ئێواره وه‌خته‌یه، وه‌رز، وه‌رزی زستانه، شه‌پۆلێكی به‌فر ناوچه‌كه‌ی داگیر كردووه، له‌گه‌ڵ دڵرِه‌قی سه‌رماكه‌دا په‌رده‌یه‌كی ره‌شی خه‌ماویش هاتبوو، هه‌وره ره‌شه‌كان هه‌موو تیشك و شه‌وقێكیان خنكاندبوو.. چۆڵی و بێده‌نگی شه‌قامه‌كان دیمه‌نێكی دڵته‌نگ و ئیسك قورسیان سازاندبوو، پاسه‌كه‌ی شاره‌وانی ئیستۆپێكی بێ ره‌زای گرت و ئه‌و بێده‌نگییه‌ی شكان، كه‌سێك له پاسه‌كه دابه‌زی، خه‌یاڵی به‌ملاولادا رۆیشتبوو، سه‌رێكی به‌رزكرده‌وه، و به‌سه‌رنجه خه‌ماوییه‌كه‌یه‌وه سه‌یری ئێره‌و ئه‌وێی ده‌كرد، چه‌ند چركه‌یه‌ك وه‌ستا، و پاشان هێدی هێدی رۆیشتنه‌كه‌ی ده‌ستپێكرده‌وه..
ئه‌م جاره‌یان وه‌ك جارانی پێشوو نییه، و زۆر جیاوازبوو، هۆی ئه‌وه‌ش بوو كه ناوچاوی مۆن و رووی گرژببوو، وفرمێسك له چاوه‌كانیا قه‌تیس مابوو، هه‌ناسه‌یه‌كی ساردی هه‌ڵكێشا و به‌خه‌م و په‌ژاره‌یه‌كی زۆره‌وه له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌یگوت: چارنییه، ده‌بێ بگه‌رِێینه‌وه بۆ باره‌گای پردادی په‌روه‌ردگارمان " إنا لله وإنا إلیه را‌جعون!" ..
ده‌ستی به‌زه‌نگه‌كه‌دا نا و پاش كه‌مێك خێزانی ده‌رگاكه‌ی بۆ كرده‌وه.. ئه‌ویش شپرزه‌ییه‌كی زۆر له نێوچاویا به‌دی ده‌كرا.. سه‌یری كرد رووی گرژ و ناچاوی خه‌ماوییه، له دڵی خۆ‌یا ده‌یگوت: تۆ بڵێی به‌م حاڵه‌وه هه‌واڵێكی دڵخۆشكه‌ری پێ بێ له‌باره‌ی رووداوی ئه‌مرِۆوه؟. به‌لاَم ئه‌و به‌بزه‌یه‌كی پرِ له‌ده‌رد و كه‌سه‌ره‌وه سه‌یرێكی كرد، و به‌ئارامی رۆیشته ژووره‌وه، هه‌ستی كرد كه نه‌خێر شته‌كه دڵخۆشكه‌ر نییه.. كاتێ هاته ژووره‌وه به‌ئاره‌زوو مه‌ندییه‌وه یه‌ك به‌یه‌كی مناڵه‌كانی له‌ئامێزگرت، و به‌گه‌رمی ماچی كردن، وه‌ك ئه‌وه‌ی بییه‌وێ ماڵ ئاواییان لێ بكات، "وه‌فا"ی خێزانی به‌ره‌و مووبه‌قه‌كه رۆیشت تا خواردنێكیان بۆ ئاماده بكات.. به‌لاَم خه‌م سه‌ردڵی داگیر كردبوو..
له‌كاتی نان خواردنه‌كه‌دا "سابیر" په‌نای بردبووه به‌ر بێده‌نگی و له‌بییركردنه‌وه‌دا نقوم بووبو، به پێچه‌وانه‌ی عاده‌تی خۆی ئه‌م ئێواره‌یه نه یاری له‌ته‌ك منداڵه‌كانا كرد،و نه‌قسه‌ی خۆشی بۆكردن، و نه له‌باره‌ی ئه‌و رۆی قۆتابخانه‌كه‌یانه‌وه پرسیاری لێ‌كردن.. كاتێ "وه‌فا" سفره‌ی راخست و نان و كه‌وچك و ده‌وریه‌كانی له‌سه‌ر سفره‌كه دانا، ژۆووره‌كه پرِبوو له‌ئاوازێكی خۆشی ناسك، ئه‌ویش بانگی عیشا بوو له به‌رنامه‌ی ئۆتۆماتیكی ناو كه‌مپیوته‌ره‌كه‌یانه‌وه.. سابیر له‌جێی خۆۆی به‌رزبووه‌وه به‌ره‌و ده‌ستشۆره‌كه رۆیشت تا ده‌ستنوێژ بگرێت، پاشان رووی كرده ئه‌و ژووره‌ی كه بۆ نوێژكردنیان ته‌رخان كردبوو، ناویان نابوو مزگه‌وتی ماڵه‌وه، زۆری نه‌خایاند رووه‌و قیبله راوه‌ستا وخێزانی و منداڵه‌كانیشی له‌پشتیه‌وه نوێژیان دابه‌ست، و نوێژه‌كه‌یان به‌جه‌ماعه‌ت كرد، سابیر زۆر به‌گه‌ردن كه‌چییه‌وه نوێژه‌كه‌ی ده‌كرد، و هه‌ندێ كات كه ئایه‌ته‌كانی ده‌خوێند له‌رزی لێ ده‌هات، و فرمێسك یه‌ك له‌دوای یه‌ك به‌سه‌ر گۆناكانیا ده‌هاته خوار، وه‌ك ئه‌وه نوێژی ماڵئاوایی بكات، هیچ هه‌ستی به‌لای ده‌ورو به‌ریه‌وه نه‌مابوو، به‌ته‌واوی دڵنیا بوو كه خوا له‌ته‌كیایه‌تی و زۆریش لێی نزیكه و ئاگاداریه‌تی، پاش ویرد و ئه‌ورادی نوێژه‌كه منداڵه‌كان هه‌ستان وه‌ك عاده‌تی خۆیان ده‌ستی باوكیان ماچ كرد و رۆیشتنه‌وه بۆ ژووره‌كانی خۆیان.. ئاله‌ویاد "وه‌فا" چاوی تێ برِی و زۆر به ئه‌سپایی وله‌سه‌رخۆ گوتی: خۆشه‌ویسته‌كه‌م! ئه‌مرِۆحاڵت سروستی نییه، مه‌سه‌له چییه؟
-: دڵنیابه من باشم و سوپاس بۆ خوا..
-: ئه‌مرِۆ رۆیشتی بۆ نه‌خۆشخانه؟
-:به‌ڵێ، رۆیشتم..
-: ئه‌ی دكتۆر چی پێ گوتی؟
-: شتێكی زۆر گرنگی نه‌گوت..
به‌شه‌پۆلێكی خه‌م دڵ وده‌رونی داگیرا.. په‌ژاره‌یه‌كی ره‌شی قووڵ له‌سه‌ر دڵی خێوه‌تی هه‌ڵدا.. به سه‌رنجه په‌ژاراوییه‌كانیه‌وه سه‌یری كون وقوژبنی ژووره‌كه‌ی ده‌كرد، چاوه‌كانی پرِ له‌فرمێسك ببون..و تێگه‌یشت ئه‌مجاره حاڵی مێرده‌كه‌ی ته‌واو نییه، لێی نزیك بووه‌وه و له‌په‌نایا دانیشت و به‌ئه‌ده‌به‌وه سه‌ری نا به‌سه‌ر شانیه‌وه، و گوتی: ئازیزم! تكات لێ ده‌كه‌م شتمان لێ مه‌شاره‌وه..
ئه‌ویش نه‌ی ده‌ویست زیاتر خه‌مباری بكات، و باسی هه‌موو خه‌م و په‌شێوییه‌كه‌ی خۆی بۆ بكات.. به‌لاَم چاوی برِیبوه كتێبخانه‌كه‌ی وگوتی: دكتۆر پێی گوتم: ده‌رده‌كه دابه‌زیوه بۆ سییه‌كان..
-: بۆ سییه‌كان؟!..
-: به‌ڵێ، به‌لاَم خۆت شپرزه مه‌كه!..هه‌رده‌ردێك ده‌رمانێكی هه‌یه، و شیفا به‌خشیش ته‌نیا خودایه.. سابیر ده‌یزانی كه ده‌رده‌كه زۆر ترسناكه، و ئه‌م ده‌رده‌ش تا ئێستا ده‌رمانی بۆ نه‌دۆزراوه‌ته‌وه، و دكتۆر ئامۆژگاری كردووه: هیچ خۆی ماندوو نه‌كات، و بۆ ماوه‌ی سێ مانگ به‌ته‌واوی پشوو بدات، و پاشان سه‌ری لێ بداته‌وه.. له‌م لایشه‌وه به‌ته‌واوی باوه‌رِی به‌وه هه‌بوو كه ئه‌م نه‌خۆشییه‌ی قه‌ده‌ری خواییه، و ئه‌میش هیچ ناشكورییه‌ك ناكات، و له‌و تاقیكردنه‌وه خواییه ناره‌زایی ده‌رنابرِێ.. به‌باشی له واتای ته‌وه‌ككول حاڵی ببو، بۆیه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌مته‌رخه‌می له‌گه‌رِان به‌شوێن چاره‌سه‌ریدا نه‌ده‌كرد، كه‌ده‌ستیشی نه‌كه‌وت ده‌ردێكی تر ناكاته سه‌رباری ده‌رده‌كه‌ی.. هه‌ستا و به‌ره‌و ژووری كێبخانه‌كه‌ی هه‌نگاوی نا،و قورئانێكی پیرۆزی هه‌ڵگرت، و ده‌ستی به‌خوێندنه‌وه‌ی سووره‌تی ئه‌لكه‌هف كرد..
وه‌فا كه‌هه‌موو گیانی كردبوه گۆێ بۆ بیستنی وشه‌كانی قورئانه‌كه.. گوتی: ئه‌رێ پێم ناڵێیت بۆ له‌ناو ئه‌م هه‌موو سووره‌ت و ئایه‌تانه‌دا سووره‌تی ئه‌لكه‌هفت هه‌ڵبژارد؟ بۆچ له‌وشوێنه‌وه ده‌ست به‌خوێندنه‌وه‌ی نه‌كه‌ین كه تیا وه‌ستابووین؟
-: له‌فه‌رموده‌یه‌كی پیرۆزا خوێندوومه‌ته‌وه كه پێغه‌ممه‌ر درودی خوای لێ بێ فه‌رموویه‌تی: ئه‌گه‌ر ئه‌م سووره‌ته له‌شه‌وی جومعه‌دا بخوێنرێت ده‌بێته ده‌وا بۆ هه‌موو ده‌ردێك.. و منیش له‌ناخی دڵمه‌وه باوه‌رِم به‌وه هه‌یه كه پێغه‌ممه‌ر درودی خوای لێ بێ راست وراست گۆیه، و به‌ئیزنی خوا فه‌رمووده‌كانی شیفای هه‌موو ده‌ردێكن..
چه‌ند چركه‌یه‌ك بێده‌نگی .. پاشان ده‌ستی كرد به‌باسكردنی ئه‌و یه‌قینه‌ی بۆی دروستبووه، و گوتی: كاتی خۆی دێیه‌ك تووشی گرانی وبێ بارانی ببوون، خه‌ڵكی ئاوایی تنۆكی ئاویان بۆ خواردنه‌وه‌ی خۆیان و ئاودانی ئاژه‌ڵه‌كانیان نه‌مابوو، جگه له‌دوعاكردن چاره‌یه‌كی تریان نه‌بوو، هه‌موو كۆبوونه‌وه، به‌پیاوان وژنان وگه‌وره‌و بچووكیانه‌وه،و ئاژه‌ڵه‌كانیشیان له‌ته‌ك خۆیانا برده ده‌ره‌وه و روویان كرده ده‌شتی ئاوایی، به‌وهێوایه‌ی خوا بێت به‌هاواریانه‌وه، نوێژی باران بارینیان ده‌ست پێكرد، ئیمامه‌كه‌یان دوعای ده‌كرد و ئه‌وانیش هه‌موو ده‌یان گوت: ئامین.. ئه‌و داوی لێ خۆشبوونی ده‌كرد و ئه‌وانیش به‌شوێنیا، ئه‌و سوبحانه‌ڵلا ی ده‌كرد و ئه‌وانیش به‌شوێنیا، چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌كی پێ نه‌چوو هه‌ور له‌ئاسمانی ناوچه‌كه‌وه په‌یدا بوو، باران به‌خورِزم دستی به‌بارین كرد، ئیتر هه‌موو خه‌ڵكه‌كه ته‌رِبوون ته‌نیا كیژۆله‌یه‌ك نه‌بێ، ئه‌ویش ئه‌وه‌نده دڵنیابوو له‌وه كه خوا دوعاكه‌یان گیرا ده‌كات وبارانیان بۆ ده‌بارێنێ چه‌تری له‌ته‌ك خۆ‌یا هێنابوو، تا له لێزمه‌ی باران بیپارێزێ..
ئینجا رووی كرده خێزانی وگوتی: خۆشه‌ویسته‌كه‌م! ئێمه ئاله‌م كاته‌دا له‌هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستمان به دوعا و پارِانه‌وه هه‌یه..
به‌ڵێ، له‌و رۆژه‌وه سابیر و وه‌فا هه‌موو شه‌وێكی جومعه سووره‌تی ئه‌لكه‌هفیان ده‌خوێند، به‌دل و ده‌روونێكی ئاماده و گه‌ردن كه‌چییه‌وه له‌خوا ده‌پارِانه‌وه، وله‌ده‌رگای ره‌حمه‌تی خوای شیفا به‌خشیان ده‌دا، داواكردنه‌كه‌یان له‌قوولاَیی دڵیان ده‌هاته ده‌ر، و وه‌ك خاوه‌ن پێویستییه‌ك به‌هۆشیارییه‌وه دوعاكه‌یان ده‌كرد و به‌رده‌وام ده‌پارِانه‌وه..
پاش سێ مانگ بۆ دواین جار كاتێ خۆی وخێزانی رۆیشتن بۆ لای دكتۆر خه‌م و په‌ژاره به‌سه‌ر دڵ و ده‌روون ورواڵه‌تیانه‌وه خێوه‌تی هه‌ڵدابوو، ناهه‌قیشیان نه‌بوو، مه‌گه‌ر ده‌ردێكی بێ ده‌رمانی تووش نه‌بووه؟ ئیتر ده‌بێ چ هیوایه‌كیان به پشكنینی خوێن و وێنه‌گرتنی تیشكییه‌كه بمێنێ؟
برین پێچه‌كه ئه‌نجامی شیته‌ڵ و پشكنینه‌كه‌ی خسته به‌رده‌ست دكتۆر و ئه‌ویش ماوه‌یه‌ك به‌بێ هیوا چاوی پیا خشاند، بێده‌نگی و بێ هیوابوونه‌كه زۆری نه‌خایاند له‌ناكاودا ناوچاوی پزیشك رووناكی تێكه‌وت و به‌هه‌ردوو چاوی سه‌راسیمه‌وه جارێكی تریش لێی ورد بووه‌وه خوێندییه‌وه، دیتی ئه‌نجامه‌كه ئه‌رێ ییه‌وه و ده‌ڵێت: نه‌خۆشییه‌كه وه‌ستاوه، و پاشه كشه‌ی كردووه، دكتۆر به‌سه‌ر سامییه‌كه‌وه گوتی: ئه‌ی خودایه! من ناتوانم ئه‌وه‌ی ده‌یبینم برِوای پێ بكه‌م؟! ئه‌م نه‌خۆشییه چۆن وه‌ستا؟! نازانم..
ئه‌م قسانه رووناكییان خسته ناو دڵ و ده‌روونی تاریكی هێوا تیا نه‌ماوی سابیر‌و وه‌فاوه، روویان گه‌ش بوه‌وه و لێویان ئاڵ بوو، خه‌نده كه‌وته سه‌ر لێوانیان ومۆنی ناوچاویان ره‌وییه‌وه، ته‌می خه‌میان توایه‌وه.. سابیر ده‌ستی به‌رو ئاسمان به‌رزكرده‌وه و سوپاسی په‌روه‌ردگاری كرد له‌سه‌ر ئه‌و رێزه گه‌وره‌ی لێی نان.
# # #
نووسینی: فارووق كۆلدرن
وه‌رگێرِانی: حه‌سه‌ن پێنجوێنی.