گومانی خراپ (سوء الظن)
به‌شی یه‌که‌می کتێبی خۆت له‌م سێ گوناهه بپارێزه
بسم الـلـه الرحمن الرحیم
(یا ایها الذین امنوا اجتنبوا کثیرا من الظن، ان بعض الظن اثم، ولا تجسسواء ولا یغتب بعضکم بعضا، ایحب احدکم ان یاکل لحم اخیه میتا؟ فکرهتموه ! واتقوا الـلـه، ان الـلـه تواب رحیم) الحجرات / 12
واته: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی برواتان هێناوه و ئیماندارن، خۆتان له به‌شێکی زۆری گومان بپارێزن – چونکه - به‌ڕاستی هه‌ندێ گومان تاوان و گوناحه. و جاسوسی مه‌که‌ن، به شوێن عه‌یبی یه‌کترا مه‌گه‌ڕێن، و با هه‌ندێکتان له پاش‌مله باسی هه‌ندێکی ترتان به خراپه نه‌کات، ئایا یه‌کێ له ئێوه پێ‌ی خۆشه گۆشتی براکه‌ی خۆی به‌مردووی بخوات؟ پێتان ناخۆشه،-که‌وابوو- له خوا بترسن، بێگومان خوایش زۆر لێبورده‌و به‌ره‌حمه..
با بچینه خزمه‌ت قورئان و له‌سه‌رچاوه زوڵاڵه‌که‌ی شه‌ربه‌تی شیفابه‌خشی دڵ و ده‌روون نۆش که‌ین و له‌سایه‌ی‌دا بحه‌سێینه‌وه و شه‌که‌تی و ماندوو بوونی ژیانی دوور بوون له ڕێبازی قورئان ده‌رکه‌ین..
خوای میهره‌بان له‌م ئایه‌ته‌دا به ووشه‌ی خاوه‌ن باوه‌ڕ و (ئیماندار) بانگمان ده‌کات و ده‌فه‌رموێ: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌رتان هێناوه،- به خوای تاک و ته‌نیا- به پاشه رۆژو قیامه‌ت، به پێغه‌مبه‌ر و په‌یامه‌که‌ی، به‌ڵێ، ووشه‌ی ئیمانداری به‌کار هێناوه، تا له یادمان نه‌چێ که خاوه‌ن باوه‌ر له کاتی خه‌فڵه‌ت و بێ‌ئاگایيدا، له‌كاتی په‌رته‌وازه‌یی و شپرزیدا، له کاتی سه‌ره‌کوتێ و وه‌نه‌وزدانا، روو ده‌دات و وونوج بدات و بێ گوێی و سه‌رپێچی بکات.. به‌ڵام جیاوازی له‌گه‌ڵ بێ برواو خوانه‌ناس‌دا ئه‌وه‌یه: هه‌ر له‌گه‌ڵ وه‌بیری‌هاته‌وه، هه‌ر له‌گه‌ڵ چاوی هه‌ڵگڵۆفت، هه‌ر له‌گه‌ڵ هاته‌وه سه‌ر خۆی، ده‌زانێ کارێکی ناره‌واو نا په‌سندی کردووه، ده‌گه‌رێته‌وه بۆ لای خوا و داوای لێ‌خۆشبوون ده‌کات، به‌ڵام بێ برواو کافر له‌سه‌ر گوناهی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت..
هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که خوای گه‌وره روو ده‌کاته پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ و رێنموویمان ده‌کات و ده‌فه‌رمووێ: (وذکر فان الذکری تنفع المؤمنون) الاحزاب/55
واته: خوا و به‌رنامه‌ی خوایان یاد بخه‌ره‌وه، چونکه به‌راستی یاد خستنه‌وه سوود به ئیمانداران ده‌گه‌یه‌نێت..
به‌ڵێ، یاد خستنه‌وه سوود به ئیمانداران ده‌گه‌یه‌نێت، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه که خوای گه‌وره رامان ده‌چڵه‌کێنێ و یادمان ده‌خاته‌وه و ده‌فه‌رموێ: ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ردارن و ئیمانتان هێناوه، له خوا بترسن و خۆتان له‌م گوناح و تاوانانه بپارێزن:
خۆتان له به‌شێکی زۆری گومان بپارێزن، چونکه هه‌ندێ گومان تاوانه..
هه‌موویان گوناح نین هه‌ندێکیان گوناحن، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی له‌و هه‌نده پارێزراو بن و تووشی گوناح نه‌بن خۆتان له‌هه‌موو گومانێکی خراپ بپارێزن..
له‌به‌رنامه‌ی ئیسلامدا رێسا ئه‌وه‌یه: هه‌موو که‌س به چاک و به پاک له‌قه‌ڵه‌م ده‌درێ تا پێچه‌وانه‌که‌ی ئاشکرا ده‌بێ، هه‌موو که‌س به‌بێ تاوان داده‌نرێ تا تاوانه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێ، رێسا له هه‌موو شتێکدا پاکیه‌تییه ( الاصل فی الاشیاء الطهارة)، رێسا له ئاده‌میزادا پاکیه‌تییه.. تا پێچه‌وانه‌که‌ی ده‌رده‌که‌وێ ..
به‌ڵێ، زۆر جار رێ ده‌که‌وێ: که‌سێک ده‌بینی که سه‌ر و هه‌یهه‌تی بازاڕی نییه، زۆر زه‌رره شیرین و ئێسک‌سووک نییه، له‌خۆته‌وه خۆشت ناوێ و ده یان گومانی خراپی پێ ده‌به‌یت، و وا داده‌نێیت ئه‌مه له‌وانه‌یه فڵان گوناح و فیسار خراپه‌ی کردبێ، که‌چی کاتێ له‌ته‌کیا داده‌نیشی و قسه‌ی له‌گه‌ڵا ده‌که‌یت، ده‌بینی مرۆڤێکی ته‌واو مرۆڤه !! زۆر خواناس و روو له‌خوایه، دڵپاک و ده‌م‌پاکه، ئینجا ده‌که‌ویته سه‌رزه‌نشتی خۆت و ده‌ڵێیت: ئای من چ گومانێکی خراپم به‌م به‌سته‌زمانه برد!!
بۆیه پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان دروودی خوای لێ بێ ده‌فه‌رمووێ: ایاکم والظن فان الظن اکذب الحدیث. (متفق علیه، ریاض الصالحین/561 و رواه ابو داود، 4/280) واته: خۆتان له گومان بپارێزن، چونکه درۆترینی قسه بریتییه له گومان ..
له بیرت نه‌چێ به‌بۆنه‌ی گومانی خراپه‌وه ئاده‌میزاد تووشی گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ده‌بێت، ئه‌وه‌یه ( ئوسامه‌ی کوڕی زه‌ید ) خوا لێیان ڕازی بێ که خۆشه‌ویستی کوڕی خۆشه‌ویستی پێغه‌مبه‌ره دروودی خوای لێ بێ بۆمان ده‌گێرێته‌وه و ده‌ڵێ: پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ ئێمه‌ی نارد بۆ (حه‌رقه) له ناوچه‌ی (جوهه‌ینه)دا شه‌به‌یخونمان کرد و ده‌مه‌و به‌ره‌به‌یان دامان به‌سه‌ریاندا، تێکمان شکاند و ڕاومان نان، من و پیاوێکی پشتیوان (انصار) که‌وتینه شوێن پیاوێکیان، کاتێ پێ‌ی گه‌یشتین و توانای ده‌رچوونی نه‌ما، گوتی: لا اله الا الله ... ئه‌نسارییه‌که وازی لێ هێنا و ده‌ستی بۆ نه‌برد، به‌ڵام من رمێکم لێدا و کوشتم !!
کاتێ گه‌یشتینه‌وه مه‌دینه هه‌واڵه‌که گه‌یشتتبوو به پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ، (شتێ که‌وته دڵمه‌وه و گوتم له پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ ده‌پرسم، به‌ڵام پێش من هه‌واڵه‌که‌یان دابوویێ، که بۆم گێڕایه‌وه)(ئه‌وه‌ی له نێو دوو که‌وانه‌دایه ڕیوایه‌تی موسلیم‌ه) پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: ئه‌ی ئوسامه، دوای ئه‌وه‌ی که گوتی: لا اله الا الـلـه هه‌ر کوشتت؟!
گوتم: قوربان ده‌یویست به‌و قسه‌یه خۆی رزگار بکات!
پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: (بۆ دڵت له‌ت نه‌کرد تا بزانی به دڵ ووتویه‌تی یا نه؟)(ئه‌وه‌ی له نێو دوو که‌وانه‌دایه ڕیوایه‌تی موسلیم‌ه)، ئیتر پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ ئه‌وه‌نده دووباره‌ی کرده‌وه، ئاواته خوازبووم تا رۆژێ پێش گه‌رانه‌وه و دیتنی پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ موسڵمان نه‌بوومایه (بۆ ده‌قه عه‌ره‌بییه‌که‌ی ته‌ماشای فتح الباری بشرح صحیح البخاری بکه به‌رگی 7/417 وه 12/164، وه صحیح مسلم بشرح النووی 2/99) واته: بۆ ئه‌وه‌ی به موسڵمان بوونه‌که‌م ئه‌و تاوانه‌م بشۆردرایه‌ته‌وه..(صحیح مسلم بشرح النووی 2/104).
جا خوێنه‌ری خۆشه‌ویست! بزانه گومانی خراپ ئوسامه‌ی چه‌ند ناره‌حه‌ت کرد؟ به‌ڵێ، گومان ئاوه‌ها مرۆڤ به‌هه‌ڵه‌دا ده‌بات، و تووشی خه‌شم و تووڕه‌بوونی خوا و پێغه‌مبه‌ری خوای ده‌کات..
خوای ئێمه گومانی خراپی لێ قه‌ده‌غه کردووین و داوای لێ کردووین لێ‌ی دوور بکه‌وینه‌وه... ده‌نا گومانی باش به عیباده‌ت حسێب ده‌کرێ، ئه‌وه‌ته پێغه‌مبه‌ری خوا دروودی خوای لێ بێ ده‌فه‌رمووێ: حسن الظن من حسن العبادة ( رواه ابوداود 4/289 وه احمد 2/304) واته: گومانی باش بردن به خه‌ڵکی داده‌نێ به عیباده‌تێکی باش و جوان..
ئه‌وه‌شمان له یاد نه‌چێ ده‌بێ ئێمه‌ش خۆمان له‌و شوێن و جێگایانه بپارێزین که ده‌بنه هۆی گومان دروست کردن. با گوێ بگرین له دایکی موسڵمانان: حه‌زره‌تی سه‌فیه خوا لێ‌ی ڕازی بێ بزانین چیمان بۆ ده‌گێرێته‌وه؟!
ده‌ڵێ: پێغه‌مبه‌ری خوا دروودی خوای لێ بێ له مزگه‌وتدا مابووه‌وه، به شێوه‌ی اعتیکاف (که جۆره عیباده‌تێکه) منیش رۆیشتم بۆ لای و شه‌و سه‌رم لێدا، هه‌ندێ قسه‌م له ته‌کا کرد و هه‌ستام بێمه‌وه، پێغه‌مبه‌ریش دروودی خوای لێ بێ له‌گه‌ڵما هه‌ستا بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌م بکاته‌وه، دوو پیاوی ئه‌نساری تێپه‌ڕین، کاتێ پێغه‌مبه‌ریان دی پێیان هه‌ڵگرت، پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: له‌سه‌ر خۆ بن، ئه‌وه سه‌فیه‌ی کچی حویه‌ییه. گوتیان : سبحان الـلـه!! ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر خوا !! ئینجا پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ فه‌رمووی: ئه‌و شوێنه‌ی خوێن پیایا بگه‌ڕێ شه‌یتانیش پیایا ده‌گه‌ڕێ، یا شه‌یتان وه‌ک خوێن له هه ناوي ئاده‌میزادا ده‌گه‌ڕێت، ترسام شتێک بخاته دڵتانه‌وه(ده‌قی فه‌رمووده‌که ته‌ماشا بکه له ابو داود، به‌رگی4/لاپه‌ڕه‌ی 298، وه صحیح البخاری مع شرح فتح الباری 4/227 وه مسند الام احمد 6/337).
له‌م فه‌رمووده‌یه‌وه ئه‌وه‌مان بۆ روون ده‌بێته‌وه که موسڵمان ده‌بێ خۆی له شوێنی گومان لێکراو بپارێزێ.
ئێمه وا ده‌زانین که ئه‌م هاوه‌ڵانه گومانی خراپیان به پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ نه‌ده‌برد، به‌ڵام پێغه‌مبه‌ر دروودی خوای لێ بێ ده‌یه‌وێ ئێمه فێر بکات تا ئه‌گه‌ر له شوێنێکی وادا بووین گومانی لێ ده‌کرا، حه‌قیقه‌ت بۆ خه‌ڵکی ڕوون بکه‌ینه‌وه تا ئێمه نه‌بینه یارمه‌تیده‌ری بۆ گومانی خراپ..
هیوادارم خوا دڵ و ده‌روونمان له گومانی خراپ بپارێزێ...
درێژه‌ی هه‌یه