برایه‌كی هاوبیرم هه‌بوو، وه‌ك برای دایك و باوكی وبگره خۆشترم ئه‌ویست، برایه‌كی زمان شیرین، رووخۆش، قسه‌خۆش، دڵ و ده‌رون پاك ، هه‌میشه ده‌م به‌یادی خوا پاراو، بۆنی ئیمان له‌ناخیه‌وه ئه‌هاته‌ده‌ر، چاوه‌كانی هه‌میشه به‌فرمێسك ئه‌بریقایه‌وه، بییری بانگه‌واز ببوه به‌شێك له سروشتی، خه‌مخۆری موسوڵمانان و بانگه‌وازه‌كه‌ی بوو، هه‌ر له‌ته‌ك بانگه‌وازدا ئه‌ژیا باله‌ناو ماڵ ومناڵیشیا بوایه، كات و ماڵ و هۆشی به بانگه‌وازه‌وه مه‌شغوڵ بوو.
به‌هۆی ئیجتیهادێكه‌وه كه‌كردی رێی به‌دنیادا تا سه‌ر به‌ره‌و ده‌روونی بكێشێ، پێی وابوو دنیا بۆ چه‌ند ده‌قیقه‌یك دێته ژوورێ و پاشان ده‌ڕوات و چۆڵی ئه‌كات، به‌لاَم زۆر به‌خێرایی فێنكایی پێ گه‌یاند، و ته‌پوتۆزی جیهادی لێ ته‌كاند، و ئه‌ویش ته‌سلیمی بوو، په‌یتا په‌یتا ماڵی بۆ ده‌نارد، و ئه‌ویش خۆ به ده‌سته‌وه‌دانی زۆرتر ده‌بوو، له‌هه‌ندێ خه‌م و په‌ژاره‌ی بانگه‌واز قوتاری كرد، ئه‌ویش زیاتر و زۆرتر بایه‌خی پێئه‌دا و ده‌خلیسكایه ناو لیته‌كه‌یه‌وه..
ماوه‌یك بوو بییرم ئه‌كرد!! له‌نوێژی به‌یانیدا بۆی ئه‌گه‌ڕام نه‌م ئه‌بینییه‌وه!! له‌كۆڕی برایانا بۆی ئه‌گه‌ڕام نه‌م ئه‌بینییه‌وه!! له‌كاتی {ویردی رابیته}(2)شدا هه‌وڵم ئه‌دا وێنه‌كه‌ی بێنمه‌وه پێشچاوم، دوورئه‌كه‌وته‌وه ولێم هه‌ڵ ئه‌هات.!!
تا رۆژێكیان بینیم، به‌لاَم به رواڵه‌تێكی جیاواز له رواڵه‌تی جارانی.. نووری رواڵه‌تی وه‌ك جاران نه‌ده‌بینرا، جاران كه هه‌میشه یادی خوا به‌سه‌ر زاریه‌وه بوو، و دانیشتنه‌كانمانی پێ بۆنخۆش ده‌كرد، له‌ماوه‌ی ئه‌و سه‌عاته‌ی پێكه‌وه دانیشتین هیچم لێ نه‌دی، به‌و ده‌نگه‌ی كه‌مێك ئاوازی گریانی پێوه‌مابوو شه‌وانه به‌ته‌له‌فون له سێیه‌كی دواینی شه‌وا له‌خه‌و خه‌به‌ری ئه‌كردمه‌وه، و ئه‌یوت: براكه‌م! ئه‌م چركانه‌ی شه‌و گران به‌هاو به‌نرخن، له‌غه‌فڵه‌تا به‌سه‌ریان مه‌به!!
به‌هه‌رحاڵ گریانم بۆ حاڵی ئه‌هات، و پێم وت: ئه‌رێ برا ! له‌كه‌یه‌وه سه‌یری ئاوێنه‌ت نه‌كردووه؟ وتی: ئه‌مڕۆ به‌یانی.. وتم: ئاوێنه‌ى ژووری خه‌وه‌كه‌ت ناڵێم، مه‌به‌ستم ئاوێنه‌ی بانگه‌وازه، له‌كه‌یه‌وه خۆت پیشان وێنه‌كه‌ی جارانت نه‌داوه، ئه‌وه‌ی كه‌من دواین جاربینیم؟! ماوه‌یه‌ك بێده‌نگ بوو، سه‌ری بۆله‌قاند، و ویستی هه‌ستێ بڕوات. قۆڵم گرت و دامنایه‌وه، پێم وت: ئه‌وه له‌شه‌رمه‌زاریا ئه‌ڕۆیت، یاحه‌ز به‌قسه‌كانم ناكه‌یت؟!
ده‌ستی به‌گریان كرد، گریانێك چاوه‌كانی جارانی بییردێنامه‌وه كه هه‌میشه - به‌هۆی زۆر گریانی له‌ترسی سزای خوایی - به‌فرمێسك ئه‌بریقانه‌وه، ئینجا پێی وتم: ئایا ئه‌زانی له‌و هه‌موو برایانه‌ی هه‌مبوو تۆ یه‌كه‌م برایه‌كمی ئاوه‌ها به قایمی دڵم راچڵه‌كێنی؟ بیهێنه به‌خه‌یاڵتا من خه‌ریك بوو ئه‌خنكام، و براكانم له‌ناو ئه‌و شه‌پۆله سامناكانه‌دا منیان ئه‌بینی، و مه‌له‌وانێكی باشیش بوون، كه‌چی هه‌ڵمه‌تێكیان نه‌هێنا تا له‌نوقومبوون و تیاچون رزگارم بكه‌ن!!
پاشان ده‌نگی گریانی به‌رزبووه‌وه و ئه‌یوت: ئاخ و هه‌زاران ئاخ بۆ ئه‌و برایانه‌ی وه‌ك من بوون!! شه‌یتانه‌كانی هه‌واو هه‌وه‌س هه‌ڵی فریواندن، و دنیا مه‌شغووڵیكردن، و یه‌كێك له‌برایانیان به‌سه‌ر گوێی دڵیانا نه‌یقیژاند، بگره ئه‌و برایانه‌شیان پێش ئه‌وه‌ی كه به‌برای خۆشی و شادیان دابنێن، به‌برای ته‌نگانه‌یان دائه‌نان، ئه‌وانه‌ش فریایان نه‌كه‌وتن، و پشتیان تێكردن.. ئینجا خۆی خسته باوه‌شمه‌وه و هه‌ناسه بڕكێیه‌كی گرانی پێكه‌وت و منیشی كرده گریان، تا هێزی تیا‌بوو باوه‌شی پیاكردم، وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌ستم پێوه‌بگرێ، تا ئه‌و پێوه‌ندییه دنیاییه‌ی به‌توندی رای ئه‌كێشاو وه‌ختبوو تیای به‌رێ جارێكی تر له منی دانه‌بڕێته‌وه، منیش زیاتر سۆزم بۆی ده‌جوولاَو زیاتر باوشم پیا ئه‌كرد، و دڵخۆشیم ئه‌دایه‌وه و هه‌وڵی ئارام بوونه‌وه‌یم ئه‌دا..
ئینجا هه‌ستاو ویستی بڕوات.. وتم: بۆ كوێ؟ وتی بۆ لای ئه‌و برایانه‌ی وه‌ك من و تۆ شیرینی ئه‌م بانگه‌وازه‌یان چه‌شتووه و پاشان وازیان لێهێناوه!! ئه‌ڕۆم بۆ لای فلاَن و فلاَن كه ماڵی بازرگانی هه‌ڵی خڵه‌تاندوون، و پاشه‌ڕۆژی مناڵه‌كانی و به‌خته‌وه‌ری خێزان، و بزمه‌ته بوونی ره‌سیدی بانقی مه‌شغووڵی كردوون، و گه‌وهه‌رو مرواری به‌هه‌شت و هاوڕێیه‌تی پێغه‌ممه‌ر صلى الله عليه وسلم و هاوه‌ڵه‌كانیان له‌بییر چووه‌ته‌وه، تا چۆن به‌گوێی منتا چریكاند، منیش به‌گوێیانا بچریكێنم، و به‌هه‌ر یه‌كێكیان بڵێم: برایان! وه‌رن له‌ته‌كمانا سوار كه‌شتی رزگاری ببن، تا نه‌خنكێن.. ئیتر رۆیشت و جێی هێشتم..
# # #
ئا له‌ویا به‌سه‌رهاته‌كه‌ی عومه‌ری كوڕی خه‌تتابم بیركه‌وته‌وه كه بۆیان باسكردبوو، فلاَن هاوڕێ پاش رێ دیتنه‌وه، رێی لێ ونبووه، و پاش نزیكبوونه‌وه دووركه‌وتۆته‌وه، و خه‌ریكه به‌ته‌واوی تیا بچێت.. عومه‌ریش به‌م شێوه‌یه نامه‌یه‌كی بۆ نووسی: بسم الله الرحمن الرحيم " تَنزِيلُ الْكِتَابِ مِنْ اللَّهِ الْعَزِيزِ الْعَلِيمِ، غَافِڕ الذَّنْبِ وَقَابِلِ التَّوْبِ شَدِيدِ الْعِقَابِ " غافر:1-2. به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان، دابه‌زاندنی ئه‌م قورئانه له‌لایه‌ن خوای به‌ده‌سه‌لاَتی زاناوه‌یه.. ئه‌وخوایه‌ی گوناهبه‌خشه و په‌شیمانیی وه‌رگره، و تۆڵه سێنه‌ریشه به‌سه‌ختی " كاتێ نامه‌كه‌ی به‌ده‌ست گه‌یشت و ده‌ستی به‌خوێندنه‌وه‌ی كرد، ئه‌گریا و ئه‌یگوت: (غَافِڕ الذَّنْبِ وَقَابِلِ التَّوْبِ) گوناهبه‌خشه و په‌شیمانیی وه‌رگره، و چه‌ندان جار دووپاتی ئه‌كرده‌وه، و پاشان له‌لوتفی خواوه حاڵی باش بوو، پاش حاڵ چاكبوونی هه‌واڵیان به‌عومه‌ر گه‌یانده‌وه، ئه‌ویش فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر براكانتان گۆڕانیان به‌سه‌را هات ئاوا كارێكیان له‌ته‌كا بكه‌ن.
ئاخۆ چه‌ندان برا ئاوها دنیا گوڕیبنی، و شه‌یتان سه‌ری لێ شێواندبن؟! به‌لاَم له گه‌ڵ ئه‌وگۆڕانه‌ی حاڵ‌و ده‌روونی ماندوویاندا هێشتا به‌خۆشه‌ویستی ئه‌و بانگه‌وازه و دۆستایه‌تی برایانه‌وه دڵیان پڕبێ، و چاوه‌ڕوان بن یه‌كێ له‌كه‌شتیه‌وانانی رزگاری به‌لایانا تێپه‌ڕێ و پێیان بڵێ: برا! فریاكه‌وه، خێرا سه‌ركه‌وه تا نه‌خنكاوی!! یانامه‌یه‌كی وه‌ك نامه‌كه‌ی عومه‌ری بۆ بنووسێ تا زرق وبرقی دنیا‌و فیتی شه‌یتان له‌دڵی براكه‌ی دوور بخاته‌وه، و بیگێڕێته‌وه ریزی حه‌ق و سه‌قامگیری..
بێگومان مافی به‌سه‌رته‌وه هه‌یه‌و رۆژێ هاوبه‌شی سفره‌و خوانی كه‌تیبه، و هاوه‌ڵی رێی خه‌باتی باوه‌ڕت بووه. ئایا فریای ئه‌كه‌وی، و پێی ئه‌گه‌یت؟! هه‌ر ئێستا هه‌سته‌و خۆت بپێچه‌ره‌وه، و بڕۆ بۆلای، چاوه‌ڕوانته، و پشتی چۆڵ مه‌كه..
له سایتی برایانه‌وه وه‌رگیراوه..
(1)یه‌كه‌م رۆژی كردنه‌وه‌ی سایته‌كه به‌م بابه‌ته ده‌ستمان پێكرد، له‌به‌ر داوای هه‌ندێ برایان ئه‌وا بۆ یادخستنه‌وه دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه.
(2)- به‌یانیان و ئێواران برایان كۆمه‌ڵێ دوعا ده‌خوێنن كه‌پێی ده‌گوترێ: [مأثورات]، واته: ئه‌وانه‌ی ئه‌سه‌ر و شوێنه‌وارن و پێغه‌ممه‌ر صلى الله علیه وسلم خوێندونی، له‌پاش خوێندنی ئه‌و دوعایانه‌وه، برای دوعا خوێن، له‌كاتێكا دوعا بۆ برایانی ده‌كات هه‌رچی برایه‌كی دیوه و ده‌یناسێ به‌خه‌یاڵی خۆی ده‌یهێنێته پێشچاوی و بۆیان ده‌پاڕێته‌وه و دوعای خێر و سه‌قامگیریان بۆ ده‌كات..ئه‌وه {ویردی رابیته}یه..