ئایا دروسته ئافره‌ت له‌كاتی حه‌یزا بچێته ناو مزگه‌وته‌وه بۆ ده‌رس؟
پاش سوپاس بۆ خوا و سلاَو بۆگیانی پاكی پێغه‌ممه‌ر و ئال و به‌یتی و هاوه‌ڵه‌كانی
له‌باره‌ی رۆیشتنه ناو مزگه‌وته‌وه له‌لایه‌ن له‌ش پیس و ئافره‌تێك له حه‌یزابێت، زانایان رای جیاوازیان هه‌یه، ده‌سته‌یه‌كیان فه‌رموویانه: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك دروست نییه بڕۆنه مزگه‌وته‌وه، چ به شێوه‌ی مانه‌وه، چ بهڕاگوزهر، و تێپه‌ڕبوون، ئیمامی مالیك یه‌كێكه له‌وانه كه ئه‌و بۆ چوونه‌ی هه‌یه.
ده‌سته‌یه‌كی تر فه‌رموویانه: حه‌رامه مانه‌وه‌و دانیشتن له‌ناو مزگه‌وتا، به‌لاَم دروسته بهڕاگوزهر به‌ناو مزگه‌وتا تێپه‌ڕێت. ئیمامی شافیعی یه‌كێكه له‌و زانایانه.. واته ئه‌مه مه‌زه‌بی ئێمه‌یه.. و له مه‌زه‌بی ئێمه‌ی شافیعیدا حه‌رامه مانه‌وه‌ی ئافره‌تی حه‌یزدار له‌مزگه‌وتا، ئه‌و مانه‌وه‌یه بۆ خوێندن بێ، یا بۆ پرسیار كردن بێ، یا بۆ دانیشتنی خێر{ئیعتیكاف}بێت، له‌به‌ر ئه‌و فه‌رمووده‌یه، كه ده‌فه‌رموێ: " لا أحل المسجد لجنب ولا لحائض ". واته: رێناده‌م به له‌ش پیس و حه‌یزدار له‌ناو مزگه‌وتا بمێننه‌وه..
شه‌وكانی ده‌فه‌رموێ: له‌ش پیس نابێ بمێنێته‌وه له‌ناو مزگه‌وتا چونكه، حه‌رامه، حه‌یزدار باشتر ده‌بێ مانه‌وه‌ی قه‌ده‌غه‌بێ.
ئیبنو قودامه ده‌فورموێ: ئه‌گه‌ر له‌ش پیس ده‌ستنوێژی گرت ده‌توانێ له‌مزگه‌وتا بمێنێته‌وه، به‌لاَم حه‌یزدار ئه‌گه‌ر ده‌ستنوێژیش بگرێت حه‌رامه مانه‌وه‌ی له‌ناو مزگه‌وتا..
له‌به‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ی باسكرا دروست نییه ئافره‌ت له‌كاتی حه‌یزا له‌ناو حه‌ره‌می مزگه‌وتا دابنیشێ و بمێنێته‌وه، به‌لاَم هه‌ندێك له زانایان فه‌رموویانه ئه‌م حه‌رام بوونه بۆ ناو حه‌ره‌می مزگه‌وته، به‌لاَم دروسته له‌ناو قوتابخانه یا ته‌عزییه‌خانه‌ی مزگه‌وتا بمێننه‌وه و ده‌رس بخوێنێ، یا گوێ له ئامۆژگاری بگرێت.. خوا ئاگادار تره..