خوێنه‌ری به‌رِێز! ئه‌وانه‌ی گومان دژی ئاینی خوا و به‌رنامه‌كه‌ی خوا بلاَو ده‌كه‌نه‌وه تازه‌نین هه‌رچه‌ند هه‌ندێ كات له‌رواڵه‌ت و به‌رگێكی نوێ‌دا خۆیان ده‌نوێنن، به‌ڵكو له‌و كاته‌وه خوا ئاده‌م ونه‌وه‌كانی بۆ جێنشینی خۆی له‌سه‌رزه‌ویدا هه‌ڵبژاردووه شه‌یتان پیلان ده‌گێرِێ ونه‌خشه‌داده‌نێ بۆ چه‌واشه‌كردن وسه‌رلێشێواندنی ئاده‌مزاد، بۆیه ئه‌م زۆرانبازییه به‌پێی كۆنی مێژوو كۆنه..
په‌روه‌ردگاریش له‌هه‌موو سه‌رده‌مێكا پێغه‌ممه‌رانی خۆی بۆ رێنوێنی مرۆڤه‌كان ناردووه تا له پلان وپیلانه‌كانی دوژمنی سه‌رسه‌ختیان ئاگاداریان بكاته‌وه، ئه‌م ره‌وته به‌رده‌وام بوو تا هاتنی حه‌زره‌تی موحه‌ممه‌د سلاَوی خوای لێ بێ، خوای بالاَده‌ست به‌هاتنی ئه‌و كۆتایی به‌كاروانی پێغه‌ممه‌ران هێنا، و زانایانی ئۆمه‌تی ئه‌وی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و ئه‌ركه كرده میراتگری ئه‌وان بێ ئه‌وه‌ی پله‌ی پێغه‌ممه‌رایه‌تییان هه‌بێ، ئه‌وه‌ته پێغه‌ممه‌ری خۆشه‌ویستمان سلاَوی خوای لێ بێ ده‌فه‌رموێ: " [ إنَّ العلماءَ ورثةُ الأنبياءِ ] "(1) واته: زانایان میراتگری پێغه‌ممه‌رانن.
[ (1)رواه أبوداود في كتاب العلم / باب الحثِّ على طلب العلم ] .
ئه‌م باسه‌ی به‌رده‌میشت ره‌وانه‌وه‌ی ته‌می گومانێكه كه ناحه‌زانی ئیسلام باسیان كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بییروباوه‌رِی نه‌وه‌ی نوێ له‌گرێژه‌نه بترازێنن و له‌باره‌ی په‌یامه‌كه‌ی خواوه بیان خه‌نه گومان و دوو دڵییه‌وه، چه‌ند زانایه‌كیش مه‌ردانه قۆڵیان لێ هه‌ڵماڵیوه‌و ته‌می گومانه‌كه‌یان به‌تیشكی به‌هێزی به‌ڵگه‌یان ره‌واندۆته‌وه و ئاوی فێنكیان به‌سه‌ر دڵ وده‌روونی موسوڵماناندا كردووه.
یه‌كێ له‌زانایانی دڵسۆزی ئیسلام وتارێك ده‌نووسێت، و له نێوانیا هه‌ندێ باسی ئیعجازی قورئانی ده‌كات.. كاتێ ئه‌م وتاره‌ی نووسه‌ر بلاَو ده‌بێته‌وه یه‌كێك له‌ناحه‌زانی ئیسلام چاوی به‌وتاره‌كه ده‌كه‌وێ ئاگری تێبه‌ر ده‌بێ، و وتارێك له‌دژی وتاره‌كه‌ی ئه‌و مامۆستایه ده‌نووسێ، و هه‌موو خاڵه‌كان پشتگوێ ده‌خات جگه له‌خاڵی ئیعجازی قورئان، و له‌سه‌ر ئه‌وه‌وه ده‌نووسێ و له‌ناویا ده‌ڵێ: باسی ئیعجاز ئیعجازی چیتانه له‌قورئاندا؟ من شتێك له نه‌سازی قورئان له‌گه‌ڵ زانیاری‌دا باس ده‌كه‌م هه‌موو موسوڵَمانان نه‌توانن وه‌لاَمی بده‌نه‌وه.. پاش ئه‌وه‌ش موسوڵمانان بۆ وازهێنان له‌ئاینه‌كه‌یان بانگ ده‌كات، و داوایان لێ ده‌كات هاوه‌ڵ بۆ خوا په‌یدا بكه‌ن..
مامۆستایش كاتێ ئه‌و نووسینه ده‌بینێ زۆر پێی ناره‌حه‌ت ده‌بێ، و به‌تایبه‌ت كه داوا له‌موسوڵمانان ده‌كات واز له خوا به‌یه‌كناسین بێنن، و هاوه‌ڵ بۆ خوا په‌یدا بكه‌ن، و یه‌كێك له مرۆڤه‌كان به‌خوا و به‌كورِی خوا بزانن.. چۆن پێش ئیسلام خه‌ڵكی بتیان كردووه به‌هاوه‌ڵی خوا ئێستاش ئێوه‌ی موسوڵمان بگه‌رِێنه‌وه بۆ پێش هه‌زار وچوار سه‌د ساڵ و له‌بیاتی بت ئه‌و ئینسانه به‌رِێزه -سلاَوی خوای لێ بێ- بكه‌نه هاوه‌ڵی خوا!! قورئان له‌باره‌ی قسه‌یه‌ی ئه‌وانه‌و هاو وێنه‌یانه‌وه فه‌رموویه‌تی: " [ { وَقَالََتِ الْيَهُودُ عُزَيْرٌ ابْنُ اللّهِ وَقَالَتْ النَّصَارَى الْمَسِيحُ ابْنُ اللّهِ ذَلِكَ قَوْلُهُم بِأَفْوَاهِهِمْ يُضَاهِؤُونَ قَوْلَ الَّذِينَ كَفَرُواْ مِن قَبْلُ قَاتَلَهُمُ اللّهُ أَنَّى يُؤْفَكُونَ ؟ " التوبة/ 30 ] ؟} " هه‌ندێ له‌جووه‌كان ده‌ڵێن: عوزه‌یر كورِی خوایه، و فه‌ڵكانیش ده‌ڵَێن: عیسا كورِی خوایه، ئه‌و بوختانه ناقۆلایه به‌زاریانا دێت و بێ ئه‌وه‌ی بیرێك بكه‌نه‌وه كه ئه‌و قسه‌یان له قسه‌ی كافران و بێ باوه‌رِان ده‌چێت؟! خوا له‌ناویان به‌رێت بوختانی وا چۆن هه‌ڵده‌به‌ستن؟
پێش ئه‌وه‌ی نووسه‌ر برواته سه‌رناوه‌رۆكی باسه‌كه‌ی به زمانی حاڵ ده‌ڵێ: ئه‌گه‌ر ده‌ته‌وێ له یه‌كخوا په‌رستییه‌وه بۆ خوا به‌سێزانینمان بانگ بكه‌یت، و ئه‌وه‌ی خۆیشت به ره‌وا ده‌زانی، ئه‌و دیارییه بۆ خۆت و ئێمه‌ش رووناكی و هیدایه‌تی خوا به‌یه‌كزانینی خۆمان بۆ خومان "لكم دینكم ولی دینی " . پاشان وه‌لاَمه‌كه‌ی به‌جوانی و روونی ده‌داته‌وه.. هه‌ر ئه‌م گومانه له 2007دا ره‌به‌نێكی تر باسی ده‌كات و ده‌یخاته به‌رده‌م موسوڵمانان، بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ر له‌تازه پێگه‌یشتوان بشێوێنێ، به‌لاَم مامۆستایه‌كی تر له خزمه‌تگوزانی ئاینی خوا وه‌لاَمێكی جوانی ده‌داته‌وه و ته‌می ئه‌و گومانه ده‌رِه‌وێنێته‌وه.. منیش به‌پێویستم زانی ئه‌و باسانه كۆبكه‌مه‌وه‌و پێشكه‌ش به‌خوێنه‌رانی هاوزمانمی بكه‌م .. فه‌رموون ئه‌وه ئێوه‌و ئه‌وه‌ش باسه‌كه:
ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌سه‌دۆنی:
هه‌ندێ له ناحه‌زانی ئیسلام له‌ناحاڵی بوونی خۆیاندا گومانیان وایه‌و ده‌ڵێن: قورئان هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره‌ی زانیاری له چیرۆكی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌سه‌دۆنی یا ئه‌سكه‌نده‌ری شاخدارا كردووه، ئه‌ویش واباس ده‌كات كه‌خۆر له‌ناو ئاوێكی گه‌رما ئاواده‌بێت " [ تَغْرُبُ فِي عَيْنٍ حَمِئَةٍ " ] ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه رۆژ ئه‌و هه‌ساره زه‌به‌لاحه‌یه و له خۆلگه‌ی گه‌ردوونی خۆ‌یا ده‌خولێته‌وه و یه‌جگار دووره له زه‌وییه‌وه..
بۆ ره‌واندنه‌وه‌ی ته‌می ئه‌و گومانه له ئاسمانی دڵی لاوان‌دا ده‌ڵێین: زانایان فه‌رموویانه: ئه‌و ئایه‌ته‌ی ناحاڵی بووه‌كان ده‌یانه‌وێ بیكه‌نه هۆی سه‌رلێشێواندن، باسی گه‌شته‌كه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ری مه‌سه‌دۆنی "ژوالقرنین " ده‌كات و ده‌فه‌رموێ: [ " حَتَّى إِذَا بَلَغَ مَغْرِبَ الشَّمْسِ وَجَدَهَا تَغْرُبُ فِي عَيْنٍ حَمِئَةٍ " ] الكهف /86 " واته: {ئه‌سكه‌نده‌ر به‌سوپاكه‌یه‌وه كه‌وته‌رِێ} تاگیشته ناوچه‌ی خۆرئاوا،{واده‌هاته به‌رچاوی}خۆر له‌گۆمێكی قورِاوا ئاوا ده‌بێت.. هه‌ندێكیش له‌واتای [ (فِي عَيْنٍ حَمِئَةٍ) ] دا وتوویانه: له ئاوێكی گه‌رمدا.. به‌لاَم واتای پێشوو ره‌وانتر و له‌بارتره.. چونكه ئینسان كاتێ له‌ده‌مه‌و خۆرئاوابووندا له‌سه‌ر لێواره‌ی زه‌ریای ئه‌تڵه‌سیدا بووه‌ستێ جگه له ده‌سته‌واژه‌ی{ گۆمێكی قورِاو} چی تر نابینێت..
سه‌یر ئه‌وه‌یه هه‌ندێ له‌و ته‌فسیرانه‌ی له‌ومه‌سه‌له‌یه‌دا سه‌ردانم كردن دیتم ده‌فه‌رموون: ئه‌گه‌ر قورئان بیفه‌رموایه: " [ إن الشمس كانت تغرب في عين حمئة ] " ئه‌وا رێیه‌ك بۆ نه‌قد لێگرتنی ده‌بوو، به‌لاَم كه ده‌فه‌رموێ: زولقه‌رنه‌ین: [ "وجدها تغرب " ] واتاكه‌ی واده‌گه‌یه‌نێ كه ئه‌و وای بینیوه، نه‌ك وابێ له‌حه‌قیقه‌ت وناوه‌رۆكدا.. یه‌كێ له‌و ته‌فسیرانه ته‌فسیری به‌یزاوییه و ئه‌مه‌ش ده‌قی نووسراوه‌كه‌یه‌تی: " [ "ولعله بلغ ساحل المحيط فرآها كذلك إذ لم يكن في مطمح بصره غير الما‌ء، ولذلك قال: وجدها تغرب، - ولم يقل: كانت تغرب - في عين حمئة "، ] له‌وانه‌یه گه‌یشتبێته سه‌ر لێواری زه‌ریا و ئاوه‌های بینیبێ، چونكه تا بینینی ئه‌و برِی كردبێت جگه له‌ئاو شتێكی تری نه‌دیوه، له‌به‌ر ئه‌وه قورئان به‌واقیعیانه باسی دیتنه‌كه‌ی ئه‌و ده‌كات، ونافه‌رموێ: له‌ناو ئاوا ئاوا ده‌بوو.. به‌ڵكو ده‌فه‌رموێ: واده‌هاته به‌رچاوی له گۆمێكی قورِاوا ئاوا ده‌بێت. ده‌سته‌واژه‌كان زۆر جیاوازن..
ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ كاتێ ئه‌سكه‌نده‌ر ده‌گاته لێواره‌ی رۆژئاوا -له‌به‌رچاوی ئه‌وا- خۆر دێته‌خواره‌وه بۆناو زه‌ریاكه، و هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر كه‌ناری ئه‌وزه‌ریایه‌دا ده‌وه‌ستن وسه‌یری خۆر ده‌كه‌ن له‌كاتی ئاوابوونیا به‌هۆی فێلی چاوه‌وه ته‌نیا ئه‌وه ده‌بینن.. ئه‌مه‌ش وا ده‌گه‌یه‌نێ كه ده‌ركی ئه‌وان ئاوه‌هایه، و به‌وشێوه‌یه ده‌یبینن، نه‌ك ئاوه‌ها بێ له‌حه‌قیقه‌ت وماهیه‌تیدا.. وه‌ك چۆن ئێمه له‌سه‌رزارماندا بووه به‌عاده‌تی شه‌و و رۆژ و ده‌ڵێین: خۆر هه‌ڵهات، و خۆر ئاوا بوو، كه‌چی له‌راستیشدا خۆر ئاوا نابێت و خۆر هه‌ڵنایه‌ت، به‌ڵكو له به‌رچاو ئێمه‌دا واده‌بینین كه خۆر هه‌ڵدێت، وخۆر ئاوا ده‌بێت.. كه‌چی ناڵێین: بۆ ئه‌و هه‌ڵه گه‌وره‌یه ده‌كه‌ین؟! چونكه له‌به‌رچاو ئێمه‌دا واده‌بینین كه خۆر هه‌ڵدێ و ئاواده‌بێ.. كه‌وابوو لێره‌دا باسی دێمه‌نێكه كه ئه‌و بینیویه‌تی، نه‌ك حه‌قیقه‌تی خۆر وخوڵگه‌كه‌ی، به‌لاَم كاتێ باسی خۆر و حه‌قیقه‌تی خولگه‌كه‌ی ده‌كات به‌م شێوه‌یه باسی ده‌كات و ده‌فه‌رموێ: [ " لا الشَّمْسُ يَنبَغِي لَهَا أَن تُدْرِكَ الْقَمَرَ وَلا اللَّيْلُ سَابِقُ النَّهَارِ وَكُلٌّ فِي فَلَكٍ يَسْبَحُونَ ] " یاسین/40 " نه‌خۆر به‌مانگ ده‌گات {واته: له‌هێڵ و رێرِه‌وی خۆی ده‌رناچێت} و نه‌شه‌ویش پێش رۆژ ده‌كه‌وێت، به‌ڵكو هه‌ریه‌كه‌یان له خولگه‌ی خۆیانا مه‌له‌ده‌كه‌ن، و به‌ئاسانی ده‌سوورِێنه‌وه.. به‌ڵێ، قورئانی پیرۆز كاتێ وه‌ك قسه‌ی خۆی باسی خۆر ده‌كات ئاوا باسی ده‌كات، وكاتێ باسی بینینی ئه‌سكه‌نده‌ریش باس ده‌كات واقیعی بینینه‌كه‌ی ئه‌و باس ده‌كات و ده‌فه‌رموێ وای ده‌هاته به‌رچاو خۆر له‌گۆمێكی قورِاوا ئاوا ده‌بێت..
قورتوبیش ده‌فه‌رموێ: به‌پێی دیتنی چاوی وای ده‌بینی كه له‌گۆمێكی قورِاوا ئاوا ده‌بێ، وه‌ك ئێمه چون له‌ده‌شت و بیابانێكدا خۆرمان لێ ئاوا ده‌بێ واده‌زانین كه خۆره‌كه به‌ناو زه‌وییه‌كه‌دا ده‌چێته خواره‌وه..
ئیبنوكه‌سیریش پێی وایه: ئه‌وه‌ی حیكایه‌ت خوێنه‌كان باسی ده‌كه‌ن و هه‌واڵده‌ران قسه‌ی لێوه ده‌كه‌ن شتێكه دوور له‌راسته‌قینه و بگره ده‌ست هه‌ڵبه‌ستراوی ئه‌هلی كیتاب و درۆ و ده‌له‌سه‌ی زندیق و خوا نه‌ناسه‌كانیانه.. بۆیه ده‌فه‌رموێ: به‌پێی دیتنی چاوی وای ده‌بینی كه له‌گۆمێكی قورِاوا ئاوا ده‌بێ، كاتێ قورئان باسی دیتنه‌كه‌ی ئه‌سكه‌نده‌ر ده‌كات له‌و دیمه‌نه‌دا ئه‌سكه‌نده‌ر وا خۆری بینیوه كه له‌ناو ده‌ریای موحیتا رۆده‌چێت، ئه‌مه‌ش حاڵی هه‌ركه‌سێكه له كه‌ناری زه‌ریادا بوه‌ستێ و له‌كاتی خۆرئاوابووندا خۆر ببینێ وا ده‌زانێ له‌ناو ئاوه‌كه‌دا رۆ ده‌چێت..
به‌لاَم ئیمام فه‌خروددینی رازی خوای لێ بێ رازی ئایه‌ته‌كه به‌ته‌واوی دێنێ و واتای ده‌كات و ده‌فه‌رموێ: كاتێ ویستی بگاته خۆرئاوا شوێن ئه‌و سه‌به‌بانه كه‌وت تا گه‌یاندییه رۆژ ئاوا، وله‌وێ وای ده‌بینی خۆر له‌گۆمێكی قورِاوا ئاوا ده‌بێت، وئه‌وسا كۆمه‌ڵێ شت باس ده‌كات و پاشان ده‌فه‌رموێ: به‌به‌ڵگه سه‌لمێنراوه كه زه‌وی وه‌ك تۆپه، و ئاسمان له‌هه‌موولایه‌كه‌وه ده‌وری داوه، وگومان له‌وه‌شدا نییه كه‌خۆر له گه‌ردوون "فلك "دایه، و خۆر به‌چه‌نده‌ها جاری زۆر له‌زه‌وی گه‌وره‌تره، و ئه‌وخه‌ڵكه‌ی له‌وێ بینیویه‌تی له‌ناوچه‌ی خۆرئاواكه بووه، {واته: راناوی- ها- له [ (وجد عندها ] )دا}به‌و شوێنه لێ ده‌داته‌وه كه دواین وشكانی بووه له سه‌ر لێواری زه‌ریاكه‌دا، نه‌ك ئه‌وه‌ی له‌په‌نای خۆردا بووبن، پاشان ده‌ڵَێ: كاتێ ئه‌مه سه‌لمێنرا، ئێمه‌ش ده‌ڵێین: ته‌ئویلی ئایه‌ته‌كه: " [ {تغرب في عين حمئة} ] " چه‌ند واتایه‌ك ده‌گه‌یه‌نێ، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه: كه زولقه‌رِنه‌ین كاتێ ده‌گاته دواین شوێنی وشكانی له ته‌ره‌فی خۆرئاواوه و هیچ خانه‌و لانه‌یه‌ك نامێنێ، وا خۆر دێته پێشچاوی كه به‌ناو گۆمێكی چاڵی تاریكدا رۆده‌چێت، هه‌رچه‌ند له‌حه‌قیقه‌ت و ناوه‌رۆكیشدا وا نه‌بێ، وه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌كه‌شتی له‌ده‌ریادا سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن له‌كاتی خۆرئاوابونا واده‌زانن خۆر به‌ناو ده‌ریاكه‌دا ده‌رِواته خواره‌وه، كه‌چی له‌حه‌قیقه‌تیشدا له‌پشت ده‌ریاكه‌وه ئاوا ده‌بێ.. ئه‌م ته‌ئویله‌ی من باسم كرد [ " أبو علي الجبائي " ] له ته‌فسیره‌كه‌یا باسی كردووه.
ئه‌مه‌شمان بۆیه روونكرده‌وه تا خه‌ڵكی به‌فێڵی نه‌فامه‌كان هه‌ڵنه‌خله‌تێن و به‌هه‌ڵه‌دا نه‌چن.. و خوا له‌سه‌ر رێی راست پایه‌دارمان بكات، و هیدایه‌تی سه‌ر لێشێواوه‌كانیش بدات
سه‌رچاوه‌كان:
ته‌فسیری رازی
ته‌فسیری قورتوبی.
ته‌فسیری به‌یزاوی
ته‌فسیری ئیبنو كه‌سیر.
[ فتح الباري في شرح البخاري. ]
د. [ ابراهيم عوض. رد على رسالة من أحد نصارى المهجر ] ..
د. [ حسين رضوان اللبيدي/ الرد علي مطاعن الكاهن زكريا. ]
http://55a.net/firas/arabic/index.php?page=show_det&ed