكرێ.
گوتى: باشه ئێستا چیتان پێیه بمده‌نێ سبه‌ینێش دێمه‌وه ئه‌وباقییه‌كه‌ى ترتان لێ وه‌رده‌گرم.
ئێمه‌ش بیست وچوارهه‌زارتمه‌نمان دایه و شه‌ش هه‌زار تمه‌نى مابوو، گوتمان: تا سبه‌ینێ تۆ دێیت بۆت ئاماده ده‌كه‌ین، پێش ئه‌وه‌ى بڕوات گوتم: كرێكه‌ى خۆت چه‌نده؟
گوتى: چوارسه‌د روپیه!!
ئێمه پێمان زۆر بوو، چونكه ماوه‌كه هه‌ر چوار كیلۆمه‌تر ده‌بوو، خه‌ڵكه‌كه‌ش لێى تووڕه‌بوون و گوتیان: تۆ كه‌مێ ویژدانت هه‌بێ. هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكه‌ى له‌وێ بوون وه‌خت بوو بیكه‌ن به‌شه‌ڕ له‌ته‌كیا له‌به‌ر ئه‌و بێ ویژدانییه‌ى، چونكه هه‌قى خۆى په‌نجا روپیه بوو. له‌ئه‌نجاما سێسه‌د روپیه‌م دایه‌و گوتم با شه‌ڕێ روونه‌دات، ئیتر پاره‌كه‌ى وه‌رگرت و رۆیشت، تاسبه‌ینێ بێته‌وه بۆ قه‌رزه‌كه.
مام عه‌لى كه‌ندیناوه‌یى:
ئه‌وشه‌وه له‌ماڵ كاك عه‌لى بووین، ئه‌م پیاوه دوو ژنى هه‌بوو، ته‌نیا دوو ژووریشى هه‌بوو، باش بوو ئێمه به‌تانى خۆمانمان پێ‌بوو، ده‌نا ئه‌وان له‌م ژوورى دووه‌مه‌دا راخه‌ریان نه‌بوو، بێ نوێن بوون، به‌لاَم هیممه‌تى ئه‌وه‌نده به‌رز بوو خوڵكى كردین، به پێى تواناى خۆى خزمه‌تێكى باشى كردین، خوا پاداشتى خێرى بداته‌وه، ئه‌و شه‌وه مناڵه‌كان چوونه لاى منداڵه‌كانیان، من و ئه‌نوه‌ر ومام عه‌لی له‌و ژووره‌دا نووستین، دووسى په‌توومان پێ بوو پێی خه‌وتین، ده‌نا به‌هیلاكا ده‌چووین.. كاوه‌ی ژن برای به‌ختیار به‌رزنجی هاتبوو بۆ لامان، چونكه رێبواری ده‌ناسی، رێبوار و ئومێدی له‌گه‌ڵ خوۆیا برد و ئه‌وشه‌وه له‌وێ لای ئه‌و خه‌وتن. ئه‌م خانووه چوار ماڵى تیا‌بوو، ماڵى ئه‌حمه‌د عه‌ره‌ب، حوسه‌ین كۆیى، مه‌حموو خۆشناو، له‌گه‌ڵ ماڵى كاك عه‌لىدا.
. ئه‌حمه‌د عه‌ره‌ب و حوسه‌ین و مه‌حموو دانیشتن تا ده‌ورى سه‌عات هه‌شت، هه‌ندێ ده‌مه‌ته‌قێ و قسه‌و باس كرا و هه‌واڵ و ده‌نگ وباسیان پرسى، كاتێ زانییان ئێمه خه‌سته‌و ماندووین و خه‌ومان دێت – به‌تایبه‌ت كه دووشه‌و بوو خه‌و و خواردن و ئیسراحه‌تمان لێ تێك چووبوو - به‌جێیان هێشتین و رۆیشتن. ئێمه‌ش خه‌وێكى سه‌رو مڕیمان لێ كه‌وت.
نوێژى به‌یانى:
ئه‌و شه‌وه كه زوو خه‌وتبووین پێش نوێژى به‌یانى هه‌ندێكمان خه‌به‌رى بووه‌وه، زۆر به ئه‌سپایى ده‌رگاكه‌ى كرده‌وه و رۆیشت ده‌ستنوێژى شورد و هاته‌وه‌و له جێگه‌كه‌ى خۆ‌یا چاوه‌ڕوانیكرد تا نوێژى به‌یانى بوو، نوێژه‌كه‌ى خوێند و لێى نوسته‌وه. خانه خوێ كه‌مان نوێژى نه‌ده‌كرد، و نه‌ی ویست خه‌به‌رى ببێته‌وه، بۆیه گڵۆپیشى دانه‌گیرساند، تمه‌زم ئه‌و خه‌به‌رى بووته‌وه‌و ئاگاى له‌وه بووه كه‌ئه‌و بۆ نۆێژى به‌یانى هه‌ستاوه. به‌یانى كه دراوسێكان هاتن بۆلامان قسه هات به باس‌دا و كاك عه‌لى گوتى: به‌خوا برام ئێمه كه نوێژ ناكه‌ین هیچ بیانوویه‌كمان له حزورى خوادا نییه، ئاخر پیاوێكى ئاوا به‌و سه‌قه‌تییه هه‌ڵده‌ستێ بۆ نوێژى به‌یانى و رووله خوا ده‌كات، من كه‌هیچ ناته‌واییه‌كم نییه و له‌شم ساغه چ وه‌لاَمێكى خوا بده‌مه‌وه؟ به‌خوا من له‌جێى خۆمه‌وه ته‌ریق بوومه‌وه. كه رۆژ بووه‌وه هاوه‌ڵه ئێرانییه‌كه‌م كه بلووچى بوو رۆیشت بۆ ماڵ ناسراوێكى بلووچى خۆى له نیۆ ئیدده.
ئه‌و رۆژه بۆ نیوه‌ڕۆكه‌ى كاك حوسه‌ینى كۆیى ده‌عوه‌تى كردین و شفته‌یان بۆدروستكردین خوا پاداشتى خێرى بداته‌وه.
كاتێ سایه‌قه‌كه هاته‌وه هه‌ندێ پاره‌مان له‌كاك عه‌لى قه‌رزكرد وكاك رێبواریش شتێكى له‌و ناسراوه‌ى خۆى وه‌رگرت و دامانێ. كاك عه‌لى گوتى: ئه‌وه له ده‌مى ماڵ ومنداڵم گرتۆته‌وه تا ته‌له‌فزیۆنێكى پێ بكڕم، له‌به‌ر ئه‌وه زۆر پێویستم پێیه‌تى.
گوتم: كاك عه‌لى مه‌ترسه هه‌ندێ سكه‌ى زێرمان پێیه ده‌یفرۆشین و ئینشائه‌للاَ زوو به زوو پاره‌كه‌ت ده‌ده‌ینه‌وه.
مه‌لا ره‌شید:
ده‌ماو ده‌مى عه‌سر مه‌لا ره‌شید هات بۆلامان.. ئه‌م پیاوه له هۆزى خۆشناو بوو، كاتى خۆى تاقانه‌ى باوكى بووه، ئه‌ویش ناردوویه‌تیه به‌ر خوێندن وكردویه‌تى به‌مه‌لا، مه‌لایه‌تى هه‌ندێ له‌ناوچه‌كانى بالیسانى كردووه، به‌لاَم له‌به‌ر ئه‌وه‌ى باوكى پیاوێكى ده‌وڵه‌مه‌ند بووه زیاتر وه‌ك نیمچه ئاغایه‌ك رایبواردووه تاوه‌ك مه‌لایه‌ك، به‌نانى مه‌لایه‌تى نه‌ژیاوه. ئه‌م پیاوه هه‌روه‌ك له‌مه‌ولا بۆم ده‌ركه‌وت پیاوێكى نان بده‌و سه‌خاوه‌تمه‌ند و میوان په‌زێر بووه.
له‌و ماوه‌یه‌دا كه له‌ماڵ كاك عه‌لى دانیشتبووین و قسه‌مان ده‌كرد ئه‌م پیاوه به‌هیچ جۆرێ رووى قسه‌ى نه‌كرده من، له‌دواییدا كه رۆیشتینه ماڵ خۆیان گوتى: ئه‌وه هه‌ندێ كه‌سى بێ‌دین له‌وێ بوون حه‌زم نه‌كرد كه وابزانن من له‌گه‌ڵ ئه‌م ئیسلامییه‌دا په‌یوه‌ندیم هه‌یه!!
به‌ڵێ له‌گه‌ڵ خۆ‌یا بردینى و چووین بۆ ماڵ ئه‌وان، خوا جه‌زاى بداته‌وه خزمه‌تێكى باشى كردین، پاش عه‌سرێكى دره‌نگ دوونه‌فه‌ر هاتن بۆ لامان كه‌من هیچیانم نه‌ده‌ناسى، له‌مه‌ودوا ناسیمانن یه‌كێكیان ملاعه‌زیز و ئه‌وى تریان مه‌لا موحه‌ممه‌دى ئامۆزاى بوو. خوا پاداشتى خێریان بداته‌وه زۆر موحه‌ببه‌تیان نواند. ئه‌وشه‌وه هاوه‌ڵه بلووچه‌كه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌بوو.
سبه‌ینێ نیوه‌ڕۆیش هه‌ر له‌ماڵى ئه‌وان بووین. ئینجا دواى نیوه‌ڕۆ ئه‌بو عه‌بدۆ ئه‌بو ته‌ڵحه‌ى له‌گه‌ڵ هاوه‌ڵه بلووچه‌كه‌ما ناردبوو، ئیتر خۆى نه‌هاتبوو!!
نرخى شتمان لا زۆر گران بوو:
ئه‌وه‌ى زۆر قورس بوو له‌لامان و بۆ له‌مه‌ولا سوودمان لێ وه‌رگرت، ئه‌وه‌بوو كه‌هاتینه كوه‌یته قیمه‌تى شتمان به تمه‌نى ئێرانى هه‌ڵ ده‌سه‌نگاند، بۆ نموونه: ساردییه‌ك له‌ئێرانا به سێتمه‌ن بوو، به‌لاَم له كوه‌یته به سێ روپیه بوو، واته: هه‌ژده تمه‌ن!! یا نانێك له‌وێ به دووتمه‌ن بوو، به‌لاَم لێره به‌روپێه‌و نیوى بوو، واته به نۆ تمه‌ن!! ...هتد، ئیتر ئه‌وه‌مان له‌بییر چووبوو كه لێره‌دا ده‌رامه‌د زۆر تر و زیاتره تا له‌وێ، له‌به‌ر ئه‌وه نابێ به‌و ترازوه‌ى ئه‌وێ هه‌ڵيبسه‌نگێنين..
# # #
له‌م سه‌فه‌ره‌دا هه‌ندێ ده‌رسمان وه‌رگرت، به‌لاَم من لێره‌دا باسیان ناكه‌م با خوێنه‌ر خۆی ده‌رسی لێ وه‌ربگرێت..