له‌ساڵی 2006 دابوو كه پاپا بينديكت { Pope Benedict }ی شانزه له‌ئه‌ڵمانیادا وتارێكی دا و ئیسلامی تیا به شه‌ڕو شه‌یتانی و نائینسانی ناوزه‌د كرد، هه‌رله 24/9/2006 دا نووسه‌رو زانایه‌كی جوو به‌ناوی {یۆری ئه‌فنيری} كه خۆی وا پێناسه ده‌كات و ده‌ڵێت: " من جوویه‌كی موسقۆف و مولحیدم{ As a Jewish atheist }"، زۆر به‌قووه‌ت به‌رگری له ئیسلام كرد و به ژییر بێژی و به‌ڵگه‌ی مێژوویی په‌رچی بابا بينديكتی دايه‌وه..
ئه‌م جووه چالاكێكی ئیسرائیلییه، و سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی ئاشتی ئیسرائیلییه،" غوش شالوم " ئه‌مه‌ش ماڵپه‌ڕی بزوتنه‌وه‌كه‌یانه: Http://zope.gush-shalom.org/home/en و ئه‌مه‌ش ئێمێل ئه‌دره‌سه‌كه‌یه‌تی: avnery@actcom.co.il
هه‌رچه‌ند ئه‌م باسه ماوه‌یه‌كی به‌سه‌را تێپه‌ڕیوه، به‌لاَم به‌پێویستم زانی وه‌ری بگێڕمه سه‌ر كوردی چونكه هێشتا ئه‌و بیرۆكه‌یه‌ی پاپا له‌ناو هه‌ندێ نووسه‌ر وسیاسیی میلله‌ته‌كه‌ماندا ماوه، تا ئه‌و حه‌قیقه‌ته بۆ هه‌موو ئه‌وانه روون ببێته‌وه كه وه‌ك پاپا بییر ده‌كه‌نه‌وه.
به‌تایبه‌ت كه ئه‌مه‌ش نووسینی پیاوێكی ئیسلامی نییه، و نوسینی مرۆڤێكه هه‌روه‌ك خۆی ده‌ڵێت: هیچ دین وئاینێكی نییه، و ته‌نیا ده‌یه‌وێت خه‌ڵكی به‌گزی سه‌ریان لێ نه‌شێوێنرێ و حه‌قیقه‌ت بخاته روو.. هیوادارم سوودی بۆ هاوزمانانم هه‌بێ.
ئه‌وه ئێوه‌و ئه‌وه په‌رچه وتاره‌كه‌ی یوری ئه‌فنری به‌ناوی: شمشێر‌ی موحه‌ممه‌د
حه‌سه‌نی پێنجوێنی
شمشێر‌ی موحه‌ممه‌د[ ص]:
پاپا بينديكت { Pope Benedict }ی شانزه له‌خزمه‌تی جۆرج ده‌بلیو بۆشدا
نوسيني: يوري ئه‌فنري(1) Uri Avner
له‌و رۆژانه‌وه كه‌ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی فه‌ڵه و دیانه‌كانی ده‌كرده پارۆووی شێره‌كان په‌یوه‌ندی نێوان سه‌رۆكی كه‌نیسه و ئیمپراتۆریه‌تی رۆمانی گۆڕانكاری زۆری به‌سه‌راهاتووه..
خودی كه‌نیسه بوو به‌دووبه‌شه‌وه: كه‌نیسه‌ی رۆژهه‌لاَتی {ئه‌رسه‌زۆكس} و كه‌نیسه‌ی رۆژئاوایی{كاسۆلیك}، له‌رۆژ ئاوادا كه پێشه‌وای كه‌نیسه‌ی رۆمانی له‌قه‌بی پاپای پێ به‌خشرابوو سووربوو له‌سه‌ر ئه‌وه كه ئیمپراتۆر پله‌وپایه‌ی به‌رزی قبوول بكات..
هه‌رای نێوان ئیمپراتۆر وپاپا هه‌روه‌ك له دابه‌شكردنی خه‌لكیدا كاریگه‌ری خۆی هه‌بوه به‌شێكی زۆری له‌مێژووی ئه‌ورووپاش دروست كردووه، هه‌ندێ له‌پاشاكان پاپایان به‌هیچ نه‌زانیوه‌و وگوێشیان پێ نه‌داون، هه‌روه‌ك هه‌ندێ له‌پاپاكانیش پاشاكانیان به‌هیچ نه‌زانیوه و له‌هه‌موو خێروبێرێكی كه‌نیسه بێبه‌ش ومه‌حروومیان كردوون، له‌مێژوودا باسی ده‌كات چۆن هێنری چواره‌م بۆ ماوه‌ی سێ رۆژ له‌به‌رده‌م قه‌لاَی پاپادا به‌پێی په‌تی له‌سه‌ر به‌فرا راوه‌ستاوه تا پاپا بریاری بێ به‌شكردنی له كه‌نیسه هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه..
به‌لاَم كاتی وایش هه‌بووه پاپاو ئیمپراتۆر هه‌ردوو به بێوه‌ی پێكه‌وه ژیاون، ئێستا ئێمه له‌و سه‌رده‌مه‌داین كه پاپا بيندێكتی شانزه و ئیمبراتۆر بۆشی سه‌رده‌م چه‌نده پێكه‌وه گونجاون!! ئه‌وه‌ته راگه‌یاندنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پاپا زۆر به‌شێوه‌یه‌كی جوان هه‌ماهه‌نگه له‌ته‌ك ئه‌و هێرشه خاچییه‌دا كه بۆشی دووه‌م رابه‌رایه‌تی و سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، دژ به فاشیستی ئیسلامی(2) له‌چوارچێوه‌ی ملانێی شارستانییه‌كاندا..
له‌وتاری ژماره 265ی پاپا له زانكۆی ئه‌ڵمانیادا شرۆڤه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌كرد كه ناوی ناوه جیاوازییه گه‌وره‌كه‌ی نێوان ئیسلام ودیانه‌تی، ئه‌وه‌بوو گوتی: دیانه‌تی له‌سه‌ر ژییربێژی و عه‌قلاَنیه‌ت دامزراوه و ئیسلامیش ئه‌وه پشت گوێ ده‌خات،دیانه‌تی حیكمه‌ت له‌كاره‌كانی خوادا ده‌بینێت، به‌لاَم موسوڵمان هه‌موو ژییر بێژییه‌ك له‌كاره‌كانی خوادا ره‌فز ده‌كات..
به‌نیسبه‌ت منه‌وه كه جوویه‌كی بێ باوه‌ڕم و نیازیشم نییه خۆم بئاڵێنمه ئه‌و هه‌راو به‌زمه‌وه، به‌لاَم قسه‌كه‌ی پاپا له‌توانای تێگه‌یشتنی من بۆ ژییر بێژی پاپا تێپه‌ڕیوه، به‌لاَم نامه‌وێ له په‌یامه‌كه‌ی تێ بپه‌ڕم، چونكه من وه‌ك ئیسرائیلییه‌ك كه له‌سه‌ر لێواره‌یه‌كی هه‌ڵه ژیاوی ئه‌وه‌ی ناویان لێناوه به جه‌نگی شارستانییه‌كان ده‌مگرێته‌وه..
بۆ ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی خۆی بكاته‌وه كه عه‌قلاَنییه‌ت له‌ئیسلامدا نییه،پاپا وای ئیددیعا كرد كه موحه‌ممه‌د فه‌رمانی به‌شوێنكه‌وته‌كانی داوه: ئیسلام به‌شمشێر بلاَوبكه‌نه‌وه، ئاخر ئیمان چۆن له‌جه‌سه‌ده‌وه به‌دی دێت؟ ئیمان ته‌نیا له رۆح وگیانه‌وه هه‌ڵه‌ده‌قوڵێت، كه‌وابوو چۆن شمشێر ده‌توانێ ئیمان بلاو بكاته‌وه؟ و چۆن شمشێر كار له گیان ده‌كات؟
بۆ ئه‌وه‌ی جه‌خت له‌سه‌ر قسه‌كه‌ی خۆی بكاته‌وه هه‌ندێك له‌قسه‌كانی ئیمپراتۆر مانۆیلی دووه‌م هێنا كه‌گوتبووی: هه‌موو ئه‌وه‌ی كه موحه‌ممه‌د هێناویه‌تی شه‌ڕو شه‌یتانی و نا ئینسانی بووه، و باگی ئه‌وه ده‌كات ئیمان به‌شمشێر بلاَو بكرێته‌وه.
ئه‌م قسانه‌ش سه‌ر بۆ سێ پرسیار ده‌كێشن: ئه‌و ئیمپراتۆره بۆ ئه‌و قسانه‌ی كرد؟ و ئایا ئه‌و قسانه راستن؟ و پاپای ئێستا بۆ ئه‌وقسانه‌ی ئه‌و به‌كاردێنێ؟
كاتێ ئیمپراتۆر ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ی رێكخست سه‌ری ئیمپراتۆر له مه‌ترسیدا بوو، چونكه سوپای توركی توانیبووی بگاته دانووب ، و بولگاریا و باكووری یۆنانی گرتبوو، وله‌ساڵی 1453 دا واته پاش كۆچی مانویل به‌شه‌ش سال شتێ كه‌متر قوسته‌نتینییه{ئه‌سته‌نبوولی ئیستا}كه یه‌ك هه‌زار سال پایته‌ختی ئیمبراتۆریه‌ت بوو كه‌وت وبه‌ده‌ستی سوپای توركی گیرا..
ئیمپراتۆر به‌وقسانه‌ی ده‌یویست پاشاكانی ئه‌ورووپا هان بدات، وغیره‌تی ئاینییان بجووڵێنێت، تا ئه‌وانیش جه‌نگێكی خاچ هه‌ڵگرانه‌ی نوێ به‌رپا بكه‌ن له‌دژی توركه‌كان، و به‌ڵێنی ئه‌وه‌ی پێدابوون كه‌نیسه بكاته‌وه به‌یه‌ك، مه‌به‌سته‌كه‌س سیاسی بوو نه‌ك ئاینی..{ئاین له‌خزمه‌تی سیاسه‌تدایه}.
ئێستاش هه‌ر له‌و روانگه‌یه‌وه ئه‌م وشانه به‌كارده‌هێنرێت بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی جیهانی دیان له‌دژی موسوڵمانان(به‌ره‌ی شه‌ڕ)(3)، تائێستاش توركه‌كاتن له‌درگای ئه‌وروپاده‌ده‌ن، به‌لاَم ئه‌مجاره‌یان به‌ئاشتی{توركیا هه‌وڵ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی بڕواته ناو یه‌كیه‌تی ئه‌ورووپاوه،} ئه‌وه‌ش ئاشكرایه كه‌پاپا دژی په‌یوه‌ستبوونی توركیایه به یه‌كیه‌تی ئه‌ورووپاوه
ئایا وشه‌كانی مانۆیل راست بوون؟
ته‌نانه‌ت پاپاش كه ئه‌و وشانه‌ی مانۆیلی هێنابوو به‌ترێكه‌وه دركاندنی، چونكه ئه‌و ناتوانێ ئینكاری شتێ بكات كه مه‌شهوورو بڕیارله‌سه‌ردراوه ه‌و له‌خودی قورئاندا نووسراوه، كه ره‌فزی ئه‌وه‌ده‌كات باوه‌رِ به‌زۆر بسه‌پێنرێ، خودی پاپا نموونه‌یه‌كی له‌سووره‌تی دووه‌می قورئانه‌وه هێنایه‌وه كه زۆركردن له‌وه‌رگتنی ئاینا نییه..
كه‌وابوو چۆن مرۆڤ ده‌توانێ له‌نێوان ئه‌و دوو ده‌سته‌واژه دژ به‌یه‌كه‌دا مامه‌ڵه بكات، به‌لاَم پاپا چاره‌سه‌رێكی زۆر سه‌یری بۆ دۆزییه‌وه كاتێ گوتی: له‌راستیدا موحه‌ممه‌د له‌جه‌نگی دژ به‌دوژمنانیا شمشێر‌ی به‌كارهێناوه، دوژمنانی جوو، و بت په‌رست، ودیان، و جگه له‌وانیش..له‌كاتی دروستكردنی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یا، به‌لاَم ئه‌مه كارێكی سیاسی بووه نه‌ك ئاینی..
مه‌سیح ده‌ڵێ: خه‌ڵكی به به‌رهه‌مه‌كانیانا بناسن.. ئێمه‌ش ده‌توانین به‌نموونه‌یه‌كی ساده بزانین ئیسلام چۆن له‌ته‌ك ئاینه جیاوازه‌كانا مامه‌ڵه‌ی كردووه، فه‌رمانڕه‌وایانی ئیسلام بۆ ماوه‌ی هه‌زار ساڵ زیاتر چۆن ره‌فتاریان له‌گه‌ل خه‌ڵكی ئاینه جیاوازه‌كاندا كردووه، كاتێك هێزو توانایان هه‌بوه به‌شمشێر ئاینه‌كه‌یان بلاَو بكه‌نه‌وه؟
له‌راستیدا ئه‌وان به‌كاریان نه‌هێناوه:
موسوڵمانان حوكمی یۆنانیان كرد ئایا یۆنانییه‌كان بوونه موسوڵمان، ئایا یه‌كیك هه‌وڵی به‌ئیسلام كلاردنی دان؟ به‌پێچه‌وانه‌وه دیانه یۆنانییه‌كان پله‌وپایه‌ی باشیان له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانلیدا هه‌بوو، سیرب و بولگار و جگه له‌وانیش له‌میلله‌تانی تری ئه‌ورووپاكه‌له‌ژێر ده‌سه‌لاَتی حوكمی عوسمانلیدا بوون هه‌ر به‌مه‌سیحی مانه‌وه، به‌ڵێ ئه‌لبانی وبۆسنه‌ییه‌كان بوونه موسوڵمان به‌لاَم ئه‌وه ویستی خۆیان بوو نه‌ك به‌زۆر..
له‌ساڵی 1099 دا خاچ هه‌ڵگره‌كان ده‌سلاَتیان به‌سه‌ر قودس وفه‌له‌ه‌ستینا گرت، به‌لاَم قه‌سابخانه‌یان تیا دروست كرد، و بێ جیاوازی خه‌ڵكی دانیشتووی ئه‌و ولاته‌یان له‌موسوڵمان و جووه‌كان سه‌ربڕی به‌ناوی مه‌سیحی پاكی دڵنه‌رمه‌وه..به‌لاَم چوار سه‌د ساڵ موسوڵمانان حوكمی قودسیان كرد دیانه‌كان له‌وماوه دوور ودرێژه‌دا له‌قودسا زۆرینه‌بوون، و كه‌س به‌زرۆر نه‌یكردنه موسوڵمان، به‌لاَم پاش ئه‌وجه‌نگانه‌ی خاچ هه‌ڵگره‌كان دیانه فه‌له‌ستینییه‌كان به ویستی خۆیان بونه ئیسلام و ئه‌وانیش باوباپیرانی فه‌له‌ستینه موسوڵمانه‌كانی ئێستان..
تائێستاش به‌ڵگه‌یه‌ك به‌ده‌سته‌وه نییه كه جوویه‌كیان به‌زۆر كردبێته موسوڵمان، ئه‌وه‌ی روون و زانراوه جووه‌كانی ئه‌نه‌لوس له‌ژێر ده‌سه‌لاَتی ئیسلامی‌دا ژیانێكی خۆشیان هه‌بووه، و له‌هیچ شوێنێكا تا ئێستاش ئه‌و ژیانه‌یان نه‌بووه. له‌ئیسپانیای ئیسلامی‌دا جووه‌كان شاعیر و زانا و سه‌فیر و وه‌زیریان هه‌بووه، له‌ئیسپانیای ئیسلامی‌دا زانایانی جوو دیان و موسوڵمان پێكه‌وه فه‌لسه‌فه‌ی ئیغریقی و یۆنانی و ده‌ستخه‌ته زانیارییه‌كانیان ته‌رجومه كردووه سه‌رده‌مێكی به‌راستی زێڕین بوو، ئه‌گه‌ر موحه‌ممه‌د فه‌رمانی به‌كارهێنانی شمشێر‌ی بۆ بلاوكردنه‌وه‌ی ئیسلام بدایه چی رووی ده‌دا؟!
به‌لاَم باسه‌رێك له‌ئیسپانیا بده‌ین بزانیین كاتێ كاسۆلێك له‌وێ سه‌ركه‌وت چی رووی دا؟! به‌راستی ترۆری ئاینیان به‌دیهێنا، موسوڵمانان و جووه‌كان هه‌ڵبژاردنێكی زۆرناهه‌مواریان له‌به‌رده‌ما بوو: یاده‌بوا ببن به‌دیان، یا ده‌بێ سه‌ر ببڕێن، یا ده‌بێ ئه‌و ولاَته به‌جێ بێڵن!! سه‌دان هه‌زار جوو كه نه‌یان ویست واز له‌ئاینه‌كه‌یان بێنن روویان له ده‌وڵه‌ته ئیسلامییه‌كان كرد، و ئه‌وانیش باوه‌شیان بۆ كردنه‌وه، هه‌ر له‌مغریبه‌وه بیگره تا عیراق.. هه‌رله‌باكوریه‌وه تا باشووری، واته: له بولگاریاوه {ئه‌وكاته به‌شێك بوو له‌ده‌وڵه‌تی عوسمانلی}تا سوودان.. له‌ناو موسوڵمانانا جووه‌كان شتێكی وایان به‌سه‌ر نه‌هات كه له‌ده‌وڵه‌ته ئه‌ورووپییه دیانه‌كاندا به‌سه‌ریاندا هات وه‌ك پاكتاوی نه‌ژادی و ده‌كردنی به‌كۆمه‌ڵ و كۆتاییه‌كه‌شی هۆلۆكۆست بوو..
له‌به‌رچی؟ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئیسلام چه‌وسانه‌وه‌ی شوێنكه‌وته‌ی ئاینه‌كانی تری حه‌رام كردووه، و جێگایه‌كی تایبه‌تی بۆ دیاریكردوون، باجیان ده‌دا له‌به‌رامبه‌ر عه‌فوكردنیان له‌خزمه‌تی سه‌ربازی، و جووه‌كان به‌مه‌ش زۆر خۆشحال بوون، هیچ جوویه‌كی ئه‌مین ناتوانێ هه‌ست به‌چاكه‌ی موسوڵمانان نه‌كات و رێز بۆ ئیسلام و موسوڵمانان دانه‌نێت، كه ماوه‌ی په‌نجا پشت جوویان پاراست، له‌كاتێكا جیهانی دیان جوویان ده‌چه‌وسانده‌وه‌و به‌زۆری شمشێر ده‌یانویست له‌ئاینه‌كه‌ی خۆیانیان لابده‌ن..
ئه‌و قسه ناڕه‌وایه‌ی كه‌ده‌ڵێت: ئیسلام به‌زۆری شمشێر بلاَو بووه‌ته‌وه ته‌نیا له‌كاتی جه‌نگه گه‌وره‌كانی دژ به‌موسوڵمانان له ئه‌ورووپادا بلاو ده‌كرایه‌وه.. و پاپای ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه زانایه‌كی ئاینییه، وادیاره هه‌وڵێكی نه‌داوه بۆ خوێندنه‌وه‌ی مێژووی ئایه‌نه‌كانی تر.
بۆچ له‌وتاری گشتیدا قسه‌كانی پاپا؟ و بۆچ له‌م كاته‌دا؟
مومكین نییه ئه‌م وشانه له راكێشانی جه‌نگێكی خاچ هه‌ڵگری نوێوه‌به سه‌رهه‌ل نه‌دات كه‌سه‌رۆك بۆش پێشه‌وایه‌تی ده‌كات و دیانه ئینجیلییه‌كانیش پشتیوانی ده‌كه‌ن..بۆ ئه‌وه‌یه جه‌نگێك به‌رپابكه‌ن دژ به ئیسلامی فاشی - هه‌روه‌ك خۆیان پێیان وایه- و جه‌نگێكی جیهانی له‌دژی ترۆر دروست بكه‌ن ئه‌و ترۆره‌ی كه‌مه‌ستیان ئیسلامه‌و هیچی تر.. به‌نیسبه‌ت بۆشه‌وه ئه‌وه‌نده به‌سه كه ئه‌م حه‌قیقه‌ته له‌پشت په‌رده‌ی ده‌ستگرتن به‌سه‌ر چاوگه نه‌وتییه‌كانا بشارێته‌وه، ئه‌مه‌ش یه‌كه‌م جار نییه له‌مێژوودا سه‌رپۆشی ئاینی به‌كار بهێنرێت بۆ تالاَنی ئابووری ، یه‌كه‌مجاریش نیه كه هێرشی دزی ده‌ریایی ببێته هێرشێكی خاچ هه‌ڵگری..
# # #
1- ئۆری ئه‌ڤنێری نووسه‌رو چالاكێكی ئیسرائیلییه، و سه‌رۆكی بزوتنه‌وه‌ی ئاشتی ئیسرائیلییه،" غوش شالوم ". ئه‌وه‌ی بییه‌وێت ده‌توانێ به‌م ئێمێله نامه‌ی بۆ بنێرێ:
avnery@actcom.co.il
2- ئه‌مه هێمایه بۆئه‌و وتاره‌ی جۆرج ده‌بلیو بۆش كه تیایا ئیسلامی به‌فاشیست ناوزه‌د كردبوو.
3- ئه‌مه‌ش هێمایه بۆ وتارێكی تری بۆش كه كۆمه‌ڵێ ولاَتی به‌وه ناوزه‌د كردبوو.
سه‌رچاوه:
http://www.globalresearch.ca/
http://www.informationclearinghouse.info/article15089.htm