غه‌یبه‌ت کردن
له به‌شی سێ‌هه‌می ئایه‌ته‌که‌دا خوا داوامان لێ ده‌کات: غه‌یبه‌ت نه‌که‌ین و له‌پاش مله باسی خه‌ڵکی به خراپه نه‌که‌ین.
ئێستاش نۆره‌ی برگه و به‌شی سێ‌هه‌می ئایه‌ته‌که‌یه که خوا ده‌فه‌رموێ: ولا یغتب بعضکم بعضا ... واته: با هه‌ندێکتان له پاشمله به خراپی باسی هه‌ندێکتان نه‌کات ...
با بزانین غه‌یبه‌ت چییه؟!
ئه‌بو هوره‌یره ده‌ڵێ: پێغه‌مبه‌ر خوا دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: ئایا ده‌زانن غه‌یبه‌ت چییه؟ خه‌ڵکه‌که گوتیان: خوا و پێغه‌مبه‌ره‌که‌ی زاناتره ..
فه‌رمووی: باس کردنی براکه‌ته به شتێک پێ‌ی ناخۆش بێ عه‌رزیان کرد: ئه‌ی ئه‌گه‌ر ئه‌و شته‌ی من ده‌یڵێم له براکه‌مدا هه‌بوو، هه‌ر به غه‌یبه‌ت حسێبه؟
فه‌رمووی: ئه‌گه‌ر به‌و جۆره بێ که تۆ باسی ده‌که‌یت ئه‌وه غه‌یبه‌تت کردووه، وه ئه‌گه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته‌ی نه‌بێ که تۆ ده‌یڵێیت ئه‌وه بوختانت بۆ کردووه.(صحیح مسلم بشرح النووی، 16/142 و ریاض الصالحین 535.)
پێغه‌مبه‌ری خوا دروودی خوای لێ بێ به‌و جۆره پێناسه‌ی غه‌یبه‌تمان بۆ ده‌کات.. وه هه‌روه‌ها زانایانیش به درێژی باسی غه‌یبه‌تیان کردووه، وه‌ک: غه‌زالی و ابن الاثیر و نه‌وه‌وی و کرمانی و ابن التین و زومه‌خشه‌ری و قوشه‌یری و مونذری و چه‌نده‌های تریش...
ئیمامی نه‌وه‌وی به ڕه‌حمه‌ت بێ ده‌ڵێ: غه‌یبه‌ت ئه‌وه‌یه: باسی که‌سێک بکه‌یت به‌شتێ پێ‌ی ناخۆش بێت، جا ئه‌و شته له له‌ش و جوسته‌یا بێ، یا له دینیدا بێ، یا له دنیایدا بێ، یا له ده‌رونیا، یا له ڕه‌وشتیا، یا له ره‌نگ و ڕواڵه‌تیا، یا له ماڵ و منداڵ و باوک و هاوسه‌ر و خزمه‌تکار و پۆشاک و رۆیشتن و رووخۆشی و رووگرژیدا بێ، یا له هه‌ر شتێکی ترا که په‌یوه‌ندی پێوه هه‌بێ، جا ئه‌و باس کردنه به قسه بێ یا به ئیشاره‌و هێما بێ (وه‌رگیراوه له فتح الباری 10/385، که ئه‌ویش له الأذکار وه‌ری گرتووه) ئه‌مانه هه‌مووی به غه‌یبه‌ت حسێبن..
تاوانی غه‌یبه‌ت:
ئه‌وه بوو له سه‌ره‌تادا مه‌عنای ئایه‌ته‌که‌مان کرد که خوا ده‌فه‌رموێ: با هه‌ندێکتان غه‌یبه‌تی هه‌ندێکی ترتان نه‌کات، ئایا یه‌کێ له ئێوه پێ‌ی خۆشه گۆشتی براکه‌ی به مردووی بخوات؟! – بێگومان- پێتان ناخۆشه، - که‌وا بوو- له خوا بترسن، بێگومان خوا زۆر لێبوورده‌یه و به‌ره‌حمه..
خوا داومان لێ ده‌کات غه‌یبه‌ت نه‌که‌ین، هه‌ر به‌و جۆره‌ی که داوامان لێ ده‌کات زینا نه‌که‌ین. هه‌ر به‌و جۆره‌ی که داومان لێ ده‌کات قه‌تڵ نه‌که‌ین.. که وابوو
یه‌که‌م تاوانی غه‌یبه‌ت کردن شکاندنی فه‌رمانی خوایه..
دووه‌م، ئایه‌ته‌که ده‌فه‌رموێ: ئایا یه‌کێ له ئێوه پێ‌ی خۆشه گۆشتی براکه‌ی خۆی به‌مردوویی بخوات.. وه‌ک ئه‌وه وایه غه‌یبه‌ت کردن بریتی بێ له گۆشت خواردنی مردوو..
له‌م باره‌یه‌وه شێخی (ابن حجر) له (فتح الباری)دا (فتح الباری بشرح صحیح البخاری 10/386) فه‌رمووده‌یه‌ک له (صحیح)ی (ابن حبان)ه‌وه باس ده‌کات که له کاتی ره‌جم کردنی ماعیزدا پیاوێک به هاوه‌ڵه‌که‌ی ده‌ڵێ: ئه ئه‌مه که! خوا په‌رده‌ی دابوو به‌سه‌ریا و پۆشی بووی، که‌چی وازی له خۆی نه‌هێنا تا وه‌ک سه‌ك سه‌نگه‌ساریان کرد!!
پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ فه‌رمووی پێیان: له گۆشتی ئه‌و گوێدرێژه مردار بووه بخۆن-که‌رێک له‌ویا مردار بووبوه‌وه- ئه‌و قسه‌ی ئێوه کردتان له‌باره‌ی ئابرووی ئه‌و پیاوه‌وه زۆر خراپتر و گه‌وره‌تره له خواردنی ئه‌و لاکه مردارۆ بووه.
سێ‌هه‌م، پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ بۆمان ده‌گێرێته‌وه و ده‌فه‌رموێ: له شه‌وی میعراج‌دا به‌لای کۆمه‌ڵێکدا تێپه‌ریم که به‌نینۆک به‌ر ببوونه ده‌م و چاو سنگیان و خۆیان ده‌رنی، له جبریلم پرسی، ئه‌مانه کێن، گوتی: ئه‌مانه، ئه‌وانه‌ن که گۆشتی خه‌ڵکی ده‌خۆن و باسی ئابرو و نامووسی خه‌ڵکی ده‌که‌ن له پاش مله.(رواه ابو داود 4/269، ریاض الصالحین 536).
چواره‌م، حه‌زره‌تی عائیشه خوا لێ‌ی رازی بێ ده‌فه‌رموێ: به پێغه‌مبه‌ر -دروودی خوای لێ بێ- م گوت: سه‌فیه‌ی کۆتا باڵات به‌سه!! له‌وه‌ڵامی منا پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ فه‌رمووی: بێگومان قسه‌یه‌کی وات کرد، ئه‌گه‌ر تێکه‌ڵ به ئاوی ده‌ریا ببوایه بۆن و تامی ده‌گۆڕی( رواه ابو داود 4/264، ریاض الصالحین 536). ئه‌وه‌نده ناشیرین و بۆگه‌ن بوو.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که حه‌زره‌تی عائیشه‌ی زۆر خۆشه‌ویست بووه له‌لای پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ ئه‌مه نه‌بووه‌ته هۆی ئه‌وه ده‌رسێکی وای دانه‌دات که هه‌رگيز له یادی نه چێ و باش بزانێ که حورمه‌تی ئینسانی موسڵمان نابێ له‌که‌دار بکرێ.
پێنجه‌م، ئێمه ده‌زانین سو‌و خواردن چه‌ند گوناحه! ئه‌وه‌ته قورئان ده‌فه‌رموێ: ئه‌وانه‌ی واز له‌سوو خواردن ناهێنن با ئیعلانی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ خوادا بکه‌ن.(وذروا ما بقی من الربا ان کنتم مؤمنین، فان لم تفعلوا فأذنوا بحرب من الـلـه ورسوله البقرة 278).
به پێ‌ی ئه‌م ئایه‌ته به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر سو‌و خۆرى وه‌ک شه‌ڕ کردن وایه له‌گه‌ڵ خوادا.
وه هه‌روه‌ها پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ له‌عنه‌تی خوای له‌و که‌سه‌کردووه که سو‌و ده‌خوات، له‌وه‌کیله‌که‌ییشی، له‌وه‌یش ئاگاداریه‌تی وشاهێده، و له‌وه‌یش بۆیان ده‌ینوسێ. (رواه مسلم ، ریاض الصالحین 575)
له‌باره‌ی غه‌یبه‌ته‌وه پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ ده‌فه‌رمووێ: بێگومان یه‌کێ له‌و شتانه‌ی له سو‌و، سووتره، ده‌م درێژییه بۆ حورمه‌تی موسڵمانێک به ناهه‌ق ( رواه ابو داود 4/269 والام احمد). واته: له سو‌و خۆری تاوانه‌که‌ی گه‌وه‌رتره..
شه‌شه‌م، له‌برگه‌ی دووهه‌می ئایه‌ته‌که‌دا و له‌باسی جاسووسیدا باسمان کرد، که پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ، فه‌رموویه‌تی: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی به‌ده‌م ئیمانیان هێناوه و له دڵیانا جێگیر نه‌بووه، غه‌یبه‌تی موسڵمانان مه‌که‌ن .... (رواه ابو داود 4/270) ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه که هه‌رکه‌س غه‌یبه‌ت به‌حه‌ڵاڵ بزانێ ئیمان له دڵیا جێگیر نه‌بووه.
حه‌وته‌م، له فه‌رمووده‌یه‌کدا به گه‌وره‌ترینی گوناحه گه‌وره‌کان ناو براوه، ئه‌وه‌ته پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ ده‌فه‌رمووێ: ان من أکبر الکبائر استطالة المر‌ء فی عرض رجل مسلم بغیر حق ( رواه ابو داود 4/269) واته: بێگومان له گه‌وره‌ترینی گوناحه گه‌وره‌کان، ده‌م درێژی کردنی پیاوه، بۆ حورمه‌تی پیاوێکی موسڵمان به‌ناهه‌ق...
ئه‌م هه‌موو هه‌ره‌شه گه‌ورانه‌ی پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ وای کردووه له شێخی قورتوبی (قرطبی)- به ره‌حمه‌ت بێ- له ته‌فسیره به‌ناوبانگه‌که‌یا بڵێ: جیاوازی راو بۆ چوون له‌وه‌دانییه که غه‌یبه‌ت یه‌کێکه له گوناحه گه‌وره‌کان، به‌ڵام رای جیاواز له‌وه دایه، ئه‌گه‌ر که‌سێ ویستی ته‌وبه بکات و په‌شیمان ببێته‌وه، داوا له غه‌یبه‌تکراوه‌که بکات ئازادی کات، یان هه‌ر له نێوان خۆى و خوادا بێت؟.(تفسیر القرطبی به‌رگی 16 لاپه‌ڕه 237، شێخی ابن حجر یش له فتح الباریدا لێوه‌ی باس ده‌کات له‌به‌رگی 10 لاپه‌ڕه 386دا.)
له‌م باره‌یه‌وه زانایان ده‌بنه دوو ده‌سته‌وه:
هه‌ندێکیان ده‌ڵێن: ئازادکردنی ده‌وێت و ده‌بێ غه‌یبه‌ت کراوه‌که بیبه‌خشێ، به‌ڵگه‌شیان قسه‌ی حه‌زره‌تی عائیشه‌یه – خوا لێ‌ی ڕازی بێ- که جارێک ئافره‌تێک دێت بۆ لای، پاش ئه‌وه که هه‌ڵده‌ستێ و ده‌روات ژنێک ده‌ڵێ: پاشه‌ڵی چه‌ند درێژه !!
حه‌زره‌تی عائیشه‌ش پێ‌ی ده‌ڵێ: بێگومان غه‌یبه‌تت کرد، گه‌ردنی خۆتی پێ ئازاد بکه..
ده‌ڵێن: ئه‌گه‌ر پێویست نه‌بوایه عائیشه نه‌یده‌گوت: بــڕۆ خۆتی پێ ئازا بکه و داوای لێبوردنی لێ بکه ..
ده‌سته‌ی دووه‌میش ده‌ڵێن: ئه‌م غه‌یبه‌تکردنه گوناحه و بێ ئه‌مری خوایه، له‌به‌ر ئه‌وه پێویست ناکات داوای لێبووردن له غه‌یبه‌ت کراوه‌که بکات، چونکه هیچ زیانێکی به له‌شی نه‌گه‌یاندووه، ماڵیشی لێ زه‌وت نه‌کردووه... که‌وابوو هه‌ر له نێوان خۆی و خوادا ته‌وبه بکات و لێ‌ی په‌شیمان ببێته‌وه... (ئه‌مه پاڵفته‌ی لاپه‌ڕه 237 و 238ی تـه‌فسیری قورتوبی‌یه، له‌به‌رگی شانزه‌دا.)
وا دیاره- خوا زاناتره – بۆ چوونی ده‌سته‌ی دووهه‌م باشتر حه‌قی پێ‌کا بێ، له‌به‌ر دوو هۆ،
یه‌که‌م، له‌وانه‌یه باس کراوه‌که باس و غه‌یبه‌ته‌که‌ی پێ نه‌گه‌یشتبێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌میش داوای گه‌ردن ئازادی لێ بکات، لێ‌ی بره‌نجێ و ناکۆكی له نێوانیانا دروست ببێت..
دووه‌م، له کۆتایی ئایه‌ته‌که‌دا خوا ده‌فه‌رمووێ: له خوا بترسن، به‌راستی خوا زۆر لێ بورده‌و به‌ره‌حمه.(واتقوا الـلـه ان الـلـه تواب رحیم). ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێ ئینسان له نێوان خۆی و خوادا په‌شیمان ببێته‌وه و داوای لێبوردن له خوا بکات .. والـلـه اعلم.
* * *
له چ کات و شوێنێکا غه‌یبه‌ت دروسته؟
غه‌یبه‌تکردن گوناهێکی ناهه‌مواره و ریز تێکده‌ره، له‌به‌ر ئه‌وه له شه‌ش جێگادا نه‌بێ به هیچ کڵۆجێ رێگه‌ی غه‌یبه‌ت نه‌دراوه، زانایان باسیان کردووه و ئیمامی نه‌وه‌ویش- به‌ره‌حمه‌ت بێ- ( له ریاض الصالحین 539 تا 541دا باسی کردووه و ئه‌ڵبه‌ت منیش پاڵفته‌یه‌کتان پێشکه‌ش ده‌که‌م..) با بزانین ئه‌و شه‌ش کاته چ کاتێکن؟
یه‌که‌م، سته‌م لێ کراوی. ئه‌وه‌ی سته‌می لێ بکرێ بۆی هه‌یه له دادگا و لای قازی و ده‌سه‌ڵاتدار بڵێ: فڵانه‌که‌س زوڵمی لێ کردووم.. به‌ڵگه‌ش ئه‌م ئایه‌ته‌یه: لا یحب الله الجهر بالسوء من القول الا من ظلم .. (سووره‌تی النساء ئایه‌تی 148).
واته: خوا پێ‌ی خۆش نییه هیچ که‌سێ قسه‌ی خراپ ئاشکرا بکات جگه له‌وانه‌ی زوڵم و سته‌میان لێکراوه.
دووه‌هه‌م، کۆمه‌کی وه‌رگرتن بۆ له‌ناوبردنی خراپه‌یه‌ک که به ئاشکرا بکرێت، دروسته ئینسان برواته لای ده‌سه‌ڵاتدارێک که توانای گۆرێنی خراپه‌ی هه‌بێ، بڵێ: فڵانه که‌س له فڵانه شوێنا و له فڵانه کاتدا له پێش چاوی خه‌ڵکییه‌وه گوناح ده‌کات، به‌ڵکو نه‌هێڵێت ئه‌و گوناحه بکات، ده‌بێ له‌م حاڵه‌دا ته‌نیا مه‌به‌ستی خوا بێ ... به‌ڵگه‌ش رووداوی گه‌رانه‌وه‌ی مه‌دینه‌یه ...
زه‌یدی کوری ئه‌رقه‌م، خوا لێ‌ی رازی بێ ده‌ڵێ: له ته‌ک پێغه‌مبه‌ری خوا دروودی خوای لێ بێ چوینه ده‌رێ له‌سه‌فه‌رێکدا، خه‌ڵكی تووشی ناره‌حه‌تی بوون، عبدالـلـه کوری ابی –سه‌رۆکی مونافیقه‌کان – گوتی: هیچ مه‌ده‌ن به‌وانه‌ی له‌ده‌وری پێغه‌مبه‌ردان تا بڵاوه‌ی لێ بکه‌ن و ده‌وری چۆڵ ببێ، و هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌گه‌ر گه‌راینه‌وه بۆ مه‌دینه ئه‌شراف و ده‌سه‌ڵاتداره‌کان زه‌لیل و رسواکان ده‌رده‌که‌ون، منیش هاتمه خزمه‌ت پێغه‌به‌ر دروودی خوای لێ بێ و بۆم گێڕایه‌وه..(ریاض الصالحین 541، متفق علیه)
سێ‌هه‌م، داوا کردنی فتوایه.. وه‌ک ئه‌وه که‌سێک ده‌چێته لای موفتییه‌ک و ده‌ڵێت: باوکم یا برام یا هاوسه‌رم یا فڵانه‌که‌س کارێکی وای کردووه، چۆن له ده‌ستی رزگارم ببێ و مافی خۆم به‌ده‌ست بێنمه‌وه؟ حوکمی شه‌رعیم پێ بڵێ ..
به‌ڵگه‌ش فه‌رموودیه‌کی هینده، ئه‌وه بوو هیندی خێزانی ئه‌بو سوفیان، -پاش ئه‌وه که موسڵمان بوو - هاته خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ و گوتی: ئه‌بو سوفیان پیاوێکی سه‌قیل و ده‌ست قونجاوه، ئه‌وه‌نده‌م ناداتێ به‌شی خۆم و منداڵه‌کانم بکات، منیش ناچارم بێ ئه‌وه‌ی پێ‌ی بزانێ بۆ خۆمانی خه‌رج بکه‌م، ئایا حوکمی شه‌رع چۆنه؟
پێغه‌مبه‌ریش دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: ئه‌وه‌نده خه‌رج بکه بۆ خۆت و منداڵه‌که‌ت به‌شتان بکات به چاکه. ( ریاض الصالحین 541، متفق علیه).
لێره‌دا چونکه مه‌سه‌له‌ی فتوایه دروسته باسی ده‌ست قونجاوی و به‌خیلی ئه‌بوسوفیان بکات...
ئیمامی نه‌وه‌وی - به‌ره‌حمه‌ت بێ- ده‌ڵێ: باشتر وایه ناوی که‌سه‌که نه‌بات، بۆ نموونه بڵێت: ئه‌گه‌ر که‌سێک باوکی یا برای یا هاوسه‌ری له‌گه‌ڵیا ئاوه‌هاو ئاوها بێ حوکمی شه‌رعی چۆنه؟! خۆ ئه‌گه‌ر ناویشی ببات دروسته..
چواره‌م، ئامۆژگاری کردنی موسڵمانان و پاراستنیانه له شه‌ر و خراپه‌ی که‌سێک یا کۆمه‌ڵێک، ئه‌مه‌ش چه‌ند جۆرێکی هه‌یه:
أ. وه‌ک باسکردنی ئه‌وانه‌ی جێگه‌ی تۆمه‌تن و له‌ریوایه‌تی فه‌رمووده‌دا به خراپ له‌قه‌ڵه‌م دراون و بریندارکراوه‌ن. ئه‌مه نه‌ک ته‌ینا هه‌ر دروست بێ، به‌ڵکو واجب و پێویستیشه له‌سه‌ر موسڵمانان.
ب. وه‌ک ئه‌وه: که‌سێک ده‌یه‌وێ سپارده و ئه‌مانه‌تێک لای که‌سێک دابنێ، پرس به تۆ ده‌کات ئایا ده‌ست پاکه یان نه؟ تۆش چی له‌باره‌یه‌وه ده‌زانی ده‌بێ پێ‌ی بڵێیت. یا که‌سێک ده‌یه‌وێ له‌گه‌ڵ که‌سێکى ترا ببێت به شه‌ریک، یا مامه‌ڵه‌یه‌کی له‌ته‌کا بکات، یا ده‌یه‌وێت ببێته هاوسێی، یا له‌باره‌ی ژن و ژن خوازییه‌وه پرست پێ بکات. پێویسته چی له‌باره‌یه‌وه ده‌زانی بۆی باس بکه‌یت. به‌ڵگه‌ش ئه‌م فه‌رمووده‌یه: فاتیمه‌ی کچی قه‌یس -خوا لێ‌ی رازی بێ- ده‌ڵێ: هاتمه خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ و گوتم: ئه‌بو جه‌هم و موعاوییه داوایان کردووم، چیان له‌باره‌وه ده‌زانی و رات چۆنه؟ پێغه‌مبه‌ریش دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: موعاوییه هه‌ژاره و ماڵ و سامانی نییه، به‌ڵام ئه‌بو جه‌هم هه‌میشه عه‌ساکه‌ی به‌سه‌ر شانییه‌وه‌یه و دای نانێ.(متفق علیه نقلا من ریاض الصالحین 541 )
ت. له ڕیوایه‌تی موسلیمدا ده‌فه‌رموێ: ئه‌بووجه‌هم زۆر له ژن ده‌دات و دارکاریان ده‌کات.( متفق علیه نقلا من ریاض الصالحین 541 ).
ث. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر چاوی لێ بوو که‌سێکی تر ده‌چێ بۆ لای که‌سێکی تری خاوه‌ن بیدعه یان فاسق و ده‌یه‌وێ له‌لای ئه‌و بخوێنێ یا شت فێر ببێ، و مه‌ترسی ئه‌وه‌شی لێ ده‌کرا زیانی پێ بگات، پێویسته له‌سه‌ری ئامۆژگاری بکات و باسی ئه‌و فاسق و خاوه‌ن بیدعه‌یه‌ی بۆ بکات، به مه‌رجێ مه‌به‌ستی ته‌نیا خوا بێت...ئه‌م جۆره‌یان خه‌ڵکی زۆر تیادا به‌هه‌ڵه ده‌چن و ئیشتیباهی تیا ده‌که‌ن، ده‌بێ ئاگایان له خۆیان بێ، شه‌یتان نه‌چێته بن کڵيشه‌یان و به ناوی ئامۆژگاری‌یه‌وه حه‌سوودی وایان لێ بکات قسه له‌باره‌یه‌وه بکه‌ن.. ده‌بێ ته‌نیا خوایان مه‌به‌ست بێ...
ج. هه‌روه‌ها کاربه‌ده‌ستانی ناوچه، ئه‌گه‌ر که‌سێ شیاوی ئه‌و کاره نه‌بوو، یا فاسق بوو، یا گه‌مژه و گه‌لۆر بوو، یا له‌م بابه‌تانه بوو، پێویسته لای فه‌رمانره‌وای گشتی باس بکرێ بۆ ئه‌وه‌ی لای ببات و که‌سێکی چاکتر له جێ‌گه‌یا دابنێ..
پێنجه‌م: گوناحی ئاشکرا، وه‌ک ئه‌وه که‌سێک به ئاشکرا شه‌راب بخواته‌وه، یا په‌یره‌وی له بیدعه‌یه‌ک بکات، یا ماڵی که‌سێ داگیر بکات، یا باج و سه‌رانه له خه‌ڵکی بسێنێ، پێویسته باسی گوناحه ئاشکرایه‌کانیان بکرێت، ئیتر حه‌رامه باسی نهێنییان بکرێ.
شه‌شه‌م: پێناسه‌یه، به‌و جۆره که‌سێک له‌قه‌بێکی هه‌بوو، به‌و له‌قه‌به نه‌بوایه نه‌ده‌ناسرایه‌وه، وه‌ک: چاومووش اعمش ئه‌وه‌ی چاوی کزه و ئاوده‌کات، یێ شه‌ل و له‌نگ اعرج یان که‌ر و گوێ گران اصم یا نابینا و کوێر اعمی، یا چاولار و خێل احول و ... له‌م بابه‌تانه.. ئه‌گه‌ر به‌و له‌قه‌بانه مه‌شهوور و به‌نێوبانگ بوو دروسته پێناسه‌ی بکه‌یت ..
به‌ڵام ئه‌گه‌ر بۆ سووکی و (ته‌وهین) بوو ئه‌وا گوناحه ناوی ببه‌یت، ئه‌گه‌ر ده‌گونجا به جۆرێکی باشتر و به‌شتێکی چاکتر ناوی ببه‌یت و ئه‌وه خاستره..
ئه‌مه بوو ئه‌و کات و جێگایانه‌ی که دروسته غه‌یبه‌تیان تیا بکرێ... هیودارم خوا ده‌م و زبانمام له غه‌یبه‌تی موسڵمانان بپارێزێ...
خوێنه‌ری خۆشه‌ویست، ئه‌م سێ بابه‌ته‌ی که له ئایه‌ته‌که‌دا باسکران په‌یوه‌نديیه‌کی ته‌واویان پێکه‌وه هه‌یه و یه‌که‌میان هۆی په‌یدا بوونی دووه‌میانه و سێ‌هه میش ته‌واوکه‌ری ئه‌و دوو سیفه‌ته‌که‌ی پێش خۆیه‌تی... ئه‌گه‌ر له ئایه‌ته‌که وورد ببینه‌وه‌و باش سه‌رنجی بده‌ین، ده‌بینین خوا له‌پێشا به‌ووشه‌ی شیرینی ئه‌ی ئیمانداران، بانگمان ده‌کات، ئینجا داوای خۆپاراستمان لێ ده‌کات، داوامان لێ ده‌کات خۆمان له گومان بپارێزین، هه‌ر له‌خۆوه خه‌ڵکی به خراپ نه‌زانین اجتنبوا کثیرا من الظن، چونکه ئه‌گه‌ر به خراپمان زانین گومانی خراپمان پێ برد، ده‌که‌وینه لێکۆڵینه‌وه و پشکنین و به شوێن گه‌رانی عه‌یبه‌که‌یانا، بۆیه دوا به دوای ئه‌وه داوامان لێ ده‌کات خۆمان له ئه‌نجامی ئه‌و کاره بپارێزین و ده‌فه‌رموێ: ولا تجسسوا جاسووسی مه‌که‌ن و به شوێن عه‌یبی خه‌ڵکی‌دا مه‌گه‌ڕێن، مه‌به‌ست له‌وه که به شوێن عه‌یبی خه‌ڵکا بگه‌رێین چییه؟ ده‌فه‌رموێ:ولا یغتب بعضکم بعضا با هه‌ندێکتان باسی هه‌ندێکتان به خراپه نه‌کات..
* * *
به‌ڵێ، برای موسڵمان، ئاینه پیرۆزه‌که‌مان هه‌میشه ده‌یه‌وێ ئاگر بر بکات، گومان نه‌به‌ین تا جاسووسی نه كه ين دواییش ئابرووی خه‌ڵکی نه‌به‌ین .. به‌ڵێ، ده‌یه‌وێ به‌ستێکی قایم له ڕێگه‌ی گوناحدا دابنێ، ده‌یه‌وێ نوتفه‌ی گوناح خه‌فه بکات و هه‌ر به‌نوتفه‌یی له‌ناوی ببات. تا موسڵمانان و کۆمه‌ڵگای ئیسلامی له‌شه‌رو خراپه‌ی ئه‌و گوناحانه پارێزراو بن.
کاتێ موسڵمان وازی له گومان هێنا، هه‌وڵی ئه‌وه نادات به شوێنیا بگه‌ڕێ و جاسووسی بۆ بکات، کاتێ وازیشی له‌م دوانه هێنا له‌خۆوه ناوی خه‌ڵکی به خراپه نابات و غه‌یبه‌تی تووش نابێ و گۆشتی براکه‌ی به‌مردوویى ناخوات.
* * *
خوێنه‌ری خۆشه‌ویست با پێکه‌وه بریار بده‌ین گومانی خراپ به خه‌ڵکی نه‌به‌ین و له خۆوه که‌س به خراپ نه‌زانین، وه به شوێن عه‌یبی که‌س‌دا نه‌گه‌ڕێین و قورقوشمی تواوه نه‌که‌ینه گوێی خۆمانه‌وه، وه له پاشمله باسی که‌س به خراپه نه‌که‌ین و گۆشتی مردوو نه‌به‌ین به‌زارماندا...
با بریار بده‌ین ئه‌گه‌ر من هه‌ڵه‌م کرد و ئه‌و بڕیاره‌م شکاند به له‌بیر چوونه‌وه یا به‌ئه‌نقه‌ست، بیرم بخه‌یته‌وه منیش بیخه‌مه‌وه یادت، ئه‌گه‌ر تۆ له‌بیرت چووه‌وه، چونکه خوا داوا ده‌کات و ده‌فه‌رموێ: وذکر فان الذکری تنفع المؤمنین. وه بیرمان بێته‌وه چونکه بیر هێنانه‌وه سوود به ئیمانداران ده‌گه‌یه‌نێت...
سا خوا له رێزی ئیماندارانی راسته‌قینه‌دا حه‌شرمان بکات و ده‌ست و چاو و ده‌م و دڵمان بپارێزێ . ئامین.
و آخر دعوانا ان الحمد لله رب العالمین ...
حه‌سه‌ن پێنجوێنی
ما یلفظ من قول الا لدیه رقیب عتید . ق/18