هه‌روه‌ك خوێ باسی ده‌كات: نیعمه‌تی ئیسلام یه‌كێكه له‌گه‌وره‌ترین نیعمه‌ته‌كانی خوا ئه‌گه‌ر تامردن له‌پاداشتی ئه‌و نیعمه‌ته‌دا سوجده بۆخوا به‌رین هێشتا هه‌ر كه‌مه..
ئه‌وموسوڵمانه‌ی له‌سایه‌ی ئیسلامدا ده‌ژی و به‌و نیعمه‌ته گه‌وره‌یه وه راده‌بوێرێ، هه‌ست به‌چێژی ئه‌و نیعمه‌ته ناكات وه‌ك ئه‌وه‌ی لێی مه‌حروم بووه و پێی ده‌گات.
خوێنه‌ری به‌رێز!! پێویسته كه‌مێك باسی خۆمت بۆ بكه‌م پێش ئه‌وه‌ی باسی نیعمه‌تی ئیسلام و هیدایه‌تی خواییت بۆ بكه‌م، له‌وانه‌یه لێم بپرسی: پێش موسوڵمان بون و پاشتریش خێزانه‌كه‌تان چۆن بوو؟
خێزانه‌كه‌مان له چواركه‌س پێك هاتبوو: من ، خوشكم و دایكم وباوكم. وه‌ك هه‌ر خێزانێكی تری فه‌ڵه‌ی پابه‌ند به‌ئاین رۆژانی یه‌كشه‌ممه رومان ده‌كرده كه‌نیسه، و له رۆژانی هه‌ینی و یه‌كشه‌ممه‌دا ئاماده‌ی قودداس ومه‌راسیمه‌كانی ده‌بووین، وه‌ك دانپیانان{الاعتراف}و خواردن و پارِانه‌وه...هتد.. دانپیانان ئه‌وه‌یه له‌به‌رده‌م قه‌شه‌دا باسی ئه‌و گوناهانه بكه‌یت كه‌له‌ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابوردوودا كردووته..هه‌ر یه‌كێك پێویسته له‌سه‌ری له‌به‌رده‌م قه‌شه‌دا ئه‌و دانپیانانه‌ی هه‌بێ، جا هه‌ر قه‌شه‌یه‌ك بۆ خۆی هه‌ڵده‌بژێرێت باهه‌ڵی ببژێرێت، وئه‌و قه‌شه‌یه‌ش له‌دواییدا پێی ده‌گوترێ باوكی رۆحی.. دانپیان به‌یه‌كێ له حه‌وت راز و نهێنییه‌كانی كه‌نیسه داده‌نرێت.
خواردن و خواردنه‌وه‌ش بریتییه له خواردنه‌وه‌ی ئه‌و شه‌رابه ترێیه‌ی قه‌شه دوعای به‌سه‌را ده‌خوێنێ، ماوه‌ی سه‌عات ونیوێك ده‌خایه‌نێ، و به‌پێی بیر وباوه‌رِی خۆیان ئه‌و شه‌رابه ده‌بێته خوێنی مه‌سیح، و ئه‌وه‌ی له‌به‌رده‌م قه‌شه‌دا دان به تاوانه‌كانیا بنێ كه‌وچكێ له‌وشه‌رابه‌ی ده‌درێتێ بیخواته‌وه.
باوكم بازرگانی دانه‌وێڵه‌بوو، دایكیشم له‌به‌شی برین پێچیدا كاری ده‌كرد، من هه‌میشه پێم خۆش بوو له‌ته‌ك باوكما له‌دووكان بم، بازارِێكی تری گه‌وره‌ی دانه‌وێله‌مان هه‌بو كه په‌یوه‌ندی به‌هه‌موو بنه‌ماڵه‌كه‌مانه‌وه هه‌بوو، وه‌ك باپیره‌و داپیره‌و مام و پووره‌كانم.. من لای باپیره‌م جێیه‌كی تایبه‌تم هه‌بوو، زۆر خۆشی ده‌ویستم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه ئامۆزاكانم هه‌موو له‌ده‌ورما بوون، مامێكی تریشم هه‌بوو ئه‌ویش زۆر خۆشی ده‌ویستم، و ده‌یگوت: من به‌كورِی خۆمت داده‌نێم، و من ته‌واو دڵنیام كه باوكت وه‌ك من نرخت نازانێت،- سوپاس بۆ خوا- من له‌بازرگانیدا زۆر ووریا و لێهاتوو بووم، ده‌مزانی له‌ته‌ك خه‌ڵكیدا چۆن مامه‌ڵه‌بكه‌م، سوپاس بۆ خوا به‌رِه‌وشت به‌رز وخۆشرِه‌فتار و راستگۆ له‌ناو خه‌ڵكی و خێزانه‌كه‌ماندا ناسرابووم، ئه‌مه سروشتی من بوو له پێش ئیسلامه‌تیدا..
سه‌ره‌تای رووناكی:
له‌سه‌ره‌تای هاتنی ئه‌و رووناكییه‌وه كه‌نووری ئیسلام ماڵمانی رووناككرده‌وه هه‌ستم به‌وه‌ده‌كرد دایكی میهره‌بانم رووی به‌ره‌و ئیسلامه، هیچ پێت سه‌یر نه‌بێ، دڵه‌كان له‌نێوان دووپه‌نجه‌ی خوادان، چۆنی بوێت وای ده‌گێرِێت.. ده‌مبینی دایكم له ئاینی فه‌ڵه دووره‌په‌رێز ده‌بێ، تاوای لێ هات نه‌ده‌رِۆیشت بۆ كه‌نیسه، و ئاره‌زوی ئیسلامی ده‌كرد.. ئه‌وكاته‌ش له‌ته‌ك ره‌مه‌زاندا هاوكات بوو، لای فه‌ڵه‌كان رۆژوو له‌كاتێكا ده‌شكێنن كه ئه‌ستێره‌ی ئاسمان ببینرێت، عاده‌ته‌ن له‌پێش رۆژئاوابووندا ئه‌ستیره‌كان لێیان ده‌بینرێت، له‌به‌ر ئه‌وه له‌پێش موسوڵماناندا رۆژوو ده‌شكێنن، به‌لاَم دایكم رۆژووه‌كه‌ی نه‌ده‌شكاند تا بانگی مه‌غریب نه‌بوایه.. زۆرم پێ سه‌یربوو، جارێكیان پێم گوت: دایه! ئه‌وه تۆ چی ده‌كه‌یت؟ باوه‌رِده‌كه‌یت تۆ رۆژووه‌كه‌ت وه‌ك ئێمه ناشكێنی، و له‌گه‌ڵ بانگی موسوڵمانانا ده‌یشكێنی؟! به‌راشكاوی پێم بڵێ.. ئه‌ویش پێی ده‌گوتم: عیماد گیان! خۆت به‌مه‌وه مه‌شغووڵ مه‌كه.. به‌و ره‌وشتانه‌یدا بۆم ده‌ركه‌وت كه حه‌زی له‌ئیسلامه، و رۆژووی ره‌مه‌زانی ده‌گرت، نه‌ك رۆژووی عه‌زرا ، رۆژووی عه‌زرا پانزه رۆژ بوو، به‌لاَم ئه‌و تاره‌مه‌زان كۆتایی ده‌هات به‌رۆژوو ده‌بوو، مانگه‌كه‌ی ده‌گرت.. هه‌ندێ هه‌ڵوێستی جوانی لێ ده‌بینرا بۆنموونه: كاتی ده‌رسی شێخی شه‌عراوی له‌دوا نیوه‌رِوانی جومعه‌دا له‌سه‌ر ته‌له‌فزیۆن ده‌ستی پێده‌كرد، زۆر به‌بێده‌نگی له‌به‌رده‌م ته‌له‌فزیۆنه‌كه داده‌نیشت، و گوێی لێ ده‌گرت، وه‌ك چۆن منداڵێك له‌به‌رده‌م باوكی‌دا، یاقوتابییه‌ك له‌به‌رده‌م مامۆستاكه‌یدا داده‌نیشێت، ئاوه‌ها و باشتر ده‌اده‌نیشت و ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر قسه‌شمان له‌ته‌كا بكردایه وه‌لاَمی نه‌ده‌دایه‌وه، له‌بییرمان نه‌چێ، لای فه‌ڵه‌كان هه‌ركات ده‌رسی شه‌عراوی ده‌ستی پێبكردایه به‌كاتێكی نه‌حس وشووم داده‌نرا، به‌لاَم ئه‌مه لای دایكم زۆر جیاواز و پێچه‌وانه‌بوو. له‌وماوه‌یه‌شدا به‌رنامه‌یه‌ك هه‌بوو به‌ناوی {كۆرِێك بۆ ره‌ئی}، كۆمه‌ڵێك له زانایان پێشكه‌شیان ده‌كرد، بۆ ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ش داده‌نیشت و زۆر بایه‌خی پێ ده‌دا و وگوێی بۆ وه‌لاَمه‌كان ده‌گرت..
ئه‌م هه‌موو گۆرِانكارییانه له‌دایكمدا و له‌وماوه‌یه‌دا شتێكی دیار بوو، كاتێ دایكم ویستی موسوڵمانبوونی خۆی ئاشكرابكات، رۆژێ له‌ته‌كما دانیشت، و پێی وتم: عیماد گیان! تۆ ته‌نیا كورِمی و جگه له‌تۆ كه‌سێكی تر پێنازانم رازونهێنیم بپارێزێ، شێوه‌زاری دایكم گۆرِابوو، وه‌ك ئه‌وه له‌شتێك بترسێ، منیش پێم گوت: دایه‌گیان! خێره؟! ته‌نانه‌ت له‌ته‌ك منیش‌دا دوودڵبوو: قسه‌بكات، یان نه. ئینجا له‌قسه‌كه‌یدا گوتی: نه‌ء.. نه‌ء.. تۆ كورِی گه‌وره‌می، ویه‌كه‌م شادییه‌كم بوویت له‌م دنیایه‌دا، مومكین نییه رۆژێك له‌رۆژان بیر له ئازاردانی دایكت بكه‌یته‌وه.. له‌م قسانه‌ی دایكمه‌وه ترسێكی سه‌یر سه‌ری بۆ دڵ وده‌روونم كێشا، یه‌عنی چی: مومكین نییه رۆژێك له‌رۆژان بیر له ئازاردانی دایكت بكه‌یته‌وه!! ئه‌م قسانه واتای زۆریان هه‌بوو، زیاد له‌چه‌ند نیشانه‌یه‌كی پرسیاریان هه‌ڵده‌گرت.. له‌نێو ئه‌م بییركردنه‌وه خێرایه‌دا له‌دایكمم پرسی: بۆچ وا دوو دڵیت؟ چی رووی داوه، و چی رووده‌دات؟؟ دایه‌گیان ! دڵی خۆت و منیش ئاسووده بكه، دایك هه‌ر دایكه.. ئاله‌م كاته‌دا دایكم گوتی: ئه‌گه‌ر ویستیان بم كوژن تۆ چی ده‌كه‌یت؟!
گوتم: كوشتن؟ كوشتنی چی؟! كێ ده‌تكوژێ؟! گوتی: باوكت.. براكانم.. خزمان، گوتم: له‌به‌رچی؟! تۆ باشترین خوشك بوویت بۆیان، وهه‌موویان خۆشیان ده‌ویت؟ دایكم به چاوێكی پرِ له‌فرمێسكه‌وه سه‌رنجێكی دام وگوتی: ئه‌گه‌ر من موسوڵمان ببم تۆ چی ده‌كه‌یت؟! ئایا تۆیش وه‌ك ئه‌وان له‌دژم ده‌جه‌نگی؟! گوتم: دایك هه‌ر دایكه، و تۆ له‌هه‌موو حاڵه‌تێكدا هه‌ر دایكمی، و منیش دڵم پرِبوو، به‌گریانه‌وه هه‌ردو ده‌ستمان كرده ملی یه‌ك.. و پێی گوتم: كورِم ! من ئه‌م باسه‌ی نێوانمان وه‌ك رازێك لای تۆی داده‌نێم.. ئه‌م هه‌ڵویسته‌ی دایكم رای ته‌كاندم، و زۆر هه‌ژاندمی، له‌ده‌روونمدا پرسیارێكی زۆری سه‌رسوورِهێنه‌ر هه‌بوون، و بیرۆكه‌گه‌ڵێكیش شپرزه‌یان كردبووم. دڵم وه‌ختبوو بته‌قێت، و چاره‌سه‌ریانم پێ نه‌ده‌زانی..
یه‌كه‌م ناخۆشی..
پاش ئه‌م رووداوه به‌چه‌ندرۆژێك كاتێ له‌قوتابخانه‌وه بۆماڵ گه‌رِامه‌وه دیتم دایكم له‌ماڵ نییه، رۆیشتم سه‌ری دۆلاَبه‌كانم دا دیتم، به‌رگ وپۆشاكیشی نه‌ماوه.. هیچ كه‌س له‌ماڵ نه‌بوو، ئاله‌وكاته‌دا هه‌سم به‌ئازاری جیابوونه‌وه ده‌كرد، ئازاری دوور بوون و دابرِان له‌دایكێكی میهره‌بان، خه‌م وپه‌ژاره دایگرتم، ترسێكی ئاینده‌م لێ نیشت، ئاواته‌خوازبووم ئه‌مه خه‌وبوایه نه‌ك حه‌قیقه‌ت.. گورج رۆیشتم بۆ دووكان بۆلای باوكم، و پێم گوت: بابه گیان! من رۆیشتمه‌وه بۆ ماڵ دایكم له‌ماڵ نه‌بوو.. گوتی: له‌وانه‌یه رۆیشتبێت بۆ لای یه‌كێ له‌ژنه‌كانی هاوه‌ڵی..
گوتم: بابه! ته‌نانه‌ت به‌رگ و پۆشاكه‌كانیشی له‌ناو دۆلاَبه‌كاندا نه‌ماون!! باوكم گوتی: كورِم! ئه‌وه چ ده‌ڵێیت؟! بۆم دووباره كرده‌وه، ئالێره‌دا سه‌رسورِمانی باوكم پتر بوو، و به‌شپرزه‌یی هه‌ستا و پێكه‌وه به‌په‌له رۆیشتینه‌وه بۆ ماڵ، به‌رِاستی ئه‌مه ناخۆشییه!! دایكت له‌كوێیه؟ له‌كوێ؟! سوێندی ده‌خوارد كه نه‌توورِه‌ی كردووه، و نه ئازاری داوه، و ناكۆكی له‌نێوانیانا نه‌بووه، و ئه‌م ناخۆشییه باڵی به‌سه‌ر هه‌موو بنه‌كاڵه‌كه‌ماندا گرت..
گوتیان: موسوڵمان بووه، له‌به‌رده‌م دادگادا به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی موسوڵمانبوونی خۆی راگه‌یاندووه. و هه‌رگیز جارێكی تر ناگه‌رِێته‌وه بۆ ناو ماڵ و منداڵی..
شیرینی باوه‌ر:
تاك تاكی بنه‌ماڵه‌كه له‌تاوا شێت ببون، و كێشی خۆیان له‌ده‌ست دابوو.. هه‌رچی نه‌شێت له‌جنێو وقسه‌ی سووك و ناشیرین به‌رامبه‌ر ئیسلام وموسوڵمامان به‌ده‌میانا ده‌هات.. باوك و مام وخاڵه‌كانم له‌حاڵه‌تێكی زۆر بێ ره‌زای تورِبووندابوون، چونكه ئه‌مه‌یان به كاره‌سات ولێقه‌ومانێكی گه‌وره داه‌دنا، و به‌نه‌نگ وعارێكی گه‌وره‌یان ده‌زانی كه رووی له‌بنه‌ماڵه‌كه كردووه، له‌وكاته‌دا ئه‌وه‌ی منی زۆر ئازار ده‌دا ئه‌وه بوو، جنێو و قسه‌ی سووك به‌دایكم ده‌گوترا و نه‌شم ده‌توانی داكۆكی لێ بكه‌م، و په‌رچیان بده‌مه‌وه، به‌لاَم ئه‌و مامه‌یانم كه منی زۆر خۆش ده‌ویست ده‌رِۆیشت بۆلای كار به‌ده‌ستان و په‌یمان نامه‌ی په‌یتا په‌یتا بۆ مۆر ده‌كردن كه ده‌بێته زامنی و كه‌س ده‌ستی بۆ درێژ ناكات، وكه‌س له‌گوڵ كاڵتری پێ ناڵێت، و سۆزی دایكمی ده جولاَند تابگه‌رِێته‌وه بۆ ناومنداڵه‌كانی چونكه زۆر پێویستان پێی هه‌یه.. به‌لاَم بێ سوود بوو..
به‌لاَم پاش ئه‌وه‌ی دایكم تامی ئیمانی چێشتبوو، په‌رچی هه‌موو ئه‌و هه‌ولاَنه‌ی دایه‌وه و رازی نه‌بوو جارێكی تر بگه‌رِێته‌وه.. سوپاس بۆ خوا دایكم موسوڵمان بوو، ئێمه‌شی وازلێ هێناو به‌وه‌ی سپاردین كه سپارده زایه ناكات، كه‌ئه‌ویش باشترین پارێزه‌ر و چاكترین كۆمه‌كه،و له‌هه‌موو سۆزدارێ به‌سۆزتره..
هه‌ڵوێستی كه‌نیسه:
له‌وكاته‌دا من به رێكوپێكی سه‌ردانی كه‌نیسه‌م ده‌كرد، و ئاماده‌ی هه‌موو ده‌رسه‌كانی ده‌بووم، و به‌تایبه‌ت ده‌رسه‌كانی سێ شه‌ممان.. ئه‌م ده‌رسه‌ش لای هه‌موان دیاربوو، قه‌شه خۆی وتارێكی گشتی تیا ده‌دا كه‌په‌یوه‌ندی به بابه‌تی جۆراوجۆره‌وه هه‌بوو، به‌تایبه‌ت سیاسی، زۆر به‌ئازادی قسه‌ی خۆی تیا ده‌كرد، رای خۆی تیا در ده‌برِی، بێ ئه‌وه‌ی سانسۆرێك به‌سه‌ر قسه‌كانیه‌وه هه‌بێت. له‌یه‌كێ له‌ده‌رسه‌كانی سێ شه‌ممه‌دا، باسی موسوڵمان بوونه‌كه‌ی دایكمی كرد، چونكه بابه‌تی ئه‌و كاته بوو، هه‌رچی له‌كه‌نیسه‌دا بوو باسیان ده‌كرد، قه‌شه‌كه گوتی:فلاَنی كچی فلاَن ده‌ناسن، -به‌ناو ناوی برد- ئه‌وه‌ی خۆی ته‌سلیمی شه‌یتان كرد و موسوڵمانبوونی خۆی راگه‌یاند، و خیانه‌تی له مه‌سیح و مه‌سیحییه‌ت كرد، و خۆی ومنداڵه‌كانی به‌موسوڵمانان فرۆشت، و پاكیه‌تی وێڵ كرد و رۆیشت بۆ... [ "كَبُرَتْ كَلِمَةً تَخْرُجُ مِنْ أَفْوَاهِهِمْ إِنْ يَقُولُونَ إِلا كَذِبًا " [الكهف/5. ] واته: ئه‌و بوختانه‌یان قسه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌یه،كه له‌زاریان دێته ده‌ر، ئه‌وانه جگه له‌قسه‌ی نابه‌جێ و درۆ چیتر نازانن..
بۆ یه‌كه‌مجار:
ئه‌و ژنه‌ی مه‌سیحی خوای دڵسۆزی ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی به‌جێ هێشت، ئاوه‌ها مه‌سیح ئابرِووی ده‌بات، پاش ئه‌وه‌ی كه خیانه‌تی له‌كه‌نیسه كرد ئێستا خراوه‌ته زیندانی به‌شی ره‌وشته‌وه..!! به‌راستی ئه‌م قسه‌یه كاسی كردم، وه‌ختبوو سه‌رنجی سه‌یری ئاماده‌بوان بمكوژێ، وه‌ك ئه‌وه من گه‌وره‌ترین تاوانی به‌درِه‌وشتیم كردبێ، وه‌ك ئه‌وه خوا په‌نامان بدات من زینام كردبێ.. له‌دڵی خۆمدا گوتم: شتی وا مه‌عقول نییه، دایكم خۆی بخاته مه‌ترسییه‌وه، و واز له‌ئاینه‌كه‌ی وپه‌رستنی مه‌سیح بێنێ و واز له ئێمه بێنێ {من و خوشكم}تا به‌ره‌و رووی ئه‌م هه‌موو به‌لاَو موسیبه‌ته ببینه‌وه، بێ ئه‌وه‌ی ئێمه هیچ تاوانێكمان كردبێت، رقم له‌خۆم ده‌بووه‌وه، و ئاواته‌خوازبووم له‌هه‌ر چركه‌یه‌كدا بمرم و گیانم ده‌ربچێت.. له‌كه‌نیسه رۆیشتمه ده‌ره‌وه و خوا خۆی ده‌زانێ چۆن له‌و جاده‌یه‌دا ده‌رِۆیشتم، وه‌ختبوو چاوم هیچكه‌س نه‌بینێت، و ئاله‌م كاته‌دا كه من به‌م هه‌موو خه‌م و خه‌فه‌ته‌وه ده‌رِۆیشتم گوێم له‌ده‌نگێك بوو بانگی ده‌كردم: عیماد! عومده!! دایكمم بینی به‌پارێزه‌وه له‌نزیك ماڵ خۆماندا ده‌رِۆیشت تا من وخوشكه‌كه‌م ببینێ، یه‌كێ له‌ژنه دراوسێكانی بۆئه‌وه ناردبوو تامن ببینێ وله‌وكاته‌دا كه‌له كه‌نیسه ده‌گه‌رِێمه‌وه پێم بڵێت كه‌دایكم چاوه‌روانیم ده‌كات، سه‌ریه‌شه‌یه‌كی سه‌ختم تووش ببو، كۆمه‌ڵێ هه‌ست وسۆزی دژبه‌یه‌ك له‌ناو ده‌روونمدا ملانێیان ده‌كرد، ئه‌وه دایكی به‌سۆز و میهره‌بانمه.. ئه‌مه ئه‌و ئافره‌ته‌یه كه خیانه‌تی له مه‌سیح و مه‌سیحیه‌ت كردووه و دینه‌كه‌ی خۆی فرۆشتووه وده‌بێ تۆڵه‌ی لێ بكرێته‌وه.. له‌نێوان ئه‌م بیر وبیرۆكانه‌دا و له‌تاو په‌ژاره‌ی خۆم ئاگام له‌قسه‌ی تر نه‌بوو، ئاورِم دایه‌وه و پێم گوت: كه‌ی له‌زیندان ده‌رچوویت؟ كۆمه‌ڵێ ئافره‌تی هاوه‌ڵی خۆی له‌ته‌كا بوو، هه‌موو به‌جارێك گوتیان: زیندانی چی؟ دایكت فه‌زڵی قیامه‌تی داوه به‌سه‌ر دنیادا.
دایكم گوتی: كورِم ! عومده گیان! پێم نه‌گوتی: ئه‌مانه هه‌رچی تۆمه‌ت هه‌بێ بۆمنی دروست ده‌كه‌ن، كورِم ئه‌م وه‌ره‌قه‌یه بگره، ئه‌مه ناونیشانی ته‌واوی منی تێدایه، به‌لاَم په‌یمانم بده‌یێ، كه ئه‌و ناونیشانه به‌كه‌س نه‌ده‌یت.. ئیتر سلاَوم لێ كرد و ده‌ستم ماچ كرد، و له‌ناو ئاماده‌بووه‌كاندا پیاوێكی ریشداری تیا‌بوو،له‌گه‌ڵ خێزانه رووداپۆشراوه‌كه‌یدا، و پیاوه‌كه ده‌ستی خسته سه‌رشانم و گوتی: خوا هیدایه‌تت بدات! به‌لاَم تا هێزم تیا‌بوو به‌توندی ده‌ستیم لابرد، ودایكم به‌جێ هێشت، و بۆ ماڵه تاریكه‌كه‌ی خۆمان گه‌رِامه‌وه، هیبه‌ی خوشكم بینی كه ئه‌ویش ئه‌وسه‌رده‌مه منداڵ بوو ئاوزانی ئه‌وه‌ی نه‌بوو له‌وه‌ی ده‌ورو به‌رمان رووده‌دات حاڵی ببێ، سه‌رنجێكم دا و گوتم: ئه‌وه‌ی دایك وباوك ده‌یكات تاوانی منداڵ چییه تیایدا؟ ئه‌م وشه‌یه‌شم له‌مامۆستایه‌كی مه‌سیحییه‌وه بیستبوو، كه له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كه‌ی ئێمه‌وه باسی كرد..
بابه‌تێكی گرنگ له‌به‌رده‌مما بوو ئه‌ویش سه‌ردانی دایكم بوو له خانووه‌كه‌ی خۆیدا، كات پێش نوێژی مه‌غریب بوو، به‌سه‌ر پێدانی ناونیشانه‌كه‌دا شه‌ش رۆژ تێپه‌رِیبوو، رۆیشتم بۆ سه‌ردانی دایكم، كه‌رۆیشتم زۆر به‌گه‌رمی پێشوازی لێ كردم، و منیش دانیشتم و سه‌یری ئه‌م جێگه و مه‌نزڵه‌یم ده‌كرد چه‌ند خاكی و موته‌وازیعانه‌یه، ئاله‌و كاته‌دا بانگی دا [الله أكبر... الله أكبر..] خوا له‌هه‌موو گه‌وره‌یه‌ك گه‌وره‌تره، له‌هه‌موو ده‌سه‌لاَتێ به‌ده‌سه‌لاَت تره.. سوێند به‌وخوایه‌ی جگه له‌خۆی خوایه‌كی تری به‌حه‌ق نییه، وه‌ك ئه‌وه‌ی یه‌كه‌مجار بێت له‌ژیانما بانگ ببیستم ئاوه‌هابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه سه‌دان جاری تر گوێم له‌بانگه‌وه بووه، به‌لاَم ئه‌م بانگه و به‌تایبه‌ت له‌وكاته‌دا شوێنه‌وارێكی زۆر گه‌وره‌ی له‌دڵ وده‌روونمدا هه‌بوو كه هه‌رگیز ئه‌و هه‌سته‌م پێ نه‌كردبوو..
گورج دایكم له‌ته‌نیشتمه‌وه هه‌ستا، رۆیشت ده‌ستنوێژی گرت، و نوێژی مه‌غریبی خوێند، به‌ده‌نگی به‌رز قورئانه‌كه‌ی ده‌خوێند، ئه‌وه یه‌كه‌مجاربوو گوێم لێ بێ دایكم قورئان بخوێنێ.. سووره‌تی ئیخلاَس [ قل هو الله أحد ] ی ده‌خوێند، باس ناكرێ ئه‌و دیمه‌نه چ شوێنه‌وارێكی باشی له‌هه‌ست وسۆزی مندا هه‌بوو!! ئاواته‌خواز بووم برۆمه سه‌ر زه‌وییه‌كه‌و له‌وكاته‌دا كه‌دایكم نوێژی ده‌كرد هه‌ردوو پێی دایكم ماچ بكه‌م، هه‌ستم ده‌كرد شتێ دڵ وده‌روونم ده‌شۆرێته‌وه، رۆشنایی وخۆشه‌ویستییه‌ك هه‌موو گیانمی داگیر كردبوو، گیانێكی تازه‌بوو سه‌ری بۆ لاشه‌م ده‌كێشا، تیشكی روناكییه‌كان كۆبووبوونه‌وه، و پاش هه‌ور و ته‌م ومژێكی زۆر، و شه‌وه‌زه‌نگێكی درێژ هه‌ستم به هه‌لاَتنی خۆرێكی نوێ دكرد، گریان دایگرتم، كه ئه‌م دایكه بێ تاوانه‌م له‌لایه‌ن ئه‌و قه‌شه‌یه‌وه له‌ده‌رسی رۆژی سێ شه‌ممه‌دا چ سته‌مێكی گه‌وره‌ی لێكراوه، ئاواته خوازبووم ئه‌وقه‌شه‌یه‌م ببینیایه‌ته‌وه، له‌سه‌ر ئه‌وتاوانه‌ی تۆڵه‌ی دادگه‌رانه‌ی خۆی وه‌ربگرتایه.. كه‌به‌ناحه‌ق ئاوه‌ها ئه‌و تۆمه‌ته‌ی بۆ دایكم دروستكرد!! و ده‌یویست ناشیرینی بكات، و له‌به‌رچاو خه‌ڵكیدا بیشكێنێت.. ئایا ئه‌وه دادگه‌ریه؟! ئایا مه‌سیح فه‌رمانی به‌شتی واكردووه؟؟ ئه‌مه ئه‌وقه‌شه‌یه كه‌رۆژی یه‌كشه‌ممان خه‌ڵكی باسی گوناهی خۆیانیانی بۆ ده‌كه‌ن؟! ئایا ئه‌وه نموونه‌ی چاولێكراوی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌سیحییه؟! ئه‌م پرسیارانه هه‌موویان وه‌لاَمیا ده‌وێت.. ماوه‌ی سه‌عات ونیوێك له‌ته‌ك دایكما دانیشتم، و خواردنی شێوی بۆ ئاماده‌كردبووم، پێكه‌وه نانمان خوارد، ئه‌و رۆژه و ئه‌و سه‌ردانه وه‌ك خه‌وێكی خۆش وابوو، خه‌ریك بوو برِوانه‌كه‌م شتی وا رووی دابێت، وله‌راستیدا شوێنه‌وارێكی دیار و كاریگه‌ری هه‌بوو..
موناقه‌شه‌ی قه‌شه‌یه‌ك:
كاتێ لای دایكم رۆیشتمه ده‌ره‌وه زۆر دڵئاسووده بووم، و به‌ره‌وماڵ گه‌رِامه‌وه، له‌رۆژی دواینا رۆیشتم بۆ كه‌نیسه بۆ ئاماده‌بوون له‌وتاری رۆژی سێ شه‌ممه‌دا، هه‌مان قه‌شه‌و وتاری ده‌دا، و ده‌یویست قسه‌ناشیرینه‌كه‌ی له‌باره‌ی ئه‌و گه‌وهه‌ره پارێزراوه‌وه ته‌واو بكات، كه له‌باره‌ی دایكی پاكی پاكداوێنمه‌وه هه‌فته‌ی پێشوو ده‌ستی پێكردبوو. قه‌شه‌كه گوتی: ئه‌مما فلان ئافره‌ت دوێنێ له‌لای بووم، و پێم گوت: كچم ! مناڵه‌كانت زۆر پێویستیان به‌تۆیه، به‌لاَم به‌داخه‌وه ئه‌و تائێستاش هه‌ر له‌زیندانایه، و زه‌حمه‌تێكی زۆرم بینی تا توانیم قسه‌ی له‌ته‌كا بكه‌م، چونكه خۆتان ده‌زانن كه زیندان یاسا‌و پرۆگرامی چۆنه.. هه‌ركه‌س مه‌سیح بفرۆشێت ئه‌وه تۆڵه‌كه‌ی ده‌بێت له‌دنیادا، و پاداشتی هه‌موو خائینێكیش ئاواده‌بێ!! ئاله‌و چركه‌یه‌دا دیتم هه‌موو خه‌ڵكی كه‌نیسه‌كه سه‌رنجێكی سه‌یری من ده‌ده‌ن، خۆمم بۆ نه‌گیرا، له‌به‌رده‌م ئه‌و تاغووته‌دا وه‌ستام، و به‌ده‌نگی به‌رز هاوارم كرد و گوتم: ئه‌ی باوكمان! با به‌س بێ، ئینجا رووم كرده هه‌موان و گوتم: ئه‌ی به‌رێزان! من دوێنێ له‌لای دایكم بووم، ئه‌و له‌زیندانا نه‌بوو وه‌ك ئه‌م پیاوه باسی كرد، به‌ڵكو ئه‌م پیاوه زۆر درۆزن و كه‌ززابه، بگره به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وقسانه‌ی ئه‌م درۆزنه كردی، ئه‌و له‌ده‌روه‌یه، نه‌گیراوه و نه‌زیندانییه .. هه‌موو به‌جارێكا روویان كرده من و ده‌یان ویست ئارامم بكه‌نه‌وه، و پله‌و پایه‌ی قه‌شه‌م بخه‌نه پێشچاو، پاشان قه‌شه‌كه رووی تێ‌كردم وگوتی: عیماد ئه‌وه چیته كورِم! بێده‌نگ به، عه‌یبه بۆ تۆ، چیت لێ قه‌وماوه؟!
منیش پێم گوت: تۆ درۆزن وكه‌ززابی، كاتێك كه‌به‌ره‌و روو قسه‌م له‌ته‌ك قه‌شه‌دا ده‌كرد هه‌موو خه‌ڵكه‌كه بێده‌نگ بوون، ئینجا رووم كرده جه‌ماوه‌ری ئاماده‌بووی ناو كه‌نیسه وپێم گوتن: خه‌ڵكینه! من دوێنی سه‌رم له دایكمدا له‌ماڵه‌وه بوو، له‌زیندانا نه‌بوو، كاتێ گوێی له‌بانگی مه‌غریبه‌وه بوو هه‌ستا وده‌ستنوێژی گرت ونوێژی مه‌غریبی كرد، له‌وپه‌رِی پاكی وخاوێنیدا بوو، وه‌ڵلاهی له‌نێوچاویا ره‌ونه‌ق و روونییه‌كی بێ وێنه‌م بینیوه، خه‌ڵكینه ! دایكم له‌زیندانا نییه هه‌روه‌ك {باوكمان} بوختانی بۆ ده‌كات، ئه‌وه ناونیشانه‌كه‌یه‌تی و هه‌ركه‌س ئاره‌زووی لێیه بابرِوات سه‌ردانی بكات.. و سوێندیشتان بۆ ده‌خۆم، كاتێ كه‌گوێم له‌وئایه‌ته قورئانییانه‌وه بوو كه‌دایكم ده‌یخوێند، ئه‌وئایه‌تانه ناو ده‌روونی منیان ده‌شۆرد و پاكیان ده‌كرده‌وه، قه‌شه‌كه گوتی: كورِه! بێده‌نگ به، ده‌نا له‌كه‌نیسه ده‌تكه‌مه ده‌ره‌وه، باوكت نه‌یتوانییوه په‌روه‌رده‌ت بكات هه‌ی كه‌م ئه‌ده‌ب..!!
گوتم: رێم بده ئه‌ی باوكه! تا لێت بپرسم: ئایا تۆ له‌پێش نوێژا وه‌ك موسوڵمانه‌كان خۆت پاك ده‌كه‌یته‌وه؟! ئاله‌ویا به‌گه‌وره‌و بچووكه‌وه هه‌موو شێت بوون، و ئاگری غه‌زه‌بیان لێ ده‌باری، وددانه جیرِه‌یان ده‌كرد، هه‌ندێك ده‌یگوت: بیده‌نگ به، له‌سنووری ئه‌ده‌ب تێپه‌رِیت!! هه‌ندێك ده‌یگوت: تۆ كه‌م ئه‌دبیت!! هه‌ندێكیش هه‌ر به‌لێدان تێم به‌ربوون، به