فریشته‌ى ره‌حمه‌ت:
رۆژى دوو شه‌ممه 23/2/1987 له‌خه‌و هه‌ستاین، نوێژى به‌یانیمان به‌جه‌ماعه‌ت کرد، هه‌ندێ ویرد و ئه‌ورادمان خوێند، به‌گه‌ردن که‌چییه‌کى زۆره‌وه له‌خوا پاڕاینه‌وه.. حاجى ره‌شید سه‌رى خسته سه‌ر هه‌ردوو ئه‌ژنۆى، و هه‌ردووده‌ستى خسته‌به‌ر هه‌ردوو ئه‌ژنۆیه‌وه، پاش ماوه‌یه‌ک هه‌ستاو ده‌ستى به سینه‌یه‌وه گرت و سه‌رى لارکرده‌وه، و ده‌م به بزه‌و رووخۆشییه‌وه، رێزێکى زۆرى نواند، و له‌به‌ر خۆیه‌وه هه‌ندێ قسه‌ى کرد، و پاشان دانیشته‌وه..
منیش پێکه‌نیم و گوتم: ئه‌وه چى بوو حاجى بۆ وات کرد؟
گوتى: ئه‌وه شاهى سیراجوددین ته‌شریفى هێنا بوو، پاشان به پێکه‌نینه‌وه گوتى: ئێستا تۆ پێم ده‌ڵێیت: شێتیه‌تى جۆرى زۆره!! به‌ڵام ناهه‌قت نییه چونکه تۆ له دنیایه‌کى ترا ده‌ژیت!! پاش ئه‌وه که رۆژ بووه‌وه ده‌رچه‌ى ده‌رگاکه کرایه‌وه، پیاوێکى گه‌نجى ره‌شتاڵه، سه‌رى خسته ئه‌م دیوه‌و گوتى: ئه‌وه هه‌ر ئه‌و په‌توانه‌تان پێیه؟
ئێمه‌ش له ترسى سه‌رما باش خۆمان داپۆشى بوو، به هۆى گیڤه‌گیڤى باو وڕه‌وڕى هه‌واکێشه‌که‌وه باش له قسه‌کانى حاڵى نه‌ده‌بووین، گوتمان: ها، ده‌ڵێى چى؟ ئیتر هه‌ڵ نه‌ساین و نه‌ڕۆیشتین به ده‌میه‌وه!!
کابراش تووڕه بوو، گوتى: بابه! ئه‌گه‌ر یه‌کێک هات بۆلاتان و قسه‌ى له‌ته‌کتانا کرد هه‌ستن و بێن به‌ده‌میه‌وه، چۆن ده‌بێ دا بنیشن؟!
ئێمه‌ش هه‌ستاین وچووین به ده‌میه‌وه وگوتمان: ئه‌ڵێى چى؟
گوتى: ته‌نیا ئه‌و به‌تانیانه‌تان هه‌یه؟
گوتمان: به‌ڵێ..
ئیتر رۆیشت شه‌ش په‌تووى تر‌ى بۆ هێناین، زۆر دڵخۆشى کردین، وه‌ک فریشته‌یه‌کى ره‌حمه‌ت ده‌هاته پێشچاومان!! بۆیه زۆر سوپاسمان کرد و مه‌منوونى بووین، پاشان رۆیشت قه‌مسه‌ڵه‌که‌یشى بۆ من هێنا.. ئیتر ته‌وشقمان تێ هاته‌وه..
پێش نیوه‌ڕۆ هاتن به‌شوێن حاجى ره‌شیدا، ئه‌ملاولاى یه‌کترمان ماچ کرد وگوتم: ئینشائه‌ڵلا راسپێرییه‌کانت له‌بیر ناچێ، خوا حافیزت بێ و خوات له‌گه‌ڵ..
به‌ڵێ حاجى رۆیشت و به‌جێى هێشتم، خه‌م و په‌ژاره‌یه‌کى زۆر دایگرتم، چونکه بێ هاوده‌نگ و هاونشین مامه‌وه، به‌ته‌نیا وه‌ک قازى کوێرم لێهات، ته‌نیایى هه‌ر بۆخوا باشه! من نه‌مده‌زانى چیم به‌سه‌ردێ و چیم لێ ده‌که‌ن؟ ئه‌م کوژن؟ هه‌ڵم ده‌واسن؟ به‌سه‌ر شووشه‌دا رام ده‌کێشن؟ زۆر ته‌عزیبى تریش که له‌گه‌ڵ زیندانیاندا ئه‌نجام ئه‌درا.. داهاتووم نا دیار بوو.. ئه‌مه له‌لایه‌که‌وه ، له‌لایه‌کى تره‌وه ماوه‌ى بیست رۆژ بوو له‌گه‌ڵ حاجیدا پێکه‌وه بووین، و دڵمان به‌یه‌کتر ده‌کرایه‌وه‌و هۆگرى یه‌کتر ببووین، وه ها لێبڕانێکى ناکاو و له‌شوێنى وایشا ئاسان نییه!!
لێزمه‌ى تف و جنێو:
ئێواره بردمیانه‌وه بۆ خانوه سێ نهۆمه‌که‌ى ئه‌و به‌ره‌وه، تا لێکۆڵینه‌وه‌م ته‌واو ببێت. له دواییدا بۆم ده‌رکه‌وت ئه‌م ئه‌فسه‌ره‌ى له‌گه‌ڵ مندا ته‌حقیق ده‌کات ناوى ماجیده و شیعه‌یه، ئه‌م جاره له‌سه‌ر کورسى داى نه‌نام، گوتى: له‌سه‌ر کومباره‌که دابنیشه.. منیش چاوه‌ڕوانى شتێکى نا هه‌موار بووم..
ماجید گوتى: تۆ پیاوێکى خراپى! و ئه‌وه‌ى زانیوته باست نه‌کردووه!!
منیش گوتم: به‌قسه‌ى کێ؟ به‌قسه‌ى ئه‌و درۆزه‌نه‌ى(که‌ززابه)؟!
هه‌ر له‌گه‌ل ئه‌و قسه‌یه‌م له‌ده‌م هاته ده‌ر به‌جنێودان تێم به‌ربوو، هه‌تا توانى تفى تێ‌کردم و قسه‌ى ناشیرینى پێگوتم، و گوتى: تۆ درۆزنى، تۆ که‌ززابى، ئه‌و راست گۆیه، ئه‌گه‌ر زمانیشى له‌بن وبێخا ببڕن درۆناکات!!
ئینجا ده‌ستى کرده نووسینى کورته‌یه‌ک له ژیانم و گوتى: خوێندنى سه‌ره‌تاییت له کوێ ته‌واو کردووه؟
گوتم: له پێنجوێن..
گوتى: ناوه‌ندى؟
گوتم: ناوه‌ندى ودوا ناوه‌ندیم له سلێمانى ته‌واو کردووه.
گوتى: پاش ئه‌وه؟
گوتم: له‌ساڵى 1977 له کۆلیجى شه‌ریعه ده‌رچووم، و خوێندنى زانکۆم ته‌واو کردووه.
تا ئه‌وکاته‌ى گیرا بووم به‌کورتى باسم کرد و ئه‌ویش نووسى..
وێنه‌ى ئیمام خومه‌ینى:
له‌نێوان ئه‌م پرسیار‌و وه‌ڵامانه‌دا ئه‌فسه‌رێکى ئه‌منى کوردى هه‌ولێرى خۆى به‌ژوورا کرد، به‌وه‌دا زانیم که ئه‌فسه‌ره سه‌لام وته‌حیه‌ى بۆ نه‌کرد، به عه‌ره‌بى ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ى پێگوت: ها چ ده‌که‌یت؟
ئه‌ویش وه‌ڵامێکى روون و جوانى نه دایه‌وه، له‌وه ده‌چوو له‌یه‌ک ئاستا بووبن. کورده‌که نه‌وى له تووکى سه‌رم و قژى راکێشام!! منیش ئاوڕێکى مۆنم لێ دایه‌وه و هیچم نه‌گوت، وادیار بوو ناردبوویان تا له‌کاتى پێویستا ته‌رجومان بێت.
ماجید وێنه‌یه‌کى ئیمام خومه‌ینى له جوانترین شێوه‌دا له‌پشت خۆیه‌وه دانا بوو، کورده به‌عسیه‌که به‌ماجیدى گوت: ئه‌وه چییه دات ناوه؟ و ده‌ستى بۆ وێنه‌که راکێشا!
ماجید شڵه‌ژا، و گوتى: ئا ئا ، ئه‌وه له‌بیرم چوو بیخه‌مه‌وه شوێنى خۆى، ره‌سمه‌که‌ى هێناو تا هێزى تیا بوو تفى لێکرد وخستیه ژێر پێیه‌وه، به‌منیشى گوت: ده‌ى تۆیش تفى لێ بکه!!
منیش تفم لێ نه‌کرد، جنێوێکى پێدام وگوتى: ده‌ڵێم تفى لێ بکه..
گوتم: تف له‌ده‌مما وشک بووه، تفم بۆ لێ ناکرێ.. سه‌یره له‌ولاوه خۆشى ده‌وێ و جوانترین وێنه‌ى داناوه، له‌م لایشه‌وه به توقیه تفى لێده‌کات و ده‌یخاته ژێر پێیه‌وه!!
لێکۆڵینه‌وه‌که‌ى ته‌واو کرد و گوتى: وه‌ره ئیمزاى بکه..
گوتم: بیخوێنه‌ره‌وه بزانم چیت نووسیوه، ئینجا مۆرى ده‌که‌م!!
زۆر تووڕه بوو، جنێوێکى پیسى پێدام و گوتى: هه‌ر قسه‌کانى خۆتم نووسیوه..
گوتم: بم ده‌رێ با بیخوێنمه‌وه!!
گوتى: هه‌ى ... من ده‌ڵێم قسه‌کانى خۆتن!!
ئیتر به‌نا چارى رۆیشتم مۆرم کرد، نه‌یشم زانى چى نوسیوه، و چى نه نووسیوه؟! ئیتر کردمیه ده‌ره‌وه و گوتى: له‌ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوان به..
گوناحه! هاوه‌ڵێکى بۆ بێنه!:
ماوه‌یه‌ک له‌ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوانیم کرد، پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌منێکى بانگ کرد و گوتى: بیبه‌ره‌وه بۆ جێگه‌که‌ى خۆى.. یه‌کێ په‌لى گرتم و ده‌ستى راکێشام، له‌سه‌ر پله‌کانه‌وه ئه‌فسه‌ره هه‌ولێرییه‌که‌مان پێگه‌یشت، به‌کوردى لێى پرسیم: خه‌ڵکى کوێیت؟
منیش گوتم: سلێمانى.. ئه‌وه تۆ کوردیت؟
گوتى: به‌ڵێ، من کوردم!
ئالێره‌دا زانیم که کورده، و هه‌ولێرییه، گوتم: کوڕه پیاوى چاک به، ئه‌گه‌ر ده‌توانى هه‌وڵێکم بۆ بده، بانه‌م به‌نه‌وه ژووره ته‌نیاییه‌که‌ى خۆم.. به‌ڵکو بم به‌نه زیندانه گشتییه‌که‌وه..
ئه‌منه‌که‌ى ده‌ستى گرتبووم گوتى: ده‌گه‌ڕێم هه‌وڵ ده‌ده‌م قاچاخچییه‌ک بگرم و بۆت بێنم!! تا به‌ته‌نیا نه‌بییت!! زیندانه گشتییه‌که پڕیه‌تى له قاچاخچى و پیاوکوژ و شه‌للاتى، ئه‌گه‌ر به‌گوێى من ئه‌که‌ى هه‌وڵ مه‌ده بۆ زیندانه گشتییه‌که، باوه‌ڕت هه‌بێ جێگه‌که‌ى خۆت زۆر چاتره!!
ئه‌فسه‌ره هه‌ولێرییه‌که‌ش گوتى: ئه‌رێ وه‌ڵلا گوناحه به‌ڵکو قاچاخچییه‌کى بۆ بگریت وبیکه‌یت به هاوه‌ڵى!!
ئه‌و شه‌وه خه‌وتم، سبه‌ینى به‌یانییه‌که‌ى ته‌قه‌ى قوفڵه‌کان هات، ده‌رگایان کرده‌وه و گواستمیانه‌وه بۆ ژوورى ژماره بیست وسێى ته‌نیایى، ئه‌ونده‌ى تر دڵم داگیرا، و ناڕه‌حه‌ت بووم، چونکه یه‌ک دوو رۆژێک بوو له‌گه‌ڵ ژووره‌که‌دا راهاتبووم، به‌هه‌ر حاڵ جڵه‌وى کار له ده‌ست منا نه‌بوو، ئه‌وان که‌یفیان له‌کوێ بوایه له‌وێ دایان ده‌نام، ئیتر تا سه‌رى مانگ واته 28/شوبات له‌و ژووره‌دا بووم.
له‌و ماوه‌یه‌دا خه‌وى زۆرم ئه‌بینى، له‌و خه‌وانه‌دا پۆل پۆل زانایان و پیاوچاکان سه‌ریان لێ ده‌دام، هه‌ندێکیانم ده‌ناسى و هه‌ندێکى تریشیانم نه‌ده‌ناسى، و وه‌ک له‌شوێنێکى دوور بووبم و هاتبمه‌وه، و ئه‌وانیش بۆ به‌خێر هاتنه‌وه‌م هاتبن ئاوه‌ها بوو. یاوه‌ک ئه‌وه دڵخۆشیم بده‌نه‌وه و بڵێن: ناڕه‌حه‌ت مه‌به..
وامزانى ئایه‌ته‌که بۆ من هاتووه:
به‌یانى رۆژى یه‌ک شه‌ممه 1/3/ 87 ته‌قه‌ى قوفڵه‌کان هات، نیشانه‌ى ئه‌وه بوو شتێک هه‌یه، به‌ڵێ، ده‌رگا کرایه‌وه و گوتیان: یه‌ڵلا خۆت بپێچه‌ره‌وه، منیش خۆم پێچایه‌وه، و کردمیانه ژوورى 24 دواین ژوورى ته‌نیایى، له‌نهۆمى دووه‌مدا..
ته‌نیایى هه‌ر بۆخوا باشه.. زۆر دڵم خه‌مبار بوو، له‌دارو دیوارى ژووره‌که ورد ده‌بوومه‌وه، ژووره‌که بۆیه‌که‌ى کرابوو به‌دوو به‌شه‌وه، به‌شى لاى خوارووى به بۆیه‌ى زه‌یتى ره‌نگ کرابوو، به‌شى لاى سه‌روویشى به بۆیه‌ى ئاوى.. له‌ناو پشتێنه بۆیه کراوه‌که‌یدا ئه‌م ئایه‌ته نووسرابوو: "وَاصْبِرْ عَلَى مَاأَصَابَكَ إِنَّ ذَلِكَ مِنْ عَزْمِ الأُمُورِ" ( سورة لقمان/17) واته: له‌سه‌ر ئه‌و خه‌م و په‌ژاره‌یه‌ى تووشت دێت، خۆگربه و ێه‌برت هه‌بێ، بێگومان ئه‌وه‌ش له کاره چاک و په‌سه‌نده‌کانه.
ئاى چه‌ند ئاوڕشینى دڵى کردم و گوڵى هه‌ڵپڕووزاوى باخى هیواى بووژاندمه‌وه!! باوه‌ڕتان هه‌بێ وام ده‌زانى ئاله‌و سه‌عات وکاته‌دا ئه‌و ئایه‌ته هاتۆته خوارێ و ته‌نیا بۆ منیش هاتووه!! به‌تایبه‌ت ئایه‌ته‌که رووبه‌ڕووى ئاده‌میزاد ده‌دوێت و فه‌رمانى خۆگرتنى پێ ده‌کات و داواى ێه‌برى لێ ده‌کات، بۆیه له‌و شوێنه‌دا ده‌ردى منى به‌ته‌واوى تیمار کرد، و خه‌م و په‌ژاره‌م بوو به‌شادى و دڵم به ته‌واوى کرایه‌وه!!
دوو په‌نجا فلسیم پێ بوو، زۆر جار له گرفانى کراسه‌که‌م ده‌که‌وتنه‌خوارێ، منیش له‌ژێر په‌تووه‌کاندا قایمم کردبوون، هێنامنه ده‌ره‌وه، و له‌سه‌ر دیواره‌که ئه‌م ئایه‌ته‌م نووسى: ئه‌ڵبه‌ت نووسینه‌که به رووشاندنى بۆیه‌که بوو: "
مَا أَصَابَ مِنْ مُصِيبَةٍ فِي الْأَرْضِ وَلَا فِي أَنْفُسِكُمْ إِلَّا فِي كِتَابٍ مِنْ قَبْلِ أَنْ نَبْرَأَهَا إِنَّ ذَلِكَ عَلَى اللَّهِ يَسِيرٌ (22) لِكَيْ لَا تَأْسَوْا عَلَى مَا فَاتَكُمْ وَلَا تَفْرَحُوا بِمَا آَتَاكُمْ وَاللَّهُ لَا يُحِبُّ كُلَّ مُخْتَالٍ فَخُورٍ (23)"( سورة الحديد /22،23.
ثيشتر واتامان كرد)
له‌په‌ناى ئایه‌ته‌که‌دا ناوى خۆم و رۆژه‌که‌م نووسى، هۆى نووسینه‌که‌ش ئه‌وه بو، گوتم: چۆن من به‌و ئایه‌ته دڵخۆش بووم، و ده‌روونم ئاسووده‌بوو، له‌وانه‌یه که‌سانێکى تریش بێنه ئه‌م ژووره و به‌م ئایه‌ته ئارامى و ئاسووده‌ییان بۆ بێت..