(5)
یه‌كه‌م گه‌شتمان بۆ ئه‌شكه‌وتی عه‌لی سه‌در
ده‌شتى له‌یلاخ:
به‌یانى رۆژى دووشه‌ممه نۆى موحه‌ڕره‌مى 1409ك به‌رامبه‌ر 22/8/1988ز تاسوعا بوو، ئێمه‌ش له ته‌ك ماڵ مامۆستا عه‌لادین و مامۆستا حه‌مه یوسف‌دا كه هه‌موومان به‌سایه‌قه‌كه‌وه 27 كه‌س بووین به‌ره‌و ئه‌شكه‌وتى عه‌لىسه‌در رێكه‌وتین، كه به غارى عه‌لى سه‌در به‌نێو بانگه.
كاتێ له ناو شاری سنه ده‌رچووین سه‌عات پێنجى به‌یانى بوو، بۆ سه‌عات شه‌ش گه‌یشتینه سه‌ركێوى سه‌ڵه‌وات ئاوا، ئه‌م شاخه زۆر سه‌خت ویاخى و سه‌ركه‌شه، جاده‌یه‌كى پان وپۆڕى باشیان لێ داوه، پێنچ تونێلى تیا دروست كراوه، ئه‌م تونێلانه گه‌وره‌و بچووكیان هه‌بوو، له‌وكاته‌دا ئێمه رۆیشتین یه‌كه‌م دانه‌یان له‌ژێر چاك كردنه‌وه‌دا بوو، قیرتاوى تازه‌یان ده‌كرده‌وه.
سه‌ڵه‌وات ئاوا:
سه‌ڵه‌وات ئاوا دێیه‌كى گه‌وره‌ى فراوانى سێ سه‌د تا چوار سه‌د ماڵى ده‌بێ، ئه‌م ئاواییه به په‌ناى ئه‌م كێوه گه‌ردن كه‌شه‌وه‌یه و كێوه‌كه‌یش به‌ناوى ئاواییه‌كه‌وه به‌نێوبانگه، ئه‌مبه‌ره‌و به‌رى ئاواییه‌كه كێ‌و و شاخه، وئه‌م كه‌ژه كه‌وتۆته رۆژهه‌لاَت و باشوورى ئاواییه‌كه‌وه، خۆر ئاوایشى چه‌م و ئاوێكه كه به‌دار و دره‌ختێكى زۆر دا پۆشراوه، لاى باكوورى جاده‌ى سنه- هه‌مه‌دانه. به‌كورتى باكوور وباشوور و رۆژهه‌لاَتى ئه‌م ئاواییه ئه‌و كێوه سه‌خت وبه‌رزه‌یه.
دێ گولاَن:
كاتێك سه‌ر ده‌كه‌ویته سه‌ر گه‌ردنه‌كه و ماوه‌یه‌ك ده‌ڕۆیت ده‌شت وده‌رێكى پان وپۆڕ وفراوان دێته به‌رده‌مت وه‌ك ده‌شتى شاره‌زوور، ده‌یان ئاوایى و دیهات له‌م ده‌شته‌دایه، به‌شى زۆرى كشت وكاڵیان گه‌نم وجۆیه، ئه‌م ده‌شته پێى ده‌ڵێن: بان له‌یلاخ، واته: ده‌شتى له‌یلاخ، پاش ئه‌وه‌ى كه ترومبێله‌كه‌مان بیست كیلۆمه‌ترێك له دواى گه‌ردنه‌كه‌وه رۆیشت شاره‌دێى دێ گولاَن هاته رێمان، ئه‌م شاره‌دێيه له‌باره‌ى ئیدارییه‌وه ناحیه‌یه(به‌خشه)، بازاڕ‌و دوكانێكى زۆرى تێدایه، سێ مزگه‌وت وجامیعه‌یه‌كى تێدایه، قوتابخانه‌ى كچان و كوڕانى سه‌ره‌تایى وناوه‌ندى وئاماده‌یى تێدایه، چه‌ند گه‌رماو ێكى گشتى تێدایه. شه‌قامه‌كانى هه‌مووى قیرتاوێكى نایاب وباش كراون، زۆر خاوێنن، دائیره‌ى ته‌له‌فوون و ئاو و كاره‌باى تێدایه.
مزگه‌وته‌كانى ئه‌م شاره:
ئه‌م شاره‌دێيه به هه‌زارو دووسه‌د تا هه‌زارو پێنچ سه‌د ماڵێك ده خه‌مڵێنرێ، سه‌دله‌سه‌دى خه‌ڵكى شار كورد و شافیعى مه‌زه‌بن، مزگه‌وتى جامیعه‌كه‌ى ناوى (ئه‌بووبه‌كر)ه، یه‌كێكى تریان ناوى (عومه‌رى فارووقه)، یه‌كێكى تریان ناوى( حه‌زره‌ت عوسمان،و ئه‌وى تریشیان ناوى (حه‌زره‌ت عه‌لى)یه.!!
جێگه‌ى ئه‌م شاره‌دێيه :
ئه‌م شاره‌دێيه كه‌وتۆته باشوورى جاده‌ى هه‌مه‌دان- سنه‌وه، واته: كاتێ له‌سنه‌وه ده‌چیت بۆ هه‌مه‌دان ده‌كه‌وێته ده‌ستى راسته‌وه.
ئاو و هه‌واكه‌ى:
ئاو هه‌واى ئه‌م شارۆچكه‌يه زۆر سارده و له ناو خه‌ڵكیدا به یه‌خچاڵ به‌نێوبانگه، ئه‌م ده‌شتى له‌یلاخه هه‌مووى ئێلاخ و كوێستانه، له‌هاوینیشا سارده چ جاى زستانان.
{ْقوروه}:
پاش ئه‌وه كه له‌سنه‌وه( 85 كم)مان بڕى شارۆچكه‌ى {ْقوروه} هاته ڕێمان، هه‌ندێكى زۆر كه‌م له‌م شارۆچكه‌يه كه‌وتۆته سه‌ر جاده‌ى سنه- هه‌مه‌دان، ده‌نا به‌شى هه‌ره زۆرى كه‌وتۆته باشوورى جاده‌كه، واته كاتێ له‌سنه‌وه ده‌چیت بۆهه‌مه‌دان شارۆچكه‌ى {ْقوروه} ده‌كه‌وێته ده‌سته راسته‌وه، ئه‌م شارۆچكه‌يه شارۆچكه‌يه‌كى جوان و رازاوه و دڵگیره، جاده‌كانى به‌ته‌واوى و به‌شى زۆرى كۆلاَنه‌كانى قیرتاوێكى نایاب كراون.
خه‌ڵكى ئه‌م شاره:
به‌شى زۆرى خه‌ڵكى شار كورد و شیعه‌ن و هه‌ندێكیشیان شافیعى مه‌زه‌بن، كۆمه‌ڵێ تورك و فارسیش له‌وێ ده‌ژین، ئه‌وانیش شیعه‌ن. كورده سوننیه‌كان ته‌نیا مزگه‌وتێكیان هه‌یه، مزگه‌وته‌كه‌شیان جومعه‌ى تیا ده‌كرێت، تا بڵێیت مزگه‌وتێكى جوان و نایابیان دروست كردبوو، له‌و كاته‌دا من سه‌رم دا هێشتا ته‌واو نه‌بوبو، ئه‌ڵبه‌ت حه‌ره‌مى مزگه‌وته‌كه ته‌واو بووبو، به‌لاَم ده‌وروبه‌ره‌كه‌ى مابووى، بنارى دیواره‌كانى به‌ردى مه‌ڕمه‌ڕ بوو، ئاوده‌سته‌كانى وجێى ده‌ستنوێژگرتنى هه‌مووى له‌وبه‌رده گران قیمه‌تانه دروستكرابوو، له‌كوڕێكمان پرسى: ئه‌م مزگه‌وته چه‌ندى تێ چووه؟ گوتى: تا ئێستا چه‌ند ملیۆنێكى تێ چووه !! ئه‌وى سه‌رنج راكێش بوو گوتى: فه‌رماندارى( قائیمقامیه‌ت) پاره‌كه‌ى ده‌دات، واته خه‌رجییه‌كه‌ى له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته!!
ئاو و هه‌واى شار:
شارۆچكه‌ى {ْقوروه} قه‌زایه و قائیمقام نشینه، و پێته‌ختى بان له‌یلاخه، ئه‌م شاره‌ش هه‌ر درێژه‌ى ده‌شتى له‌یلاخه، له‌به‌رئه‌وه هه‌ر هه‌مان هه‌واى ساردى هه‌یه، زستانان به‌فرێكى زۆرى لێده‌بارێ، وشكه‌سه‌رمای زستانه‌ى زۆره و له هاوینیشا هه‌ركوێستانه. ئه‌م به‌ره‌و به‌ر و ناوه‌ڕاستى جاده‌كانى به‌دره‌ختى په‌ڵك و سووره چنار رازێنراونه‌ته‌وه، بن دره‌خته‌كانیش به‌زۆرى چیمه‌نێكى سه‌وزى جوانه. لاى باشوورى كێوى گه‌ردن كه‌شى له‌یلاخه و هه‌رسێ لایه‌كه‌ى تر‌ى خۆرهه‌لاَت و خۆر ئاوا‌و باكوورى ده‌شته.
به‌ردى گران قیمه‌ت:
ئه‌م شاره نێو بانگى به‌به‌ردى گران قیمه‌ت ده‌ركردووه‌و وكارخانه‌یه‌كى زۆرى به‌رد بڕین و پیشه‌سازى به‌ردى تێدایه، و ده‌ورو به‌رى شار كانگایه‌كى زۆرى به‌ردى گران قیمه‌تى تێدایه.
شارمان جێهێشت و رۆیشتین له‌ده‌وروبه‌رى جاده‌كه‌وه چه‌ندان بیرى ئیرتیوازیمان بینى، خه‌ڵكه‌كه به‌هۆى ئه‌و بیرانه‌وه كشتوكاڵێكى باشیان دروست كردبوو، سروشتى بان له‌یلاخ وشك و بێ ئاوه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه له‌ئاستى ده‌ریاوه زور به‌رزه و زستانان ئه‌و هه‌موو به‌فره‌ى لێ ده‌بارێ و له‌هاوینیشا گه‌رمایه‌كى نییه، رووبار نابینى. به‌شى زۆرى دیهاته‌كانى بنارى ئه‌م ده‌شته چاوگه‌ى ئاو وباخ وباخاتیان هه‌یه.
# # #
ماوه‌ى (25 كم) له{ْقوروه} تێپه‌ڕین و گه‌یشتینه دێیه‌ك ناوى (داش بلاَغ) بوو، به‌فارسى لێى نووسرابوو، كۆتایى ده‌سه‌لاَتى پۆلیسى رێگه‌وبانى شارستانى كوردستان. واته: ئه‌م دێیه سنوور بوو له‌نێوان {سنه}و {هه‌مه‌دان}دا. پاش ئه‌وه ئاوایى {هه‌مه‌كه‌سى} دێت، ئینجا چه‌ند گردۆڵه‌یه‌ك دێت، پاش ماوه‌یه‌ك كۆتایى به شاخ وگردۆڵه دێت و ده‌شتى {ساڵح ئاوا}ى هه‌مه‌دان ده‌ست پێ ده‌كات.
ساڵح ئاوا:
له‌په‌ناى پرد وئاوێكدا لامان دا ونان وچایى به‌یانیمان خوارد و پاش ئه‌وه چوینه {ساڵح ئاوا}، ئه‌م شاره دێیه هه‌ژده كیلۆمه‌ترێك له‌هه‌مه‌دانه‌وه دووره، رێنموونیه‌ك هه‌ڵواسرابوو، هێما بوو بۆ غارى عه‌لى سه‌در، به‌ده‌سته چه‌پى جاده‌كه‌ى سنه- هه‌مه‌دانا لامان دا، ونزیكه‌ى چل وپێنچ كیلۆ مه‌تر به‌جاده‌ى قیرتاوا رۆیشتین هه‌رده‌شت بوو، زه‌وییه‌كه‌ش زه‌وى كشت وكاڵ بوو، ئه‌ڵبه‌ته له‌رۆژهه‌لاَتى جاده‌كه‌وه زنجیره ته‌په‌و گردو گردۆڵه هه‌بوو، قیرى جاده‌كه زۆر باش نه‌بوو، خراپى تیا ده‌بینرا، له كۆتایى قیرتاوه‌كه‌دا سێ رێدانیك هه‌بوو، بازگه‌یه‌كیان تیا دانابوو، به‌سه‌ر لوتكه‌ى شاكه‌وه سه‌ربازخانه‌ى (نۆژه)هه‌ندێكى دیار بوو، ئه‌ڵبه‌ت جاده قیرتاوه‌كه رووه‌و رۆژهه‌لاَت به‌ره‌و ئۆردووگاكه ده‌ڕۆیشت.
گوڵ ته‌ته:
ئینجا ئێمه كه‌وتینه سه‌ر جاده‌ى خۆڵ، به‌لاَم جاده خۆڵه‌كه زۆر چاڵ وچۆل نه‌بوو، پاش ماوه‌یه‌ك گۆماوێكى گه‌وره هاته رێمان وه‌ك گۆماوى (سه‌راى سوبحان ئاغا) وابوو، به‌لاَم جیاوازیان ئه‌وه بوو ئه‌م له‌به‌رى نه‌ده‌ڕۆیشت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا شین وپاك بوو ده‌تگوت چاوى قرژاڵه، ئینجا گه‌یشتینه ئاواییه‌ك پێیان ده‌گوت: {گوڵ ته‌ته}، ئه‌م دێیه رۆنگۆڕى و په‌نچه‌رسازى تیا هه‌بوو، تایه‌یه‌كى ترومبێله‌كه‌مان له‌وێ په‌نچه‌رى كرد.
دێى عه‌لىسه‌در:
نزیكه‌ى پانزه كیلۆ مه‌ترێكمان له {گوڵ ته‌ته‌وه} بڕى‌و گه‌یشتینه ئاوایى {عه‌لى سه‌در}، ئه‌و دێیه‌ى كه غاره‌كه‌ى تێدایه، ئه‌م دێیه به سه‌دو بیست ماڵێك ده‌خه‌مڵێنرا، مزگه‌وتێكى جوانكیله‌ى تیا‌بوو، بۆ نیوه‌ڕۆ له‌وێ نوێژمان كرد، به‌لاَم نوێژكه‌رێكى تیا نه‌بوو، له‌به‌شى پشته‌وه وێنه‌ى چه‌ند كوژراو و ونبوویه‌كى پاسدارانى ئاوایى تیا هه‌ڵواسرابوو، منداڵێك هات بۆ مزگه‌وته‌كه گوتمان: نوێژ ده‌كه‌یت؟
گوتى: نه.
گوتمان: ئه‌ى لێره كه‌س هه‌یه پێشنوێژى بۆ خه‌ڵكه‌كه بكات؟
گوتى: سه‌ییدێك هه‌یه به‌لاَم خوێنه‌واریه‌كى واى نییه، ئه‌و ناو به‌ناو پێشنوێژییان بۆ ده‌كات. ئێستایش حاجى ئاغایه‌ك له‌شاره‌وه هاتووه، تامانگى موحه‌ڕڕه‌م ته‌واو ده‌بێ لێره ده‌مێنێته‌وه، و عه‌زا بۆ خه‌ڵكه‌كه ده‌خوێنێته‌وه.
گوتمان: ئه‌ى بۆچ نه‌هاتووه بۆ مزگه‌وت؟
گوتى: نزیكى سه‌عات سێ دێت، ئه‌و رۆژه له‌سه‌عات سێ وچل و پێنچ ده‌قیقه‌دا نوێژى عه‌سر ده‌بوو.
خزمه‌تگوزارى له‌م دێیه‌دا:
له‌شوێنى ده‌سنوێژگرتنه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێ ئاوده‌ستى رێك و پێكیان بۆ ژنان و پیاوان دروست كردبوو، به‌لاَم داخرابوون، پرسیمان: هۆى چییه وا داخراون؟ گوتیان: بیره‌كانیان پڕبووه، ده‌بێ له‌شاره‌وه مه‌كینه بێت بۆ ده‌ردانى، به‌لاَم ئاوێكى زۆر باشیان هه‌بوو. ئه‌م ئاواییه حوسه‌ینییه‌یه‌كیشى تیا‌بوو.
چایخانه‌و چێشتخانه‌یه‌كى زۆرى تیا بوو، ناوچه‌كه دره‌خت كارى كرابوو، دارى په‌ڵك و سووره چنارىتیابوو، ساف ولووس هه‌روه‌ك عه‌رعه‌ر چووبوون به‌ئاسمانا. دوكان وبازاڕێكى مام ناوه‌ندى تیا‌بوو، پێویستى گه‌شتیارى به‌ئاسانى تیا ده‌ست ده‌كه‌وت.
ئه‌شكه‌وته‌كه:
پاش ماوه‌یه‌ك به‌ره‌و ئه‌شكه‌وته‌كه رۆیشتین، ئه‌م ئه‌شكه‌وته له‌بن ته‌پۆڵكه‌یه‌كدایه، ناوه‌كه‌ى پڕله‌ئاوه و وه‌ك ده‌ریاچه‌یه‌ك له‌ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دابێ ئاوه‌هایه، دوو ده‌رگاى هه‌بوو، یه‌كێكیان له‌باكوورى ته‌پۆڵكه‌كه‌وه و ئه‌وى تریان له خۆر ئاوایه‌وه. ئێمه له‌ده‌رگاى خۆرئاواوه رۆیشتینه ژووره‌وه، پاش ئه‌وه كه‌ماوه‌یه‌ك رۆیشتین دیمان داخراوه.!!
بلیت بۆ ئه‌شكه‌وته‌كه:
ناچار هاتینه ده‌ره‌وه‌و رۆیشتین بۆ ده‌رگاكه‌ى باكوور(شیمال)، دیمان له‌وێ كه‌پرو ساباتێكى جوان و سه‌كۆى له‌چیمه‌نتۆ بۆ دانیشتنى تیا دروستكراوه، پله‌كانه تاده‌م ئه‌شكه‌وته‌كه بۆ خه‌ڵكى دۆوست كراوه، له‌ده‌م ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا دوو ریز رێگه دروستكراوه‌و به‌ئاسن نێوانیشیان بۆ كراوه، رێگه‌ێكیان بۆ رۆیشتن و ئه‌وىتریشیان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌یه، له‌ده‌م ده‌رگاى ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا كارگێڕى گه‌شت و گوزار وه‌ستاون و بلیت بۆ گه‌شتیاره‌كان ده‌بڕن، له‌و كاته‌دا بلیتیان بۆ منداڵێك نه ده‌بڕى كه ته‌مه‌نى له‌حه‌وت ساڵ بچووكتر بوایه، له‌وه گه‌وره‌تر و بۆپیاوان بلیت بۆ هه‌ر نه‌فه‌رێ بیست و پێنچ تمه‌ن بوو(1)، ئه‌م پاره‌یه نرخى سواربوونى ئه‌و به‌له‌مانه‌بوو كه‌بیست ده‌قیقه له‌ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا نه‌فه‌ریان ده‌گێڕا.
مه‌یدانى ترمیناڵ:
كه بلیتمان بڕى به‌ڕیز رۆیشتین، ئه‌ڵبه‌ت ده‌مى ئه‌شكه‌وته‌كه زۆر گه‌وره‌نه‌بوو، دوومه‌تر به‌رزایى و سێ مه‌تر كه‌متر پانایى ده‌بوو. به پله‌كانه رۆیشتینه خواره‌وه، پله‌كان بیست وشه‌ش پله بوون، وامان ده‌خه‌ملاَند كه حه‌وت تا هه‌شت مه‌تر چوینه‌ته خواره‌وه، به‌ده‌سته راستا لقێك له‌كونى ئه‌شكه‌وته‌كه ته‌رخان كرابوو بۆ دانیشتن وپشوودان، كورسى تیا دانرابوو، پسكیت وساردى و خواردنى مندالاَنى تیا‌بوو، قیمه‌تیشى گران نه‌بوو، له‌بازارى سنه هه‌رزان تربوو. ئینجا گه‌یشتینه بنكى ئه‌شكه‌وته‌كه، ئه‌وێ وه‌ك مه‌یدانێك وا بوو، پێیان ده‌گوت: مه‌یدانى چوونه ژووره‌وه، پاش ئه‌وه كه‌مێك رۆیشتین به‌له‌مێكى زۆر له‌مه‌یدانێكى ترا به‌سترابوونه‌وه، به‌له‌مه‌كان له پلاسكۆ دروستكرابوون، سووك و سۆڵ بوون، به‌نده‌ریان له‌ته‌خته بۆ دروست كرابوو، چوینه سه‌ر به‌نده‌ر و چاوه روانێمان كرد تا به‌له‌م مان بۆ هاته پێشه‌وه، ماڵ ئێمه به دوو به‌له‌م سوار بووین، ئه‌م به‌له‌مانه به‌چارۆكه‌و سه‌وڵ وماتۆڕى كاره‌بایى نه‌ده‌رۆیشتن، به‌ڵكو به‌له‌مێكى جڵه‌و كێشیان هه‌بوو كه‌ته‌نیا سایه‌ق وكۆمه‌ك سایه‌قى تیا‌بوو، ئه‌م به‌له‌مه به‌پایده‌ر لێدان ده‌ڕۆیشت، به‌له‌مه‌كانى تر هه‌موویان به‌و جڵه‌و كێشه‌وه به‌سترابوونه‌وه، كاتێ شۆفێر پایده‌رى لێده‌دا به‌له‌مى جڵه‌وكێش ده‌ڕۆیشت و ئه‌مانیشى به‌شوێن خۆ‌یا راده‌كێشا. هه‌رجڵه‌و كێشێ یه‌ك به‌له‌م تا چوار به‌له‌مى به‌خۆیه‌وه ده‌به‌ست.
ناو ئه‌شكه‌وته‌كه:
له‌مه‌یدانى ترمیناڵه‌وه به‌ره‌و كوچه‌و كۆلاَنه‌كانى ئه‌شكه‌وته‌كه به‌سه‌ر ئاوا كه‌وتینه رێ، له‌هه‌ندێ شوێنا ته‌سك بوو ته‌نیا به‌له‌مه‌كه‌ى پیا ده‌چوو، له‌هه‌ندێ شوێنى ترا پان وپۆڕبوو، له‌هه‌ندێ شوێنیا به‌هیلالى هاتبوه‌وه، و له‌هه‌ندێ شوێنى ترا وه‌ك به‌قاڵب داڕێژرابێ ئاوه‌ها ته‌خت بوو، له‌هه‌ندێ شوێنا نووكه به‌رد هاتبوه ده‌ره‌وه، له‌هه‌ندێ شوێنا ساف ولووس. به‌لاى راست وچه‌پى رێگه ئاوییه‌كه‌دا كون و كه‌له‌به‌ر هه‌بوو، به‌لاَم له‌به‌ر تاریكى بۆمان ده‌ر نه‌ده‌كه‌وت ئایا مه‌ودایان زۆره یا كه‌م؟
مه‌یدانى چى بكه‌م؟
له‌مه‌یدانى چواره‌مدا لق و ورده رێى زۆرى لى ده‌بووه‌وه، ئه‌گه‌ر گلۆپى سه‌ر رێگه‌كان نه‌بوایه ئینسان سه‌رى لێ تێك ده‌چوو، نه‌یده‌زانى به‌كام رێگه‌یاندا بڕوا؟ ئه‌م مه‌یدانه‌ش پێیان ده‌گوت: مه‌یدانى (چ بكنم - چى بكه‌م؟)یا مه‌یدانى شه‌ش رێ. پاش ئه‌وه به‌مه‌یدانێكى ترا تێپه‌ڕین ناوى مه‌یدانى سه‌راى ئازادى بوو.
مه‌یدانى ده‌ست و ئه‌نگوشت:
ئه‌ڵبه‌ت به‌درێژایى رێگه ئاوییه‌كه گڵۆپ وپراجكتۆریان دانابوو، رووناكى و شه‌وقێكى باشیان ده‌دایه‌وه، بن میچى ئه‌شكه‌وته‌كه له‌هه‌ندێ شوێنا زۆر نزم بوو، دوو مه‌تر زیاتر نه‌ده‌بوو، له‌هه‌ندێ شوێنا زۆر به‌رز بوو، له‌وانه‌یه بڵیم ده‌گه‌یشته ده مه‌تر. به‌زۆرى پارچه به‌ردمان ده‌بینى وه‌ك چلووره‌ى سه‌هۆڵ شۆڕبووبوه‌وه، وابزانم هه‌رسه‌هۆڵیش بوون وبووبوونه به‌رد، له‌لایه‌كى تره‌وه به‌رده‌كان وه‌ك قوڕى شل خزابوون و بووبونه به‌رد، بن میچى ئه‌شكه‌وته‌كه له‌م شتانه‌ى زۆر پێوه بوو، له‌مه‌یدانێكا وابزانم شه‌شه‌مین مه‌یدان بوو، به‌ردێك وه‌ك ده‌ست و پێنچ په‌نجه له‌ناو ئاوه‌كه‌وه هاتبوه ده‌ره‌وه، به‌و بۆنه‌وه مه‌یدانه‌كه‌یان ناو نابوو: مه‌یدانى ده‌ست و ئه‌نگوشت. هه‌ر له‌بن میچى ئه‌م مه‌یدانه‌دا به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى وشه‌ى: الله نووسرابوو، خۆمان به‌چاوى خۆمان بینیمان و خوێندمانه‌وه. ئه‌م مه‌یدانه پێنج هه‌مین مه‌یدانى ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌بوو. ئه‌ڵبه‌ت حه‌وت مه‌یدان بوون: 1- مه‌یدانى چوونه ژووره‌وه. 2- مه‌یدانى ته‌كسى بار، یا(مه‌یدانى ئیمام). 3- مه‌یدانى شه‌ریكه‌ى ته‌عاونى. 4- مه‌یدانى شه‌ش راه، یا (چى بكه‌م؟). 5- مه‌یدانى سه‌راى ئازادى. 6- مه‌یدانى ده‌ست وئه‌نگوشت. 7- مه‌یدانى خه‌م وخه‌فه‌ت، یا (ئاخرى بیست وپێنچ).
# # #
ئاوى ئه‌شكه‌وته‌كه:
له‌سایه‌قه‌كه‌مان پرسى ئاوى ئه‌م ئه‌شكه‌وته چه‌ند مه‌تر قووڵه؟
گوتى: له‌نیو مه‌تره‌وه تا پانزه مه‌تر.
گوتمان: له‌كه‌یه‌وه ئه‌م ئه‌شكه‌وته دۆزراوه‌ته‌وه؟
گوتى: له‌دێر زه‌مانه‌وه، به‌لاَم ماوه‌ى هه‌ژده‌ساڵ ده‌بێ بۆ گه‌شت و گوزار به‌كار ده‌هێنرێ.
گوتمان: ئایا كۆتایى ئه‌م ئه‌شكه‌وته دۆزراوه‌ته‌وه؟
گوتى: كارزانه بێانیه‌كان ماوه‌ى چل و هه‌شت سه‌عاتیان به رۆیشتن و گه‌ڕانه‌وه پێ چووه به‌لاَم نه‌گه‌یشتبوونه ئه‌نجام و كۆتایى ئه‌شكه‌وته‌كه.
گوتمان: سه‌رچاوه‌ى ئاوى ئه‌م ئه‌شكه‌وته له‌كوێوه دێت و له كوێوه ده‌ر ده‌چێت؟
گوتى: نه خۆمان بۆمان ده‌ركه‌وتووه، نه‌كارزانه بێانیه‌كانیش.
گوتمان: ئه‌ى ئاوه‌كه زیاد و كه‌م ده‌كات؟
گوتى: به‌ڵێ، بۆ نموونه ئاوى ئه‌مساڵ شه‌ست سه‌نتیمى له ئاوى پار زیاد كردووه.
هه‌واى ئه‌شكه‌وته‌كه:
هه‌واى ئه‌شكه‌وته‌كه زۆر سارد بوو، به جۆرێكى وا هه‌ڵم له‌هه‌ناسه‌كانمانه‌وه دروست ده‌بوو. ئاوه‌كه‌ى زۆر پاك و روون و بى خه‌وش بوو، تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش سارد بوو، به‌لاَم تامه‌كه‌ى زۆر خۆش نه‌بوو.
گه‌شته‌كه‌مان به‌سه‌ر ده‌ریاچه‌ى ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا بیست ده‌قیقه‌ى خایاند.. له‌راستیدا گه‌شتێكى خۆش و به‌تام بوو، چونكه ئه‌وه یه‌كه‌م جار بوو له‌ژیانماندا گه‌شتى وا بكه‌ین.
له‌سه‌رده‌مى شۆڕش{ئینقیلاب}دا هه‌ندێ ئایه‌ت و فه‌رمووده‌یان ناو به‌ناو له‌شوێنه سه‌رنج راكێشه‌كانى ناو ئه‌شكه‌وته‌كه‌دا هه‌ڵواسیبوو، یه‌كێكیان ئه‌م ئایه‌ته بوو: " رَبُّنَا الَّذِي أَعْطَى كُلَّ شَيْءٍ خَلْقَهُ ثُمَّ هَدَى" (2). واته: په‌روه‌ردگارمان ئه‌و زاته‌یه كه هه‌مووشتێكی دروستكردووه، پاشان رێنموونی كردووه، تابه‌باشی ده‌وری خۆی ببینێت.
پاش نان خواردنى نیوه‌ڕۆ له ئاوایى عه‌لى سه‌در ده‌رچووین و به‌ره‌و هه‌مه‌دان كه‌وتینه ڕێ.
1- له‌وكاته‌دا دۆلاریكى ئه‌مریكى سه‌دو بیست تمه‌ن بوو.
2- سوره‌تى تاها / ئایه‌تى: 50..